|
بێركۆت
بەر ماستەرپلان دەكەوێ و خەڵكەكەش بە
قەرەبووەكە رازی نین
سڤیل: زیاد ئیسماعیل
رەنگە زۆر كەس لەناو هەولێریش بێركۆتی
نەبینیبێت، بەڵام لەهەموو كوردستان دەزانرێ
بێركۆتێك لەنزیك هەولێر هەیە، كە پەشێوی شاعیر
تێیدا لەدایك بووە و ژیاوە، بەڵام ئێستا
ماستەرپلانی هەولێر بەیەكجاری بێركۆت لەسەر
نەخشەی هەولێر دەسڕێتەوە.
بێركۆت هەر گوند بوو، تا لەساڵی 2000دا
بەشێوەیەكی فەرمی بەنوسراوی ژمارە1357ی
پارێزگاری ئەو كاتەی هەولێر (ئەكرەم مەنتك)
ناونیشانی گەڕەكی پێدراوە، گەڕەكی بێركۆت
ئێستا یەك قوتابخانەی بنەڕەتی و یەك مزگەوت و
بیرێكی ئاوی لێیە كە ئێستا داخراوە و سوود
لەئاوی ئیفراز وەردەگرن، بەهۆی نزیكی لەشار و
گەورەبوونی شار ئێستا لەبەرنامەی شارەوانیدا
هەیە، گەڕەكی بێركۆت بگوازرێتەوە بۆ شوێنێكی
تر، بەڵام تائێستا ساخ نەبۆتەوە ئەو شوێنە
كوێیە، لەكاردانەوەی ئەو كارەش ئەنجومەنێك
لەگەڕەكی ناوبراو دروستكراوە و رێنماییەكانی
شارەوانی رەتدەكەنەوە.
سامان مەحمود دانیشتووی بێركۆت، خانووی خۆیەتی
لەسەر رووبەڕی 100 مەتر وەكو خوی دەڵێت نزیكەی
3 دەفتەر دۆلاری تێدا سەرفكردوە، ئەو پلانەی
حكومەتی هەرێم بەبێبەرنامە لەقەڵەمدەدا و گوتی
"هەندێك شت هەیە دەبێت بەدیراسەت بكرێت،
پێویستە بەرنامەرێژی هەبێت، نەك وەك ئەوەی
نوێنەری شارەوانی بێبەرنامە هاتووە، هیچی
پێنیە دەڵێت هەركەسێك خانووی خۆی بڕوخێنی،
ئێمە پارچەیەك زەوی پێدەدەین، ئێمە چی لەزەوی
بكەین، ئەگەر پارە نەبێ بۆ دروستكردنی خانوو".
ئەو هاوڵاتییە، "ئێمە لاریمان نیە كە حكومەت
پێویستی بەو شوێنە هەیە، بەڵام ئێستا ئێرە 700
ماڵی لێیە، ئەگەر هەر هەموویان لێرە دەربكەن
واتە 700 كرێچیان زیادكرد". چارەسەری ئەو
گرفتەی لەوە دەدۆزیەوە كە "دەبێت لەگەڵ پێدانی
زەویەكە بڕە پارەیەكیان بدرێتێ بتوانن خانووی
پێدروست بكەن". ئەگەرچی بەگوتەی دانیشتوانی
بێركۆت حكومەت پێیڕاگەیاندوون بۆ دروستكردنی
خانوو لەپێشینەی خانووبەرە سودمەند دەبن،
بەڵام ئەوان دیسان ئەمە بەهەبوونی كۆسپ دەزانن
لەبەردەم هەندێكیان "ئەوان دەڵێن سوود
لەعەقاری وەربگرن، كەچی تێماندا هەیە عەقاری
وەرگرتووە، هەیە هەر بەحەرامی دەزانێت، حكومەت
دەبێت زەوی و پارەیەكمان بداتێ، دوو مانگیش
مۆڵەتمان پێبدات، ئینجا خانووش بڕوخێنی كێشە
نییە".
وەكو دانیشتوانی ئەو گەڕەكە باسیان لێوە
دەكرد، بەبڕیارێك لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی
پەروەردە هەر لەئێستا فەرمانی راگرتنی
قوتابخانەی بێركۆت دەرچووە، كەچی لەكاتێكدا
ژمارەیەكی زۆر لەقوتابیان وانەیان بۆ خولی
دووەم ماوەتەوە، لەبەرامبەریشدا دانیشتوانی
ئەو گەڕەكە بڕیاریان داوە ئەگەر
لەقوتابخانەكەی خۆیان نەبێت، رێگە
بەمنداڵەكانیان نەدەن بەشداری
لەتاقیكردنەوەكانی خولی دووەم بكەن، سامان
گوتیشی "گەورەترین كێشە ئەوەیە كە پێش هەموو
شتێك هاتوون مەكتەبیان راگرتووە، من ئەمساڵ
منداڵەكەم ساڵێك دوا دەكەوێت، ئەگەر دواش
بكەوێت بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە تۆمەتبار
دەكەم و بانگهێشتی دادگای دەكەم"
دانیشتوانی بێركۆت لاریان نیە لەچۆڵكردنی
خانوەكانیان بەو مەرجەی لەگەڵ زەوی بڕێك
پارەیان پێبدرێت، مامۆستا هونەر عوسمان
دانیشتوی بێركۆت دەڵێت "ئاساییە هەركاتێك شار
گەورە دەبێت گوندەكانی دەوروبەری تێكەڵی دەبن،
دەزانین شار ماستەرپلانی پێویستە، ئەگەر
ئەوشوێنەی ئێمە بۆتە هۆكارێك بۆ ناشیرینكردنی
شار با حكومەت هەڵیبگرێت، بەڵام پێویستە
بەبەرنامە ئەو ناوچەیە هەڵبگیرێت،
بڕیارمانداوە بەهیچ جۆرێك بەو شێوەیە لێرە
ناڕۆین، تەنانەت ئەگەر ئاو و كارەباشمان لەسەر
ببڕن، تا بڕە پارەیەكیشمان لەگەڵ زەوییەكە
پێنەدەن".
لەگەڵ دەنگۆی تێكدانی بێركۆت ئەنجومەنێك بۆ
بەرگری دروست دەكرێت، 12 ئەندام لەخۆی دەگرێت،
فارس رەسوڵ ئەندامی ئەنجومەنی بێركۆتە، گوتی
"ئێستا سێ شوێن بۆ ئێمە ئامادەكراوە، كە
داواكاری ئەنجومەنەكەش ئەوەیە گەڕەگی 121ی
گوڵان بۆ قەرەبووكردنەوەی زەویەكانیان
پێبدرێت، لەگەڵ بڕێك پارە، ئێمە لەشارەوانیش
بەدواداچونمان كردووە كە ئەو شوێنە چۆڵە و
بەشی ئێمەشمان دەكات، ئەو كەسانەی
خانووەكەشیان تێكداوە خانووەكەیان 40 مەتر و
50 مەتر بووە بۆیە رازیبوونە".
پەیوەندیمان بەبەڕێوەبەری قوتابخانەی بێركۆتی
بنەڕەتی كرد، بەڵام ئەو ئامادەنەبوو هیچ
لێدوانێك بدات.
برزۆ زیاد مستەفا بەڕێوەكاری كاروباری
خانوبەرە لەپارێزگای هەولێر لەوبارەوە
رایگەیاند كە "بەپێی نەخشەی ماستەرپلانی شاری
هەولێر بێركۆت ناوچەیەكی نیشتەجێی نییە، بۆیە
بەپێی بڕیاری ژمارە 5ی پەرلەمانی كوردستان
ساڵی 2002 مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، كە 200
مەتر زەویان پێدەدرێت، هەرچەندە بڕیارەكە بەو
شێوەیە، بەڵام ئێمە زیاترمان بۆ ئەو خەڵكە
كردووە، چونكە بەپێی یاساكە هیچ كەسێك بۆی
نییە خانوی تەجاوز دروستبكات و بەكرێی بدات،
بەڵام ئێمە چاوپۆشیمان لێكرد، هەرخانوێك
تێكبچێت 100مەتر بەكرێچیەكە دەدەین و 200
مەتریش بە خاوەن خانووەكە دەدەین، ئەو زەویەی
وەری دەگرن لەگەڕەكی هاوكاریە شوێنەكە
لەئەسڵدا تیجاریە، بەڵام ئێمە كردوومانە بە
سەكەنی بۆ بەرژەوەندی خەڵكەكە و بەملیۆنەها
دۆلاری لێسەرف دەكرێت، خەدەماتی بۆ دەچێت،
نەخشەكەشی بۆ داندراوە بەزووترین كات ئاو و
كارەبای بۆدەچێت، ئێمە پێشینەی خانووشیان بۆ
وەردەگرین، ئەو زەویانەی ئەوان وەریدەگرن
لەڕووی نرخەوە زۆر گرانترە لەوەی هەیان بوو،
بەپێی یاسای تەجاوزات پارەدان نییە، زیاتر
لەنیوەی بێركۆت كرێچین و بەو بڕیارەی ئێمە
رازین". |