چەنـــــد یەكەیـــــەكی سەرپەرشــــتـــــــیــــــــــاری چاودێری پرۆژەكانی نیشتەجێبوون دەكەن  

 

 

ئــــــابوورینـــــاسێك: كردنەوەی ئەو یەكانە كارێكی باشە، بەڵام درەنگە

سڤیل: شوان سدیق




دوای ئەوەی رەخنە گیرا لەو كۆمپانیانەی كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون دروست دەكەن، كە كەمتەرخەمی هەیە لە دروستكردنی كۆمەڵگاكان و جۆری ئەو كەلوپەلانەی بەكاردەهێنرێن و سیستەمی ئاوەڕۆ و زێرابەكانی ئەو كۆمەڵگایانە، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، سەرقاڵی كردنەوەی چەندە یەكەیەكی سەرپەرشتیارییە لەكوردستان، بەمەبەستی چاودێریكردنی ئیشوكاری ئەو كۆمپانیایانەی كە پرۆژەی نیشتەجێبوون دروست دەكەن، ئابووریناسانیش وێڕای بە درەنگ زانینی كردنەوەی ئەو یەكانە، ئەو كارەی دەستەی وەبەرهێنان بەهەنگاوێكی گرنگ وەسف دەكەن.
ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەركردنەوەی 3 بنكەی سەر بە دەستەی وەبەرهێنان دەدات، كە بۆ چاودێریكردنی كۆمپانیاكانی پرۆژەی نیشتەجێبوون دانراون، كامەران رەقیب بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێم بۆ (سڤیل) باسی لەوەكرد كە ئەوان داوایان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە، لەناو دەستەی وەبەرهێناندا، یەكەی تایبەت پێكبهێنرێت، بۆ باشتر چاودێریكردنی ئیشوكاری ئەو گروپ و كۆمپانیانەی كە پرۆژەی نیشتەجێبوون دروست دەكەن. لەبارەی هەڵوێستی حكومەتەوە كامەران گوتی "خۆشبەختانە ئێستا موافەقەتی لەسەر كراوە و ئێمەش سەرقاڵین بەرێكخستنی ئیش و كارەكانیان".
وەك بەرێوەبەرەكانی دەستەی وەبەرهێنان باسی دەكەن درەنگ كردنەوەی ئەو دەستانە مانای ئەوە نییە، كە چاودێری پرۆژەكانی نیشتەجێبوون نەكرابێت، بەڵكو پێشتر لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی كوردستانەوە چاودێری ئیشوكاری ئەو كۆمپانیا و گروپانە كراوە، ئەندازیار زانا یەحیا بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری لە هەولێر ئاماژەی پێدەكات، لەئێستادا پرۆژەی نیشتەجێبوون رۆژ لەدوای رۆژ رێژەیان زۆرتردەبێت، بۆیە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بیری لەوە كردۆتەوە، كە بەپێی سیستمێكی تازەتر كارەكانی رێك بخاتەوە، بۆ باشتر چاودێریكردنی ئیشوكارەكانی ئەو كۆمپانیایانەی كە پرۆژەی نیشتەجێبوون دروست دەكەن، زانا یەحیا گوتی "بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە موافەقەتمان وەرگرتووە، بۆ دروستكردنی ئەو یەكەیە كە پێكمان هێناوە. بەڵام جارێ خەریكی خۆرێكخستنین".
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان "یەكەكان" لەهەر سێ پارێزگاكەی هەرێم دەكرێنەوە و چاودێری پرۆژەكانی نیشتەجێبوون دەكەن، یەكەی سەرپەرشتیاری هەولێر، كە یەكێك لەیەكەكانە تا ئێستا (50) ئەندازیاری بۆ دابینكراوە و زانا یەحیا دەڵێ "كە دەست بەكاربووین سیستمی ئیشكردنمان بەجۆرێك دەبێت، لەرووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە زیاتر دەتوانرێت، كۆنتڕۆڵی ئیشوكاری ئەو كۆمپانیانە بكەین، كە پرۆژەكانیان تایبەتن بەدروستكردنی شوێنی نیشتەجێبوون".
ئەندازیار زانا یەحیا وەك بەرپرسی یەكەی سەرپەرشتیاری هەولێر، ئەركەكانی یەكەكەی دەستنیشان كرد و گوتی "سەرەتای كاری ئێمە دوای مۆڵەتپێدانی پرۆژەكان دەبێت، واتە لەكاتی دەستپێكردنی پرۆژەی هەر كۆمپانیا و گروپێك ئێمە لە ریگای لێژنەی خۆمانەوە هەڵدەستین بە چاودێریكردنیان بە گوێرەی ئەو دەرخستە و پلانانەی كە كراوە بەوشێوەیە جێبەجێی دەكەین، لەرووی كەرەستە و پێوستی زیاتری ئەندازیار".
لەگەڵ ئەوەی ئەو خانوو و شوقانە بەشێوەیەكی سەردەمیانە دروستدەكرێت، بەڵام زۆرجار پرۆژەكان لەرووی دابینكردنی پێداویستیەكانەوە كەموكوڕیان هەیە، چونكە ئێستا پرۆژەی گوندی منارە كە دەكەوێـتە سەر رێگای هەولێر ــ كەسنەزان لەچوارچێوەی سندوقی نیشتەجێ كردندایە. بەگوتەی هاوڵاتیان ئەو پرۆژەیە ئاوەڕۆی بۆ دروستنەكراوە، لەبری ئاوەڕۆ چاڵ لەبەردەم ئەو خانوانەدا هەڵكەنراون، هەروەها لەبری هێنانی ئاو بەبۆڕی وەك شوێنەكانی دیكەی شاری هەولێر، بـیر لێدراوە. بێگومان ئەمەش وا لەهاوڵاتیان دەكات كە "نیگەران" بن. سەبارەت بە پرۆژەی گوندی منارە ئەو سەرپەرشتەی یەكەی سەرپەرشتیاری لە دەستەی وەبەرهێنان، گوتی "ئەوەی ئەو كۆمپانیایە كردوویەتی پێچەوانەی یاسای وەبەرهێنان نییە، چونكە پێشتر لێژنەی ئیشرافی ئێمە باشترین رێگایان دۆزیوەتەوە، ئەویش بەراوێژكردن لەگەڵ لیژنەی راوێژكاری هەندەسەی زانكۆ ئەوان هاتن دوای دیراسەكردنی پرۆژەكە بیریان بۆ دەستنیشانكردن، خۆ ئەو بیرانە وەكو بیری عادی نییە، وەك ئەوەی لە ماڵەكان دروستكراون".
ئەندازیار زانا ئەوەی رەتكردەوە، لە پێشترادا سازش كرابێت، لەكەمتەرخەمی كاری كۆمپانیاكان، جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە لەداهاتوودا، كەمتەرخەمی لەهیچ كۆمپانیایەك قەبوڵ ناكرێت، ئەندازیار زانا گوتی "هەرچەندە پێشتریش لەهیچ كۆمپانیایەك قەبوڵ نەكراوە، بەڵام لەداهاتوودا پرۆژەی هەر كۆمپانیایەك لەچوارچێوەی یاسای وەبەرهێنان لابدات، نەك بەپێچەوانەی كاری وەبەرهێنان هەتا بەپێچەوانەی پیشەی ئەندازیاریش بێـت، ئێمە توانای راگرتنی كارەكانمان هەیە، ئەگەر هەر كۆمپانیایەش لەسەر كاری ساختەكردنی خۆی بەردەوام بێت، بەدڵنیاییەوە پرۆژەكەی لێوەر دەگیرێتەوە و دەدرێت بەكەسێكی تر".
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەڕێوەبەرایەتی دەستەی وەبەرهێنان، بە (سڤیل) دراوە، لەئێستادا (36) كۆمپانیا لەسنووری پارێزگای هەولێر مۆڵەتیان پێدراوە بۆ دروستكردنی شوێنی نیشتەجێبوون، لەو رێژەیەش پرۆژەی (14) كۆمپانیایان سندوقی نیشتەجێبوون دەیانگرێتەوە.
لەلای خۆیەوە ئیدریش رەمەزان مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین لەكۆلێژی كارگێڕی و ئابووری دامەزاندنی ئەو یەكانە بۆ چاودێریكردنی پرۆژەكان بەشتێكی ئیجابی دەزانێت، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە، كە ئێستا تەمەنی كەرتی وەبەرهێنان بۆ پێنج ساڵ دەڕوات، ئەمەش غیابی حكومەت نیشان دەدات. ئیدریس رەمەزان گوتی "ئەگەر حكومەت ئێستا بیری لە دامەزراندنی ئەو یەكانە كردۆتەوە، ئەی لەرابردوودا چی كردووە! چونكە تەمەنی كەرتی تایبەت بۆ 5 ساڵ دەچێت، هەرچەندە ئەو یەكانە كاریگەری باشی دەبێت، بەڵام ئەی چی لەو پرۆژانەی رابردوو دەكرێت، كەوەك پێویست چاودێریان نەبووە، بۆیە بەبڕوای من ئەمەش كۆسپ و تەگەرە بۆ ئەو یەكانە دروست دەكات".
هەمان مامۆستای زانكۆ و چاودێری ئابوری ئەوەشی گوت "ئەگەر هاتوو لە داهاتوودا ئەو یەكانە دەست بەكاربوون پێویستە ئەوان لەبنەڕەتدا چاودێری وردی ئیشوكاری هەموو ئەو كۆمپانیانە بكەن، كە پرۆژەی نیشتەجێبوون بەرهەم دێنن، چونكە ئەگەر هەر كەموكوڕیەك هەبێت، تەنیا كەسی بەكاربەر زەرەر دەكات، ئەویش هاوڵاتییە".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com