|
سڤیل:
هەولێر
پێشتر رەزەماندیان داوە پرۆژەی گوندی نوێی
زانكۆ لەدەرەوەی دەزگای وەبەرهێنان بێت، دوای
ساڵێك دەستبەكاربوونی پرۆژەكە و لەگەڵ
دەرچوونی یاسای نوێی پێشینەی خانووبەرە،
مامۆستایانی زانكۆ پەشیمان دەبنەوە و داوا
دەكەن پرۆژەكە بخرێتە سەر یاسای وەبەرهێنان،
لەبەر ئەوەی گرێبەستەكە ساڵێكە ئەنجام دراوە،
حكومەتی هەرێم داواكەیان رەتدەكاتەوە.
ژمارەیەك لەمامۆستایانی زانكۆی سەلاحەدین،
لەبەر زۆری نرخی ئەو خانوانەی بۆیان
دەكرێـتەوە، پێشنیار دەكەن، پرۆژەی گوندی نوێی
زانكۆ بخرێتە سەر دەستەی وەبەرهێنان بۆ ئەوەی
ئەو مامۆستایانەی تا ئێستا سودمەندنین، سولفەی
عەقار بیان گرێتەوە، لەرێگای بەڕێوەبەری گشتی
دەستەی وەبەرهێنانیشەوە بەوە وەڵامیان
دەدرێتەوە گوایە جێگری سەرۆكی حكومەت
رەتیكردۆتەوە، ئەو پرۆژەیە بخرێتە سەر
وەبەرهێنان.
دوای ئەوەی لە مانگی7 ساڵی 2009 بەبڕیاری
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێم
بەردی بناغەی پرۆژەی دێی نوێی زانكۆ دانرا، كە
ژمارەی خانووەكانی ئەو پرۆژەیە پێكهاتووە،
لە1000 خانوو لەلایەن كۆمپانیای زیرەك جێبەجێ
دەكرێت، ماوەی پرۆژەكەش بەپێی ئەو رێنماییانەی
لەسەر پرۆژەكە هێمای بۆ كراوە، 30 مانگ
دەخایەنێت، واتە لە1/1/2012 كۆتایی پێدێت،
رووبەری زەویەكەشی بریتیە لە(537057.30م2).
زەوی لەكۆی ئەو 1000 خانووە. 700 خانوویان، بۆ
مامۆستایانی زانكۆی سەلاحەدینە، هەروەها 200
خانووی تریشیان دانراون، بۆ مامۆستای
پەیمانگاكان و ئەو 100 خانوەكەی ترشیان بۆ
زانكۆی پزیشكی هەولێری تەرخانكراوە.
لەوكاتەدا ئەو كۆمپانیایە گرێبەستی لەگەڵ
سەرۆكی زانكۆ و پەیمانگاكان ئیمزاكردوە، ئەو
كۆمپانیایە لەسەر میلاكی وەبەرهێنان نەبووە،
بۆیە ئێستا ئەو پرۆژەیە بەپێچەوانەوەی
پرۆژەكانی تری نیشەجێبوون، لەهەرێمی كوردستان،
سولفەی عەقار و نیشتەجێبوون نایگرێتەوە، چەند
مامۆستایەكی زانكۆش بەنوێنەرایەتی مامۆستایانی
زانكۆ و پەیمانگاكان، رەخنە لەشێوازی ئەو
گرێبەستە دەگرن و بەباشی دەزانن، ئەو پرۆژەیە
بخرێتە چوارچێوەی وەبەرهێنانەوە، تا ئەو
مامۆستایانەی سودمەندنین لەزەوی وەرگرتن
سندوقی نیشتەجێبوون بیانگرێتەوە.
ئەیوب سماقەیی مامۆستا لەكۆلێژی كارگێڕی و
ئابوری زانكۆی سەلاحەدین، بە باشی دەزانێت ئەو
پرۆژەیە بخرێتە سەر میلاكی كەرتی وەبەرهێنان،
بۆ ئەوەی سندوقی نیشتەجێبوون بیگرێتەوە، چونكە
زۆر لەو مامۆستایانە گەنج و پێشتریش موستەفید
نەبوونە، مامۆستا ئەیوب گوتی "ئەگەر ئەو
پرۆژەیە بخرێتە سەر كەرتی وەبەرهێنان ئەو
مامۆستایانەی تائێستا زەویان وەرنەگرتووە
ئومێدێكیان هەیە كە سندوقی نیشتەجێبوون
بیانگرێتەوە، چونكە بەشێكی زۆری مامۆستایان
گەنجن و هیچ موستەفید نەبوون".
ئەیوب سماقەی ئەم گرێبەستەی نێوان زانكۆی
سەلاحەدین و ئەو كۆمپانیایە بەهۆكار دەزانێت،
بۆ بێبەشبوونی ئەو مامۆستایانە لەسولفەی عەقار
و گوتیشی "هەرچەندە ئەوان بەهۆی ئەو
گرێبەستەوە بێبەش بوون لەسولفەی عەقار بەڵام
ئەو مامۆستایانە چەندین جار هەوڵیان داوە،
لەرێگای لایەنی پەیوەندیدار و سەردانی دەستەی
وەبەرهێنانیشان كردووە، بەڵام ئەوان ئێستا
عیناد بوون و دەڵێن نابێت هیچ شتێك شمولیان
بكات".
كێشەی ئەو مامۆستایانە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت،
بەقسەی خۆیان 200 مامۆستان تا ئێستاكەش وەك
مامۆستاكانی تر لەناو ئەو 700 مامۆستای زانكۆی
سەلاحەدین پێشتر لەوەرگرتنی زەوی سودمەند
نەبوونە، بۆیە دەیانەوێت ئەو پرۆژەیە بخرێـتە
سەر وەبەرهێنان، یان بەشێوەیەكی (ئستسنا)
ئەوانیش بتوانن سودمەندبن، بۆ ئەو مەبەستەش
چەند مامۆستایەك بەنوێنەرایەتی مامۆستاكانی تر
سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دەستەی وەبەرهێنانیان
كردووە، دواتر لەگەڵ لێژنەی پەروەردەی
پەرلەمانیش كۆبوونەتەوە. هەرچەندە بەڵێنیان
پێداون، بەڵام دواتر لە رێگای بەرێوەبەری
دەستەی وەبەرهێنانەوە، وەڵامیان دراوەتەوە،
گوایە جێگری سەرۆكی حكومەتی گوتویەتی ئەو
پرۆژەیە ناخرێتە سەر وەبەرهێنان.
مامۆستا خاڵس لەزانكۆی سەلاحەدین یەكێكە لەو
مامۆستایانەی كە سەردانی دەستەی وەبەرهێنانیان
كردووە، لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) دەڵێ "ئێمە بە
نوێنەرایەتی هەموو ئەو مامۆستایانە سەردانی
لێژنەی پەروەردەمان كرد و دواتریش لەگەڵ
نەورۆز خان بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی
كوردستان كۆبووینەتەوە، بەڵام دواتر ئەو بە
ئاشكرا وەڵامی داینەوە و پێیگوتین ئەوەی ئێوە
دەتانەوێت ئەستەمە بكرێت، چونكە لەسەر ئەو
مەسەلەیە بە جەنابی ئازاد بەرواری جێگری
سەرۆكی حكومەتمان راگەیاندووە، بەڵام جێگری
سەرۆكی حكومەت گوتوویەتی ناكرێت ئەو پرۆژەیە
بخرێتە سەر وەبەرهێنان، چونكە رەنگە ئەو
كۆمپانیایە بەمەرجەكانی وەبەرهێنان قایل
نەبێت".
پرۆژەی دێی نوێی زانكۆ، كە ئێستا بەردەوام
كاری تێدا دەكرێت، ژمارەی خانووەكانی ئەو
پرۆژەیە پێكهاتووە، لە 1000 خانوو، لە (%62)
خانووەكانی یەك نهۆمین و بۆهەر یەك تاقم
خانووییەك نهۆمیش (53200)دۆلارە، بەشێكی تری
خاوەكان (%38)ی دوو نهۆمین، نرخەكانین (88200)
دۆلارە، لەسەرەتاش وەك پێشەكیەك كۆمپانیاكە
دەفتەرێك و 60 وەرەقە لەو مامۆستایانە
وەردەگرێت، دواتریش سێ مانگ جارێك 33 وەرەقە و
20 دۆلار لە مامۆستایان وەردەگیرێت. مامۆستا
خالس لەزانكۆی سەلاحەدین دەڵێت "زۆربەمان
مانگانە 12 وەرەقەمان هەیە لەبەر ئەوە ئەگەر
مانگانە 11 وەرەقە بدەین، بە قەرزی خانوو
هیچمان بۆ نامێنیتەوە. بۆیە سكاڵای ئەوەمان
كردووە، ئەگەر ئەم پرۆژەیە بخرێتە وەبەرهێنان،
ئەوا ئەو مامۆستایانەی كە زەویان وەرنەگرتووە،
دەتوانن سودمەندبن".
چاودێریكردن و دابەشكردنی پرۆژەی گوندی نوێی
زانكۆ، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی كە لەلایەن
ئەنجومەنی زانكۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵاوە
راگەیەندراوە، ئێستا لێژنەیەك سەرپەرشتی ئەو
پرۆژەیە دەكات، مامۆستا قوباد سەرۆكی لێژنەی
بەدواداچوونی پرۆژەی دێی نوێی زانكۆ. لە
لێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی "لەئێستادا زۆر
زەحمەتە ئەو پرۆژەیە بخرێتە سەر دەستەی
وەبەرهێنان، چونكە گرێبەست كراوە و
ئەوپرۆژەیەش سەر بە دەستەی وەبەرهێنان نییە".
سەرچاوەیەكیش لەكۆمپانیای زیرەك بە(سڤیل)ی گوت
"ئەگەر هاتو حكومەتی هەرێم داوای لەئێمەكرد،
كە ئەو پرۆژەیە بخەینە سەر دەستەی وەبەرهێنان،
بێگومان ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ ئەوە نییە،
بەڵام بەمەرجێك دەبێت پێشوەخت، مەرجەكانی
ئەوانن ببینین، بۆ ئەوەی ئێمەش هەڵوێستی خۆمان
بخەینە روو".
|