|
لەنزیكەی
9 ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن، تەنها 3 دانەیان
ئۆكسجینی تێدا بوو
سڤیل: سەركەوت ئەحمەد
كۆچەر عومەر عەلی، پزیشكی پلەبەند
لەنەخۆشخانەی شەهید فاتیح 11.05 خولەكی شەوی
ئاگركەوتنەوەكەی ئوتێل سۆما بەڕێكەوت دەچێتە
سەر رووداوەكە، كاتژمێر 2:50 خولەك دوای
رزگاركردنی دەیان كەس لەرووداوەكە دوایەمین
كەسی تیمی پزیشكی دەبێت كە شوێنی ڕووداوەكە
بەجێ دەهێڵێت. ئەو پزیشكە كە دەوامی فەرمی خۆی
لەهەڵەبجەیە، شەوی رووداوی ئاگركەوتنەوەكە
دوای تەواوبوونی سەردانێك لەكاتی گەڕانەوەیدا
بۆ ماڵەوە بەسەر رووداوەكەدا دەكەوێت، لەم
چاوپێكەوتنەدا دیمەنە خەمناك و كەموكوڕییەكانی
فریاكەوتن بۆ (سڤیل) ئاشكرا دەكات و بەم
شێوەیە چیرۆكی ئەو شەوە دەگێڕێتەوە:
"كاتێك چومە شوێنی ڕووداوەكە، ئەوەی بینیم
دیمەنێكی زۆر خەمناك و سامناك بوو، تاكە
دیمەنە كە لەژیانی پزیشكی خۆمدا تاكو ئێستا
بینیومە، پاش ئەوەی خۆم بەتیمەكان ناساند، من
پزیشكم و دەمەوێت كار بكەم لەگەڵتاندا، یەكسەر
دەستم كرد بەكاری فریاكەوتن، ئوتۆمبێڵەكانی
فریاكەوتنم بینی، ئەو شتانەی پێویستە بۆ
حاڵەتی فریاكەوتن تێیاندا نەبوو، لەنزیكەی 9
ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن تەنها 3دانەیان ئۆكسجینی
تێدا بوو. سەرەتا ئافرەتێكی بیانی، كە نازانم
خەڵكی كوێ بوو بەكرێنەكە دایانگرتە خوارەوە،
بردمان بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن و خۆشم لەگەڵی
رۆیشتم، ماسكم بۆ گرتبوو، بەڵام پێش ئەوە
بگاتە نەخۆشخانە لەلای سلێمانی پاڵاس گیانی
سپارد و مرد، لەڕاستیدا ئەگەر كۆمەڵێك ئامێر و
ئەدەواتی باشمان لەبەردەست بووایە، بۆ نمونە
ئەگەر سۆندەی بۆڕی هەوامان پێ بووایە و بۆمان
دانایە و لەڕێگا هەناسەی دەسكردمان بۆ
بكردایە، هەر بەوە دەمانتوانی رزگاری بكەین،
هەر ئەوكاتە كە چومە فریاكەوتن هەموو شتێكی
پێویستم پێچایەوە و لەگەڵ خۆمان بردمە سەر
رووداوەكە.
چومەوە ئەوێ پێم وتن ناكرێت هەر بریندارێك
لەكرێنەكە دادەگیرێت یەكسەر بنێرێت بۆ
نەخۆشخانەی فریاكەوتن، لەبەردەم ئوتێلەكە
شتەكانم داگرت، پێشم وتن لێرە فریاگوزاری
سەرەتاییان بۆ دەكەین، پاشان دەیانخەینە
ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنەكانەوە. بەو جۆرە
توانیمان ژیانی 4 تا 5 كەس بگەڕێنینەوە، كە
زۆربەشیان بیانی بوون، یەكێك لەوانە
هاوڵاتیەكی مەكسیكی بوو، كە هۆشی هاتەوە
پەلاماری دەستی دەداین و ماچی دەكرد، بەو
شێوەیە ئێمە لەكاركردن بەردەوام بووین، بەڵام
لەدوای كاتژمێر 12 شەو بێئومێد بووین.
یەكێك لەو دیمەنانەی بینیم ژن و منداڵێك بوون،
كە بەپەنجەرەكەیان دەكێشا، لەو لاشەوە كرێنەكە
سەرقاڵی داگرتنی كەسێك بوو كە مردبوو، پێموتن
واز لەو بێنن وەرن بۆ لای ئەمانە، ژن و
منداڵەكە پەنجەرەكەیان شكاند و كەوتبوونە
زەوی، بەڵام كە هێنایاننە خوارەوە، باش بوو
فریایان كەوتین و مابوون.
پێویستە پزیشك لەناو رووداوەكاندا هەبێت، جاری
واهەبووە پۆلیسی بەرگری شارستانی كەسێك
بەزیندویی هەڵدەگرێت، بەڵام تا دەیهێنێتە
خوارەوە دەمرێت، چونكە مێشك تەنها 5 خولەك
بەبێ ئۆكسجین دەژی، دواتر دەمرێت، لەدوای
كاتژمێر 12 بێ ئومێد ببووین، چونكە مرۆڤ زۆر
ناتوانێت لەناو دوكەڵدا بژی، لەبەرئەوەی دوكەڵ
چەندین جار توانای پێوەنوسانی بەخرۆكەكانی
خوێنەوە زیاترە وەك لەئۆكسجین، ئەوەی گرنگ بوو
هەناسەدانی دەستكرد بوو بۆیان دروست بكرێت،
زۆر شت كێشە بوو، لەوانە پۆلیسی فریاكەوتن لێت
تێناگات، پۆلیسی بەرگری شارستانی لێت تێناگات،
من بریندارم هێنابووە سەر نەقالەكە كارم بۆی
دەكرد، بەڵام پەلاماریان دەدا بیبەنە ناو
ئیسعافەكەوە بیبەن، هاوارم دەكرد جارێ مەیبەن
تا ئەو كارەی بۆ دەكەم.
گەورەترین كێشە لەو ڕووداوانەدا نەبوونی
تەنسیقە لەنێوان لایەنەكاندا، وەكو پۆلیسی
فریاكەوتن، پۆلیسی بەرگری شارستانی، تیمەكانی
تەندروستی، چالاكی مەدەنی، لەوێدا پێویستت
بەلیدەرێك هەیە، كە هەموویان گوێی لێ بگرن،
لەراستیدا ئەو شەوە هەركەسە و رێنمایی بۆ خۆی
دەردەكرد و بەمیزاجی خۆیان كاریان دەكرد، ئێمە
دەچووینە بەردەم هۆتێلەكە دەریان دەكردین،
پاشان كە دەیانزانی تیمی تەندروستین داوای
لێبوردنیان دەكرد، پاشان پێویستە ئەو تیمانە
شارەزاییان لەشتی سەرەتایی پزیشكیدا هەبێت،
بەنمونە كاتێك تیمەكان سەرقاڵی كەسێك دەبوون
كاتێك دەیانهێنایە خوارەوە مردبوو، پێموایە
ئەو پۆلیسانەی دەچنە سەر ئەم جۆرە ڕووداوانە
پێویستە خولی راهێنانی پزیشكی ببینن.
ئەوەندەی ئێمە رزگارمانكردن كە دەتوانین بڵێن
بەتەواوەتی لەمردن رزگار كران 4 تا 5 كەس
دەبوون، زیاتر لە 20 بۆ 25 كەسیش برینداری
شكاوی و نەزیفی خوێن و خنكانێكی كەم و
سوتاویان هەبوو، فریاكەوتنی خێرایان بۆ كراوە.
ئێستا لەئامادەكردنی پرۆژەیەكدام بۆ
بەدەمەوەچونی ڕووداوە كتوپڕەكانی وەكو
ئاگركەوتنەوە و لافا و رووخان و داڕمان،
ئەمانە بەهەموو جۆرەكانیەوە، كردومە بەپێشنیار
و پرۆژە بۆ دروستكردنی گروپێك كە كۆمەڵێك شت
لەخۆی دەگرێت، لەوانە پزیشكی پسپۆر لەهەموو
بوارەكاندا، هەروەها داوای ئیسعافی ئەی ئیڵ
ئێسals مان كردوە، لەبەرئەوەی گرنگە بۆ ئەم
ڕووداوانە، چونكە بەهێندەی یەك فریاكەوتن شتی
پێویستی تێدایە، هەروەها لەپرۆژەكە داوای
فڕۆكەی فریاكەوتنمان كردوە، لەبەرئەوەی
خێراترە و باشتریش دەتوانێت بگاتە سەر شوێنی
رووداوەكە، لیژنەی لێكۆڵینەوەكە پێیان
راگەیاندوم كە پرۆژەكە تەواو بكەم و ئەوان
بیگەیەننە سەرۆكی حكومەت و لەگەڵ سەرۆكی
حكومەتدا تاوتوێی پڕۆژەكە بكرێت، ئەگەر ئەوەش
سەر نەگرێت، ئەوا بڕیارمانداوە گروپێك بۆ ئەو
ڕووداوانە خۆبەخشانە پێكبێنین. پرۆژەكە لەو
ڕوانگەوە پێویستە هیچ گونجاو نییە، تۆ پزیشك
لەدەوامی فەرمی خۆی دوور بخەیتەوە بۆ سەر ئەو
ڕووداوانە و نەخۆشخانەی فریاكەوتنیش چۆڵ
بكەیت، ئەمە فەراغێكی زۆر ئاشكرایە.
كارەساتە مرۆڤ دەبینێت كەسێك لەو بەرزیەوە
هاوار دەكات، فریام كەون مردم، كارەساتە كەسێك
نەبێت فریای بكەوێت و لەبەرچاوتدا گیان
بسپێرێت، من كاتێك ئەو كارانەم دەكرد لەپێناوی
هیچدا نەبوو، تەنیا رزگاركردنی مرۆڤەكان
نەبێت، بەڵام دواتر بەرگری شارستانی و ئەوانەی
ئەو شەوە لەوێ بوون شاهیدیان بۆ كارەكانم
دابوو، لەلایەن پارێزگای سلێمانیەوە دەستخۆشیم
لێ كرا، هەرچەندە من دووبارە دەڵێمەوە كە وەكو
كارێكی مرۆڤدۆستانە ئەو كارەم ئەنجامدا و نەك
بۆ سوپاس و دەستخۆشی.
زمان ناتوانێت ئەو دیمەنانەی ئەو شەوە
بگێڕێتەوە، خەڵك دەبینی كە چەند مەترێك لەتۆوە
دوورە، كەچی ناتوانی دەستی یارمەتی بگەیەنیت،
لەبەر چاوی تۆدا بكەوێتە زەوی و گیان لەدەست
بدات، ئەوەی حساب بێت بۆ مرۆڤ نەكراوە
لەحاڵەتی كتوپڕدا، رافیعەكە لەچوار شوێنەوە
بانگیان دەكرد، ئەویش زۆر خاو دەجوڵێت لەبەر
كارمەندەكانی ناوی، لەهەموو ژورەكانەوە دوكەڵ
دەهاتە دەرەوە، دیمەنەكان زۆر خەمناك بوون،
ئەوەی لەوێ بوو بەچاو یان بەدڵ دەگریا،
دیمەنێكم بینی كە هەرگیز بیرم ناچێتەوە، ئەویش
پیاوێكی بیانی كەمێك قەڵەو بوو هاواری لێ
كردین، كە بەهەموو هێزی خۆیەوە دووجار كێشای
بەپەنجەرەكاندا، بەڵام دواتر كەوتەوە
بەزەویدا، ئێمە دەستیمان بینی، بەڵام تیمەكە
گەیشتنە سەری و هێنایانە خوارەوە، بەڵام كاتێك
هێنرایە خوارەوە گیانی دەرچوبوو.
لەدوا قسەمدا دەڵێم، ڕوداوی سۆما كە 74 كەسی
تێدابوو لەو ژمارەیە 29 كەسی تێدا مرد، ئەگەر
740 كەسی تێدا بوایە، ئەوا 300 كەسی دەمرد،
مەبەستم ئەوەیە هەتا هۆتێلەكە گەورەتر بوایە و
ژمارەی كەسەكانی ناوی زیاتر بونایە، ژمارەی
قوربانیەكانیش زیاتر دەبوون، لەبەرئەوەی
فریاگوزاری پێویستمان نییە".
|