|
بەرزترین پلەی گەرمی لە 7/11 تۆمار كراوە
سڤیل: هەولێر
لەدیمانەیەكی تایبەتی (سڤیل) دا بەڕێوەبەری
كەشناسی هەولێر باس لەو پێشبینیانە دەكات، كە
ئەمساڵ بۆ گەرما هەیە، ئەوەش رەت دەكاتەوە،.
دیاردەی بە بیابانبوون لەكوردستاندا روو بدات.
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەی هەولێر
لەساڵی 2006 دامەزراوە، بەر لەدامەزراندنیشی
تەنها وێستگەی كەشناسی بوو، بەڵام دواتر
بەرێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەی زەوی
هەولێری خراوەتە سەر. رەشید رەسوڵ بەڕێوەبەری
بەرێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەی
هەولێرە، خاوەنی هەردوو بڕوانامەی بەكالۆریۆسی
لەجیۆلۆجی، ماجستێر لەكارگێڕی و بەڕێوەبردن
لەزانكۆی (پیكاڤێ) لەفەرەنسا بەهاوكاری زانكۆی
لبنانی فەڕەنسی لەهەولێر، لەساڵی 2000 تا 2004
بەرپرسی كەشناسی رێكخراوی (فاو)ی نەتەوە
یەكگرتووەكان بووە.
لەدیمانەیەكی تایبەت بە (سڤیل) بەڕێوەبەری
كەشناسی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە
كەشوهەوای كوردستان لەژێر كاریگەری كەشوهەوای
دەریای سپی ناوەڕاست و نیمچە بیابانی عەرەبی و
باكوری ئەفریقیا دایە، جیا لەوەش بە
شەپۆڵەكانی توركیا و ئەوروپاش كاریگەر دەبێت،
ئەم كاریگەرییانە جۆرێك لەكەشوهەوای جیاواز
بەكوردستان دەدەن، بەڵام كەشوهەوای رۆژانە
پێشبینیەكان دیاری دەكات، رەشید رەسوڵ ئەوە
رەتدەكاتەوە كە ئەو پێشبینیانەی لەراگەیاندن
بڵاو دەكرێنەوە هی ئەوان بێت، هەروەها ئاماژەش
بەوە دەكات، كە زۆرجار پێشبینییەكان هەڵەن،
رەشید رەسوڵ گوتی "پێشبینی كەشوهەوا
لەسەرتاسەری جیهان هەڵەی تێدایە، لەهەندێك
وڵات هەڵەكە لەنێوان 10% بۆ 20% دایە،
بەگوێرەی ئەو ئامێر و كادیرانەی كاردەكەن،
هەروەها ئەو كۆنتاكەی لەگەڵ مانگە دەستكردەكان
و زانستی سەردەم رێژەكە دەگۆڕێت". سەبارەت بە
پێشبیینیەكانی كەشوهەوا لەهەرێمی كوردستانیش
ئەو بەرێوەبەرە بە "هەژار" وەسفی دەكات و دەڵێ
"ئێمە لەپێشبینی زۆر هەژارین، چونكە كادیری
پسپۆڕی پێشبینیمان زۆر كەمە، ئەوانەی خول و
بڕوانامەی پێشبینیان هەیە نیمانە، كادیرمان
نییە بڕوانامەی نێودەوڵەتی پێشبینی هەبێت،
بەڵام ئێستا خەریكین چەند كادیرێك رەوانەی
ئوردن یان قاهیرەیان بكەین، بۆ ئەوەی خولی
پێشبینی كەشوهەوایان بۆبكەینەوە".
ئەو بەرێوەبەرایەتیە سایتێكی هەیە، كە رۆژانە
پێشبینییەكانی خۆی تێدا بڵاو دەكاتەوە، رەشید
رەسوڵ دەڵێ "سەنتەری پێشبینی كەشناسی
لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەنها بۆ 24 كاتژمێر
پێشبینیەكانی خۆی دەكات، ئیمكانیاتشمان هەر
ئەوەندەیە، لەپڕۆژەماندایە ئامێری زیاترمان
پێبدەن، پیشنیارمان كردوە سیستەمێكی
پێشكەوتووی جیهانیی هەیە پێی دەڵێن (سیستەمی
كۆڕۆبۆڕ) كۆمانیایەكی فەڕەنسی دروستی دەكات،
ئەگەر ئەو سیستەمەمان هەبێت، بەڕادەیەك
پێشبینییەكانمان بەهێز دەبێت".
سەبارەت بە راگەیاندنیش رەشید رەسوڵ گوتی
"راگەیاندنەكان بە كەمی زانیاریەكانمان
وەردەگرن، مەگەر لەدیمانەكان نەبێت، وەكو
رۆتینیات سایتێك دەكاتەوە، زانیاریەكان بڵاو
دەكاتەوە، لەجیهانیش هەروایە، بەڵام دەبێت
خەڵكی هۆشیار ئەوە بزانێت ئەو زانیاریانەی
بڵاو دەبێتەوە، سەرچاوەكەی لەكوێوەیە، بۆ
نمونە لە (بی بی سی) دەنوسرێت بەهاوكاری
دەزگای كەشناسی مەلەكی بەریتانی، ئەمە
راستگۆیی كەناڵەكە پیشاندەدات، ئەگەر
دەستگاكانی راگەیاندن بنوسن بەهاوكاری فلانە
شوێن، ئەمە شتێكی باشە".
ئەمساڵ پێشبینی ئەوە دەكرێت كە رێژەی گەرما
زۆر بەرزبێتەوە، بەڕێوەبەری كەشناسی گوتی
"ئەمساڵ بەرزترین پلەی گەرمی لە 11ی ئەم مانگە
تۆمارمان كردووە 46،7 بوو، هەروەها لەهەولێر
بەرزترین پلەی گەرمی لەماوەی 18 ساڵی رابردوو
47،9 بووە لە بەرواری 18/7/2000، بەڵام لە
مەخمور ئەمساڵ 48،4 تۆماركراوە لە بەرواری
12/7 ی ئەم ساڵ دا" هەرچەندە پلەكانی گەرما
بەرزە، بەڵام بەرێوەبەری كەشناسی ئەوە
رەتدەكاتەوە كە بە بیابانبوون لەكوردستان روو
بدات، ئەو گوتی "بوون بە بیابان ئەمە لەناوچە
بیابانییەكان زیاتر روودەدات، ئەو شوێنانەی
باران بەماوەیەكی زۆر نەبارێت، ئەو ئەگەرەی
تێدا بەدی دەكرێت، ناوچە هەیە لە سۆماڵ و
ناوچەكانی تری ئەفریقیا بۆ ماوەیەكی زۆر
بارانی تێدا نابارێت، شوكر ئێمە لەكوردستان
لەو حاڵەتە دوورین، ساڵانە باران هەیە،
بەڕێژەی باشیش هەیە، ئەو ئەگەرە دوورە، ئێمە
رەتی دەكەینەوە".
|