|
ئەو
ئۆتۆمبێلانەی یاسا قەدەغەی كردووە جارێكی تر
دێنەوە سەر شەقام
سڤیل: زیاد ئیسماعیل
ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە بەر نەبوونی رێوشوێنی
یاسایی قەدەغەكراون و یان مۆدیلایان
بەسەرچووە، لەلایەن یاساوە قەدەغەكراون،
لەپێشەنگایەك كڕین و فرۆشتنیان لەسەر دەكرێت و
جارێكی تر دێنەوە سەر شەقام.
ئارام یاسین گەنجێكی 23 ساڵییە، هەموو
بەیانیەك بە ئۆتۆمبێلەكەی كە كڕۆنا مۆدێل
(79)یە دەچێتە سەركار، ئەو گەنجە وەستای
كاشییە، ئارام بە شانازییەوە باس لەوە دەكات
بەیانیان هەموو كرێكارەكان بەو كڕۆنا مۆدێل
(79)یە دەباتە سەركار، لەئێوارانیش لەسەر
كارەوە یەكەیەكە لەبەردەگای ماڵەكانیان دایان
دەبەزێنێت، ئەو بە پێكەنینەوە دەڵێت "هەرچەندە
سەری منی كڕیوەتەوە، بەڵام زۆرجاریش بەهۆی
كۆنی مۆدێلەكەیەوە زۆر هیلاكم دەكات". دواتر
هاتە سەر نرخی ئۆتۆمبێلەكەی و گوتی "راستە
ئۆتۆمبێلەكەم بە 2600 دۆلار كڕیوە، بەڵام گرنگ
ئەوەیە ئیشی خۆمی پێ دەكرێت".
زۆری خواستی ئەو ئۆتۆمبێلە هەرزانانە
وایكردووە كە لەدەرەوەی شار، لەسەر رێگای
هەولێر - مەخمور چەند پێشانگایەكی تایبەت
بەكڕینی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دابنرێت، كە
لەهەولێر بە بازاڕی علوجان ناسراوە، نەبەز
ساڵح ماوەی 12 ساڵە بەم پیشەیە خەریكە وەكو
خۆی باسی لێوەدەكرد هەموو سەیارەكیان لا دەست
دەكەوێت، ئەو ئۆتۆمبێلانەیشی كە نرخیان
هەرزانە هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە
تابۆكانیان هی ناوەڕاست و باشوری عێراقە،
نەبەز گوتی "ئەو سەیارانەی هەرزانن رەقەم
جنوبن یان ئەو سەیارانەن كە هەڵدەوەشێندرێنەوە
لە 7 تا 45 وەرەقە لامان دەست دەكەوێت". دواتر
ناوی ئەو ئۆتۆمبێلانەیشی گوت كە هەرزانن "ئەو
سەیارانەی كە هەرزانن بەڕازیلی و كڕۆنە رەقەم
جنوب بە تەنها ئاڕمیان هەیە". نەبەز لەقسەكانی
بەردەوام دەبێت و تیشك دەخاتە سەر ئەو كەسانەی
كە كڕیاری ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەن و گوتی
"ئەوانەی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەكڕن چینی هەژارن،
یان بۆ هاتوچۆكردنی ئیشی كرێكاری
بەكاریدەهێنن، یان هەیە پۆلیسە بۆ دەوامەكەی
بەكاری دەهێنێت".
ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەی لەو پێشەنگایە
دەفرۆشرێن، مۆدیلیان لەخوارووی 90، جیا لەوەش
تابلۆكانیان باشوورن، زۆرجاریش گومانی دزییان
لێ دەكرێت، نەبەز دەڵێ "زۆر جار توشی كێشە
بوومە، سەیارەمان كڕیوە بەشەرتی ئەوەی هیچ
كێشەی نەبێت، بەڵام دواتر دەرچووە سەیارەكە
كێشەی هەبووە، جارێكیان سوپەرێكم كڕی، بەشەرت
بێ ئەوەی هیچ كێشەیەكی هەبێت، مۆدێلی (85)
بوو، فرۆشتمەوە، دواتر سەیارەكە گەڕێندرایەوە
بەسڕا، دەرچوو دزیاری بوو، دەست بەدەست
گەڕاندیانەوە، لەكۆتاییەكەی گوتیان هەریەكەی 3
وەرەقە بدەن، بەهەموومان گەیاندمانە 35
وەرەقە، خۆی سەیارەكە بە 20 وەرەقە
فرۆشرابوو".
كەریم مەولود لەناو باخچەیەكی وشك لەسەر
كورسیەك دانیشتبوو، حەوشی پێشانگاكەشی زەویەكی
وشكی خۆڵاوی بوو، خۆی و چەند كەسێك لەناو ئەو
باخچە وشكە لەدەوری مێزەكەی كەریم كە خاوەن
پێشانگای (مهاجیر)ە دانیشتبوون، خاوەنی
پێشانگاكە، كە سێ ساڵە بەو پیشەیەوە خەریكە،
4تا5 بایەع شاری لەپێشانگاكە كڕین و فرۆشتن
ئەنجامدەدەن، لەبارەی كاروباری پێشانگاكەیەوە
دەڵێت "ئەو سەیارانەی لەلامان دەست دەكەوێت،
زۆربەی هەرە زۆری باجە و رەقەم ئەسڵین، یان
رەقەم جنوبن". كەریم باسی لەجۆری كڕیارەكانی
كرد و گوتی "ئەو كەسانەی ئەو جۆرە سەیارانە
دەكڕن، كەسانی كەمدەرامەتن، ئۆتۆمبێلەكانیش
ئەوانەن كە مۆدێلیان لەپاشە و كۆنن،
جۆرەكانیشی پیكاب توێتە، مازدە و بیجۆ ئەمانە
تۆزەك نرخەكانیان لەئوسوڵە". كەر یم لەقسەكانی
بەردەوام بوو نرخەكانی ئەو ئۆتۆمبێلانەیشی
دیاركرد "ئەو سەیارانە نرخیان لە 10 تاكو 50
وەرەقەیە، ئۆتۆمبێلیش هەیە لەخوار 10
وەرەقەیە، بەڵام زۆربەیان گێڕ و مەكینەیان
تەواو نییە".
سالار فەتاح یەكێكە لەبایەع شاریەكان وەكو خۆی
دەیگوت "حەز دەكەم زیاتر كڕین و فرۆشتنی
سەیارەی كۆن و هەرزان بكەم، نەك ئەوانەی
مۆدێلیان بەرزە". ئەو بایەع شاریە نمونەی
یەكێك لەو ئۆتۆمبێلانەی هێنایەوە، كە تائێستا
ریكۆدی لەهەرزانی شكاندوە "سەیارەیەكم بە سێ
وەرەقە كڕی، تەنها ئاڕمی سلێمانی هەبووە".
لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلەی كە بە 3 وەرەقەی كڕی
بووی گوتی " گڵاندێك بوو، سبوخ عام بوو،
وەرگەڕابوو، بە 5 وەرەقەم فرۆشتەوە".
كاتێك بەناو پێشەنگای علوجەكان هاتوچۆ دەكەی و
سەیری ئەو ئۆتۆمبێلانە دەكەی، كە لەو
پێشەنگایە وەستاون، دەزانی ئەوەی حكومەت بە
یاسا لەشەقامەكانی قەدەغە دەكات، لەرێگای ئەو
بازاڕەوە دێنەوە سەرشەقام، عەمیدی هاتوچۆ قادر
سدیق بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و
پەیوەندیەكانی هاتوچۆی هەرێم لەبارەی ئەو
ئۆتۆمبێلانەوە گوتی "هەر ئۆتۆمبێلێك ئاڕمی بۆ
كرابێت، یاخود باجی بۆكرابێت، بەو واتایەیە كە
رێگەی پێدراوە لێبخوڕێت". لەسەر ئەو
زانیاریانەی لەبەرامبەر باجەوە وەردەگیرێت،
گوتی "ئەو باجەی بۆیان كراوە ناونیشانی
هاوڵاتیەكەی خاوەن ئۆتۆمبێلەكەیە وەرگیراوە،
یاخود ئەو خەڵكانەی كە ئیقامەیان هەیە لەهەرێم
دانیشتوون، ناونیشانی تەواوی ئەوانیش
وەرگیراوە، هەروەها ژمارەی شانسی و موحەڕیكی
ئۆتۆمبێلەكە و ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەیش
وەرگیراوە، ئەمەش بۆ پاراستنی ئاسایشی
كوردستانە، هەر ئۆتۆمبێلێك باجی هەبێت
دەتوانێت هاتوچۆ بكات". بۆ رێژەی ئەو جۆرە
ئۆتۆمبێلانە دەڵێت "رێژەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە
باجیان بۆ كراوە رێژەیەكی زۆرە".
|