باوەشكردنەوە بۆئاگر، جەربەزەیی لەگەڵ مەرگ  

 

 

كارمەندانی ئاگركوژێنەوەی بنكەی بەختیاری دیمەنە خەماوییەكانی رووداوەكەی سۆما دەگێڕنەوە

سڤیل: سلێمانی




"كاتژمێر (10:45) خولەك ئاگاداركراینەوە، تەنیا دوای یەك خولەك و پەنجاو دوو چركە گەیشتینە شوێنی رووداوەكە، كۆمەڵێك رێگر هەبوون لەبەردەم فریاكەوتندا، لەوانە ریزێك ئۆتۆمبێل لەبەردەم شۆستەكەدا بوو، كڵپەیەكی زۆر گەورە كە بەهۆی شوێنی فرۆشتنی مۆبیلیات بوو دەهاتە دەرەوە، ئەو مۆبیلیاتە هەموی مادەی نەوتییە، لەوكاتەدا ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە زۆرە نە دەزانرا چی لێبكرێت، سویچەكانیان لەلای كارمەند و میوانانی ئۆتیلەكە بوون، لەو كاتەشدا ئاگرەكە بەرەو نهۆمەكانی سەرەوە دەچوو، ناچار بەهاوكاری هاوڵاتیان جامی ئۆتۆمبێلەكانمان شكاند و دورمانخستنەوە". رائد فەلاح ئەحمەد بەرپرسی بنكەی ئاگركوژێنەوەی بەختیاری كە نزیكترین بنكەیە لەشوێنی روداوەكەوە بەمشێوە گێڕانەوەی رووداوەكەی بۆ (سڤیل) دەستپێكرد.
رائد فەلاح كە هێشتا هیلاكی دەرنەچووبوو، سەرقاڵی ئامادەكردنی ئامارەی رووداوەكە بوو، باسی لەرێگرەكان كرد و گوتی "كێشەیەكی تر نەبوونی دەم (فوهە)ی ئاگركوژێنەوە بوو، كە لەو نزیكانە نەبوو، كە ئاو دابینبكات، ناچار بەئاوی تەنكەرەكانی خۆمان دەستمان بەكوژاندنەوەی ئاگرەكە كرد، تا پەیژەی فریاگوزاری هات، كە لە بەڕێوەبەرایەتییە، ئێمە لەماوەی یەك كاتژمێردا ئاگرەكەمان كوژاندنەوە، بەڵام جارجار ئاگرەكە دروست دەبووەوە"، رائد فەلاح كارەباشی بیركەوتەوە و گوتی "رێگرێكی گەورە كارەبا بوو، كە بواری نەدەدا ئۆتۆمبێلی پەیژەكە بچێتە جێگەی پێویست، بۆئەوە كارەبامان بڕی، بەم هۆیەشەوە هیچ روناكییەك لەناو هۆتێلەكە بەدینەدەكرا، لایتەكانی ئێمە شەحنە، ئەو شەوە بەشی نەكرد و كوژانەوە، ئەوەیش كێشەیەكی تر بوو، لە كاتژمێری یەكەمدا نەگەیشتنە سەر كەسەكانی ناو هۆتێلەكە، كێشەی دوای كوژاندنەوەی ئاگرەكە دووكەڵ و تاریكی بوو، كە تا سەعات یەكی شەو بەردەوام بوو، لەبەرئەوە داوامان لەهاوڵاتیان دەكرد لایتمان بدەنێ".
لەگەڵ ئاگاداركردنەوەی بنكەی بەختیاری ئەوانیش بانگەوازیان بۆسەرجەم بنكەكانی تری ئاگركوژێنەوە كرد و بەهانایانەوە هاتوون، بنكەكانیش ئەمانە بوون، "شەستی، پیرەمێرد، چوارباخ، فڕۆكانە، عەربەت، بەڕێوەبەرایەتی، هەندێك لەوانە كە گەیشتن پێویستمان بەهاوكارییان نەمابوو، وەك عەربەت". لەگەڵ ئەمانیشدا پۆلیس و ئاسایش و تەندروستی و لایەنی پەیوەندیدار گەیشتنە شوێنی رووداوەكە.
بەبڕوای ئەم بەرپرسە رووداوی سوتانی باڵەخانەی هۆتێل سۆما رووداوێكی نوێیە بۆئاگركوژێنەوە لەسلێمانی، ئاگرەكانی تر لەجۆری باو بوون، واتە سنوردار بوون، وەك بەنزینخانە، یان ماڵان یان دارستان بووە، لەكاتێكی كەمدا كۆنترۆڵكراوە.
رائد فەلاح بەسەرسامبوونەوە لەسەر جۆری ئاگركەوتنەوەكە قسە دەكات و دەڵێ "ئاگر نەچوەتە نهۆمی سێیەم و چوارەم و پێنجەم، تەنیا گەرمی و دوكەڵ گەیشتوەتە ئەو شوێنانە، گەرمییەكە ئەوەندە بەرز بووە، سپلیت و سەلاجە و سەعاتی دیواری تواندوەتەوە، وەك مەنجەڵ و دار وابووە، ئەم مۆبیلیاتە كە مەخزەنەكەیشی لەو نهۆمەدا بووە، لەسەریشەوە داخرابوو، گەرمی و دوكەڵ پەنگی خواردبوو".
بەرپرسەكەی بنكەی بەختیاری لەبارەی ئامارەكانەوە گوتی "هۆتێلەكە زیاتر لەپەنجا ژووری تێدایە، ئەوشەوە زۆربەی ژورەكان میوانی تێدا بووە، زیاتر لە (200) كەس لەهۆتێلەكەدا بووە، بەڵام ئەوەی ئێمە فریای كەوتین، وەك كارمەندانی ئاگركوژێنەوە، پەنجا و چوار كەسمان بەزیندوێتی و بیستو حەوت كەسمان بە مردویی دەركردوە". رائید فەلاح ئەوەیشی رەتكردەوە كارمەندانی بنكەكەی كەمتەرخەم بووبن، دەیگوت "ئەوەندە بەسە حەوت كارمەندمان بریندار بوون و زیانیان پێگەیشتوە، زۆر دڵسۆزن، نەك تەنیا لەم رووداوەدا بەڵكو لە رۆژانی تریشدا جاری واهەبووە لەسەر نانخواردن بوون ئاگركەوتوەتەوە، چوون و كە گەڕاونەتەوە هێشتا دانەنیشتون ئاگرێكی تر هەبووە، خێرا دەرچوونەتەوە".
بەرپرسەكە رەتیكردەوە، كە بەچەكوشی بچوك یان كارمەندەكان بەكڵاوەكانیان جامەكانیان شكاندوە، گوتیشی "جامی پێشەوە سێ جام بوو، ئێمە بەتەور زۆر ئەستور بوو، ئەگەر ئەو تەورانە نەبوایە چۆن بۆمان دەشكا"، بەڵام دەربارەی ئەوەی سۆندەی ئاوەكان دڕاون، نكۆڵی نەكرد و گوتی، "بەهۆی كەوتنە خوارەوەی شوشە لە بەرزییە تەقیون و دەستبەجێ گۆڕیومانن".
رائد فەلاح لەبارەی كاریگەرترین دیمەن لەرووداوەكە بەرچاوی كەوتبوو، باسی لەو مۆبایلە كرد، كە (92) پەیوەندی بۆهاتبوو، یان بووكە شوشەی ئەو منداڵانە كە لەو ناوە كەوتبوو، بە دڵتەنگیەوە گوتی "بەراستی وەك بووكە شوشەی منداڵانەكانی خۆم دەهاتە بەرچاوم، كەسێكی تر كە لەمەسعەدەكەدا بوو، كارەبای بەسەردا بڕا بوو، ئەوەیش زۆر تراژیدی بوو، چونكە بەتەواوی برژابوو".
بیستون محەمەد سەرۆكی تیمی ئاگركوژێنەوە لەبنكەی بەختیاری بۆ(سڤیل) گوتی "تیمەكەمان كردە دوو بەش، هەشت كارمەندمان دانا بۆ دەربازكردنی خەڵك و چوار كارمەندیشمان دانا بۆكوژاندنەوەی ئاگر، دەستبەجێ داوای ئۆتۆمبێلی پەیژەكەم كرد، خۆم لەناو قەفەسەكەدا بووم بۆ وەرگرتنی قوربانیان، كۆمەڵێك شتی ناخۆشمان بینی، شتی دڵخۆشكەرەیش هەیە، بۆنمونە من خۆم سێ كەسم لەمردن رزگاركرد، خێرا بە تەور پەنجەرەكانم شكاند، كە ئەو سێ كەسەم رزگاركرد، خەڵكەكە زۆر دڵخۆشبوون و كردیان بەچەپڵە و خۆشی، وایان دەزانی تەنیا ئەو سێ كەسەی تێدابووە".
ئەم ئاگركوژێنەوە باسی ئەوەی كرد، بە هۆی كەسێكی قەڵەوەوە كێشەی بۆ دروست بووە، بێستون گوتی "یەكێك لەوانەی دەربازمكردن، كەسێكی زۆر قەڵەو بوو، جلی لەبەردا نەمابوو، بەهۆی ئارەقەوە دەستم لێی بەند نەدەبوو، لەجامەكەیشەوە نەدەهاتە دەرەوە، تا پەنجەرەكەی تەنیشتیشم بۆشكاند، زۆر هیلاكی كردم".
لەكۆتاییدا سەرۆكی تیمی ئاگركوژێنەوە نەهامەتی زیاتری خستەڕوو، گوتی "خۆم برینداربووم و لەبەرئەوەی كاتێك شوشەكانمان دەشكاند دووكەڵێكی زۆر بەگوژم دەهاتە دەرەوە، سێجار هەناسەم نەما و ئۆكسجینیان بۆ دەكردم، بەڵام دڵم بڕوا نەئەدا، كارمەندەكانی هاوڕێم و نە ئەو خەڵكەیش كە چاوەڕیی دەستی ئێمە بوون، لەبەرئەوە دەگەڕامەوە بۆشوێنەكەی خۆم".
دانا یاسین جێگری لێپرسراوی تیم كە ئەویش لەیەكەمینی ئەو كارمەندانەیە، چوەتە ناو هۆتێلەكە وەها روداوەكەی بۆگێڕاینەوە، "چوینە نهۆمی سێیەم ژمارەیەكی زۆر تەرم كەوتبوو، دەمانویست بەهەر باجێك بێت ئەگەر ژیانی خۆیشمان بێت، ویژدانی خۆمان ئاسودە بكەین و دەربازیان بكەین، وەك خۆمان تیمێكی یەكگرتوین، هەمیشە چاومان لەسەر یەكتر بوو، نەوەك یەكێكمان بكەوێت، ئێمە هەر رووداوێك دەبێت و دەچینە سەر ئاگرەكە، حسابی ئەوە ناكەین كە بگەڕێینەوە، حسابی تیاچوون بۆخۆمان دەكەین".
دانا دیمەنگەلی زۆر ناخۆشی بینیوە و دەڵێ "چوینە ژورەوە ئەوەم زۆر بەلاوە ناخۆش بوو، دایك و منداڵێك بەتانی تەڕیان دابوو بەسەریاندا، ویستبویان نەخنكێن، بەداخەوە دایك و منداڵەكە لەگەڵ رائیدێك كە لەهەولێر دەوامی دەكرد خنكابوون".
یەكێكی تر كە باس لەئازایەتی دەكات، كارمەندێكی ئاگركوژێنەوە بوو بەناوی ئاكۆ محەمەد، ئاكۆ بۆ(سڤیل) قسەی كرد و گوتی "كاتێك گەیشتینە شوێنەكە نهۆمی دووەم ئاگری تێدا بوو، كۆمەڵێكمان موزەحی بووین، بەئاویان لێدەداین تا ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەین و بچینە پێشەوە، هێشتا ئاگر مابوو، ئێمە كەلەبەرێكمان دروستكرد و چوینە سەرەوە، لەژورە نزیكەكانەوە دەستمان پێكرد، هەر كەسێكمان دەدۆزییەوە دەمانگەیاندە پەیژەكە و زۆرجاریش راستەخۆ دەماندا بەكۆڵمانداو دەمانهێنایە خوارەوە"، ئەم كارمەندە باسی لەوە دەكات كە نەیانزانیوە قوربانیەكان هێندە زۆرن، ئەوان سەرەتا وایانزانیوە ئەو خەڵكە لە هۆش خۆیان چوونە، ئەو گوتی "كە دەگەیشتینە سەر قوربانییەكان بەبوراوەیان تێدەگەیشتین، بەڵام دەركەوت بەشێك لەوانە مردبوون و خنكابوون، تا دواكەسیان كە كەس نەیبینیبوو، بەنوێڵ مەسعەدەكەمان شكاند، لەوێدا گیریخواردبوو".
ئاگركوژێنەوەیەكی تر كە بریندار بووە و بەسەرهاتێكی سەیریان لێگڕایەوە، كارمەندێك بوو بە ناوی نزار حەمە رەزا، داوامان لێكرد لەزاری خۆیەوە شتەكانمان بۆباسبكات، ئەو گوتی"كە زانیمان خەڵكێكی زۆر لەژورەوە گیریان خواردوە و هاواری دەربازكردنیان دەكرد، وەك خۆم ئارامم نەماو سۆندەكەم جیهێشت بۆئەوەی بچمە سەرەوە بۆدەربازكردنیان، یەكەم ژور كە كردمەوە كەسێك بوو زۆر بەكەمی هەناسەی تێدا مابوو، دام بەكۆڵم دا و هێنامە خوارەوە و دەربازم كرد، كەسێكی بیانی بوو، ئێستا بیستومە بەشوێنمدا دەگەڕێت بۆئەوەی سوپاسم بكات".
نزار بیرەوەرییەكی ئەو رووداوەی زۆر بەلاوە تاڵە بە كورتی دەیگرێتەوە "چوومە ژورێكەوە، دەرگاكەم شكاند، كەسی تێدا نەبوو، كە چومە حەمامەكە ئافرەتێك بوو بەپشتا كەوتبوو، خوێن لە لوتی هاتبووە دەرەوە، ئەوە زۆرم بەلاوە ناخۆش بوو".
 

 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com