|
بەدواداچوونی
سڤیل بۆ ئاگركەوتــــــــــــــــــــنەوەكەی
هۆتێل سۆما لە سلێمانی
سڤیل: سەلام كەریم
كاتژمێر (10:45)ی شەوی 15/16-7-2010 ئاگر
لەنهۆمی دووەمی تەلاری سلێمانی نوێ، كە
دەكەوێتە سەر شاڕێی سالم لەشاری سلێمانی،
بنكەی ئاگركوژێنەوەی بەختیاری كە نزیكترین
بنكەیە لەشوێنی رووداوەكە ئاگادار دەكرێتەوە،
هاوكات سەرجەم بنكەكانی ئاگركوژێنەوە دەخرێنە
حاڵەتی ئامادەباشی و هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس
و فریاگوزاریی تەندورستی دەگەنە شوێنی
رووداوەكە.
تەلاری سلێمانی نوێ تەلارێكی پێنج نهۆمییە و
سێ نهۆمی سەرەوەی هۆتێلە بەناوی (سۆما)، دوو
پێشەنگای مۆبیلیات لەژێر هۆتێلەكەدان،
یەكەمیان لەنهۆمی سەر زەوی و دووەمیان لەنهۆمی
یەكەمی بیناكەدایە.
بەهۆی ئاگركەوتنەوەكە بیست و حەوت كەس بوونە
قوربانی كە ژمارەیەكیان هاوڵاتی بیانین و
زۆربەیان بەهۆی خنكان و ژەهراویبوونەوە
گیانیان لەدەستداوە، سەرەڕای برینداربوونی
زیاتر لەبیست كەسی دیكە كە تەنیا یەكێكیان
برینەكەی سەختە.
ئاگركوژێنەوە كەمتەرخەم بوون؟
هاوكات ژمارەیەكی بەرچاو لەهاوڵاتیان لەشوێنی
رووداوەكە كۆبوونەوە، كە بووە هۆی ئاڵۆزكردنی
كارەكانی تیمەكانی فریاكەوتن و ئاگركوژێنەوە،
لەگەڵ ئەوەیشدا چەندین رێگری دیكە هەبوون، وەك
هەبوونی ژمارەیەكی زۆر لەئۆتۆمبێل لەبەردەم
هۆتێلەكە دا و پچڕانی تەزووی كارەبا.
بەوتەی رائید فەلاح ئەحمەد بەرپرسی بنكەی
ئاگركوژێنەوەی بەختیاری تەنیا لەماوەی یەك
كاتژمێردا توانیویانە ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و
دەستبەجێ تیمەكانیان بەمەبەستی رزگاركردنی
هاوڵاتیانی ناو هۆتێلەكە كە ژمارەیان نزیكەی
(200) كەس بووە و بەهۆی نەبوونی پەیژەی
رزگاربوون و مەرجەكانی سەلامەتی و بەرگری
شارستانی لەژوورەكانی خۆیاندا گیریانخواردبوو،
خۆیان گەیاندوەتە نهۆمەكانی سەرەوە و
توانیویانە (54) كەس دەرباز بكەن لەگەڵ تەرمی
(27) كەسیتر.
بەوتەی دیار ئیبراهیم نوێنەری بەرگری شارستانی
لەلیژنەی لێكۆڵینەوە لەروداوەكە، "ئاگر
لەشوێنی مۆبیلیاتەكەوە بووە، لەوێوە چووە
بۆنهۆمی یەكەمی هۆتێل سۆما و نەچووەتە هیچ
نهۆمێكی دیكە"، بەڵام بەڕێوەبەری بەرگری
شارستانی ئەوە رەتدەكاتەوە ئاگر چووبێتە
ژوورەكانی هۆتێلەكە، بەوتەی ئەم "تەنیا رێڕەو
و ریستۆرانەكەی گرتوەتەوە". هاوكات تیمەكانی
ئاگركوژێنە بەهۆی نەبوونی كەرەستە و
ئامادەكاریی تەواوەوە نەیانتوانیوە وەك پێویست
بەهانای هاوڵاتیانەوە بچن و ئەمەیش وایكردوە
ژمارەی قوربانییەكان زیاتر بێت. شایەتحاڵێك
بەناوی (محەمەد حاجی ئەحمەد) بۆ رۆژنامەی
هاوڵاتی گوتویەتی، "كارمەندی ئاگركوژێنەوە
موقەسیر نەبوون، بەڵام ئۆكسجین و لایت و یەك
پەیژەی نەجاتیان پێبوو". شایەتحاڵەكە ئەوەیشی
گوتوە، "تیمی ئاگركوژێنەوە گوتویانە كە
هۆتێلەكە كەسی تێدا نەماوە، بەڵام دوای ئەوەی
كە ئەوان رۆیشتون نۆ كەسی دیكەمان هێنایە
دەرەوە لەهۆتێلەكە". هەریەك لەبەرپرسی بنكەی
ئاگركوژێنەوە و عەمید یادگار بەڕێوەبەری
بەرگری شارستانی سلێمانی لەدوو لێدوانی جیادا،
وتەكانی شایەتحاڵەكەی (رۆژنامەی هاوڵاتی)یان
رەتكردەوەو بەتۆمەت و بێویژدانی وەسفیانكرد.
رێگای نەجات
بەپێی لێدوانی كارمەندانی ئاگركوژێنەوە
ئاگرەكە كە لەنهۆمی دووەمی تەلارەكەدا بووە،
رێگربووە لەوەی میوانی هۆتێلەكە بواری
دەرچوونیان هەبێت و لەبەرداخراوی باڵەخانەكە و
نەبوونی دەرچەی هەوا وایكردوە گەرمی و
دوكەڵێكی زۆر بچێتە نهۆمەكانی تری هۆتێلەكە و
هەر ئەمەیش بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەكی
بەرچاو لەقوربانیان. دكتۆر بەرزان محەمەد
بەڕێوەبەری پەیمانگای پزیشكی دادوەری
لەسلێمانی ئاماژە بەوەدەكات، "زۆربەی
قوربانییەكان بەهۆی گازی دووەم ئۆكسیدی
كاربۆنەوە خنكاون"، (سڤیل) لەزاری كارمەندێكی
ئاگركوژێنەوە زانیویەتی هاوڵاتییەك كە لەكاتی
بچڕانی تەزوی كارەبادا لەمەسعەدەكەدا بووە و
بەهۆی ئاگرەوە زیاتر لە(75%)ی سوتاوە،
سوتاوەكانی دیكە بەپێی سەرچاوە پزیشكییەكان
رێژەی سوتاوییەكەیان بەجۆرێكە مەترسی
گیانلدەستدانی لێنەدەكرا.
خۆفڕێدانە خوارەوە
پرۆسەی دەربازكردنەكە بەچەند جۆرێك بووە،
هەندێك لەوانە لەرێگەی پەیژەكەی رزگاربوونەوە
هێنراونەتە خوارەوە، بەڵام لەبەرئەوەی تەنیا
یەك پەیژە هەبووە و بەشی نەكردوە، كۆمەڵێك
لەكارمەندانی ئاگركوژێنەوە بەكۆڵ توانیویانە
ژمارەیەكی دیكە لەهاوڵاتیان رزگاربكەن،
سەرەڕای سێ هاوڵاتی كە خۆیان لەنهۆمەكانی سێ و
چوارەوە خستوەتە خوارەوە، یەكێكیان لەوانە
بەهۆی پژانی مێشكەوە گیانی لەدەستداوە و
هاوڵاتییەكی كوردیش بەهۆی خۆفڕێدانە خوارەوە
بەخەستی برینداربووە و لەژێر چاودێری
پزیشكیدایە، بەناوی مەریوان عومەر، ئەویتریان
هاوڵاتییەكی فلیپینییە بەناوی مۆریلۆ
توانیویەتی رزگاربكات، بەڵام قاچی شكاوە، ئەم
هاوڵاتییە لەنهۆمی دووەمەوە خۆی فڕێداوەتە
خوارەوە.
قوربانییەكان كێن؟
قوربانییەكان بەشێكی زۆریان بیانین (ژمارەیان
چواردە كەسە) و هاوڵاتی ئەم وڵاتانەن، كەنەدا،
ئوسترالیا، بەریتانیا، ئەفریقای باشور، روسیا،
لوبنان، كەمبۆدیا و سریلانكا و فەنزویلا و
چەند وڵاتێكی تر، تەرمەكانیان لەرێگەی
كۆمپانیای تایبەت بەگواستنەوەی مردوو بۆ
وڵاتەكانیان.
قوربانییەكانی دیكە نۆ كەسیان ئەندامی دوو
خێزانن لەشارۆچكەی كەلار (لەم ژمارەدا
بەدواداچونێكی تایبەت لەمبارەوە دەخوێنیتەوە)و
ئەوانیتر خەڵكی شارەكانی هەولێر و بەغدان و
لەنێو قوربانییەكاندا چوار كارمەندی كۆمپانیای
ئاسیاسێل بۆپەیوەندیكردن هەیە بەناوەكانی
(سۆفیكدی رون، جمهیش جالینا، میلاد فلیپ،
ماریكار سێنتی)، ئاسیاسێل لەراگەیاندراوێكدا
هەواڵەكەی پشتراستكردەوە و هەروەها
برینداربوونی سێ كارمەندی تریشی لەهەمان
رووداودا راگەیاند.
هۆكارەكە رون نییە
هەرچەندە بەدور دەزانرێت دەستی تاوان لەپشت
رووداوەكەی هۆتێل سۆماوە بێت، بەڵام تائێستا
لیژنەی لێكۆڵینەوە لەرووداوەكە هۆی
ئاگركەوتنەوەكەی ئاشكرانەكردوە، هەندێك
لەسەرچاوەكانی هەواڵ لەزاری سەرچاوەی
نافەرمییەوە بڵاویانكردوەتەوە، كە دوورنییە
هۆكارەكەی شۆرتی كارەبا بێت، بەڵام
سەرچاوەیەكی نزیك لەلێكۆڵینەوەكە بەدوری زانی
هۆكارەكەی كارەبا بێت و بەبڕوای ئەو سەرچاوەیە
هۆكارەكەی ئاگركەوتنەوەیە بەهۆی جگەرەوە،
سەرچاوەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت بۆ
(سڤیل) گوتی، "هیچ شوێنەوارێكی شۆرتی كارەبا
دیار نییە، هەموو وایەرەكان وەكخۆیانن، لەكاتی
شۆرتدا وایەر دەتەقێت و تەلەكەی شین دەبێتەوە
و دیوارەكە دەسوتێنێت". لەمبارەوە عەقید
یادگار بێئاگایی خۆی دەربڕی و پێیوابوو
هۆكارەكەی كەمتەرخەمییە و رایگەیاند،
"هۆكارەكەی تەمومژاوییە، ئێستا چەندین تیمی
عێراقی و ئەمریكی لەسلێمانین بۆلێكۆڵینەوە
لەهۆیەكانی رووداوەكە".
رۆژی یەكشەممە بەئامادەبونی رێكخراوەكانی
كۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەنوسان و كارمەندانی
ئاسیاسێل كۆبوونەوەیەك بۆ گیانی قوربانییەكانی
رووداوەكە سازكرا و چەندین وتە و گوڵ لەلایەن
ئامادەبوانەوە لەبەردەم هۆتێلەكە دانران.
سەرچاوەی كەمتەرخەمی
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی گەشتوگوزار و بەرگری
شارستانی، شارەوانی سلێمانی بەرپرسی یەكەمە
لەزیانە گیانییەكانی هۆتێل سۆما، چونكە مۆڵەتی
ئەو باڵەخانەیە لەلایەن شارەوانی سلێمانییەوە
دراوە، بەبێ لێپێچینەوەی لەنەبوونی مەرجەكانی
سەلامەتی و بەرگری شارستانی، لەبەرامبەردا
سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بێدەنگی
هەڵبژاردوە و مانیگرتوە لەپێدانی لێدوان
بەمیدیا و لەلای خۆیشییەوە روونكردنەوە و
بەیاننامەی تایبەت بەرووداوەكەی دەرنەكردوە.
هەریەك لەسەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی
میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان و
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی لەدوو
چاوپێكەوتنی جیادا ئەوەیان بۆ (سڤیل)
ئاشكراكرد، كە چەندین نوسراویان ئاراستەی
شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنان كردووە، بەبێ
رەزامەندی ئەمان مۆڵەت بەباڵەخانەكان نەدەن،
ئەوەشیان دوپاتكردەوە "رێنمایی تایبەتمان
لەمبارەوە هەیە، بەداخەوە لەلایەن دەزگای
پەیوەندیدار و خاوەن باڵەخانەكانەوە
پشگوێخراون".
خاوەنی هۆتێلەكە نادیارە
بەپێی دەنگۆكان بەشێك زۆری باڵەخانەكانی
سلێمانی موڵكی بەرپرسانن، لەبەرئەم هۆیە
دامودەزگانی حكومەت ناتوانن وەك پێویست
لێپێچینەوە لەپێشلكاریی و سەرپێچی رێنماییەكان
بكەن. سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی
میوانخانەكان زانیارییەكانی سڤیل
پشتڕاستدەكاتەوە، بەڵام پێیوایە، "رێژەی
لێپرسراوەكان كەمە و ئەوانیش ملكەچی
یاساكانن".
پەیامنێری سڤیل چەند جارێك سەردانی كارگێڕی
هۆتێل سۆمای كرد، هەر جارێك بەبیانوییەك خۆیان
لەلێدوان لەبارەی رووداوەكە دەدزییەوە.
بەپێی زانیارییەكان فەرەیدون عەبدولقادر
ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەم
باڵەخانەی بەكرێ گرتووە و لەلایەن برایەكییەوە
بەناوی نزار بەڕێوەدەبرێت.
|