|
سڤیل:
هەولێر
بەرێوەبەری فەرهەنگخانەكان سەر بە وەزارەتی
رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێ
كە ئەو گرنگیدانەی لەسەردەمی كابینەی پێنجەمی
حكومەت پێیاندراوە، لە ئێستادا پێیان نادرێ.
فەرهەنگخانەكان، كە ئێستا 40 لقی لەسەرجەم شار
و شارۆچكەكان هەیە، لەكابینەی پێنجەم سەر بە
مەكتەبی وەزیری وەرزش و لاوان بووە،
لەتێكهەڵكێشانی وەزارەتەكان ئێستا
بەڕێوەبەرایەتییە و سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری
و لاوانە، بەناونیشانی بەڕێوەبەرایەتی
فەرهەنگخانەكان، وەكو بەڕێوەبەری
فەرهەنگخانەكان دەڵێت سەردەمی زێڕینی ئێمە
لەكابینەی پێشوو بووە. ئەحمەد ئازاد شارەزا
لەوەزارەتی رۆشنبیری، بەكالۆریۆس لەزمانی
ئینگلیزی، هەروەها بڕوانامەی راهێنەر و
ناوبژیوانی گشتی جیهانییە لەیاری (ریشە)،
ئێستا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی
فەرهەنگخانەكانە.
لەهەر فەرهەنگخانەیەك دەستەیەكی كارگێڕی هەیە،
سكرتێرێكی هەیە، بەشی چالاكی هەیە، ژمێریاری
هەیە، هەروەها ئەندامانی هەیە، بەڵام
چالاكیەكانیان لەبابەتی جیاوازە، بەڕێوەبەری
فەرهەنگخانەكان لەبارەی كاری ئەو
فەرهەنگخانانە دەڵێ "ئەوانەی كە تائێستا ئێمە
ئیشمان لێ كردووە، لەسەردەمی وەزارەتی وەرزش و
لاوان لەگەڵ رێكخراوەكان بۆ راهێنانی
یاریزانانی لاوان بووە، لەبارەی دیموكراسی و
ژنپارێزی و ژینگەپارێزی كارمانكردووە، هەروەها
لەبابەتی وەرزشیشەوە، هەروەها ئێمە دەبێت
لەخەمی ئەوەبین كە لاو ئیش بكات، جا ئیشەكە
ئیشی بچوكە، یان گەورەیە، پێش ئەوەی ئیشیش
بكات، دەبێت ئیشەكان بناسێت، ئەگەر نەیان
ناسێت، ناتوانێت هەڵیان بژێرێت، ئێمە باسی ئەو
ئیشانە دەكەین، كە دەگونجێت لەگەڵ ئەو
سیستەمە. لەهەولێر یەكێك لەو ئیشانەی ئێمە
هەمانە ئاسنگەریە، لەمەخمور كارگەیەكمان هەیە
بەناوی ئاسنگەری، ئەو كەسانە دەچن لەوێوە
فێردەبن و ئیشی ئاسنگەری دەكەن، هەروەها
درومانمان هەیە، بۆ ئەو ئافرەتانەی پێویستیان
پێی هەیە، ئێمە ئێستا ئەولەویەتەكەمان لەگەڵ
ناوچەی گەرمیان بووە، بۆ خێزانی
ئەنفالكراوەكان بۆ ئەوەی ئیشیان هەبێت و
دەستكەوتیان هەبێت". لەبارەی پیشە دەستیەكان،
ئەو بەڕێوەبەرە گوتی "ئێمە لەبەرنامەماندایە،
بەڵام هێشتا دەستمان پێنەكردوە"
ئەو فەرهەنگخانانە لەسەردەمی كابینەی پێنجەم
دروستبوو، ئەو كات لەرووی ئیعلامی و بودجەشەوە
گرنگییەكی بەرچاوی پێدرا، وەك دەستپێشخەری و
پرۆژەیەكی مۆدێرن ناسێنرا، بەڵام ئێستا كز و
بێدەنگن، بەڕێوەبەری فەرهەنگخانەكان هۆكارەكە
دەگێڕێتەوە بۆ گۆڕانی كابینەی حكومەت و دەڵێ
"بەداخەوە لەدوای ئەوەی وەزارەتی وەرزش و
لاوان نەما، لەمانگی 10ی ساڵی پارەوە
قەیرانێكمان بەسەر دا هات، چونكە بوجەیان بۆ
تەرخان نەكردین و بۆ ماوەی 8 مانگ بەبێ
بوجەبووین، هەندێك لەفەرهەنگخانەكانمان
توانیان لەسەر پێی خۆیان راوەستن، هەندێكیشیان
توانایان نەبوو".
كێشەیەكی دیكە كە توشی ئەو فەرهەنگخانانە
بووە، پرسی مانەوەی كاریگەری دوو ئیدارەییە،
كە سیاسەتی ئیدارەی سلێمانی و هەولێر
لەبەرامبەر ئەو فەرهەنگخانانە جیاواز بووە،
وەك ئەحمەد ئازاد دەڵێ "كۆمەڵێك فەرهەنگخانە
لەسلێمانی داخران، بەڵام لەناوچەی هەولێر و
دهۆك هیچیان دانەخراون". لەبارەی هۆكارەكەشی
دەڵێ "دەتوانم بڵێم بەرپرسانی ئەوێ
لەمەوزوعەكە تێنەگەیشتبن، یان باش بۆیان روون
نەكرابێتەوە و هاوكاریەكی باشیان نەكردوە،
بۆیە چەند دانەیەكیان داخران".
بەڕێوەبەری فەرهەنگخانەكان زیاتر لەسەر
سیاسەتی كابینەی پێنجەم وەستا و بەسەردەمی
زێڕین ناوی دەبات "كابینەی پێنجەم بۆ ئێمە
چاخی زێڕین بوو، وەكو گوتم یەكێك لەهۆكارەكان
ئەوەیە بۆ ماوەی 8 مانگ ئێمە هیچ بودجەیەكمان
نەبوو، بەڵام هەندێك شت هەیە دەمەوێت
بەسەراحەت بڵێم، لەوەزارەتی وەرزش و لاوان
چالاكیەكی زۆرباش هەبووە، بەڵام بەداخەوە
یەكێك لەهەرە گرنگترین شتەكان بەیاساییكردنی
فەرهەنگخانەكان بوو، بەڵام ئەنجام نەدرابوو
(پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوەخۆمان هەبووە)، بەڵام
بەناونیشانی یاسا یاسامان نییە،
فەرهەنگخانەكان كاتی وەزارەتی وەرزش و لاوان
سەر بەمەكتەبی وەزیر بوون، واتە سەربەخۆ
بووین، بەشێك هەبوو بەناوی بەشی فێركاری، ئێمە
سەر بەو بەشەبووین". لەبارەی ئەو پارەیەی وەك
بودجە وەریان دەگرت، گوتی "لەزەمانی وەزارەتی
وەرزش و لاوان ناتوانم بڵێم بەتەواوەتی پارەكە
ئەوەندە بوو، چونكە ئەنجومەنی وەزیران ئەم
پڕۆژەیەی بەدڵبوو، هەركاتێك پارەیەكیان
داوابكردبوایە بۆ ئەنجامدانی چالاكی،
ئەنجومەنی وەزیرانیش پشتگیری دەكردن و
پارەكانیان پێدەدان، جاری واهەبووە 2 ملیۆن
دۆلاریان وەرگرتووە، جاری واهەبووە زیاتریشیان
وەرگرتووە".
دوای ئەوەی كابینەی شەشەم دروست دەكرێ، 8 مانگ
بێ بودجە دەبن، بەڵام كە دیراسە دەكرێ و بوونی
ئەو فەرهەنگخانانە بەپێویست دەزانرێ،
بودجەیەكی بۆ تەرخان دەكرێت و بەڕێوەبەری
فەرهەنگخانەكان ئەو بودجەیە ئاشكرا دەكات
"ئێمە ئێستا مانگانە 87 ملیۆن دینارمان هەیە و
دابەشی فەرهەنگخانەكانی تری دەكەین، كامە
ناوچەكەی فراوانتر و چالاكی زیاتر بێت، پارەی
زیاتری بۆ سەرفدەكەین".
لەبارەی چارەنوسی ئەو فەرهەنگخانانە ئەو
بەڕێوەبەرە گوتی "وەزارەت بەنیازە ناونیشانمان
بكات بە رێكخراو، ئینجا لەسەر یاسای ژمارە 15
بێت یان 18، من دەڵێم بەداخەوە زۆر راوێژكاری
لەگەڵ ئێمە ناكەن، ئێمە لەسەر بڕگەی 23ی
وەزارەتی وەرزش و لاوان كە مۆڵەت دەدات یانە
دروست بكات، نەك بۆ مەی خواردنەوە، یانەی
وەرزشی و فەرهەنگی بێت، بەبڕوای من ئەگەر
ناونیشانەكەمان بكرێت بە یانە باشترە،
مۆڵەتەكەیشی وەزارەتی رۆشنبیری بیدات، ئەگەر
بكرێت بە یانەیەكی فەرهەنگی لەبەرنامەمان دایە
وا لەفەرهەنگخانەكان بكەین، خۆیان خۆیان
بژێنن، لەڕێگەی یانەوەرزشیەكان، بەڵام
گەورەترین كێشەی ئێمە جێگەیە، زۆربەی لقەكان
كرێی خانوو دەدەن".
|