هۆشیاری كۆمەڵگا لـــــــەبــــیــــركـــــــــراوە  

 

 

وەزارەتەكان بودجەی تایبەت بـە هۆشـیاری گـشـتـیـیان نـیـیە

سڤیل: هێمن محەمەد - ئارام خۆشناو


دیاردەی هۆشیاركردنەوەی تاك لە بوارە جیاجیاكان و ئاگاداركردنەوەی كۆمەڵگە بەگشتی لە هەرێمی كوردستان لەسەر چەندین بابەتی جۆراوجۆر لە ئاستێكی خراپدایە، بە بڕوای شارەزایان و لایەنی پەیوەندیدار و هاوڵاتیانیش دیاردەی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری جۆراوجۆر یەكێكە لەبنەماكانی كۆمەڵگە و حكومەتی تەندروست و پێشیانوایە ئەم بابەتە لەهەرێمی كوردستان فەرامۆش كراوە.
"چەند ساڵێك لەمەوبەر لەیەكێك لەكەناڵە ناوخۆییەكان كورتە ڤیدیۆیەكی هۆشیاری هەبوو، قەت لەپێش چاوم لاناچێت، لەوێنەكەدا پیاوێك تەورێكی پێبوو دەچوو لەدارستان دار ببڕێت، كە یەكەم تەوری لەدارەكە دا، دارەكە خوێنی لێدەهات، دواتریش دەنوسرا بەسە داربڕین، ئەو كورتە درامایە هۆشیاریە گرنگیەكی زۆر و سودێكی گەورەی هەبوو بۆ وڵاتەكەمان". ئەمە وتەی ئەحمەد عەلی 38 ساڵ بوو، ئەحمەد باسی لەوەش كرد ئەگەر حكومەت سودی هۆشیاری بزانێ، بەتایبەتی لەئێستادا كە كەناڵی راگەیاندن گەلێك زۆرە، چ ناوخۆیەكان، چ ئاسمانیەكان، ئەوا دەتوانرێت زۆر لەمەترسی و دیاردە ناشازەكان سنوردار بكرێن.
پاش ئەوەی لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991 حكومەت دروستكرا و پەرلەمان هەڵبژێردا، لەیەكەم كابینەی حكومەتەوە پێویست بوو سود لەئەزمونی وڵاتان وەربگیرێـت، بەڵام تائێستاش كە حكومەتی هەرێم گەشەیەكی گەورەی جۆری و چەندی بەخۆوە بینیوە، چەندین كەموكورتی بەروونی دیارە، گرنگی نەدان بەلایەنی هۆشیاری لەوەزارەتەكان یاخود تەرخاننەكردنی بودجەی دیاریكراو لە هەموو وەزارەتەكان مانای وایە ئەو بابەتە بەهەند وەرنەگیراوە، عەمید قادر سەدیق بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی هاتوچۆی هەرێم بڕوای وایە كە لایەنی هۆشیاری زۆر گرنگە بۆ هەموو وەزارەتەكان، عەمید قادر بۆ (سڤیل) دەڵێت "ئێمە كەمتەرخەمیمان نەكردوە لەوەی خەڵك هۆشیار بكەینەوە، هەروەها بە بەردەوامی كارمان بۆ ئەوە كردوە هاوڵاتیان لەزیانی گیانی و ماددی پارێزراوبن، بەڵام راگەیاندنەكانی ئەمڕۆ، تەلەفزیۆن و رۆژنامە و رادیۆكان، وەك پێویست گرنگی بەلایەنی هۆشیاری نادەن، بۆنمونە هۆشیاری هاتوچۆ، كەمترین بەرنامە و رێكلام هەیە، سەبارەت بەهۆشیاری هاتوچۆ، لەكاتێكدا ساڵانە لەجیهان 5ملیۆن هاوڵاتی دەبنە قوربانی روداوەكانی هاتوچۆ 15 ملیۆنیش كەمئەندام دەبن، وێڕای زیانی مادی، لەهەرێمی كوردستان لەنێوان 3-4 مانگدا نزیكەی 70كەس دەبنە قوربانی رووداوەكانی هاتوچۆ".
عەمید قادر سەرسوڕمانی خۆی نیشان دەدات، سەبارەت بە هەندێ رووداو، بەبڕوای ئەو كاتێك نەخۆشیەك بڵاو دەبێتەوە بودجەیەكی زۆر تەرخان دەكرێت، بۆلایەنی هۆشیاری و رووبەرووبوونەوەی نەخۆشیەكە بە چەندەها شێوە، بەڵام وێڕای زۆری قوربانی رووداوەكان گرنگی بەهۆشیاری هاتوچۆ نادرێت، قادر دەڵێت "بینیمان بۆ نەخۆشی ئەنفلۆنزای بەراز بودجە تەرخانكرا بۆ رووبەرووبوونەوەی نەخۆشیەكە و هۆشیاركردنەوەی خەڵك، ئەگەر بیربكەینەوە و ئامارەكان بەراورد بكەین، قوربانیەكانی هاتوچۆ زۆر زیاترن لەقوربانیەكانی ئەو پەتایە، من نازانم بۆچی گرنگی بە هۆشیاری هاتوچۆ نادرێ، لەكاتێكدا بەردەوام لەزیادبوون و لە رووداندان".
قادر سدیق بڕوای وایە بەشێكی زۆری هۆشیاریە گرنگەكان پێویستە لەسیستەمی خوێندندا جێگیر بكرێت، بەتایبەت هۆشیاری هاتوچۆ ببێتە بابەتی هەموو ئاستەكانی خوێندن.
هۆشیاری بەگشتی و هۆشیاری ئابوری بەتایبەتی دەورێكی باڵای هەیە بۆ بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان، بەبروای شارەزایەكی بواری ئابوری لەهەرێمی كوردستان تائێستا كار نەكراوە بۆ ئەو بابەتە، شەماڵ نوری ئابوریناس بۆ (سڤیل) دەڵێت "هۆشیاری ئابوری لەناو كۆمەڵگادا زۆر گرنگە، چونكە دەبێـتە هۆی كەمكردنەوەی داهاتی بەفیرۆچوو، هۆشیاری ئابوری لەسەرجەم ئاین و كەلتورەكان رەنگی داوەتەوە، بەڵام بەداخەوە لەماوەی رابردوو حكومەتی هەرێم و دامودەستگاكانی بەشێوەیەكی رێكخراو و سیستەم كاری لەسەر نەكراوە، هەروەها نەتوانراوە بودجە لەوەزارەتەكان تەرخان بكرێت بۆ بواری هۆشیاری خەڵك، بەتایبەت لەبواری ئابوریدا، چونكە لەوڵاتی ئێمەدا هۆشیاری ئابوری زۆر پێویستە، چونكە بەهۆی هۆشیاریەوە بۆ خەڵك دەردەكەوێ، لەكام شوێن نرخەكان هەرزان و لەكام شوێن كوالێتی باشە لەكاتی كڕینی كەلوپەلدا".
ئەو پسپۆرەی بواری ئابوری بۆچونەكانی زیاتر چردەكاتەوە ئاماژە بەوەدەدات كە حكومەت وەك پێویست گرینگی بە هۆشیاركردنەوەی خەڵك نەداوە، شەماڵ گوتیشی "بەشێوەیەكی گشتی وەك ئەوەی من لەدەزگاكانی راگەیاندندا دەیبینم و دەیبیستم، بەشی رۆشنبیری و بەشی مەشق و راهێنانی دامودەزگاكان زۆر بێهێزە، رەنگە لەهەندێ شوێن هەر نەبێـت، بەداخەوە وەزارەتەكان بودجەی تایبەتیان نیە بۆ هۆشیاری، لەوڵاتانی كەنداو گرنگیەكی زۆر بەلایەنی هۆشیاری دەدرێت، بەو هۆیە لەلایەنی ئابوریەوە سودی زۆر دەكەن، هەروەها هەست دەكەم جاران زۆر باشتر بوو، چونكە لەرێگەی ئەفلام و رێكلامەوە هۆشیاری بڵاو دەكرایەوە، بەڵام ئێستا ئەوە بەتەواوی بەرەو كەمبوونەوە چووە و نەماوە".
لەگەڵ ئەوەی كەرتی تەندروستی یەكێكە لەكەرتە هەرە گرنگەكان، كە راستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە ژیانی خەڵكەوە، بەڵام بەوتەی بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی تائێستا وەزارەت بودجەیەكی تەرخانكراو و تایبەتی نیە بۆ لایەنی هۆشیاری، دكتۆر خالس قادر بۆ (سڤیل) گوتی "لەوەزارەتی تەندروستی ساڵانە بودجە هەیە بۆ راگەیاندن، بەڵام بودجەی تایبەت نیە بۆ لایەنی هۆشیاری، ئەوەی ئێمە بە باشی ئیشمان لەسەركردووە، بڵاوكردنەوەی هۆشیاری بووە سەبارەت بە نەخۆشیە گوازراوەكان و هەڵمەتەكانی كوتان و نەخۆشیە درێژخایەنەكان".
دكتۆر خاڵس بروای وایە بابەتی هۆشیاری و هەڵمەتی هۆشیاری پێویستە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخانبكرێت، گوتیشی "من بڕوام وایە هۆشیاری و هەڵمەتی هۆشیاری پێویستی بەبودجەی تایبەت هەیە، ئەو بابەتەش تەنها وەزارەتی تەندروستی ناگرێتەوە، بەڵكو هەموو وەزارەتەكان پێویستە بەشداربن لەهەڵمەتەكانی هۆشیاریدا".


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com