|
سڤیل:
سلێمانی
تۆڕی هەواڵی كوردی (knn) سەر بەكۆمپانیای وشە،
لەماوەی رابردوودا بەهۆی كێشە
ناوخۆییەكانییەوە بوو بە هەواڵی بەشێك
لەرۆژنامەكانی كوردستان، نەمانی پەخشەكەی لە
ئەوروپا و دەستلەكاركێشانەوەی بەردەوام و
بەكۆمەڵی كارمەندان و دەنگۆی خۆسەپاندن و
گەندەڵی لەكەناڵەكە سەرەتای ئاماژە خراپەكانی
كەمبوونەوەی كاریگەریی ئەم كەناڵەن لەلای
بینەری كورد. ئارام سەعید بەرێوەبەری كەناڵەكە
لەدیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ (سڤیل) بەشێكی
زۆری ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە.
سڤیل: كەی ئێن ئێن بۆماوەیەك زۆر دیار بوو،
تەنانەت هەندێك كەناڵیشی دوای خۆی خستبوو
لەرووماڵكردن و بەدواداچونەكانیدا، بەڵام
ئەمڕۆ دەبیستین پاشەكشەی بەرچاوتان كردوە؟
ئارام سەعید: كەی ئێن ئێن لەگەڵ دەستپێكردنی
پەخشەكەیدا زوو كەوتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردن،
دیارە ئەمەیش زمانێكی جیاوازی دەوێت،
كەناڵەكان گەرموگوڕترن و كۆمەڵێك بەرنامەی
جیاواز دەكرێت، ئەم وێنەیە كەناڵەكە لەلای
خەڵك دورستیكردوە، بەڵام ئێستا كاری پرۆفیشناڵ
دەكەین، ئەگەر گرفتێك بخەینەڕوو، پەیوەندی
بەلایەنی بەرپرسەوە دەكەین، كەواتە ئێمە
بەردەوام بەشێك نین لەهەڵمەتی هەڵبژاردن.
سڤیل: رەوكردنی بەكۆمەڵ لەكەی ئێن ئێن هەیە،
یەكەمجار نییە چەندین كارمەندی دیار
لەشاشەكانی كەناڵەكە لەبەرچاو نامێنن؟
ئارام سەعید: لەهەموو شوێنێك بەدحاڵیبون
روودەدات، كێشەكانیش كارگێڕی سادەن، بەڵام زۆر
كەس بەدوای ئەوەوەیە ئەم وردەكارییانە لەبارەی
كەی ئێن ئێن زەقبكاتەوە، ئەگینا
لەكەناڵەكانیتریش هەمان كێشە هەیە، كۆمەڵێك
كەس و لایەن دەیانەوێت ئەم مەسەلە وەك چەكێك
بۆلێدان لەبزوتنەوەی گۆڕان بەكاربهێنێت.
سڤیل: فشاری دەرەكی هەیە بۆ لەخشتەبردنی
كارمەندەكانتان یان كڕینەوەیان؟، پێتانوایە
ئەمە پلانە لەدژتان پیادەدەكرێت؟
ئارام سەعید: ئاساییە ئەگەر كارمەندێك
لەكەناڵێكەوە بڕواتە كەناڵێكی تر، ئەمەیش
بەهۆی قەیرانی كادیرەوە دروست دەبێت، ئەو
برادەرانەی لەگەڵ ئێمەدان لەوجۆرە نین
لەبەردەم ئیغرائاتدا چۆكدابدەن، لەكاتی
هەڵمەتەكەدا لەوانەیە ئیغرائاتی زۆر گەورەتریش
هەبووبێت، دڵنیام ئەوانە وازناهێنن و بەردەوام
دەبن لەگەڵمان.
سڤیل: باس لەقۆرخكردنی دەسەڵات دەكرێت لەلایەن
چەند بەرپرسێكی كەناڵەكەوە بەپێی ئارەزوو
لەسەر بنەمای (تەكەتول) مامەڵە لەگەڵ
كارمەندەكان دەكرێ؟
ئارام سەعید: پەیكەربەندی كەناڵەكەمان
بەجۆرێكە رێگە بەزاڵبونی كەسانی خۆسەپێن
نادات، ئەنجومەنی كەی ئێن ئێن دەسەڵاتی
لەسەروی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرەوەیە، پاشان هەموو
كەسێك پلەی وەزیفی خۆی هەیە و نوسراوەتەوە.
سڤیل: بەڵام ئایا لەپراكتیكدا ئەم نوسراوانە
جێبەجێدەبن؟
ئارام سەعید: كەسێك لەجێگەیەك نامێنێت، ئەگەر
خۆیشی نەبێت دەوروبەرەكەی دەیورژێنن، بۆنمونە
وشەی ناعەدالەتی، ئەم وشە زۆر بەكاردەهێنرێت،
كەسانێك خۆیان ناعەدالەتیان كردوە كە
لادەبرێت، دەڵێت ناعەدالەتیم بەرامبەر كراوە.
سڤیل: واتە ئێوە هیچ كێشەیەكتان نییە؟
ئارام سەعید: لەمانگی رابردودا بەرهەمەكانمان
بەمشێوەیە بووە، (620) هەواڵ و (124)
راپۆرتمان هەبووە، پەیامنێرانیش (197)
راپۆرتیان هەبووە، كەناڵەكە ئێستا زۆربەی
بەرهەمەكانی بەشی خۆیەتی.
سڤیل: نوسینگەی دهۆكتان داخست، دەوترێت
نوسینگەی هەولێریش وەك كارمەندێكی پێشوتان
ئاماژەی پێكرد، لەپاشەكشەی گەورەدایە و
ماوەیەكە تەنیا هەواڵی هاوشێوەی كەناڵەكانیتر
وەك كۆبونەوەی پەرلەمان و كردنەوەی پێشەنگا
بڵاودەكاتەوە؟
ئارام سەعید: بەپێچەوانەوە ئێمە بەرنامەی
هەفتانەمان هەیە لەهەولێرەوە، نوسینگەكەمان
لەجاران بەرهەمی زیاترە، نوسینگەی دهۆك دوای
هەڵبژاردنەكە كەلوپەلەكانی هەمووی براوە، ئێمە
سكاڵامان هەیە لەلای پۆلیس، ئەم هەفتەیەیش
تیمێكمان دەڕوات بۆبادینان.
سڤیل: چۆن دەیسەلمێنیت كەی ئێن ئێن سنوری
سلێمانی تێپەڕاندوە، ئاشكرایە كەناڵەكە و
بزوتنەوەكەیش كە لەپشت كەناڵەكەوەیە
بەسلێمانچێتی تۆمەتباردەكرێن؟
ئارام سەعید: گرنگییەكی زۆرمان هەیە بەهەولێر،
لەرووی بەرنامە و دیدارەكانیشەوە، بەڵام ئەگەر
لەروی تەكنیكییەوە سەیری بكەیت لەبەرئەوەی
بنكەی سەرەكی كەناڵەكە لەسلێمانییە توانای
زیاترە، بەشێكیشی پەیوەندی بەوەوە هەیە، كەی
ئێن ئێن هەواڵی تەشریفاتی و چالاكی بڵاو
ناكاتەوە.
سڤیل: دەربارەی نەمانی پەخشەكەتان لەكۆمەڵە
مانگی دەستكردی هۆت بێرد (ئەوروپا) ئاماژە
بەقەیرانی دارایی دەكرێت؟
ئارام سەعید: ئەوە هەر ئێمە نین، ئەو كۆمەڵەی
لەسەر فریكوێنسەی ئێمە بوون، ئەو كۆمپانیایەی
گرێبەستی لەگەڵ هۆت بێرد هەبوو، مایەپوچ بوو،
هۆت بێرد پەیوەندییان پێوەكردوینەتەوە بۆئەوەی
لەرێگەی كۆمپانیایەكیترەوە پەخش دەست
پێبكەینەوە، لەدیراسەكردنی گرێبەستەكەداین و
ئەمەیش كاتی دەوێت.
سڤیل: وەك كەی ئێن ئێن قەیرانی دارایتان هەیە؟
ئارام سەعید: نەخێر قەیرانی دارایمان نییە و
بارودۆخمان زۆرباشە.
سڤیل: لەو هەواڵانەیش كە لەسەرتان
بڵاوكرایەوە، ئەوەبوو لەسەدا هەشتای
كارمەندەكانتان وازدەهێنن؟
ئارام سەعید: هەواڵێكی بێبنەمایە، ئەگەر
سەرنجی كەی ئێن ئێن بدەیت زۆر لەجاران
چالاكترە، هەندێك لایەن هێشتا لەهەڵمەتی
هەڵبژاردن دەرنەچوون.
سڤیل: دەوترێت ئارام سەعید لەبەڕێوەبەری
كەناڵەكە لادەبرێت؟
ئارام سەعید: من هیچی وام نەبیستوە.
|