لەبەر خواردنی لەفەیەك 31 ملیۆن دیناری مامۆستایان دیار نامێنێت  

 

 

مولازمێكی پۆلیس: بەڕێوەبەرەكە بەڵگەی نییە كە ئەو پارەیەی لێ دزرابێت

سڤیل: زیاد ئیسماعیل

بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك دەڵێ 31 ملیۆن دینارم لەموچەی مامۆستایان لێ دزراوە، مولازمێكی پۆلیسیش پێیوایە لەلێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەركەوتووە، كە ئەو بەڕێوەبەرە بەڵگەی سەلماندنی دزینی پارەكەی لا نییە، پێشیوایە ئەگەر مامۆستا و پەروەردە سكاڵای لەسەر تۆماربكەن، ئەوا بە ئیختلاس دادەنرێت، بەرێوەبەری قوتابخانەكەش وەزارەتی ناوخۆ بە تۆمەتبار دەزانێت.
مولازمی یەكەم فازڵ حاجی حوسێن ئەفسەری نوسینگەی باكوری نەهێشتنی تاوان لەلێدوانێكی تایبەتدا چەند زانیارییەكی سەرەتایی بە (سڤیل) دا و گوتی "لەرۆژی 25/7 لەكاتژمێر 10:20 بەیانی هاوڵاتیەك بەناوی (عەبدولمەجید محەمەد عەزیز) بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئەحمەدی خانی، كە لەو كاتەی لەبانك هاتبووە دەرەوە بڕی 41 ملیۆن دیناری لەناو ئۆتۆمبێلەكەی بەجێهێشتبوو، گوایە چووە لەفە بخوات لەئیسكان، ئەو پارەیە موچەی مامۆستایانی قوتابخانەكەی بووە، دوای ئەوەی دەگەڕێتەوە دەبینێت جامی ئۆتۆمبێلەكەی شكاوە، بەشێك لەپارەكەش نەماوە 35 ملیۆن دینار نەماوە و تەنها 6 ملیۆن دینار ماوە، هێشتا لێكۆڵینەوەكە لەسەرەتایە و هەندێك شتمان بەدەستگەیشتووە". هەر لەلێدوانەكەیدا بۆ (سڤیل) مولازم فازڵ جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە بە زووترین كات لەلێكۆڵینەوەكەیان دەگەنە ئەنجامی كۆتایی و جیا لەوەش بەڕێوەبەرەكەی بە كەمتەرخەم دەزانێ و دەڵێ "هەرچەندە نەگەیشتوینەتە ئەنجامی كۆتایی، بەڵام ئەو هاوڵاتیە تۆمەتبارە بەگوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، چونكە ناكرێت ئەو پارە زۆرەت پێ بێت، لەناو ئۆتۆمبێڵێك دایبنێیت و بچی لەفە بخۆیت، ئەو پارەیەی بەو بەڕێوەبەرە دراوە ئەمانەتێك بووە بگەیەنێتە دەستی مامۆستاكان،نەوەك بچێت لەفە بخوات".
مولازم فازڵ لەلێدوانەكەیدا روونكردنەوەی زیاتری لەبارەی رووداوەكە بە (سڤیل) دا و گوتی "دواتر ئەو بەڕێوەبەرە مامۆستایەكی تری لەگەڵ بووە، دەیانتوانی یەكێكیان بچێت لەفەكە بێنێت، ئەویتر ئاگاداری ئۆتۆمبێلەكە بوایە، بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكان ئەو مامۆستایەی لەگەڵ بەڕێوەبەرەكە بووە، بە بەڕێوەبەرەكەی گوتوە با پارەكە لەناو سەیارەكە بەجێنەهێڵین، بەڵام بەڕێوەبەرەكە پێی گوتوە هیچ لەگۆڕێ نییە، بابچین لەفەكەمان بخۆین. دواتر ئەو شوێنەی كە ئۆتۆمبێلەكەیان لێ وەستاوە گەراجی لێ نزیكە، بەڵام ئەو نەیبردۆتە گەراج، هەروەها چووە لەو شوێنەی چۆڵە بەتایبەتی لەوێی راگرتووە، ئەمەش وەك ئەوە وایە مەجالێك بۆ دزەكە بكاتەوە، هەرچەندە ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت من 5 دەقەم پێچوە، بەڵام من دەڵێم تا لەفەكەی خواردووە و دەموچاوی شوشتووە، زیاتری خایاندووە، ئەو جۆرە عەمەلیانەی وەك شكاندنی جامی ئۆتۆمبێلێك پێویستی بەیەك خولەكە".
دواتر لەلێدوانەكەیدا مولازم فازل ئەوەی ئاشكرا كرد كە "بەڕێوەبەر هیچ بەڵگەیەكی نییە، كە دزی لێكرابێت". لەگەڵ ئەوەشدا مولازم فازل هەڵوێستی یاسای لەبەرامبەر ئەو رووداوە روونكردەوە و گوتی "بەگوێرەی یاسا ئەگەر ئەو بەڕێوەبەرە پارەكان بۆ مامۆستاكان نەگەڕێنێتەوە، پەروەردەش داوای لەسەر بنوسێت، ئەو كاتە دەبێتە (ئیختیلاس)، چونكە پەروەردە ئەو پارەیەی بۆیە پێداوە تاوەكو تەسلیمی بكات، نەك بچێت لەفە بخوات، تائێستا ئەو بەڕێوەبەرە هیچ بەڵگەیەكی نییە كە دزی لێكراوە".
مامۆستا گۆران فەتحوڵڵا، مامۆستای كۆمەڵایەتی ماوەی 3 ساڵە لەقوتابخانەی ئەحمەدی خانی دەوامدەكات، موچەكەی 620 هەزار دینارە، ئەو مامۆستایە كاتێك هەواڵی دزینی پارەكەیان پێداوە، بە گاڵتەی وەرگرتووە، گۆران دەڵێ "بەیانی بوو، لەرێگابووم، دەرۆیشتم بۆ ئەوەی بچم موچەكەم وەبگرم، مامۆستایەك ئاگاداری كردمەوە، كە شتێكی وا روویداوە، بەڵام من وامزانی سوعبەت دەكات". گۆران جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە هیچ سیفەتێكی خراپی لەبەڕێوەبەرەكەیان نەدیوە، بۆئەوەی گومانی لەسەر هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئاشكرای دەكات، كە هەندێك لەمامۆستایان بە نیازن داوای پارەكە لەبەڕێوەبەر بكەنەوە، گۆران گوتی "تائێستا هیچ شتێكمان لەو بەڕێوەبەرە نەبینیوە، نەمانبینیوە پارەی خەڵكی خواردبێت، بەڵام هەندێكیان داوای پارەكە دەكەنەوە، دەڵێن دەمانەوێتەوە، هەرچەندە هێشتا روون نەبۆتەوە، بەڵام ئەگەر دزییەكە كرابێت، ناچارم لێی خۆش بم".
مامۆستا ئارام ئەحمەد یاریدەرەی بەڕێوەبەرە، مووچەكەی 800 هەزار دینارە، ئەو یاریدەدەرە هەڵوێستی بەڕێوەبەرەكە بە "ناخۆش" وەسف دەكات و دەڵێ "من لەقوتابخانە بووم، لەگەڵ هەندێك مامۆستای تر خەریكی وەسیقەكردنی قوتابیەكان بووم، كاتێك بەڕێوەبەرەكەمان تەلەفۆنی كرد پێی گوتین، كە شتێكی ئاوا رووی داوە، تەنها مامۆستا یاریدەدەرەكەی تری لەگەڵ بووە، مەوقیفەكەی بەڕێوەبەر ناخۆشە، ئەگەر بزانین چارەسەری نیە، من لێی خۆشدەبم".
ئەگەرچی مامۆستا ئارام و گۆران هەڵوێستیان لێخۆشبوونە لەمووچەكەیان، بەڵام مامۆستایانی تر چاوەڕێی لێكۆڵینەوە دەكەن، كۆبوونەوەشیان لەسەر ئەو رووداوە كردووە، مامۆستا حەیدەر محەمەد كە مامۆستایەكە لەقوتابخانەكە لەلێدوانێكی بۆ (سڤیل) گوتی "ئێمە كۆبوونەوەمان كردووە، ئیمزاشمان كردووە و هەڵوێستی خۆمان راگەیاند كە ئارام بگرین، تا لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس تەواو دەبێت، بڕیارەكەشمان بەكۆمەڵ دەبێت یان هەموومان لێی خۆشدەبین، یان داوای پارەكە دەكەینەوە".
عەبدولمەجید محەمەد عەزیز، تەمەن 35 ساڵە، ماوەی 7 ساڵە بەڕێوەبەری (قوتابخانەی ئەحمەدی خانی)یە، لەلێدوانێكی تایبەت بە (سڤیل) ئەوەی رەتكردەوە خۆی داوای لەیاریدەدەرەكەی كردبێت، كە بچن لەفە بخۆن، گوتی "خۆی بەمنی گوتوە كە بچین لەفە بخۆین، من ئۆمبێلەكەم لەبەردەم گەراج راگرتبوو گەراجەكەش داخرابوو". ئەو بەڕێوەبەر لەلێدوانەكەی بۆ (سڤیل) باسی ئەوەیكرد كە توانای دانەوەی ئەو پارانەی نییە، بۆیە گوتی "ئەگەر ئەو پارەیە بكەوێتە ئەستۆی من لەتوانام دانیە ئەو پارەیە بدەمەوە، ئەمە هاوكاری حكومەتی پێویستە". ئەگەرچی بەشێك لەمامۆستاكان گومانیان لەبەرێوەبەرەكەیانە، بەتایبەتی كاتێك دەڵێ "لەئیسكان پارەم لێ دزراوە"، چونكە بەلای ئەو مامۆستایانەوە ئیسكان یەكێكە لەشوێنە قەرەباڵغەكانی هەولێر و بەدووری دەزانن سەعات 10ی بەیانی لەشوێنێكی وەها پارە بدزرێت، لەبەرامبەریشدا ئەو بەڕێوەبەرە وەزارەتی ناوخۆ بەبەرپرسیار دەزانێت و دەڵێ "وەزارەتی ناوخۆش بەرپرسیارە لەهەر رووداوێك كە روودەدات لەسەر شەقام، چونكە وەزارەتی ناوخۆ دەبێت سەر و ماڵی هاوڵاتیان بپارێزێت، من یەكەم كەس نیم ئەو رووداوەم بەسەر هاتبێ، ئەوانە باندن، دیارە لەپێش بانكەكان ئەو كارە دەكەن، وەزارەتی ناوخۆش زانیاری هەیە، دەربارەی ئەو كەسانەی بەو كارە هەڵدەستن، ئەم رووداوانە لەهەموو وڵاتێك روودەدات، دیارە لێرەش ئەوە بەسەر من هاتووە، من ماوەی 7 ساڵە بەڕێوەبەرم، موچەش وەردەگرم، هەمووجار كەسێكم لەگەڵ بووە و بەتەنها نەچووم".
ئیسماعیل بەرزنجی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە لەلێدوانێكی تایبەت بە (سڤیل) گوتی "تائێستا ئێمە چاوەڕوانی دەرەنجامی لێكۆڵینەوەی پۆلیس دەكەین، ئەگەر بەتەواوی دەركەوێت كە دزیە بێگومان دەوڵەت خەمی بۆ دەخوات". لەلێدوانەكەیدا بۆ (سڤیل) بەرزنجی ئاماژەی بەوەكرد، كە رووداوی دزینی مووچەی مامۆستا لە هەولێر زۆر بە كەمی روویداوە، بەرزنجی گوتی "چوار ساڵ لەمەوبەر بەڕێوەبەرێك لەلایەن پیاوێكی دڕندە لەژوورەوە بەچەقۆ هێرشی كرایە سەر، كە بە چەقۆ لەملی دابوو و بڕی 10 ملیۆن دیناری بردبوو، بەڵام پارێزگاری هەولێر لەمیزانیەی پارێزگا قەرەبوی كردەوە".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com