بەڕێوەبەری لقی سلێمانی رێكخراوی گەشە بۆ قەرزی بچووك: چەندین مەلا قەرزیان بە سو وەرگرتوە و چەندین مەلای دیكە بوونەتە كەفیل  

 

سڤیل: سلێمانی




رێكخراوی گەشە كە رێكخراوێكی ناحكومییە و تایبەتە بەپێدانی قەرزی بچووك بەو كەسانەی كە داهاتیان سنوردارە و نوسینگەیان لەبەشێكی زۆری شار و شارۆچەكانی كوردستان هەیە و نوسینگەی سەرەكییان لەهەولێرە و لەپرۆژەیاندایە لەناوچەی شارباژێر و گەرمیانیش نوسینگە بكەنەوە، دانا رەشید عەبدولقادر بەڕێوەبەری لقی سلێمانی رێكخراوەكە باس لەئامانجی رێكخراوەكەیان دەكات، "بۆپێدانی قەرز بەوانەی كەم دەرامەتن بۆئەوەی خۆیان دروست بكەن". نمونەی رێكخراوێكی ئەمریكی دەهێنێتەوە، كە سەرەتا بەپێدانی بڕی یەك دۆلار دەستی پێكردووە، بەڵام ئێستا یەكێكە لەرێكخراوە بەناوبانگەكانی جیهان لەبواری قەرزی بچوكدا، دەربارەی جۆری رێكخراوەكەشیان، دانا رەشید ئەوەی ئاشكرا كرد كە رێكخراوێكی ناحكومییە، بەڵام تەمویلی لەئەنجومەنی وەزیرانەوەیە و لەگەڵ هەموو بانكە ئەهلی و حكومییەكانیشدا ئیش دەكەن، سەبارەت بە ژمارەی سودمەندەكانی رێكخراوەكەیان بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانی رێكخراوی گەشە ئاماژە بەوە دەكات، كە "لەسەرتاسەری كوردستاندا نزیكەی هەشت هەزار خێزان ئەو قەرزەی وەرگرتووە، كەسی وا هەبووە هاتووە وەریگرتوە بۆئەوەی مەكینەیەكی خەیاتی پێبكڕێت، دوای ساڵێك هاتوەتەوە كردویەتی بەدوو مەكینە لەبەرئەوەی ئیشی پێكردووە و قازانجی لێكردووە، ئەمساڵ هاتوەتەوە نزیكەی حەفتا وەرەقەمان پێداوە و كارگەیەكی درومانی پێداناوە، كەسێكیش هەبوو ئیشی تەختەی بچوكی دەكرد وەكو كلكە خاكەناز و شتی دیكە، بیست و پێنج وەرەقەمان پێداوە مەكینەیەكی دارتاشی كڕیوە، ئێستا قەرزی سێیەمی وەرگرتوە و وەرشەیەكی كردوەتەوە". دانا رونكردنەوە لەبارەی مەرجەكانیان بۆ ئەو كەسەی كە قەرزەكە وەردەگرێت دەخاتەڕوو، "دەبێت خەڵكی كوردستان بێت، تەمەنی لە 18 ساڵ بۆ 63 ساڵ بێت و كەفیلی حكومیی هەبێت، واتە دەبێت فەرمانبەر بێت بەمەدەنی و سەربازییەوە". ئەو باس لەوەش دەكات، كە چەند جار كێشەیان رووبەڕوو دەبێتە بۆنمونە، "كێشەیەكمان هەبوو كەسێك نەیدەویست قەرزەكە بداتەوە، ناردمان بۆ دادگا لەوێ لەموچەی كەفیلەكەیان بڕی و پێیان داینەوە، هەر كەسێك بیەوێت پارەكە نەداتەوە ئێمە ناچارین لەموچەی كەفیلەكەی بیبڕین"، گوتیشی "جۆری قەرزپێدانەكانمان بەمشێوەیەیە، قەرزی بەكارهێنان هەیە بۆهەموو فەرمانبەرانی حكومەت، ئەویش بەپێی موچەكەی بۆی خەرج دەكرێت، ئێمە قەرزەكانمان دەدەین بەهەموو پرۆژە بازرگانییەكانی وەكو دوكان، كارگە، هەروەها بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەشی كە كاریان پێدەكرێت وەكو تاكسی و بارهەڵگر، هەروەها بۆ نۆژەنكردنەوەی خانووش". دەربارەی ئەو بڕەشی كە وەكو سو دەیخەنە سەر قەرزەكە، ئەوەی ئاشكرا كرد كە ئەوان 10% پارەكە وەكو سو وەردەگرن و 2% یش وەكو رسومات، وەكو ئاشكرایە بەو پێیەی لەكۆمەڵگەی كوردیدا ئایین زاڵە بەسەر بیركردنەوەی خەڵك داو بەپێی ئایینیش وەرگرتنی سو حەرامە، لەوبارەیەوە بەڕێوەبەرەكەی نوسینگەی سلێمانی باسی لەوەكرد كە، "چەندین مەلا پارەیان لێرە وەرگرتووە، چەندین مەلاش بوون بە كەفیل، چونكە رێكخراوەكەی ئێمە زیاتر خێرییە نەك قازانجی، ئەو سوەی ئێمە وەری دەگرین بۆخەرجییەكانی خۆمانە، وەكو كرێی بینا و موچەی فەرمانبەران، مانگی وا هەبووە داهاتمان كەمتر بووە لەو بڕە پارەیەی كە بەخەڵكمان داوە، بەڵام مانگی دواتر قەرەبوومان كردوەتەوە".
دەربارەی پرۆژەی نوێی رێكخراوەكەشیان ئاماژەشی بەوەكرد، كە دەیانەوێت قەرزی كشتوكاڵی، قەرزی بە كۆمەڵ و قەرزی ئیسلامیش بكەنەوە، هەروەها "لەماوەی سێ رۆژدا چەك دەگەیەنین بەدەستی داواكارەكە، بڕی قەرزەكانیشمان لەسەد دۆلارەوە دەست پێدەكات، تاوەكو دە هەزار دۆلار بۆ ئەو كەسانەی كە داهاتیان سنوردارە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com