بەنوسراوێكی وەزارەتی ئــــابوری و دارایی 600 دەفتـــــەر دۆلاری قوتابیانی زانكۆی لبنانی - فەڕەنسی دەفەوتێت  

 

سڤیل: زیاد ئیسماعیل




لەپێناو وەرگرتنی دەرماڵەی ماستەر، قوتابیانی زانكۆی لوبنانی فەڕەنسی دژی بڕیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری دەوەستن و كۆمیتەیەك بۆ بەرگریكردن لە خەرجكردنی دەرماڵەی ماستەر لەزانكۆی لوبنانی فەڕەنسی دروست دەكەن، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدینیش دەڵێت "ئێمە چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەت دەكەین، هەر بڕیارێكیش ئەوان دەری بكەن، ئێمە جێبەجێی دەكەین". وەزارەتی دارایی و ئابووریش بەنوسراوی ژمارە 12018 لە 25/7/2010 بە ئیمزای وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژە بەوە كراوە، كە تەنها دەرماڵەی ئەو بڕوانامانە سەرفدەكرێت كە فەرمانبەر پێی دامەزراوە و لەهەمان پسیۆڕیەتی بێت، بەپێچەوانەوە دەرماڵەی بڕوانامەكەی بۆ سەرف ناكرێت، ئەویشی بۆی سەرفكراوە دەبێت لێیبسەندرێتەوە.
هێمن محەمەد، دەرچووی بەشی ئامار لەزانكۆی سەڵاحەدین و فەرمانبەر لە راگەیاندنی سەرۆكایەتی زانكۆی سەڵاحەدین، هەروەها قوتابی زانكۆی لبنانی فەڕەنسی نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر ئەو بڕیارە دەربڕی و گوتی "كاتی خۆی كە گرێبەستمان لەگەڵ زانكۆ كردوە، بەوەی كە ئەگەر بێت و ئێمە ماستەرەكە تەواوكەین، بڕوانامەكە وەربگرین ناونیشانی وانەوتنەوەمان پێنادرێت، چونكە ئێمە ناتوانین وانە بڵێینەوە، لەبەرئەوەی ماستەرەكە پسۆڕی خۆمان نییە، بەڵام موچەی ماستەرمان بۆ سەرف دەكرێت". ئەوەی زیاتر قوتابیانی زانكۆی لبنانی فەرەنسی نیگەران كردووە، ئەوەیە لەسەرەتاوە پێیان نەگوتراوە كە دەرماڵەی بڕوانامە خەرج ناكرێت، ئەگەر لەپسپۆڕیەكەی خۆت نەبێت، بۆئەوەی ئەوانیش ئەو پارە زۆرەیان سەرف نەكردبایە "لاریمان نیە لەو بڕیارە، بەڵام دەبوو لەسەرەتاوە ئێمەیان ئاگادار كردبایەوە، نەك ئێستا، كە هەر قوتابیەك بۆخوێندنی دوو ساڵ بڕی 106 وەرەقەی لێوەرگیراوە، بەهەموو قوتابیەكان نزیكەی 600 دەفتەر دۆلارمان مەسرەف كردووە". ئەو قوتابیەی زانكۆی لبنانی فەڕەنسی ئاماژەی بەوەشكرد كە "ئەو زانكۆیە لەلایەن حكومەتەوە دانی پێداندراوە، لەكاتی ئاهەنگی دەرچوانیش هەردوو وەزیری خوێندنی باڵا و پلاندانان و قونسوڵی فەرەنسا ئامادەبوون، بڕوانامەكانیان بەقوتابیەكان دەدا، هەر ئەو كاتی وەزیری خوێندنی باڵا ئەوەی راگەیاند كە لەو 10 ملیۆن دۆلارەی بۆ ناردنە دەرەوەی قوتابیان تەرخانكراوە، ئێمەش دەگرێتەوە، كەواتە ئێمە هیچ جیاوازیەكمان نیە لەگەڵ زانكۆ حكومیەكانی كوردستان، بەڵام ئێمەش نازانین بۆ ئەو بڕیارەمان بەسەر دا دەسەپێنن و لەسەر چ بنەمایەكە". هێمن ئەوەشی گوت كە ئێستا كۆمیتەیەكیان دروستكردوە بۆ زیاتر بەدواداچونی كێشەكەیان، ئەوەیشی ئاشكرا كرد، كە ئەگەر ئەو دەرماڵەیەیان بۆ سەرف نەكرێت، ڕێوشوێنی تر دەگرنەبەر "ئێستا كۆمیتەیەكمان دروست كردوە، بڕیارە بچینە لای وەزیر، ئەگەر هەر وەڵامیان نەداینەوە ئەوكاتە ئێمە بەدڵنیاییەوە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین بۆ بەردەم سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمانیش، تەنانەت رێگەی دادگاش دەگرینەبەر". سەبارەت ژمارەی ئەو كەسانەی لەزانكۆی (لبنانی فەڕەنسی) لەهەمان پسپۆڕێتیەكەی خۆیان دەخوێنن، گوتی "لەنێو ئەو 600 قوتابیە تەنها 20-26 كەس لە پسپۆڕیەتی خۆیان دەخوێنن، ئەوانیش دەنگی خۆیان خستۆتە پاڵ دەنگی ئێمە".
زانكۆیbmu ناسراو بە (لبنانی فەڕەنسی) پێكهاتووە لەزانكۆیەكی لبنانی و یەكێكی فەڕەنسی كە نوێنەرایەتی زانكۆی پیكارد دەكات و لەریزبەندی زانكۆ حكومیەكانی جیهان ریزبەندی هەیە.
زانكۆی سەڵاحەدین كە ئێستا لەو كێشەیە ئاگادارە، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێكی نەداوە، د.ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین لەو بارەیەوە بە (سڤیل)ی راگەیاند، كەوا ئەو كێشەیە پەیوەندی بە ئەوانەوە نیە، بەڵكو ئەوان چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەت دەكەن، گوتی "وەزارت چی بڵێ ئێمە ئەوە جێبەجێ دەكەین". ئەوەشی گوت كە "لەكاتی خۆیەوە وەزارەت بە روونی دەڵێت هەر كەسێك لە پسۆڕیەتی خۆی بخوێنێت ماستەرەكەی ئەكادیمی بۆ حساب دەكرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە پەیوەندی بەئێمەوە نییە ئیشی وەزارەتە".
بەپێی نوسراوی ژمارە 9/4/12018 لەبەرواری 25/7/2010 رێنمایی دارایی ژمارە 13 لەوەزارەتی دارایی و ئابوری ئاماژە بۆ گشت وەزارەتەكان و فەرمانگەكانی نەبەستراو بەوەزارەت كراوە، و واژوی بایز سەعید وەزیری درایی و ئابوریشی لەسەرە، تێدا هاتووە كە "پاڵپشت بەنوسراوی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێڕاقی فیدڕال/ فەرمانگەی یاسایی ژمارە 47281 لە 7/12/2008 وە ئەو بڕوانامەیەی كە فەرمانبەرەكان بەدەستی دەهێنن لەكاتی خزمەتی وەزیفیدا دوای دڵنیابوون لەدروستی بڕوانامەكەی و بڕواپێكراوی لایەنی پەیوەندیدار كاری پێدەكرێت بۆ مەبەستی خەرجكردنی دەرماڵەی بڕوانامە، واتا ئەو فەرمانبەرەی بڕوانامەیەكی بەرزتر بەدەست دێنێت، شایستەی دەرماڵەی ئەو بڕوانامەیە دەبێت، بەمەرجێك پەیوەندی هەبێت بەو پسپۆڕی و ئەو بڕوانامەیەی كە پێی دامەزراوە، بەپێچەوانەوە ئەو دەرماڵەیە خەرجناكرێت و ئەو فەرمانبەرەی كە ئەو دەرماڵەیەی بۆ خەرجكراوە بەپێچەوانەی ئەو رێنمایە لێیبسەندرێتەوە".

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com