سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان: جار هەبووە خاوەن هۆتێلەكە ویستوویەتی پەیژە لەپشت بیناكەوە دروست بكات، شارەوانی رێگەی پێـنەداوە  

 

 

سڤیل: سلێمانی




سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان لەمیانەی چاوپێكەوتنێكی تایبەت لەگەڵ (سڤیل) ئەوەی نەشاردەوە كە بەشێك لەهۆتیل و میوانخانەكان موڵكی بەرپرسانن، هەرچەندە بەبڕوای ئەو بەپرسانیش ملكەچی یاسا بوونە و رێنماییەكانییان پێگەیشتووە.
كەمتەرخەمی هەمەلایەنە
لەدوای رووداوەكەی هۆتێل سۆما پەنجەی تۆمەت بۆ خاوەن ئۆتێل و شوێنە گەشتیارەكان رادەكێشرێت، بەوەی كەمتەرخەمبوون لەدابینكردنی هۆیەكانی سەلامەتی و بەرگری شارستانی، كوردە رەئوف سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان گوتی، "ئەوەی دەوترێت كەمتەرخەمی لەخاوەن بیناكەوەیە بەراستی نازانم، بەڵام ئێمەیش بێبەش نین لەكەمتەرخەمی"، بەڵگەیشی بۆئەم قسەیە هێنایەوە، "جار هەبووە خاوەن هۆتێلەكە ویستویەتی پەیژەكە لەپشتی بیناكەوە بكات، شارەوانی رێگەی نەداوە بەبیانوی ئەوەی زەوی شارەوانییە". لەبارەی كەموڕییەكانی ترەوە ئەم بەرپرسە دوپاتیكردەوە، "بەرگری شارستانیش دەبێت هەمیشە ئامادەبن بۆ حاڵەتی كتوپڕ، كەلوپەلەكانیان بەدەستەوە نەبووە، ئەو رۆژە ئاو نەبووە، ویستویانە ئاو بهێنن، تەنكەرەكانی شارەوانی بە بەتاڵی لەگەراج راگیراون، بێگومان كەمتەرخەمیان هەبووە، یەك پەیژەیان هەیە"، گوتیشی، "ئەگەر ئاگر لەتەلارێكی زۆر بەرزدا بكرێتەوە، بە یەك پەیژەو دوو پەیژەیش چارەسەر ناكرێت".
چاوەڕوانكراو بوو
كوردە رەئوف كە هاوكات ئەندامە لەلیژنەی گەشتوگوزار بۆ(سڤیل) باسی لەوەكرد، "بەسەر هەموو شوێنەكاندا دەگەڕاین و هەموو مەرجەكانمان پێوتون، تەنانەت رێڕەو بۆكەمئەندامان"، لەبارەی روداوەكەی هۆتێل سۆمایش گوتی، "ئەوەی جێی سەرنجە ئاگرەكە لەهۆتێلەكە نەكەوتوەتەوە، بەڵكو لەژێرەوەیدا بووە، كە مۆبیلیاتە، ئەو شوێنە گونجاو نییە بۆفرۆشتنی كەرەستەی ناوماڵ" ئەم نوێنەرەی گەشتوگوزار كارەساتەكەی بە(شاز) نەزانی و ئاماژەیكرد، "رووداوی هاوشێوە لەجیهاندا زۆر رودەدات"، ئەوەیشی بۆ زیادكرد، "بەتایبەت لەم وەرزی گەرمادا، كە گەشتیارێكی زۆر روودەكەنە شاری سلێمانی".
مەرجەكانی سەلامەتی
سەرۆكی لقی سلێمانی میوانخانە و چێشتخانەكان لەبارەی باڵەخانەكانەوە هاوڕایە لەگەڵ بەرپرسانی بەرگری شارستانی و ئاشكرای دەكات لەكاتی پێدانی مۆڵەتی دروستكردنی باڵەخانەدا گوێیان لێناگیرێت و داواكانیان لەمبارەوە پشتگوێخراوە، "دوو شوێن مۆڵەت بەدروستكردنی باڵەخانە دەدەن، ئەوانیش شارەوانی و وەبەرهێنانن، لەكاتێكدا دەبوو گەشتوگوزاریش ئاگاداربوایە". ئەم سەرۆكە رەخنەی زیاتر دەگرێت، كاتێك دەڵێت، "تەلار بەتەنیشت تەلارەوە دانراوە، تەنیا رووكارەكەی دیارە، بۆنمونە ئەم هۆتێلە تەنیا لەپێشەوە توانیویانە بچن بەدەم خەڵكەوە، ئەی ئەوانەی لەدواوە بوون، چۆن دەربچن. ئەگەر سێ چوار مەتر دوربن لەیەكەوە بۆئەوەی بتوانن لەكاتی رووداودا سود لەهەموو لاكان وەرگرن، ئەگەر هەر نەكراوە، هەردوو باڵەخانە دەتوانن لەنێوان خۆیان دەرگا بكەنەوە بۆ ئیمێرجنسی".
گەشتوگوزار لەدواوەیە
كوردە رەئوف داوا دەكات بایەخی زیاتر بەگەشتوگوزار بدرێت و دەڵێت، "بایەخ هەر ئەوە نییە، كەسێك بێت و باڵەخانەیەك دروستبكات، خزمەتگوزارییەكان بەنیوەیش دابین نەكراوە، دەوترێت وڵاتەكەمان گەشتوگوزارییە، وەزارەتێك هەبوو بەناوی گەشتو گوزار هەڵیانوەشاندەوە".
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (سڤیل) كەوتون لەسلێمانی سی و سێ هۆتێلی گەشتیاری هەیە، بەڵام وەك بەرپرسەكەی كۆمەڵەی میوانەخانەكان ئاماژەیكرد، "هەمویان لەو ئاستەدا نین كە پێویستیان بەمەرجەكانی سەلامەتی هەبێت".
كۆمەڵەی میوانخانەكان
كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان لقی سلێمانی پێشتر وەك رێكخراوێكی سەربەخۆ لە (2005)ەوە دامەزراوە، پاش دوو ساڵ لەگەڵ كۆمەڵەی هاوشێوە لەهەولێر یەكیانگرتوە، ئەم كۆمەڵەیە لقی لەسلێمانی و هەولێر و دهۆك هەیە، لەبەرئەوەی سلێمانی گەورەترە دوو نوێنەرایەتی كراوەتەوە لەدوكان و لەگەرمیان، تەنیا لەسلێمانیدا ژمارەی ئەندامانیان لەسەروی هەزار ئەندامەوەیە، بەگەشتیاریی و بەمیللییەوە، هۆتێل و ریستۆرانت و چێشتخانە و گوندی گەشتیاریی، هەزار ئەندام واتە هەزار پرۆژە، قەبارەی ئەم كەرتە لەسلێمانی لەشارەكانیتری كوردستان گەورەترە.
داواكارییەكانی سەرەكییەكان
سەرۆكی لقی سلێمانی پێداویستییە هەنوكەییەكان كە كۆمەڵەكەیان جەختی لەسەر دەكاتەوە، سێ داواكاری ریزكرد:
* كێشەی كارەبا، مۆلیدە جێگرەوەی كارەبا نییە، مادام نرخی كارەبا كراوە بەبازرگانی، دەتوانرێت فیدەرێكی تایبەتی بۆدابنرێت.
* كێشەی خزمەتگوزارییەكان، لەدەرەوەی سلێمانی هیچ خزمەتگوزارییەك نییە بۆ ناوچە گەشتیارییەكان، بۆیە قەرەباڵغی روویكردووەتە سلێمانی، بۆ نمونە قەرەداغ تەنیا چەند كابینەیەكی كەم دروستكراوە.
* سوتەمەنی. لەوبارەوە تائێستا هیچ هاوكارییەك نەكراوین، تائێستا بەنرخی رەش دەیكڕینەوە.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com