سڤیل كەموكوڕی و كێشەكانی تەندروستی گەرمیان بەرەو رووی بـــــەڕێوەبەری گشـــتی تەندروستی گەرمیان دەكاتەوە  

 

 

سازدانی: كاوە - ئاوارە



بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، باس لەكەموكوڕییەكانی تەندروستی گەرمیان دەكات، ئاماژە بە نەبوونی پزیشكی پسپۆڕ و كەلوپەلی تایبەت بە پشكنین دەكات، جیا لەوەش پێیوایە، بە ماوەی ساڵێك ناتوانرێت هەموو كێشەكانی تەندروستی گەرمیان چارەسەر بكرێت.
د.ئاكۆ ئیبراهیم محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان كەموكوڕییەكانی بواری تەندروستی گەرمیانی دەستنیشان كرد و گوتی "كێشەی سەرەكی ئەم ناوچەیە، نەبوونی پزیشكی پسپۆڕ و كارمەندی پسپۆرە لەبوارە جیاجیاكانی نەخۆشخانە و بەڕێوەبەرایەتیەكان وەكو (ژمێریار، ئەندازیار،) شوێنە گرنگەكان".
یەكێك لەكێشە سەرەكییەكان بەلای هاوڵاتیانەوە نەبوونی پزیشكە لە پسپۆرییە جیاوازەكاندا، د.ئاكۆ ئیبراهیم لەبارەی ئەو كێشەیەوە دەڵێ "پزیشكی پسپۆڕ بەپێی میلاكی وەزارەتی تەندروستی دادەڕێژێ ئەوەیش كاتێكی دوورودرێژی دەوێت، ئێمە ساڵانە بەرنامەی خۆمان هەیە لەبەشی پلان و فێركردنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی كە پێشنیاری وەزارەتی تەندروستی دەكەین بۆ بەشە تایبەتەكانیان، بەڵام بەداخەوە كاتێكی زۆری پێدەچێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو پسپۆریە، لەبەرئەوەی پزیشكی پسپۆر ماوەیەكی درێژ دەبات تاكو لەكۆلێژ دەردەچێت بۆ ئەوەی بوارە پسپۆرییەكەی وەرگرێت، ئەو ژمارانە كە پێشنیاری وەزارەتی تەندروستی دەكرێت لەزانكۆكاندا دوای بەدەستهێنانی بواری پسپۆریەكانیان ژمارەیەكی زۆر كەمن، كە دابەش دەكرێنە سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر كەممان بەردەكەوێت". ئەو بەرێوەبەرە هیوای خواست بەم زووانە ئەو كێشەیان چارەسەر بكرێت.
كەموكوڕییەكانی ئامێری پزیشكی لەگەرمیان كێشەیەكی ترە، هاوڵاتیان بۆ هەندێك پشكنین، دەچنە سلێمانی و هەولێر، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان دان بەو كێشەیە دەنێت و پێیوایە ئەو كێشەیە بە ماوەی ساڵێك ناتوانرێت چارەسەر بكرێت، دكتۆر ئاكۆ ئیبراهیم گوتی "نەخۆشخانەكەمان نەخۆشخانەیەكی بچوك بووە لەپێشوودا، ئەو گرنگیەی پێنەدراوە بەو شێوە كە شوێنی ئامێری گەورەی هەبێت، خۆ ناكرێت ئەو هەموو ئامێرانە لەماوەی ساڵێكدا جێبەجێبكرێت، چونكە ئێمە بەشێكین لەپارێزگاكان، ئەو پارێزگایانە ئامێر و پێداویستی پزیشكیان بۆ دابیندەكرێت، لەلایەن كۆمپانیای گەورە لەبەغدا و حكومەتی مەركەزیەوە دێتە ناو هەرێمەوە دابەشدەكرێت، ئێمەش بەشێكی كەممان تا ئێستا بەر كەوتووە. هەروەها سەرقاڵی دامەزراندنی ئامێرێكی چاوین بۆ پشكنینی هاوڵاتیان".
بەرێوەبەری تەندروستی گەرمیان پێیوایە زۆر كێشەی تەندروستی لەگەرمیان چارەسەر كراوە، نموونەی خواردنی نەخۆشخانەكان دەهێنێتەوە، دكتۆر ئاكۆ ئیبراهیم گوتی "ساڵانی پێشوو بەڵیندەرەكانی خواردن زۆر لاواز بوون، بەڵام لەوكاتەوەی ئێمە دەستمان كردۆتە ئیش یاسا و رێنمایی جێبەجی دەكەین. خواردنی نەخۆش و كارمەند و پزیشكەكان لەپارێزگاكانی سلێمانی و شوێنەكانی دیكەیش باشترە. 11 هەزار دینار بۆ رۆژێك بۆ هەر كەسێك سەرف دەكرێت، كە سێ جۆر خواردنی هەیە".
دوای ئەو كێشانە، بەرێوەبەر تەندروستی گەرمیان هاتە سەر باسی كێشە ئیدارییەكانی تایبەت بە بوارەكەیان، باس لەوە دەكرێت، ئەو بەرێوەبەرە كەم دەوام دەكات، بەڵام ئەو دەڵێ "هیچ ئیمزایەكمان نەوەستاوە، ئەو رۆژە لێرە نەبم دیارە نەشتەرگەرییەكم هەیە، رۆژێكی تایبەتم هەیە بۆ نەشتەرگەری ئەویش خزمەتێكە بە هاوڵاتیان دەتوانم ئەو نەشتەرگەریە نەكەم، بەڵام ناوچەكە پێویستی بە بواری پزیكی پسپۆر هەیە، ئێمەش لەو بوارەدا خزمەت دەكەین، رۆژانی تر لێرەین ئەو كاتانە نەبێت كە ئێمە بچینە وەزارەت". وەك زانراوە ئەو بەرێوەبەرە چوار یاریدەدەری هەیە، كە ئەمەش زۆرە، كەچی ئەو دەڵێ "یاریدەدەرەكان دەسەڵاتی وەزارەتی تەندروستییە، كاتی خۆی بۆ جەنابی وەزیر د.زریان پێشنیارمانكرد، ئەویش رازی بووە لەسەری و بەفەرمانی وەزاری دانراون بۆ ئیشوكارەكان".
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (سڤیل) كەوتووە لەنەخۆشخانەی كفری چەندین دكتۆر دوو جار مووچە وەردەگرن، بەبیانوی ئەوەی ئیشی بێ هۆشكاری ئەنجام دەدەن، لەكاتێكدا هیچ نەشتەرگەریەك ئەنجام نادرێت، ئەو بەڕێوەبەرە ئەوە رەت دەكاتەوە لەئێستادا دیاردەی وەها هەبێت، كاتێك چەند ناوێكی پێ دەڵێیت، ئەو لەوەڵامدا دەڵێ "ئەوانە كۆنن، راستە وابوو، بەڵام هەموویان رێككراونەتەوە ئێستا كەسیان وانییە، ئێستا ئەو زانیاریانە كە دەگاتە ئێمە، بە بەڵگەوە دەچین بەدواییدا، پێمان باشە بۆمان ئاشكرا بێت، هەندێك لەوانە كە ئیش دەكەن فەرمانی كارگێری و وەزاریان هەبووە لەئیش و كاروبارەكانیان، كفری شوێنێكی زۆر دوورە لەدەزگا تەندروستیەكانمان، راپەڕاندنی ئیشی نەشتەرگەری پێویستی بەپسپۆری و پێداویستی تایبەتی هەیە، سەرەتای ئیشەكانمان دوای چەند مانگێك ئێمە كردمانەوە، بەڵام بەداخەوە نەبوونی پزیشكی پسپۆری بێهۆشكار وای لێكردین كە بوەستینەوە دیسانەوە لە ئیش، ئەوانە كە لەوێ ئیش دەكەن دەرماڵەی خۆیان هەیە، دەرماڵەیەكی تایبەتمەندە، بە فەرمانی وەزاری بۆیان دەرچووە".
هەندێك كارمەندی تەندروستی ئەگەر كێشەیان هەبێت، ئەوا پەنا دەبەنە بەر مەڵبەندی یەكێتی لەبارەی ئەو دیاردەیەوە، د.ئاكۆ ئیبراهیم گوتی "نهێنی دەزگای حكومەت لەرێگای داواكاری و نوسراو بەدواچوونی دەبێت، ئێمە لەناو دەسەڵاتەكان دەسەڵاتمان بۆ داڕشتوون دەسەڵاتی كارگێڕی و داراییان هەیە، جگە لە دەسەڵاتی خۆیان ئەوشتانە دەچێتە دەسەڵاتی ئێمەوە بۆمان بەرزبكەنەوە، بەڵام بە پێویستی كار، ئەوەی كە كێشە دروستدەكات و نایەڵێ شتەكان بگاتە ئەنجام خۆی پەلەكردنە جێبەجێكردنی رێنمایەكان نییە بەشێوەیەكی سەردەمانە نایەن بەدەم داواكاریەكانیانەوە، بۆیە ئێمە بتوانین بەشێوەیەكی رێكوپێك بۆیان جێبەجێبكەین".
هەندێك لەو كارمەندانەی كە لەگەڵ بەڕێوەبەری پێشوو بوون، ئێستا دوای لادانی ئەوا وەك هاوڵاتیان دەڵێن " بە دڵی خۆیان دەوام دەكەن". دكتۆر ئاكۆی بەرێوەبەریش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە ئەوان لە شوێنی خۆیان دەوام دەكەن و دەڵێ "ماوەی ساڵێك و چوار مانگە ئیش دەكەین، ماوەیەكی زۆر نییە تا بتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین، بەڵام ئەوەی كە خەڵك بەدی دەكات رەوشی تەندروستی گۆڕانكاریەكی گەورەی بەخۆوە بینیوە، چی لەڕووی نەخۆشخانەكانەوە و چی لەڕووی بەڕێوەبەرایەتیەكانەوە، ئەو فەرمانبەرانە كە لەگەڵ د.جەبار كاریان كردووە هەركەسێك لەشوێنی خۆی وەكو فەرمانبەر لەلای ئێمە كاردەكەن. دەسەڵاتی ئێمە دەسەڵاتێكە پەیوەندی بە یاسا و رێنمایەكانەوە هەیە، هیچ كەسێك لەلای ئێمە لەیەكێكی دیكە باشتر نییە".


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com