|

پــارێزەرێك: ئەوە پێشێلكاریەكی زەقی یاساییە
لەلایەن ئەنجـومەنی وەزیرانەوە
سڤیل: زیاد ئیسماعیل
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە رێنمایی
یاسایەكی پەرلەمان بەناوی یاسای كرێی
خانووبەرە و شوێنە بازرگانییەكان رادەگرێت،
شارەزایانی بواری یاساش وێڕای ئەوەی لەگەڵ
جێبەجێكردنی دا نین، راگرتنی ئەو یاسایە بە
رێنمایی حكومەت بە پێشێلكردنی یاسا دەزانن.
بەشێك لەیاسای شارستانی بۆ بەكرێدانی
خانووبەرە تەرخانكراوە، دواتر لەساڵی 1979
یاسایەكی تر دەرچوو بەناوی "یاسای بەكرێدانی
خانووبەرە، ژمارە 87ی ساڵی 1979" ئەمەیان
لەسەرجەم عێراق پەیڕەو دەكرا، ئەم یاسایەش
زیاتر لەبەرژەوەندی كرێچی دابوو، گرنگترین
ماددەی ئەو یاسایە ماددەی ژمارە 3 بوو، كە
دەڵێت "بەهێزی یاسا گرێبەست خۆی خۆی نوێ
دەكاتەوە"، واتە هەر گرێبەستێك لەنێوان خاوەن
موڵك و كرێچی ئەنجام درابێ بۆماوەیەكی
دیاریكراو، دوای تەواوبوونی ماوەی دیاریكراو
كرێچی بە ئارەزووی خۆی موڵكەكە چۆڵ نەكات،
خاوەن موڵك بۆی نییە دەری بكات، هەر بەپێی ئەم
یاسایە لەماددە 17 دا لەچەند خاڵێكدا نەبێت كە
خاوەن موڵك دەتوانێ كرێچی دەربكات، هەندێك
لەوانە ئەگەر كرێچی لەناو خانوەكە دەرنەچێت
گرێبەستەكە نوێ دەبێتەوە، خاوەن موڵك ناتوانێت
كرێچی دەربكات، تەنها بەپێی یاسای بەكرێدانی
خانوبەرەی 87 ساڵی 79 لەماددە 17 چەند خاڵێك
هەبوو كە خاوەن موڵك دەیتوانی كرێچی دەربكات،
هەندێك لەو خاڵانە "كرێچی موڵكەكەی
بەكرێدایەوە كەسێكی تر، زەرەر و زیان
بەموڵكەكە بگەیەنێت، كرێچی موڵكەكەی بۆ كارێك
وەرگرت، دواتر كارێكی تری تێدا بكات".
دواتر لەیاسای ژمارە 9 ساڵی 2008 پەرلەمانی
كوردستان یاسای بەكرێدانی خانووبەرەی هەموار
كرد و دابەشی دوو لایەنی كرد، موڵكی بازرگانی
و نیشتەجێی، دەبێت لایەنی بازرگانییەكە لە
15/7/2008 جێبەجێ بكرێت، بۆ هەر گرێبەستێكی
نوێ كە لەدوای ئەو بەروارەوە ئەنجام دەدرێت،
ئەو كاتە یاسای شارستانی لەسەر پەیڕەو دەكرێت،
بەڵام ئەو موڵكە بازرگانیانەی كە
گرێبەستەكانیان كۆنە تاكو 15/7/2010 یاسای
بەكرێدانی خانووبەرەی كۆنی ساڵی 1979 لەسەر
جێبەجێدەكرێت "واتە زیاتر ماف بە كرێچییەكە
دەدرێت"، بەڵام دوای ئەو بەروارە یاسای
شارستانی لەسەر جێبەجێ دەكرێت، لەبارەی
نیشتەجێبوونیش بڕیاردرا دوای چوار ساڵی تر
جێبەجێ بكرێت، كە دەكاتە 15/7/2012 بەكرێدراوی
نیشتەجێیی (سەكەنی) ئەو كات یاسای شارستانی
لەسەر پەیڕەو دەبێت كە تا ئێستا نەكراوە.
حوسامەدین سەرداری پێیوایە، ئەم یاسایە (یاسای
شارستانی) زیاتر شەرعیە نەك یاسایی، چونكە
"واتە هەر رێككەوتنێك لایەنی یەكەم و لایەنی
دووەم لەسەر چەند مەرجێك رازیبن و واژویانكرد،
لەگرێبەستەكەیاندا چیان نوسیبێت جێبەجێ
دەكرێت، لەیاسای مەدەنی گرێبەست نوێكردنەوە
نییە، تەنها دەبێت گرێبەستێكی تر بكرێت،
بەرەزامەندی هەردوولایەنەكە یا ئەوەتا دەبێت
هیچ لاریەك نەبێت لەنوێكردنەوەی گرێبەستەكەی
پێشوو". بەبڕوای شارەزایانیش وا باشترە ئەم
یاسایە دوابخرێت و لەلایەن پەرلەمانەوە
بڕیارێك دەربچێت بۆ راگرتنی ئەم یاسایە، ئەوەی
جێگەی نیگەرانی شارەزایانی یاساییە لەبری
پەرلەمان ئەو یاسایە بە رێنماییەكی حكومەت
راگیراوە. لەكاتێكدا رێنمایی حكومی بۆ راگرتنی
یاسا نییە، بەڵكو وەك روونكردنەوەیەكە بۆ
جێبەجێكردنی.
پارێزەری راوێژكار حوسامەدین سەرداری لەگەڵ
ئەو بۆچوونە نییە، كە جێبەجێكرنی یاسای مەدەنی
لەبواری كرێنیشین بەباش دەزانێ، حوسامەدین
سەرداری گوتی "من لەگەڵ ئەو بۆچوونە نیم
لەكاتی ئێستای باری ئابوری، باری كۆمەڵایەتی و
سیاسی كوردستان ناكرێت لەئێستادا بەكرێچی
بازرگانی بڵێی یان كرێكەم بۆ زیاد بكە، یان
كلیلەكەم بدەوە، چونكە دووكان سەرچاوەی بژێوی
كرێچیە، وا بەئاسانی دەستبەرداری نابێت".
پارێزەری راوێژكار وتەیەكی عێراقی بە نمونە
هێنایەوە و گوتی "مل بپەڕێنە، بەڵام رزق
مەبڕە، بۆیە ئەم یاسایە كێشەیەكی زۆر گەورە
لەنێوان خاوەن موڵك و كرێچی دروست دەكات".
هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە یاسای ژمارەی
87 ساڵی 79 بەتەواوەتی پشتگیری لەكرێچی
كردووە، ئەمە وایكردووە خاوەن موڵك زەرەرمەند
بێت كە هەلێكی بۆ رێكبكەوێت "ئەزیەتی كرێچی
بدات"، دواتر سەرداری گوتی "من لەگەڵ
هەمواركردنەوەی یاساكەم، بەڵام بەباشی دەزانم
دووساڵی تر پەیڕەوبكرێت، تاكو لەماوەی ئەو
دووساڵە خاوەن موڵك و كرێچیش لەگەڵ یەكتر
بگونجێن".
حوسامەدین سەرداری هۆكاری جێبەجێنەكردنی ئەو
یاسایەی ئاشكراكرد و گوتی "سەرۆكایەتی
ئەنجومەنی وەزیران لەسەر زمانی محەمەد
قەرەداغی سكرتێری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی
وەزیران دەڵێ لەبەر ئەوەی رێنمایی دەرنەچوە بۆ
پەیڕەوكردنی ئەو یاسایە بۆ ئەوەی زیان
لەبەرژەوەندی گشتی نەدرێت سەرۆكایەتی
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە تا رێنمایی
دەردەچێت كار بەو یاسایە نەكرێت".
لەرووی یاساییەوە ئەو پارێزەرە راوێژكارە
نیگەرانی خۆی بۆ ئەوە دەردەبڕێ، كە ئەنجومەنی
وەزیران بەڕێنمایی یاسا رابگرێت، حوسامەدین
سەرداری لەلێدوانەكەی بۆ (سڤیل) گوتی
"سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆی نییە
بڕیارێكی پەرلەمان بەڕێنمایی رابگرێت، چونكە
رێنمایی هێزی ئەوەی نییە كە یاسایەك
لەپەرلەمان دەربچێت رایبگرێت، ئەوە
پێشێلكاریەكی زەقی یاساییە لەلایەن ئەنجومەنی
وەزیران دژی بڕیارێكی پەرلەمان"، دواتر
زیانەكانی جێبەجێكردنی لەئێستادای ئەو
یاساییەی ئاماژە پێكرد.
گرفتی نیشتەجێبوون یەكێكە لەگرفتە
سەرەكییەكانی كوردستان و عێراقیش، لەزۆربەری
راپرسیەكان نیشتەجێبوون لە گرفتە یەكەمەكانە،
ئەمەش وایكردوە كۆمەڵەیەك بەناوی كۆمەڵەی
كرێنشینان دروست بێت، كە لە 5 لق پێك دێت،
بەپێی ئەو ناوانەی تائێستا لەلقەكان
تۆماركراوە، زیاتر لە بیست هەزار كرێنشین
هەیە، بە تەنها لەهەولێری پایتەخت زیاتر 6500
كرێنشین هەیە، مەحمود ئیسماعیل لێپرسراوی لقی
هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینان رەتی دەكاتەوە
قبوڵی هەمواركردنی یاسای كرێنشینان بكەن، ئەو
دەڵێ "ئەم یاسایە قبوڵ ناكەین، زیاتر
لەبەرژەوەندی خاوەن موڵكە، نەك كرێچی"، وەك
ئەم لێپرسراوە باسی لێوە دەكرد تائێستا
پشتگیریان لەرێنماییەكەی ئەنجومەنی وەزیران
كردوە، ناڕەزایی توندی خۆشیان لەبەرامبەر ئەو
بردۆتە پەرلەمان، جەختیان لەوە كردۆتەوە كە
دەبێ ئەم یاسایە هەموار بكرێتەوە".
مەحمود ئیسماعیل لەلێدوانەكەیدا جیاوازی نێوان
یاسای مەدەنی و حكومی روونكردەوە و گوتی "ئەم
هەمواركردنە بۆتە یاسایی مەدەنی، ئەو یاسایە
وەك حكومی نییە، لەمەدەنی دەڵێت خاوەن موڵك
لەگەڵ كرێچی دەبێت رێكبكەون، ئەمەش
لەبەرژەوەندی كرێچی نیە، چونكە خاوەن موڵك
دەتوانێ بڵێ خانوەكەم بە 10 وەرەقە بەكرێدەدەم
ئەگەر پێتدەدرێ فەرموو ئەگەرنا بڕۆ دەرەوە
ئەمەش دژی بەرژەوەندیەكانی كرێنشینە".
لەدرێژەی قسەكانیدا مەحمود جارێكی تر ئاماژەی
بۆ یاسا كۆنەكە كردەوە و گوتی "یاساكەی ساڵی
79 بڕگەیەكی بەهێزی تێدابوو، كە دەڵێ
لیژنەیەكی یاسایی دەبێت لەنێوان كرێچی و خاوەن
موڵك هەبێت بۆ ئەوەی خانوەكە هەڵسەنگێنن،
تابزانن چەند دەهێنێت، ئینجا كرێیەكەی دیاری
بكرێت، ئێمە دوامانكردوە ئەم ماددەیە
بگەڕێندرێتەوە یان ماددەی 17 ی یاسای 87 ساڵی
79 بگەڕێندرێتەوە". لە كۆتایی قسەكانیشیدا
جەختی لەوە كردەوە، ئەگەر دیسان رێنماییەك یان
بڕیارێكی تر دەربچێت لەبەرژەوەندی كرێچی
نەبێت، ئەوان دیسان دژی دەوەستن.
گۆران ئازاد ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان
لەلێدوانێكی تایبەت بە (سڤیل) بەر لە هەموو
شتێك ئەوەی روونكردەوە، كە نابێت یاساكانی
پەرلەمان بەرێنمایی رابگیرێت، بەڵكو رێنمایی
بۆ روونكردنەوەی یاساكانە گۆران ئازاد گوتی
"حكومەت دەسەڵاتی راگرتنی یاسای نییە ئەگەر
واش بكات ئەمە سەرپێچی یاسایە، چونكە یاسا بە
یاسا رادەگیرێت، نەك بەرێنمایی، هەر ئەم
یاسایە كە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچوە
بڕگەیەكی تێدایە دەڵێت وەزارەتی دارایی و
ئابوری پێویستە رێنمایی تایبەت بۆ جێبەجێكردنی
ئەم یاسایە دەربكات، رێنمایی بۆ ئەوەیە
وردەكاری ناو یاساكە رابگەیەنێت". لە
لێدوانەكەیدا بۆ (سڤیل) گۆران خۆی لەوە بە
دوور گرت، كە ئەو یاسایە هەڵبسەنگێنێ، ئەو
گوتی "من قسە لەسەر باشی و خراپی یاساكە
ناكەم، بەڵكو لەسەر سەرپێچی یاساكەیە، ئەگەر
حكومەت ئەم یاسایە بەشیاو نازانێت دەكرێت
پرۆژەیەكی هەبێت بۆ چارەسەری و پێشكەشی
پەرلەمانی بكات". لەكۆتایی لێدوانەكەشیدا
گۆران ئازاد باسی لە بەدواداچونی پەرلەمان كرد
بۆ ئەو مەسەلەیە و گوتی "حكومەت تائێستا هیچ
شتێكی رەسمی پێشكەش نەكردووین و ئاگاداری
نەكردوینەتەوە، بەڵام ئێستا پشوە دانیشتنی
رەسمی پەرلەمان نییە تا بانگی وەزیری دارایی
بكات و لێپێچینەوەی لەگەڵ بكات، بەڵام
بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەو یاسایە هەروا
بمێنێتەوە، لایەنی پەیوەندیدار بانگی پەرلەمان
دەكرێن، كە بەپێی ئەو بەدواداچونەی بۆ ئەو
بابەتەم كردووە، حكومەت خەریكی پڕۆژەیەكە بۆ
هەمواركردنی ئەو یاسایە".
|