داوا دەكـــرێت بنـــكەكـانی ئاگركوژێنەوە زیاد بكرێت .. لەشەش مانگدا نزیكەی 3 هەزار رووداوی ئـــــاگركــــەوتنەوە لەكوردستــــــان رویـــانداوە  

 

 

هێمن محەمەد ... ئارام خۆشناو




لە شەش مانگی رابردوودا لەكوردستان 3 هەزار حاڵەتی ئاگركەوتنەوە روویداوە، لەكاتێكدا لەسەرجەم كوردستان 70 بنكەی ئاگركوژێنەوە هەیە.
بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ رێژەیەكی زۆری باران باری و ئەگەرەكان و مەترسیەكانی وشكەساڵی نەهێشت، بەهۆی زۆری بارانەوە دەشت و كێوەكانی كوردستان هەمووی بوو بەگیا، لەم وەرزەشدا كە هاوینە ئەم گیایە وشك بووە، بەو هۆیەوە رۆژانە روداوی ئاگركەوتنەوە دەكەوێتەوە، بەپێ ئامارەكان ئەمساڵ رێژەكە زۆر بەرزە و زیانێكی یەكجار زۆر بەر بەروبوومی هاوڵاتیان و ژینگە و دارستانی كوردستان كەوتوە، ئابوریناسان و رۆشنبیران و لایەنی بەرپرس جەخت لەسەر هەبوون و پێوستی لایەنی هۆشیاری دەكەنەوە، بۆئەوەی رێگە لە بەردەوامبوون و زیادبوونی رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە بگیرێ.
بەپێی ئاماری شەش مانگی رابردوو لە هەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان لە هەولێر 803 رووداو، لەسلێمانی 1512 رووداو، لە دهۆك 575 رووداوی ئاگر كەوتنەوە تۆماركراوە، كە رێژەیەكی زۆری بەرهەمی دانەوێڵە بەتایبەت گەنم و جۆ سوتاوە، كۆی رووداوەكان 2890 رووداوە، بەپێ ئەو ئامارانەی دەست (سڤیل) كەوتوون سەبارەت رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە ئەوەش تۆماركراوە، كە لەپارێزگای دهۆك 681 دۆنم زەوی گەنم و جۆ سوتاوە، لەو رێژەیەدا پشكی شێر بەر قەزای زاخۆ كەوتوە، كە لەو رێژەیەدا 148 رووداوی ئاگركەوتنەوە لە زاخۆ بووە، هەروەها 120 دۆنم گەنمیش سوتاوە، لەو رێژەیە 551 دۆنم گەنمە و 130 دۆنم جۆ، هەروەها لەپارێزگای هەولێر تەنها لەناو سەنتەری شاردا 432 رووداو لەدەرەوەی شاریش 371 رووداو تۆمار كراوە، سەبارەت بەئاماری پارێزگای سلێمانیش رووداوەكان زۆر زیاترن لەهەولێر و دهۆك، بەپێی هەمان سەرچاوە رێژەی ئاگركەوتنەوە لەسلێمانی زیان و رێژەكەیان زۆر زیاترە لە هەولێر و دهۆك، لەهەمان ئاماردا ئەوە خراوەتە روو كە لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان 70 بنكەی ئاگركوژێنەوە لەناوەوە و دەرەوەی شارەكان هەیە، بۆ كەمكردنەوەی زیانەكان و كۆنترۆڵكردنی رووداوەكان، لەو رێژەیەدا هەولێر 17 بنكە و سلێمانی 29 بنكە و دهۆك 24 بنكەی لێە.
بەبۆچونی شارەزایان و بەرپرسان هۆشیاری خەڵك هۆكاری سەرەكی كەمكردنەوەی زیانەكانی ئاگركەوتنەوەیە، شەماڵ نوری ئەندامی سەندیكای ئابوریناسان بڕوای وایە هۆشیاری زۆر گرنگە بۆ رووبەرووبوونەوەی زیانەكانی ئاگركەوتنەوە، شەماڵ باس لەوە دەكات، كە سوتانی زەوی تەنها زیانی ماددی نییە، بەڵكو كۆمەڵێك زیانی ژینگەی گەورەشی لێدەكەوێـتەوە، شەماڵ گوتی "رێژەیەكی زۆری خاكی هەرێمی كوردستان بە دارستان و ژینگەیەكی سروشتی داپۆشراوە، زۆربەی جار ئەو ئاگركەوتنەوانەی دەشتەكان دەگاتە دارستانەكانیش بەمەش رێژەو و جۆرایەتی زیانەكە گەورەتر دەبێت، لەئێستادا جێگەی داخە كە كەمتەرخەمی هاوڵاتیان و ناهۆشیاری خەڵك بۆتە هۆكاری زۆرینەی ئەو رووداوانە، كە بەهۆیەوە هەزاران دۆنم زەوی لەگەڵ رێژەیەكی زۆری دارستان سوتاوە، بۆیە جێگەی خۆیەتی بڵێن پێویستە هاوڵاتیان و لایەنی پەیوەندیدار سەبارەت بەم بابەتە رامانێك بكەن".
عەمید خەلیل سورچی بەرێوەبەری بەرگری شارستانی هەولێر سەبارەت بەبابەتی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری باس لەوە دەكات كە خەڵك بەكەمی گرنگی بەلایەنی هۆشیاری دەدات، عەمید خەلیل گوتیشی "ئێمە بە بەردەوامی سەردانمان هەیە، خەڵك و لایەنەكان ئاگادار دەكەینەوە و رێنماییان پێدەدەین، تەنانەت خولیش دەكەینەوە بۆ فەرمانگە حكومیەكان، بەڵام خەڵك بەكەمی گرنگی بە خۆپاراستن و رێنمایی و هۆشیاری دەدات".
بەشی زۆری رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە لەمانگی 5 و6 دا رویانداوە، هەروەها زۆرینەی رووداوەكانیش بریتین لەرووداوی ئاگركەتنەوە لەدەرەوەی شار لەزەویە كشتوكاڵیەكان، شێخ كافی عەبدولقادر ئەفسەری ژوری عەمەلیات لەبەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر باس لەوە دەكات، كە زۆرینەی رووداوەكانی دەرەوەی شار هۆكارەكانیان نادیارە، ئەو ئەفسەرە دەڵێت "ئەو روداوە ئاگركەوتنەوانەی كە لەدەرەوەی شار روو دەدەن، بەزۆری بریتیە لە زەویە كشتوكاڵییەكان و پوش و پەڵاش هۆكارەكانش نادیارن، بەڵام بەبڕوای ئێمە كەمتەرخەمی خەڵكە لەفرێدانی پاشماوەی ئاگر، بەڵام سەبارەت بەهۆكاری رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە لەناو سەنتەری شارەكان زیاترینی بەهۆی كارەبا و غازەوەیە".
بەبڕوای شارەزایان و لایەنە پەیوەندیدارەكان پێویستە هەم حكومەت و هەم خەڵك هاوكاری یەكتر بن بۆ رووبەرووبوونەوەی مەترسیەكانی ئاگركەوتنەوە، بە تایبەت رووداوەكانی دەرەوەی شارەكان كە دەبێتە هۆی سوتان و لەناوچونی بەرهەمی جوتیاران و وێرانبوون و لەناوچوونی دارستان و زەویە كشتوكاڵییەكان، هەروەها پێویستە حكومەتیش رێژەی بنكەكانی ئاگركوژێنەوە زیاد بكات، بۆ ئەوەی قەبارەی زیانەكان كەم بكرێتەوە، عەمید خەلیل سەبارەت بەپارێزگای هەولێر كە تەنها 17 بنكەی ئاگركوژێنەوەی هەیە، بڕوای وایە زۆر كە پێویستە بنكەی زیاتر بكرێـتەوە، عەمید خەلیل گوتیشی "ئێمە لەناو سەنتەری هەولێر 7 بنكەی ئاگركوژێنەوەمان هەیە، لەدەوروبەریش 10 بنكە، هەروەها تەنها 50 ئۆتۆمبێلی ئاگركوژانەوەمان هەیە بە هەموو بنكەكان، بۆ ئەوەی چالاكتربین پێویستمان بەبنكەی تازە هەیە لەناو شار و دەورەی شار، بەتایبەت لەئێستادا رێژەكە بەرزتربۆتەوە لەساڵی پار، ئەمساڵ رێژەی ئاگركەوتنەوە بەرزە، تەنها لەمانگی شەشدا (128 رووداو) لەناو شار و (275 رووداو) لە دەرەوەی شاری هەولێر رویانداوە".

 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com