|
سڤیل:
زیاد ئیسماعیل
كاتێك لەشوێنێك دادەنیشێت دەفتەرەكەی دەكاتەوە
و دەست بەنوسین دەكات، بەڵام دەستخەتی ئەو،
هێندە ئاڵۆز و تێكەڵە، رەنگە هەر تەنها خۆی
سەری لێدەركا و بتوانێت بیخوێنێتەوە، وەك خۆی
دەڵێ تائێستا زیاتر لە 10000 لاپەڕەی نوسیووە،
تا لەلای نەبیت باوەڕناكەیت چەند ئەو
دەفتەرانەی خۆشدەوێت، "ئەگەر ئەو دەفتەرانەم
شتێكیان بەسەر بێت، ئینتیحار دەكەم".
ئاوات عێراقی، كوڕە گەنجێكی تەمەن 21 ساڵە،
لەناحیەی ئاخجەلەری سەر بە چەمچەماڵ لەدایك
بووە، تا پۆلی سێیەمی ناوەندی خوێندووە، ماوەی
10 ساڵ لەشارۆچكەی بێجی ژیاوە، ئێستاش
لەهەولێر نیشتەجێیە، بەردەوام درێسی
هەڵبژاردەی عێراقی لەبەردایە، ئەو كوڕە خولیای
نوسینەوەیە، وەكو خۆی دەڵێت تائێستا زیاتر لە
10 هەزار لاپەڕەی نوسیوە، بەتەواوی لەساڵی
2002 ەوە دەستی بەنوسینەوە كردووە، بەردەوام
سەیری كەناڵەكان دەكات، هەواڵ و رووداوەكانی
عێراق دەنوسێتەوە، لەگەڵ ئەوەش ناوی كەناڵەكە
و كاتی خوێندنەوەی هەواڵەكەش دەنوسێت، ئاوات
ئەو لاپەڕانەی رۆژانە لەكەناڵەكان و كۆڕ و
كۆبوونەوەكان دەیاننوسێت، كە دەگەڕێتەوە
ماڵەوە دەیانخاتە سەر دەفتەرەكانی.
ئاوات بەڕادەیەك پارێزگارییان لێدەكات لە دڕان
و پیسبوونیان كە "پێش ئەوەی دەست بدەمە
دەفتەرەكان دەستم بەسابون چەند جارێك دەشۆم".
لەبارەی ئەو دەستشۆردنەیشیەوە دەڵێت "بۆئەوەی
دەفتەرەكەم بەخاوێنی بمێنێتەوە، نوسراوەكانم
بۆ رۆژێك و دوان و ساڵێك و دوان نییە، تائێستا
لەوەتەی دەنوسم هەموو رووداوەكانی عێراقم لەو
ماوەیە نوسیوەتەوە". جگە لەرووداوەكانی عێراق
ناوی هەموو سەرۆكەكانی عێراق و رۆژنامە و ناوی
ئەندام پەرلەمانەكانی عێراقیشی نوسیوەتەوە،
بەشێك لەدەفتەرەكانیشی تایبەت كردووە
بەنوسینەوەی ژیانی خۆی، هەروەها كارتەكانی
پۆلی یەكەم تا سێیەمی ناوەندی ماوە.
یەكێك لەو شتانەی لەئاواتدا هەیە و جێگەی
سەرنجە پاشگرە عێراقییەكەیەتی، ئاوات وەك
نەتەوە كوردە، لەنەوەی دوای راپەڕینە،
لەدایكبووی ناوچەیەكی ئەنفالدیدەیە،
گەنجێتییەكەی لەسەردەمێكدایە كە ئینتیما بۆ
عێراق لەلایەن گەنجانی كوردەوە نەك هەر كزە،
بەڵكو لای زۆر لەكەسان ئینتیما بۆ عیراق بوونی
نەماوە و گەیشتووەتە رادەی رقلێبوونەوە، بەڵام
ئاوات دەڵێ "من عیراقم خۆش دەوێ".، لەسەر
ناوەكانی سەر كارتەكەشی تەنها ناوی خۆی
هێشتۆتەوە و ناوی باوكی یان بەقەڵەم ونكردوە
یان دڕاندویەتی، ئاوات هەرگیز حەزناكات بەناوی
باوكیەوە بانگبكرێت، حەز دەكات بە ئاوات
عێراقی ناوی بهێندرێت، لەبارەی پاشگری
عێراقیشەوە دەڵێت "ئەمە خۆشەویستیمە بۆ عێراق،
كە تێیدا دەژیم". ئەو كاتەی ئاوات لەماڵەكەی
خۆی ویستی دەفتەرەكانی پێشانمان بدات، سەرەتا
بەتانیەكی هێنا و رایخست، ئینجا دەستی كردە
هێنانە خوارەوەیان لەناو مەعرەزەكەی بۆ سەر
بەتانیەكە، لەبەرگی زۆربەی دەفتەرەكانی
بەعەرەبی نوسیوە "من عێراقیم، شانازی بەعێراق
دەكەم". لەهەمانكاتدا دەڵێ "وەنەبێت رقم
لەكورد ببێتەوە، هەركاتێك ئاڵای كوردستان یان
وێنەی سەركردەكانی كورد لەسەر زەوی ببینم
كەوتووە، هەڵم گرتۆتەوە، ئێستا هەر لەلام
ماون". لەشوێنێكی تری دەفتەرەكانی هەر بە
زمانی عەرەبی نوسیویەتی "هەموومان وەكو تۆ
بریندارین ئەی هەڵەبجە".
تائێستا رەخنەی بۆ زۆر لەتیڤیەكان ناردووە،
وەكو خۆیشی دەڵێت بەوەڵامنەدانەوەی رەخنەكان
زۆر تێكدەچێت، ئەو لایەنانەی ئاوات بەنوسراو
رەخنەی لێگرتوون "پەیمانگای كوردستان بۆ پرسە
سیاسییەكان، زنجیرە درامای گەردەلول، كوردستان
تیڤی، (ئەفسانەی چیا) فیلمی دیكۆمێنتی لەسەر
مەلا مستەفا لەكەناڵی سۆمەریە"، بەڵام دەڵێ
ستافی فیلمەكە وەڵامیان دامەوە. ئەو گەنجە
ئەوەشی خسەڕوو كە "30 ئەلقەی كامێرای شاراوەم
نوسیوە، بۆ مانگی رەمەزان زیاتر 10 تەلەفزیۆنم
كرد، بەڵام بەداخەوە دەستی یارمەتیان بۆ درێژ
نەكردم، بەبیانوی ئەوەی توانای ماددیان نییە،
بەڵام من ئامانجی مادیم نەبوو".
|