|
سڤیل:
سەركەوت ئەحمەد
بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی رایگەیاند كە بۆ
مانگی رەمەزانی ئەمساڵ لیژنەیەك پێكهاتووە و
ئەو چێشتخانانە ئاگادار كراونەتەوە كە
دەیانەوێ لە رەمەزاندا بەردەوام بن و "دەبێ
پەردەپۆش بكرێن"، ئەوەش وەك هەنگاوێك بۆ
دووبارە نەبوونەوەی گلەیی خەڵكی سلێمانی كە
لەساڵانی رابردوو لەو بارەوە هەیانبووە.
ئاكۆ حەسەن ساڵح، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی،
12 ساڵە بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانیە و 31 ساڵ
لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا كاردەكات.
بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی سەرپەرشتی
مزگەوت و خانەقا و شوێنە ئاینیەكان دەكات، ئەو
بەڕێوەبەرایەتییە ناوەندی شاری سلێمانی لەخۆی
دەگرێت لەگەڵ قەزای شارباژێر و قەرەداغ و
دوكان و بازیان و تانجەڕۆ و سەرچنار. ژمارەی
مزگەوتەكانی ناو شاری سلێمانی هەمووی 509
مزگەوتە، لەناو شاردا 189 مزگەوتە، هەروەها 35
تەكیەش هەیە، 1940 كارمەند هەیە لەفەرمانبەر و
پێشنوێژ و وتارخوێن و بانگبێژ و قورئانخوێن و
خزمەتگوزار.
پارێزگای سلێمانی لیژنەیەكی پێكهێناوە
بەسەرۆكایەتی جێگری پارێزگا و ئەندامێتی
قایمقامی سلێمانی و نوێنەری هەریەك لە
دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش و ئەوقاف و
گەشتوگوزار و نوێنەری یەكێتی زانایانی ئاینی و
نوێنەری سەندیكای ئوتێل و چێشتخانەكان،
بەشداری پێكردنی ئەو هەموو لایەنەش بە قسەی
ئاكۆ بۆ ئەوەیە كە وەك پارساڵ گلەیی هاوڵاتیان
دووبارە نەبێـتەوە، ئاكۆ حەسەن گوتی "ساڵی
ڕابردوو خەڵكێك هەبوو گلەییان دەكرد لەسەر
ئەوەی رێزی حورمەتی مانگی رەمەزان نەگیراوە و
هەندێ كەس چێشتخانەكانیان پەردەپۆش نەكردبوو،
خەڵكێك هەبوو ئیفتاری ئاشكرای دەكرد لەبەرچاوی
خەڵكەوە، لەبەرئەوە ئەو لیژنەیە كۆبونەوەیەكی
بەسەرجەم ئەو چێشتخانانە كرد كە مەبەستیانە بۆ
مانگی رەمەزان بكرێنەوە، كۆمەڵێك رێنمایی
دانراوە بۆ چێشتخانەكان كە ئەویش ئەوەیە دەبێت
بەتەواوی دابپۆشرێن و ڕێگا نەدرێت بەئاشكرا
خواردن بفرۆشێت یان بیخوات جگە لەو
چێشتخانانەی كە ڕێگایان پێ دراوە".
وەك لە ساڵانی رابردوو تێبینی كرابوو، سلێمانی
لەمانگی رەمەزان كەمتر پابەند بوو بە
رێنماییەكانی ئەوقاف، بەرێوەبەری ئەوقافی
سلێمانی پێیوایە، ئەمە بۆ ئیلتزامی خەڵكەكە
دەگەرێتەوە، ئاكۆ حەسەن گوتی "وەكو خەڵك واباس
دەكرێت ئلیتیزاماتەكە لەهەولێر باشتر بێت وەك
لێرە، ئەوەندەی دەبیسترێت و دەبینرێت ڕەنگە
ئیلتیزاماتی ئاینی لەهەولێر باشتر بێت لێرە،
بەڵام ئیجرائات لێرەش دەكرێت، بۆ نمونە وەكو
ئەوەی باسمان كرد ساڵی ڕابردوو گلەیی و گازندە
هەبوو لەسەر كردنەوەی كافتریا و چێشتخانەكان و
پەردەپۆشنەكردنیان، بەڵام دواتر هەندێكیان
داخران و ئەوانەش كە كرابونەوە پەردەپۆش
كران".
یەكێك لە ئەركەكانی تری بەرێوەبەرایەتی ئەوقاف
سەرپەرشتیكردنی وتارخوێنەكانە، بەرێوەبەری
ئەوقافی سلێمانی باس لەوە دەكات، كە
لەشارەكەیاندا چەندین خولی رۆشنبیریان
كردۆتەوە، گوتیشی "مامۆستایانی ئاینی
بەتایبەتی وتارخوێنەكان جیاوازی هەیە
لەنێوانیاندا، ناڵێین هەمویان، بەڵام ڕاستە
هەیە رۆشنبیریەكەی بەپێی پێویست نەبێت، لەگەڵ
ئەوەشدا ئێستا زۆربەیان كۆمپیوتەر و
ئینتەرنێتیان هەیە و سەرقاڵی خۆرۆشنبیركردنن و
بارودۆخەكەش وەكو جاران نیە، هەروەها لەلایەكی
ترەوە وەزارەتی ئەوقاف چەند خولێكی كردۆتەوە
كە یەكێكیان لەسلێمانی بووە و ئەوی تریش
لەهەولێر بووە، بەڵام ئەم خولانەش بەس نیە بۆ
ئەوەی ئەو مامۆستا ئاینیانە تەواو رۆشنبیر
ببێت یان لەهیچی كەم نەبێت".
زۆربەی وتارخوێنەكان ئینتمای سیاسیان هەیە،
بەرێوەبەری ئەوقافی سلێمانی باسی لەپەیوەندی
نێوان سیاسەت و وتارخوێنان كرد و گوتی "بەپێی
رێنمایی وەزارەتی ئەوقاف مامۆستای ئاینی كە
دێتە ناو مزگەوتەوە پێویستە بێلایەن بێت،
وتارەكانی بێ لایەن بێت و هەڵقوڵاوی ئاینی
ئیسلام و شەرعیەت بێت، وتارەكانی بۆ چاككردن و
ئیسڵاحكردن و ئامۆژگاری خەڵك بێت، بەڵام نەك
وتارەكانی توندوتیژی پێوە دیار بێت، یان
وتارەكانی لایەنگیری تێدا بێت، سیاسی بێت
ئاساییە، بەڵام هێرش نەكاتە سەر لایەنێك یان
پارتێكی سیاسی، ئەگەر مامۆستایەك لەوتارێكیدا
هێرشی كردە سەر لایەنێك یان حیزبێك ئێمە بانگی
دەكەین و ئینزاری دەكەین، ئەگەر دوبارە بۆوە
نوسراو دەكەین بۆ وەزارەتی ئەوقاف بۆ ئەوەی
لایبەرن".
دوا بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف كە بەڕێوەبەری
وەزارەتی ئەوقاف باسی دەكات، قورئان خوێندنی
پرسەكان و گرانی دەستهەقی قورئانخوێنەكانە،
وەك گوتی "بڕیارمان داوە قورئانخوێنەكان لە
100 هەزار دینار زیاتر وەرنەگرن، واتە بۆ هەر
رۆژێك تەنیا 50 هەزار دینار زیاتر وەرنەگرن،
ئەگەر لەوە زیاتر وەربگرن ئەوا لێپرسینەوەیان
لەگەڵدا دەكرێت، ئەگەر كارمەندی ئەوقاف بن
بانگهێشت دەكرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا
دەكرێت، هەر لەو نوسراوەشدا هاتووە كە
هاوڵاتیان دەتوانن سی دی و كاسێت بەكار بێنێت
لەپرسەكاندا، هاوڵاتیانیش ئازادن
لەبەكارهێنانی سی دی و كاسێت یان قورئانخوێن
بانگهێشتی پرسەكان دەكەن".
|