|
سڤیل:
سەركەوت ئەحمەد
دوای ئەوەی لەماوەی رابڕدوو لە سلێمانی هێرش
كرایە سەر چەند كارمەندێكی تەندروستی،
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ سڤیل
باس لەو بڕیارانە دەكات كە ئەوان لەپێناو
"بنبڕكردنی ئەو دیاردەیە" داویانە و هەروەها
دەڵێ "لەراگەیاندنەكاندا هەڵمەتێكمان دەست
پێكردووە بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك".
لەپارێزگای سلێمانی، چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی
گشتی هەیە، وەك شارەزوور و گەرمیان و رانیە،
جگە لەفەرمانگەی تەندروستی سلێمانی كە زۆرترین
سنووری سلێمانی بەردەكەوێت، كە لەبێستانەوە
هەتا باشماخە و 13 نەخۆشخانە و 203 مەڵبەند و
بنەكەی تەندروستی هەیە و 69 تاقیگەی حكومی
هەیە و 9 هەزار و 735 كارمەندی تەندروستی و
1435 پزیشكی هەیە، هەروەها سنووری فەرمانگەی
تەندروستی سلێمانی بریتیە لەقەزای چەمچەماڵ و
دەربەندیخان و پێنجوێن و دوكان، ئەو شوێنانە
لەگەڵ ناو سلێمانی لەسنوری كاری فەرمانگەی
تەندروستی سلێمانی دایە.
لەدیمانەیەكی تایبەت بە (سڤیل) دكتۆر رێكەوت
حەمەڕەشید بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی
تەندروستی سلێمانی باسی لەكێشە و
كەموكوڕییەكانی فەرمانگە و چەندین لایەنی تری
پزیشكی لەكوردستان كرد، سەرەتا سەبارەت بەو
ڕووداوەی هێرشكردنانەی لەسنوری فەرمانگەی
تەندروستی سلێمانیدا دەكرێنە سەر كارمەند و
پاسەوانەكانی كەرتی تەندروستی، دكتۆر ڕێكەوت
بۆ (سڤیل) گوتی "لەم كۆتاییانەدا پزیشكێكی
موقیم دەولی لەلایەن هاوڵاتیەكەوە هێرشی كرایە
سەر، ئێمە چەند بڕیارێكمان داوە بۆ بنبڕكردنی
ئەم دیاردەیە، یەكەم تۆكمەكردنی پرسگەكان
بەزیادكردنی هێزەكانی پۆلیس لەهەندێك شوێندا،
بەشێوەیەكی كەم هەندێ ئاسایشمان داناوە، دووەم
لەمەولا هەر سكاڵایەك لەنەخۆشخانەكاندا باس
لەدەستدرێژیكردنە سەر پزیشك بێت، ئێمە بەناوی
فەرمانگەكەمانەوە سكاڵا تۆمار دەكەین لەدادگا،
جگە لەمانە ئێمە لە راگەیاندنەكاندا
هەڵمەتێكمان دەست پێكردووە بۆ هۆشیاركردنەوەی
خەڵك".
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی
باسی لەوەش كرد، پێویستە پزیشك برایانە و
بەسنگێكی فراوانەوە پێشوازی لەنەخۆش و
كێشەكانیان بكات، گوتیشی "بەڵام لەهەمانكاتدا
دەبێت ئەوانیش ڕێز لەكارمەندان و پزیشكانی ناو
نەخۆشخانەكان بگرن، ئەم كۆمەڵە پزیشكە تازەیەی
كە دادەمەزرێن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی
بڕیارمانداوە كۆبوونەوەیەكیان پێبكەین، چەند
خولێكیان بۆ بكەینەوە لەسەر چۆنیەتی
پەیوەندیكردن لەگەڵ نەخۆشدا".
دكتۆر ڕێكەوت سەبارەت بەگۆڕانكارییەكانی
سیستمی تەندروستی باوەڕی وایە پێویستە چاكسازی
لەسیستەمی تەندروستیدا بكرێت، لەبەرئەوەی
گۆڕانكاری بە پەلە لەسیستەمەكەدا كێشە دروست
دەكات، گوتیشی "ئێستا وەزارەتی تەندروستی
بەهاوكاری چەند كۆمپانیایەكی جیهانی خەریكن
هەندێ چاكسازی لەسیستەمی تەندروستیدا دەكەن،
لەدنیادا گۆڕانكاری بەپەلە كێشە دروست دەكات،
بۆیە پێموایە چاكسازیكردن لەسیستەمدا بۆ كاتی
ئێستامان باشترە لەگۆڕانكاری".
كێشەی تەندروستی دەرمان یەكێكی ترە لەكێشەكانی
تری بواری تەندروستی، بەڕێوەبەری گشتی
فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی لەبارەی
دەرمانەوە گوتی "ئێمە بەردەوام چەندەها
كۆبوونەوەمان كردووە لەوەزارەت، بڕیارمان داوە
كە هەر دەرمانێك لەمەولا دێتە ناو هەرێمی
كوردستان دەبێت بەفلتەری كوالێتی كۆنتڕۆڵدا
بڕوات و نابێ هیچ دەرمانێك بێ كوالێتی كۆنتڕۆڵ
بگاتە دەست هاوڵاتی". ئاماژەی بەوەش كرد چەند
تیمێكیان پێكهێناوە بۆ بەدواداچونی ئەو
دەرمانانەی بەسەرچون، بۆئەوەی چ
لەنەخۆشخانەكانی میریدا، چ لەدەرمانخانە
تایبەتەكاندا هەر دەرمانێكی ئێكسپایەر ببینن،
دەستبەجێ دەستی بەسەردا بگیرێت و لێكۆڵینەوە و
لێپێچینەوە لەگەڵ خاوەنی دەرمانخانەكەدا
بكرێت.
هەندێ جار لەلایەن بەرپرسە تەندروستیەكانی
سلێمانی باس لەوە دەكرا لەداهاتوودا سلێمانی
دەكرێتە سەنتەرێكی تەندروستی بۆ عێراق و
تەنانەت ناوچەكەش، دكتۆر ڕێكەوت سەبارەت بەو
بۆچونە ئاماژەی بەوە كرد، پلانێك بۆ ئەو
بابەتە هەیە و باسی لەوەش كرد لەماوەی سێ
مانگی پێشوودا دوو سەنتەری گەورەیان كردەوە،
یەكێكیان تایبەت بوو بە چاندنی گوێی منداڵ، بۆ
ئەو منداڵانەی كە تووشی نەخۆشی كەڕی دەبن،
دووەمیش كردنەوەی سەنتەری دڵە كە زیاتر لە
چوار ملیۆن دۆلاری تێچووە، ئەویش نەشتەرگەری
بۆ ئەو نەخۆشانە دەكات، كە دڵیان نەخۆشە و
گۆڕینی بۆری دڵ و گۆڕینی زمانەی دڵ و ئەوانەش
كە هەر لەمنداڵیەوە دڵیان كونە نەشتەرگەریان
بۆ دەكرێت، گوتیشی "ئێمە بەبێ بەرامبەر
نەشتەرگەریان بۆ دەكەین و جیاوازیش ناكەین
لەنێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان، تەنانەت
شارەكانی تری عێراقیش دێنە ئەم سەنتەرانە،
هەروەها ئەونەشتەرگەریە تەنها حەقدەستی ئەو
پزیشكەیە كە هێناومانە وەردەگیرێت، ئەوی تری
هەمووی بەبێ بەرامبەرە، بۆنمونە ئەگەر بێیت
بەراوردی بكەی بەسەنتەرێكی ئێران یان توركیا و
ئوردن بەدەیان هەزار دۆلاری كەمترە".
بەپێی ئەو ئامارەی كە فەرمانگەی تەندروستی
سلێمانی لەبەردەستیدایە، دانیشتوانی پارێزگای
سلێمانی لەساڵی 2009 پێكهاتوە لە 2 ملیۆن و
150 هەزار كەس و تەنیا دانیشتوانی ناوشار
زیاترە لە700 هەزار كەس، لەماوەی ساڵی 2009دا
نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستیەكانی
سلێمانی 2 ملیۆن و 342 هەزار و 665 سەردانیان
هەبووە، هەر لەو ساڵەدا 22 هەزار و 272 مناڵ
لەدایك بوون، هەروەها 3 هەزار 632 كەس مردوون.
هەر بەپێی ئەو ئامارە نۆرەی دڵ و مێشك زۆرترین
رێژەیان بەردەكەوێت، كە بەو هۆیەوە (445)
هاوڵاتی گیانیان لەدەست داوە، بەڕێوەبەری گشتی
فەرمانگەی تەندروستی باسی لەوە كرد، لەزۆربەی
وڵاتانی پێشكەوتوش یەكەم هۆكاری مردن جەڵتەی
دەماخ و جەڵتەی دڵە لەناو سلێمانیشدا ئەوانە
بەرزبوونەتەوە، بەڵام مردن وەك جاران بە
نەخۆشی گوازراوەكان وەكو سكچون و ڕشانەوە و
گرانەتا زۆر لەكەم بوونەوەدان، دكتۆر رێكەوت
گوتیشی "لەبەرئەوە پێموایە بارودۆخی تەندروستی
ئێمە لەحاڵێكی مامناوەندایە، بەڵام هێشتا هەر
جێگای ئومێد و حەزی خۆمان نییە، هێشتا ئێمە
دەبێت هەوڵبدەین كە مرۆڤی كورد تەندروست بێت".
لەكاتی بڵاوبوونەوەی هەندێ پەتای جیهانی یان
نەخۆشی گوێزراوەی ترسناك، هەندێ
لەڕاگەیاندنەكان باس لەشاردنەوەی داتا دەكەن
لەلایەن فەرمانگە تەندروستیەكانەوە، دكتۆر
ڕێكەوت باسی لەوە كرد لەسنووری سلێمانیدا هەر
نەخۆشیەك یان داتایەك هەبووبێت
ڕایانگەیاندووە، گوتیشی "بە نمونە ئێمە هەر
نەخۆشیەكی ئایدز هەبووبێت ڕامانگەیاندوە،
بەڵام ئەو ئایدزانەی هەبوون زۆربەی ئەو
بیانیانەن كە هاتوون بۆ كوردستان، هیچ داتایەك
ناشارینەوە، تەنانەت ئەو نەخۆشانەی كە
گومانمان هەیە ڕایدەگەیەنین".
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی
باسی لەوەش كرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی
گەرما پێویستە هاوڵاتیان ڕەچاوی ڕێنماییەكانی
وەزارەتی تەندروستی بكەن، گوتیشی "بەتایبەتی
كەسی نەخۆش و منداڵ نەچنە دەرەوە، هەروەها
لەكاتی گەرمادا لەو شوێنانەدا بن كە
فێنككەرەوە هەیە، ئەوانەی عارەق زۆر دەكەن ئاو
زۆر بخۆنەوە". سەبارەت بەو ناڕەزاییەی
لەئەنجامی گرانكردنی نرخی پشكنین لەعیادە
ئەهلیەكاندا دروست بووە گوتی "پێموایە ئەوە
كاری سەندیكایە و دەبێت ئەوان ڕوونكردنەوە
بدەن، باوەڕیشم وایە مەبەست زیاتر هەولێر بووە
لەدانانی ئەو نرخانەدا، چونكە بە نمونە لەم
ماوەیەدا 4 نۆڕینگەیان لەهەولێر داخستووە
لەبەرئەوەی 50 هەزار دیناریان وەردەگرت".
دكتۆر ڕێكەوت پێیوایە ئەوەیكراوە زیادكردن
نیە، بەڵكو ڕێكخستن كراوە، لەبەرئەوەی ناكرێت
بڕیارەكان تەنیا بۆ هەولێر یان بۆ سلێمانی
بێت، پێویست دەكات گشتگیر بكرێت، گوتیشی
"گرانبوونێكی واش ڕووی نەداوە، پزیشكی مومارس
10 هەزار و پزیشكی پسپۆر 15 هەزار و تەنها
نزیكەی 20 كەسێك لەسلێمانی بۆیان هەیە، 20
هەزار دینار وەربگرن، ئەوانی تر بەپێی یاسا
نابێت 20 هەزار وەربگرن، ئەوە دەبێت سەندیكای
پزیشكان بەهەماهەنگی لەگەڵ ئێمەدا چاودێری
ئەوانە بكات، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بزانین
كەرتی تایبەتی تەندروستی لەسلێمانی نرخەكانی
لەهەولێر و دهۆك كەمترە". |