|
پەرلەمانتارێك:
ئەم بڕیارە بێرێزیكردنە بە پەرلەمان
سڤیل: هێمن مامەند
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەبریارێك،
پاسەوانی ئەو پەرلەمانتار و وەزیرانە ناهێڵێت
كە خانەنشین كراون، پەرلەمانتارە
خانەنشینكراوەكان ئەمە بەسوكایەتی دەزانن و
هاوكات یەكێتی پەرلەمانتاران یاداشتێك
ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات، بریكاری
وەزارەتی ناوخۆش ئاماژە بەوە دەكات، كە
"هەرێمی كوردستان ئارامە و پەرلەمانتار و
وەزیرە خانەنشینكراون دەتوانن بەبێ پاسەوان
بسوڕێنەوە".
ئەحمەد سەلام كە پاسەوانی یەكێك
لەپەرلەمانتارەكانی خولی رابردوو بووە و
ئێستاش پێیان گوتوە یان ببە بەپۆلیس، یان فەسڵ
دەكرێیت، دەڵێت "ئێمە كاتی خۆی كە دامەزراین
وەكو پاسەوان دامەزراین و بەئێمەیان نەگوت،
ئەگەر خولی پەرلەمان تەواو بێـت، ئیشی ئێوەش
تەواو دەبێت، ئێستاش دوای چوار ساڵ لەپاسەوانی
و حیمایەكردنی پەرلەمانتار و خزمەتكردنیان،
كەچی پێمان دەڵێن یان دەبێـت ببن بەپۆلیس، یان
دەبێـت بچنە ماڵەوە". ئەو پاسەوانە گوتیشی "من
لەگەڵ رێزم بۆ پۆلیس، بەڵام ئەگەر كاتی خۆی بە
ئێمەیان بگوتبایە دوای تەواوبوونی خولی
پەرلەمان ئێوە دەكرێن بە پۆلیس، ئێمە هەرگیز
ئامادەنەبووین ببین بەپاسەوان".
جەلال كەریم بریكاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی
هەرێمی كوردستان سەبارەت بەو بڕیارە گوتی
"ئەمە بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە،
هەموو پەرلەمانتارێك و بریكارێكی وەزیر، دوای
خانەنشینكردنیان بۆ ماوەی یەك ساڵ تەنیا یەك
پاسەوانیان دەبێـت، دوای ئەو ساڵە
پاسەوانەكەشی نامێنێت و پاسەوانەكەشی دەبێت
یان ببێت بەپۆلیس یان فەسڵ بكرێت، هەروەها بۆ
وەزیرەكانیش دوای ئەوەی خانەنشین دەكرێن،
بۆماوەی تەنیا یەك ساڵ دوو پاسەوانیان دەمێنێت
و دوای ئەوەش ئەم دوو پاسەوانەیان نامێنێت".
بریكارەكەی وەزیری ناوخۆ گوتیشی "تەنیا
دادوەرەكان نەبێـت، هەتا لەژیان دامابن دوای
خانەنشینكردنیشیان پاسەوانێكیان هەر دەمێنێت".
زانا رووستایی پەرلەمانتاری خولی رابردووی
پەرلەمانی كوردستان كە ئێستا بێ پاسەوانە،
دەڵێت "هەر كەسێك لەماوەی رابردوو و
لەخولەكانی تر پەرلەمانتار یان وەزیر بووبێت،
یان كەسایەتیەك بووبێت، ئێستا پێویستی
بەپشتگیری و هاوكاری هەیە لەرووی ئاسایشەوە و
پێویستە بەلایەنی كەمەوە كەسێكی لەگەڵ دابێت،
جا ئەو كەسە چ پاسەوان بێت، چ شوفێر بێت، یان
بەردەستیكەر بێت". رووستایی گوتیشی
"پەرلەمانتارەكانی عێراق لەئەنجومەنی نوێنەران
دوای خانەنشینكردنیان 10پاسەوانیان دەمێنێت،
بۆیە نەمانی پاسەوان بۆپەرلەمانتاران و
وەزیران لەهەرێمی كوردستان مانای بێرێزیكردنە
بەرامبەر بەخەڵك و بەرپرسی خۆت، مانای
بێڕێزیكردنە بەرامبەر بەپەرلەمان، بۆیە
پێویستە حكومەت چاوێك بەو بڕیارەدا
بخشێنێـتەوە".
لەبەرامبەر ئەم قسانەی زانا رۆستایی
بریكارەكەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم دەڵێت
هەرێمی كوردستان ئارامە و وەزیر و پەرلەمانتار
دەتوانێت بەبێ پاسەوان بسوڕێتەوە. گوتیشی "
ئەگەر ئێمە بۆ هەر پەرلەمانتارێك و وەزیرێك و
بەرپرسێك و كەسایەتیەك دوای خانەنشینكردنی و
نەمانی پۆستەكەی پاسەوان بهێڵینەوە، ئەوا
هەموو میللەتی كورد ببێت بەپاسەوان بەشیان
ناكات".
یەكێتی پەرلەمانتاران لەم بڕیارەی سەرۆكایەتی
ئەنجومەنی وەزیران ناڕازییە و لەوبارەیەوە
یاداشتێك ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات،
نیعمەت عەبدوڵڵا، سەرۆكی یەكێتی
پەرلەمانتارانی كوردستان لەوبارەیەوە گوتی
"هەر پەرلەمانتارێك كە لەكاتی دەوامكردن دایە
بەپێی یاسا سێ پاسەوانی هەیە، بەپێی
هەماهەنگیەك لەنێوان سەرۆكایەتی حكومەت و
پەرلەمان بڕیاردرا دوای خانەنشینكردنی
پەرلەمان پاسەوانێكی بمێنێتەوە، بەڵام
بەداخەوە چەند مانگێكە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی
وەزیران بڕیارێكی دەركردووە، كەوا هەر
پەرلەمانتارێك لەدوای یەك ساڵ
لەخانەنشینكردنی، پاسەوانەكەشی نەمێنێ".
نیعمەت گوتیشی "هەرچەندە پەرلەمانتار خانەنشین
بكرێت، بەڵام ئیش و كار و پەیوەندی لەگەڵ
دامودەزگاكان هەر دەمێنێـت و هاتوچۆ دەكەن و
زۆربەشیان ئەندامی یەكێـتی پەرلەمانتاران و
لێرە دەوامیان هەیە و كاردەكەن، هەروەها
بارودۆخی كوردستان و عێراق دەیخوازێت، كە
پەرلەمانتار و وەزیری خانەنشینكراویش پاسەوانی
هەبێت". سەرۆكی یەكێـتی پەرلەمانتاران ئاماژەی
بەوەشكرد "كەوا پەرلەمانتارانی پەرلەمانی
عێراق دوای خانەنشینكردنیشیان 10پاسەوانی
هەیە، ئەی بۆچی بەئێمە یەك پاسەوان رەوا
نابینین، بۆیە ئێمەش وەكو یەكێتی
پەرلەمانتارانی كوردستان نووسراوێكمان بۆ
سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان كردووە، كەوا
پێویستە هەر پەرلەمانتارێك دوای خانەنشینكردنی
پاسەوانێكی بمێنێت و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیار
وایە پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسایەك یاخود
بڕیارێك لەوبارەیەوە دەربكات".
|