پارێزگاری هەولێر نرخی زەوی و خانوو لە توڕەق بەرز دەكاتەوە  

 

 

سڤیل: زیاد ئیسماعیل


بە سەردانێكی پارێزگاری هەولێر بۆ گوندی توڕەق، نرخی زەوی و خانوو بەرز دەبێتەوە و بەرێوەبەری ناحیەی شەمامك جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە بەڵێنەكان جێبەجێ دەكرێن و بەبڕی یەك ملیار دینار لە %70ی كێشەكانی توڕەق چارەسەر دەكرێت.
گوندی توڕەق، سەر بە ناحیەی شەمامك، كە ئێستا نزیكەی 1700 ماڵی تێدا دەژیت، دوو مزگەوت و شەش بیری ئاو و نەخۆشخانەیەك و یاریگایەكی چیمەنی دەستكرد و دوو قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی تێدایە و بە چەند كیلۆمەترێك لەهەولێر دوورە، هەرزانی و نزیكی لە هەولێر وایكردووە رۆژ بە رۆژ خانووی زیاتری لێ دروستبكرێت، بەڵام خزمەتگوزارییەكان لەوێ نییە، زەوییەكانیش تا ئێستا تاپۆیان نییە، بە گوێرەی قسەی دانیشتوانی گوندەكە بەدەیان جار بەڵێنی خزمەتگوزاریان پێدراوە، بەڵام تائێستاش هەروەك بەڵێن ماوەتەوە.
حوسێن بەهجەت، بەئەسڵ خەڵكی كەركوكە و ماوەی سێ ساڵە لە توڕەق لەخانوویەكی كرێدا نیشتەجێیە، مانگانە بڕی 200 هەزار دینار دەدات وەكو خۆی گوتی "بەپارەی ئاو و كارەباوە دەگاتە 250 هەزار دینار، نەبوونی عەیب نیە، ئەگەر نەبوون نەبوومایە بەو پارەیە لەو شوێنە دانەدەنیشتم". حوسێن بۆیەچییە و دەڵێ "ئەو پارەیەی لە ئیشی رۆژانە دەستم دەكەوێ، دەبێت سەری مانگان لەدەستی ساحێب خانوەكە بكەم".
لەو كاتەی حوسێن بۆ (سڤیل) دەدوا، پیاوێك بە ناوی سوڵتان جادر قسەكانی حوسێنی پچڕاند و گوتی "كڕین و فرۆشتنی خانو و زەوی لێرە تەڕبەگەیە، چەند كەسێك دانیشتون دەكڕن و دەفرۆشن، هیچ چاودێریەك نییە"، سوڵتان درێژە بەقسەكانی دەدات و دەڵێت "ئەگەر منیش هاتوومەتە ئێرە مەسەلەكە فەقیریە، ئەگەر منیش نەبوون نەبم نایەمە ئێرە، دەچم لەناوەڕاستی شار خانوو دەكەم". ئەو دانیشتووەی توڕەق، بەتوڕەییەوە لەبارەی بەڵێنەكانی پارێزگار لەبارەی قیڕتاوكردنەوە دەدوا و دەیگوت "كێ قیڕ دەكات؟ كوڕە بە وەعدی ئەوان بوایە دەبوایە مانگی (4) قیڕتاو بكرابوایە، ئێستا مانگی (7)ە، لێرە ئاسایش هەیە، كۆمیتە هەیە، رێكخراو هەیە، ئینجا هەركەس بەكەس نییە و هۆسەیە"، دواتر سوڵتان ئاماژەی بە شەقامێكی قیڕتاوكراو كرد كە بەشێكی هەڵوەشابووەوە، گوتی "ئەوە دووساڵە دروست كراوە، تەماشا چی لێهاتووە، ئەوە كەی جادەیە مقاولەكان هەمووی دەخۆن". ئەو پیاوە كە بە توندی و بێزارییەوە باسی لەكڕین و فرۆشتنی زەویەكان دەكرد دەیگوت "100مەتری زەوی گەیشتۆتە 70 وەرەقە". سوڵتان كە زۆر پڕبوو باسی لەو بەڵێنانە كرد كە بەر لەهەڵبژاردن پێیان دراوە و دواتریش فەرامۆشكراون، گوتیشی "زستانان لەبەر قوڕ ناتوانین بڕۆین، هاوینانیش تۆزە، تائێستا چەند منداڵێك لەو كەندە مردوون". ئەو كەندەی سوڵتان باسی دەكرد، ساڵی پار بوو بەلافاو ماڵی گەنجێكی خێزانداری خاوەن دوو منداڵی بەتەواوی تەڕكردووە و كۆمەڵێك كەلوپەلی كارەبایی سوتاندووە، جگە لەپیسبوونی سەرجەم رایەخەكان، ئەو گەنجە كە ناوی مەعروف خەلیل خێزاندارە و خاوەنی دوومنداڵە خانوەكەی نزیك كەندەكەی توڕەقە، وەكو خۆی باسی لێوە دەكرد جگە لەوانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێكرد، شەوانەش لەبەر بۆنی ئەو كەندە خەویان نییە.
حەسەن تەلعەت، 18 ساڵ، هەر لەگوندی توڕەق لەدایك بووە، لە نێو دووكانەكەی خەریكی بەڕێكردنی موشتەریەك بوو، گوتی "پارێزگار بەڵێنی داوە شەقامەكان قیڕتاو بكات، ئەوەی قیڕتاویش نەكرێت، سەب دەكرێت، بەڵام ئەوانە تائێستا هەر بەڵێن بووە". ئەو گەنجە لەبارەی دروستكردنی خانوەوە گوتی "ئەگەر خانوو دروست بكەی، دەبێ نوسراو لەناحیەوە بۆ پارێزگا رەوان بكەی، كە ماوەی 2- 4 مانگ دەخایەنێت، بەڵام ئەوەی واستەی هەبێت هەر كتابیش ناكات، خانوو دروست دەكات". لەبارەی خانووەكەی خۆیشیانەوە دەڵێت ئێمە كتابمان كرد، ئینجا خانوومان دروستكرد".
بەبۆچونی قادر عەبدوڵڵای 48 ساڵ، باشكردنی رێگاوبانەكان كاریگەی زۆری هەیە لەسەر نرخی خانوو و زەوی ئەگەر ئەو بەڵێنەی پارێزگاری هەولێر كە لە دواین سەردانی خۆی بەخەڵكی گوندی توڕەقی داوە جێبەجێبكرێت، ئەوا نرخی خانوو زەوی بەرزتر دەبێتەوە، دواتر دەربارەی پارچە زەوییەكانیش دەڵێت "لێرە هەموو شوێنێك بەكەڵكی خانوو دروستكردن نایەت، بەڵام لەوەتەی ئەو بەڵێنانەی بۆ رێگاوبان دراوە تۆزێك نرخەكان بەرزبۆتەوە و ئەو شوێنانەی خەڵك لێی بێ هیوابوون بەكەڵك نەدەهات، ئێستا خاوەنەكانیان كەمێك هیوایان پێی هەیە". قادر عەبدوڵڵا لەبارەی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی دەڵێ "چەند برادەرێك هەیە یەكتر دەناسن و كڕین و فرۆشتن ئەنجام دەدەن، بەڵام هیچ روویەكی رەسمی نیە، هیچ خانوێكیش لێرە نیە تاپۆ بیت، ماوەك ساڵێك دەبێت توڕەق كەمێك قەڵەباڵغی بەخۆیەوە بینیوە، هۆكارەكەش ئەوەیە كە خانوو و زەوی لێرە هەرزانە و خەڵكش هەژارن، روویان لێرە كردووە".
موختاری گوندی توڕەقیش پێیوایە، ئێستا جگە لەچاككردنی رێگاوبان گوندەكەیان هیچ كێشەیەكی تری نییە، حەسەن مەحمود موختاری گوندی توڕەقە، ئێستا نزیكەی 1700 ماڵ لەو گوندە گیرساونەتەوە، لەبارەی هاتنی بەڕێوەبەری ناحیە و پارێزگاری هەولێر گوتی "كە جەنابی پارێزگار سەردانی كردین، لەگەڵ بەرێوەبەری ناحیە بەڵێنیاندا كە ڕێگاوبان قیڕتاو و كۆنكریت بكەن، ئەمرەكەشی دەرچووە". دەربارەی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو مۆڵەت وەرگرتن گوتی "لێرە نوسینگەی عەقارات نییە، ئەوەی خانوو دروستبكات ئێمە نوسراوی بۆ دەكەین بۆ ناحیە لەوێشەوە بۆ پارێزگا، بە ماوەی 15 رۆژێك مۆڵتەكەی پێدەدەن، بەو مەرجەی شوێنەكەی بەگونجاو بزانن".
یەكێك لەو دەڵاڵانەی لەو گوندە كڕین و فرۆشتن دەكات، بۆ (سڤیل) دوا، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ ئاماژەیەك بە ناوەكەی بكرێت، ئەو دەیگوت "ئەو قسانە راست نییە، كە دەڵێن بە كەیفی خۆمان كڕین و فرۆشتن ئەنجام دەدەین، بەڵام لەهەموو شوێنێك كڕین و فرۆشتن هەر هەیە". دەربارەی نرخەكانیش ئەو دەڵاڵە گوتی "زەوی لە 2000 دۆلار تا 10هەزار دۆلار هەیە، بەڵام زەوی كێشەی زۆرە، من خۆم لێ لادەدەم، خانووش نرخەكەی لە نێوان 8000 دۆلار تا 30000 دۆلارە، بەڵام هیچ خانوو یان زەوییەك لە توڕەق تاپۆنیە، تەنها رەقەمی كارەبای هەیە".
بێ تاپۆیی بۆتە هۆی رێگە پێنەدانی دروستكردنی نوسینگەی كڕین و فرۆشتنی خانوو، هەرچەندە لەلایەن دەڵاڵەكانەوە هەوڵی دامەزراندنیشیان دراوە، دەڵاڵەكە گوتی "مەعامەلاتمان كرد بۆ مۆڵەتی نوسینگە، بەڵام رێگەیان پێنەداین، گوتیان زەوی توڕەق تاپۆنییە، نابێت زەوی كڕین و فرۆشتنی لە سەر بكرێت و نوسینگە هەبێت". لەگەڵ ئەوەشدا كڕین و فرۆشتن لە توڕەق نەوەستاوە، ئەو دەڵاڵە دەیگوت "ئەو ئیشە ئەگەر منیش نەیكەم ئەوا راناوەستێت، من نا، دەیان كەسی تر هەیە كڕین و فرۆشتن دەكات، هەرنا كابرا لە دیواری خانووەكەی دەنوسێت (ئەم خانووە بۆ فرۆشتنە)، ئەوەی بیەوێت لەماڵێ لێی دەكڕێت". دواتر هاتە سەر باسی ئەو گرێبەستە نایاساییەی لەكاتی كڕین و فرۆشتن و گوتی "من بە شەخسی خۆم لەسەر وەرەقەیەك كە عەقدی رەسمی نیە، دوو شاهێدی لێدەگرین كە ئەو خانووە فرۆشراوە بەبڕی ئەوەندە و لەگرێبەستەكەش دەنوسین، كێشەی مەدەنی دەكەوێتە ئەستۆی فرۆشیار".
جەمال مەنتك بەڕێوەبەری ناحیەی شەمامك رەتیكردەوە نوسینگە لەگوندی توڕەق دروست بكرێت، لە لێدوانێكی تایبەت بە (سڤیل) گوتی "لەماستەر پلان ئەو شوێنانەی وەكو توڕەق نوسینگەی كڕین و فرۆشتنی خانوو زەوی تێدا قەدەغەكراوە، لەبەر ئەوەی بە كردنەوەی نوسینگە زەوی كشتوكاڵی كڕین و فرۆشتنی لەسەر دەكرێت، بۆیە ئەوانە رادەگیرێت، بەڵام ئەوانەی كاتی خۆی كە زەویان كڕیوە لەخەڵكێك و عەقدیان كردووە و پارەیان داوە، ئەوانەن كە ئێمە وەكو حكومەت هاوكاریان دەكەین، بۆئەوەی ئەو كەسانە زەرەرمەند نەبن، مۆڵەتی خانوو دروستكردنیان پێدەدەین". جەمال مەنتك نكوڵی لەوە نەكرد، كە رێگاوبانی توڕەق باش نیە، گوتیشی "نزیكەی ملیارێك دینار بۆ چاككردنی رێگاوبان تەرخانكراوە، بەرزبوونەوەی نرخی خانو و زەوی دەگەڕێتەوە سەر خەڵكەكە خەڵك دەچێتە شوێنێك كە خزمەتگوزاری لێبێت" لەبارەی ئەو كەندەی زۆر لەدانیشتوانی گوندی هەراسانكردوە، بەڕێوەبەری ناحیەی شەمامك گوتی "كەشفی ئەوەمانكردووە، ئەگەر بێت و زیاتر قوڵبكرێت بۆئەوەی لەوەرزی زستان ئەو ئاوە نەگەڕێتەوە ناو ماڵەكان، ئەمەش كۆمەڵێك خەرجی دەوێت، بەڵام ئەگەر رێگاوبانەكان قیڕتاو بكرێن، 70% كێشەكە چارەسەر دەبێت".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com