|
لابردنی
سێ سفری دراوی عێراقی كاریگەری "ســـــلبی"
دەبێت لەسەر بازاڕی ئابوری وڵات
سڤیل: شوان سدیق
بانكی ناوەندی عێراق سورە لەسەر لابردنی سێ
سفری دراوی وڵات و چاودێران و شارەزایانی
بواری ئابووریش پێیانوایە لابردنی ئەو سێ
سفرەی دراوی عێراقی كاریگەری سلبی لەسەر
هەڵاوسانی ئابوری وڵات دەبێت، بەپێچەوانەشەوە
بەڕێوەبەری بانكی هەرێمیش لابردنی سفرەكان
بەكارێكی ئیجابی دەزانێت.
هەرچەندە تائێستا لابردنی سێ سفری دراوی
عێراقی یەكلایی نەكراوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی
بانكی ناوەندی عێراق تەئكید لەسەر ئەوە
دەكەنەوە، كە ئەوان سورن لەسەر لابردنی ئەو سێ
سفرەی دیناری عێراقی، لەچەند رۆژی رابردوودا
ئاژانسێكی هەواڵ لەزاری مەزهەر موحەمەد ساڵح
راوێژكاری بانكی ناوەندی عێراقی گواستۆتەوە،
بانكەكەیان سورە لەسەر ئەوەی لەماوەیەكی
نزیكدا، سێ سفر لەسەر دراوی وڵات لابدات،
راوێژكاری بانكی ناوەندی عێراق گوتبووشی
جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە پەیوەندی بە
پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمانی نوێوە هەیە.
بەبڕوای شارەزایان عێراق لەرووی ئابورییەوە
بەئاراستەیەكی جێگیركردنی دەزگا و
دامەزراوەكانیدا دەڕوات، بەڵام رەنگە گۆڕینی
دراوی وڵات یان لابردنی ئەو سێ سفرەی ئێستا
مشتومڕی لەسەر دەكرێت، كاریگەری سلبی هەبێت،
لەسەر پێگەی ئابوری وڵات، بەڵام مەزهەر محەمەد
راوێژكاری بانكی ناوەند ئەوە بە دوور دەزانێـت
و دەڵێت "بە پێچەوانەوە لابردنی ئەو سفرانە
كاریگەری ئیجابی دەبێت، لەكەمكردنەوەی
هەڵاوسانی ئابووری و كەمكردنەوەی قەبارەی
پارەی ئاڵوگۆڕ لە 26 ترلیۆن دینارەوە بۆ 25
ملیار دینار".
بەپێچەوانەی ئەو راوێژكارەی بانكی ناوەندی
عێراقی، چاودێرێكی ئابوری پێیوایە ئەو
گۆڕانكارییانەی باس دەكرێت، كاریگەری سلبی
دەبێت، لەسەر هەڵاوسانی رەوشی ئابوری كوردستان
و عێراقیش، مامۆستا غازی لەكۆلێژی كارگێڕی و
ئابوری زانكۆی سەلاحەدین لەلێدوانێكی تایبەت
بە (سڤیل)دا دەڵێت "هەر لەسەرەتاوە ئەو دراوەی
عێراق كەگۆڕانی بەسەر دا هات و بانكی ناوەندی
رەزامەندی لەسەردا بەو هەموو سفرەوە، هەڵەیەكی
گەورەبوو كە حكومەتی عێراق كردی، چونكە
دەبوایە هەر لەسەرەتادا ئەو سفرانەی نەبوایە".
ئەو مامۆستایەی زانكۆی سەلاحەدین روونیشكردەوە
"هەر لەسەر ئەوەش بوو ئەو كاتانەی كە ئەو
سفرانە بۆ دراوی عێراقی دانر، و بەرانبەر
دیزاینەكەشی ئێمە ناڕەزاییمان دەربڕی، چونكە
ئەوكات بەرامبەر یەك دیناری سویسری 150
دیناریان دانا. لەبەرئەوە پێموایە ئەگەرچی
لەسەرەتادا هەڵەیەكی زۆر گەورەبوو بەرامبەر
دانانی ئەو سفرانە ئەگەر ئێستاش بانكی ناوەندی
بیر لەوە بكاتەوە، كە سفری سەردراوەكان
لاببات، ئەوە بەمانای هەڵە بەرامبەر بەهەڵە
دێت".
ئەو چاودێرە ئابورییە لەقسەكانیدا
كاریگەرییەكەی دیار كرد و گوتی "كاریگەری سلبی
دەبێت بۆ سەر ئابوری وڵات و هەڵاوسانەكەش
زیاتر دەبێت، هەرچەندە پێشتریش كاریگەری سلبی
هەبووە، ئەگەر بێت و رێژەی هەڵاوسانیش
زیاتربێت، ئەمە كاریكەری سلبی دەبێت لەسەر
داهات و بژێوی هاوڵاتییان، چونكە خەڵك دەیەوێت
دراوەكەی بەقیمەت بێت، نەك سود لەوڵاتێكی وەكو
توركیا وەربگرین، كە ئەوانیش ئێستا بەدەستی
ئەو هەموو سفرەی دراوەكەیانەوە گیریان
خواردووە".
هەرچەندە تا ئێستاكە بڕیاری لابردنی سفری دراو
یەكلایی نەكراوەتەوە، بەڵام ئێستا بەگوتەی
راوێژكاری بانكی ناوەندی عێراق مەزهەر موحەمەد
ساڵح كە رایگەیاندوە، بانكی ناوەندی جۆرێكی
نوێ لەدراو بۆ عێراق دەردەكات، كە بە هەر سێ
زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لێی نوسراوە.
لەلای خۆیەوە ئەدهەم كەریم بەڕێوەبەری بانكی
هەرێم لەگەڵ ئەوەی بەناراستەوخۆ ئاماژە بەوە
دەكات، ئەوان هیچ زانیارییەكیان لەسەر لابردنی
سفری دراوی وڵات پێی نەگەیشتووە، بەڵام بڕوای
وایە ئەگەر سێ سفری دراوی عێراقی لاببرێت،
كارێكی ئیجابی دەبێت. ئەدهەم كەریم دەڵێت
"لابردنی سێ سفری دراوی عێراقی پێموانیە هیچ
كاریگەرییەكی لەسەر هەڵاوسانی ئابوری هەبێت،
چونكە ئەم پارەیەش لەگەڵ ئەوی تر یەك قیمەت و
بەهایان هەیە". سەبارەت بەبڕیاری نوسینی پیتی
كوردی لەسەر دراو بەڕێوەبەری بانكی هەرێم گوتی
"ئەوە بڕیارێكە لەمێژە دراوە، بەڵام لەئیستا
خەریكە ئەو بریارە جێبەجێ دەكرێت، و ئێستاش
دراوی تازە لەچاپ دەدرێت ئەمەش پەیوەندی
بەلابردنی سێ سفری دراوەكەوە نییە، چونكە
پێشتر ویستیان دراوەكە بەكوردیش بێتە ناو
بانكەكانەوە، بەڵام دواكەوت".
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستدان، ئەو
گۆڕانكاریانەی لەدراوی عێراقیدا دەكرێت،
بەتایبەتی ئێستا دراوی وڵات لەبەردەم لابردنی
سێ سفر و گۆڕانكاری زمانەوانیدایە، بەڵام
بڕیاری بەكارهێنانی زمانی كوردی و ئینگلیزی
لەتەنیشت زمانی عەرەبی لەجێبەجێكردندایە. ئەو
گۆڕانكاریانەش لەبەكارهێنانی زمانی كوردیدا
وەك چۆن لەسەر دراوی 10 هەزار دیناری نوسراوە
(عشرە الاف دینار) بەهەمان شێوەش لەسەر پەرەی
دراوەكە دەنوسرێت (دە هەزار دینار).
زۆر لەچاودێران و خاوەن نوسینگەكانی بازاری
دراو ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەزمانی نوسیندا
دەكرێت بە شتێكی ئیجابی دەزانن، بەڵام
بەپێچەوانەی بەرێوەبەرانی هەردوو بانكی ناوەند
و هەرێم دەربارەی لابردنی سێ سفری دراوەكە
ئەوان بە كاریگەری سلبی دەزانن لەسەر ژیانی
خەڵكی ئاسایی، چونكە ئەو گۆڕانكارییانەی
لەساڵانی رابردوو روویاندا بەتایبەتی لەگۆڕینی
پارەی وڵات هاوڵاتیان زیاتر لێی
زەرەرمەندبوون.
هونەر زیاد بەرپرسی نوسینگەیەكی دراوە لەشاری
هەولێر دەڵێت "ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەدراودا
دەكرێ، بەتایبەتی ئیستا زۆر قسە لەسەر لابردنی
سێ سفرەكە دەكرێت، بەڕای من بۆ سەر ئابوری
وڵات و ژیانی رۆژانەی خەڵك كاریگەری خراپی
دەبێت، چونكە ئێستا رەوشی ئابوری كوردستان
لەهەڵاوساندایە، بەڵام ئەگەر هاتو ئەو دراوەش
گۆڕانی بەسەردا بێت، لەبەر ئەوە زۆر
لێكۆڵینەوە و بەدواچوون لەسەر نرخ و
شتومەكەكان نییە، بۆیە خەڵك زەرەرمەند دەبن".
لەبەرامبەر قسەكانی بەرپرسی ئەو نوسینگەی
دراوە لەشاری هەولێر، مامۆستا غازی ئەویش
هەمان بۆچوونی هەیە و گوتی "پێوستە وەزارەتی
دارایی عێراق بیر لەسیاسەتی دارایی وڵات
بكاتەوە، بۆ كەمكردنەوەی رێژەی هەڵاوسان نەك
بەوشێوەی ئیستا كە دەیبینین، كاتی خۆی
لەسەردەمی حاكمی عێراق پۆڵ بریمەر ئەو هەموو
سفرەیان بۆ دراوی عێراقی زیاد كرد و ئێستاش
بێن دووبارە سفرەكان لاببەنەوە".
كاردۆ محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان
لەوبارەوە دەڵێت "هەر گۆڕانكارییەك بكرێت لە
عێراقدا بەتایبەتی لەدراو ئەوە مەسەلەیەكی
دەستوریە و پێویستە ئەو دەقانەی كە مافەكانی
تێدا ئاماژە پێكراوە، عەمەلی بێت نەك تەنیا
قسەكردن، چونكە ئەمە كارێكی یاساییە و
دەستوریش ئاماژەی پێكردووە"، كاردۆ ئاماژەش
بەوەدەكات كە "باوەڕ ناكەم هێشتا قسە لەسەر
لابردنی سفری دراوی عێراقی كرابێت، بۆیە
ناكرێت ئێمە قسەی لەسەر بكەین، بەڵام ئەگەر
هەر پرۆژەیەكیش یاسایی بێت لەعێراقدا ئێمە
لیستە كوردستانییەكانمان هەیە لەبەغدا و
بێگومان ئەوانیش هاوبەشن لەبڕیارداندا".
|