|
سڤیل:
سەلام كەریم
دوابەدوای ئاگركەوتنەوەكەی هۆتێل سۆما
لەسلێمانی، كە دەیان كارەساتی مردن و
برینداربوونی لێكەوتەوە، هەموو پرسیار و
گومانەكان ئاراستەی فەرمانگەكانی بەرگری
شارستانی دەكرێت، عەمید یادگار محەمەد مستەفا
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی
لەدیمانەیەكی تایبەتی (سڤیل) لەبارەی
بەڕێوەبەرایەتییەكەیانەوە دەدوێت و توانا و
كەموكوڕییەكان دەخاتەڕوو، جیا لەوەش لەرێگای
(سڤیل)ەوە ئاماری رووداوەكانی ماوەی رابردوو
ئاشكرا دەكات.
***
سڤیل: فەرمانگەی بەرگری شارستانی سلێمانی لەچی
پێكهاتووە و كەرەستە و كەلوپەلەكانی چین؟
عەقید یادگار: ژمارەی كارمەندەكان (1275)
كارمەندن، (29) بنكە، لەناو شار و دەرەوە،
لەناو شار شەش بنكەیە، (35) ئۆتۆمبێلی
ئاگركوژێنەوەمان هەیە، (21) تانكەر هەیە،
لەگەڵ (9) ماتۆڕی بچوك بۆكۆڵانەكان، ئەوانەی
بەرتەسكن و بۆناو بازاڕ، جۆری ئۆتۆمبێلەكان
مۆدیلی بەرزن، لەگەڵ كەرەستە و كەلوپەلی
پێویست.
سڤیل: لەرووی ئۆتۆمبێلەوە، لەروی كارمەندەوە
گرفتتان چییە، ئایا 6 بنكە لەشارێكی وەك
سلێمانی دەتوانێت كۆنترۆڵی رووداوەكان بكات؟
عەقید یادگار: پێویستمان بەبنكەی نوێ هەیە،
چونكە شارەكە لەرووی دانیشتوان و لەرووی
رووبەریشەوە زۆر گەورە بووە، لەبەرئەوەی
لەئێستادا پێویستمان بەچوار بنكەی تر هەیە.
سڤیل: بەڵام ئاماژەت بۆ ئۆتۆمبێلی پەیژەی
دەربازكردن نەكرد، لەكاتێكدا نەبوونی ئەم
ئۆتۆمبێلە لەرووداوەكەی هۆتێل سۆما رۆڵی
هەبووە لەزۆركردنی ژمارەی قوربانیان؟
عەقید یادگار: كێشەیەكی گەورەی ئێمەیشە، تەنیا
یەك ئۆتۆمبێلی لەو جۆرەمان هەیە، زیاتر
لەساڵێكە داوامانكردوە، كەچی بۆمان
دابیننەكراوە، لێرەوە داوادەكەمەوە بەهەر
جۆرێك بێت ئۆتۆمبێلی لەو جۆرەمان بۆ دابین
بكەن.
سڤیل: لەسلێمانی ژمارەیەكی بەرچاو باڵەخانەی
بەرز هەیە، رۆڵی فەرمانگەی ئێوە لەم كارانەدا
چییە، هەموو ئەو تەلارانەی لەسلێمانیدان، هیچ
باڵەخانەیەك هەیە رێنماییەكانی ئێوەی
رەچاوكردبێت؟
عەقید یادگار: ئێمە رێنماییمان هەیە بۆ ئەو
باڵەخانانەی دروستدەكرێن، بەتایبەت ئەو
باڵەخانانەی لەسێ و زیاتر نهۆم بەرزدەكرێنەوە.
لەسەردەمی رژێمدا كەس نەبووە پێشێلكاریی
لەرێنماییەكان بكات، بەڵام لەدوای راپەڕینەوە
سەرجەم رێنماییەكان پشتگوێخراون. ئەو مەرجانەی
دانراون بۆباڵەخانەی بەرز بەمشێوەیەن:
1. هەبوونی پەناگە لەگەڵ دەرگای هاتن و چوونە
ژوورە، بەرووی هەشت سەد و زیاتر.
2. دروستكردنی پەیژەی رزگاركردن لەدەرەوەی
باڵەخانەكە، لەگەڵ هەبوونی دەرگا لەهەر
نهۆمێكەوە بۆسەر پەیژەكە.
3. دانانی دەمی (فوهە) ئاو، لەگەڵ
ئاگرداركردنەوەی خێرا.
4. هەبوونی دەرچەی هەواگۆڕكێ (كراوە).
5. دانانی تۆڕی ئاوپرژێنی ئۆتۆماتیكی.
سڤیل: پێشلكردنی رێنماییەكانی بەرگری شارستانی
تایبەتە بەشاری سلێمانی یان هەموو عێراقی
گرتوەتەوە؟
عەقید یادگار: تەنیا لەسێ شارەكەی كوردستان
ئەم دیاردەیە هەیە و كەس گوێ بەرێنماییەكانی
بەرگری شارستانی نادات، ئەگینا تاوەكو ئێستا
لەشارێكی وەك كەركوك یان هەموو پارێزگاكانی تر
یەك باڵەخانە بەبێ هەبوونی رێنمایی دروست
نەكراون، هەموو ئەو وەفدانە سەردانمان دەكەن،
ئەم دیاردەیە دووپات دەكەنەوە، كە تەنیا
لەشارەكانی كوردستان هەیە.
سڤیل: كارمەندەكانتان لەروی پیشەییەوە
راهێنراون و مەشقیان پێكراوە لەسەر
كوژاندنەوەی ئاگر؟
عەقید یادگار: بەڵێ، راهێنانیان پێكراوە و
شارەزایی باشیان لە كارەكەی خۆیان هەیە، بەشێك
لەوانە لەدەرەوەی وڵات راهێنانیان پێكراوە،
لەفەرمانگەكانی خۆیشماندا بەردەوام خولیان بۆ
دەكەینەوە، لەم رووەوە كەموكورتیمان نییە.
سڤیل: دەوترێت لەسلێمانی ئاگركەوتنەوە زۆرە،
هۆكارەكانی ئەم دیاردەیە چییە؟
عەقید یادگار: هۆكاری سەرەكی بۆ كەمتەرخەمی
هاوڵاتیان دەگەڕێنمەوە، لەم كاتەدا بەهۆی
بارانی زۆرەوە پوش و پەڵاشی زۆر كەوتوە،
ئەوانە بەو رێگانەدا دەڕۆن كەمتەرخەمن، زۆرجار
جگەرەكەیان فڕێدەدەن، یان شەوانە لەدوای خۆی
ئاگرەكە ناكوژێنێتەوە و تەشەنە دەكات.
سڤیل: زیاتر كارەكانی ئێوە لەسەر شەقام و
شوێنە گشتییەكاندایە، ئەگەر ئاگر لەشاخ یان
لەشوێنی بەرزی و نزمی بێت، ئێوە چۆن دەتوانن
كارەكانتان كۆنترۆڵبكەن؟
عەقید یادگار: ئاگری ئەو شوێنانە تائەندازەیەك
كارمەندەكانمان بەپێ دەچنە سەر شوێنی
رووداوەكە، بەڵام زۆر هیلاك دەبن، هەر وەك
سەردەمی جاران بە هەژك و بە گونیە هەوڵی
كوژاندنەوەی ئاگرەكە دەدەن، داوامان كردوە
بۆئەم مەبەستە فڕۆكەی تایبەتمان بۆدابینبكەن.
سڤیل: دەتوانن هەموو ئاگركەوتنەوەكان كۆنتڕۆڵ
بكەن، یان هەندێك ئاگر ئەستەمە و تواناتان
بەسەریدا ناشكێت؟
عەقید یادگار: زۆربەی زۆری ئەو ئاگرانەمان
كۆنتڕۆڵكردوە، تەنیا لەمانگی رابردودا
(حوزەیران) نزیكەی هەزار ئاگرمان كۆنتڕۆڵ
كردوە.
سڤیل: ئاگرەكان زۆری لەچ جۆرێكن؟
عەقید یادگار: زۆریان پوش و پەڵاشە لەدەشتەكان
روودەدەن.
سڤیل: ئاگرەكەی هۆتێل سۆما هەستناكەیت حكومەتی
بەئاگاهێنایەوە لەكەموكوڕییەكانی
ئاگركوژێنەوە؟
عەقید یادگار: بەڵێ، ئاگاداریان كردوینەتەوە
كە چ پێویستی و كەموكوڕییەكمان هەیە بۆمان
دابین بكەن.
سڤیل: ئێوە بەكەمتەرخەم دەزانرێت لەم
رووداوەدا، ئەوەندەی تێبینیت كردبێت میدیاو
بەشێك لەلایەنی پەیوەندیدار ئێوە بە كەمتەرخەم
دەزانن؟
عەقید یادگار: ئەو تۆمەتانە هیچ ویژدانێكی
تێدا نییە، ئەگەر كەمتەرخەم بوینایە، حەوت
كارمەندم سوتاوە، هەندێكیان تائێستا
چارەسەریان بۆدەكرێت، دوای ئەوە پەنجاو چوار
لەوانەمان رزگاركردوە كە لە هۆتێلەكەدا بوون.
سڤیل: وترا تانكەرەكانتان ئاوی تێدا نەبووە
لەكاتی رووداوەكاندا؟
عەقید یادگار: زۆر ناهەقی بەم فەرمانگەیە
كراوە، ئەوە یەكێكە لەو ناهەقیانە، هەرگیز شتی
وانەبووە، ئاومان لێنەبڕاوە لەبەرئەوەی
كۆمپانیایەك بەناوی خولیا لەرووی دابینكردنی
ئاوەوە یارمەتی باشی داوین، زیاتر لەدە تەنكەر
ئاوی بۆ رەوانە كردووین، بەڵام لێرەدا جێی
ئاماژەیە باس لە نەبوونی دەمی (فوهە)ی ئاو
بكەم، كە دەبێت لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان
هەبێت و بەردەوام ئاوی تێدا بێت، بۆئەوەی
لەكاتی فریاكەوتندا كێشەی نەبوونی ئاو دورست
نەبێت، ئێستا لەسلێمانی ئەو دەمانە نییە.
سڤیل: هۆكاری كەوتنەوەی ئەم ئاگرە چی بوو،
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی گوایە
هۆكارەكەی شۆرتی كارەبا بووە، بەڵام (سڤیل)
زانیویەتی هۆكارەكە كارەبا نییە و گومان
بۆئەوە دەچێت بەجگەرە رویدابێت؟
عەقید یادگار: تائێستا روون نەبوەتەوە، جگە
لەلێكۆڵینەوەكانی خۆمان ئێستا تیمێك
لەبەغدادەوە بۆ هەمان مەبەست هاتوە، كە لەپێنج
ئەفسەری پلەداری تایبەتی بواری لێكۆڵینەوە
پێكهاتون، ئەمڕۆیش تیمێكی ئەمریكی هاتنە شوێنی
روداوەكە، تاوەكو ئێستا هۆكارەكەی دیار نییە،
چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەین، وەك خۆم
هۆكارەكەی بۆكەمتەرخەمی دەگەڕێنمەوە.
سڤیل: قەبارەی قوربانییەكان لەچاو
ئاگركەوتنەوەدا زۆرە، لەسوتانی نهۆمێكی
تەلارێكدا ئایا هۆكاری ئەمە پەیوەندی بەچییەوە
هەیە؟
عەقید یادگار: هۆكارەكان زۆرن، یەكێك لەوانە
هەبونی مۆبیلیاتە لەژێر ئەو هۆتێلەدا كە زیاتر
لەسەد و پەنجا تاقم قەنەفە و كورسی و كەلوپەلی
تری تێدایە، كە مادەی نەوتین و زوو گڕدەگرێت،
یان نەبوونی هیچ مەرجێك بەرگری شارستانی و
سەلامەتی لەبیناكە، رووداوەكەیش لەشەودا بووە
و كاری فریاگوزاری قورستر بووە.
سڤیل: دەوترێت باڵەخانەكە كۆنە و بەهۆی ئەم
رووداوەوە چیتر بۆئەوە ناشێت بەكاربهێنرێتەوە،
ئایا زیانەكان بەوشێوەن سەقفەكان و دیوارەكان
توانایان نەمابێت؟
عەقید یادگار: ئەو بوارەیش پسپۆڕی تایبەتی
هەیە بزانێت بیناكە بێكەڵك بووە یان نا، بەڵام
لەو باوەڕەدا نیم بەوشێوەیە رزابێت و مەترسی
لەسەر بێت.
سڤیل: مەترسی دووبارەبونەوەی كارەساتی
هاوشێوەی روداوەكەی سۆما لەسلێمانی
لەئارادایە؟
عەقید یادگار: پێش رووداوی هۆتێل سۆما
حكومەتمان لەوە ئاگاداركردبووە، كە كەموكوڕیان
هەیە، ئەگەر خاوەنی باڵەخانە و میوانخانەكان
پابەندنەبن بەرێنماییەكانی سەلامەتی و بەرگری
شارستانی بێگومان مەترسی دووبارەبوونەوەی
كارەساتی هاوشێوە بەدوور نازانرێت.
|