حكومەتی هەرێم پێشینەی خــــــــــــــانوبەرە رادەگیــــرێت  

 

چاودێرێكی ئابوری: حكومەتی هەرێم خەڵك هەڵدەخەڵەتێنێ، ئــــەگەر وابڕوات خەڵــــكیش متمــــــانەی بەو حكومەتە نامێنێت

سڤیل: شوان سدیق




وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم بەبڕیارێك دابەشكردنی پێشینەی خانوبەرەی ناوشار رادەگرێت، چاودێرێكی ئابوریش پێیوایە ئەو بڕیارەی حكومەت، ئەزمە دروست دەكات و ئەگەر حكومەت كارەكانی بەوشێوەیە بێت، چیتر خەڵك متمانەی بە دەسەڵات نامێنێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبڕیارێك دابەشكردنی پێشینەی خانوبەرەی ناوشار رادەگرێت، لەو بارەیەوە سەباحەت حەمەتاهیر بەڕێوەبەری بانكی خانوبەرەی هەولێر بە(سڤیل)ی راگەیاند "ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی بۆ 19/8/2010 دەگەڕێتەوە، چونكە بەپێی ئەو راگەیاندنەی كە وەزارەتی دارایی و ئابوری بەئێمەی راگەیاندووە، پێویستە داواكاری وەرگرتنی سلفەی عەقاراتی ناوشار واتە پێشینەی خانوبەرە تا كاتێكی نادیار رابگیرێت".
لەمانگی (10)ی ساڵی 2008 بەبڕیاری حكومەتی هەرێم لەرێگای وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیار دەچووە ئەو كەسانەی لەناو شارن، دەتوانن لەرێگای سلفەی عەقارەوە سودمەندبن، هەرچەندە لەئێستادا، خەڵكێكی زۆر لەناوشار چاوەڕێی وەرگرتنی ئەو پێشینەیەن بۆ دروستكردنی خانوو، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بەڕێوەبەری بانكی خانوبەرەی هەولێر بۆ (سڤیل)ی ئاشكرا كردووە، تەنها لەهەولێر "تا ئێستاكە نزیكەی (7) هەزار كەس سودمەند بوون، لەوەرگرتنی سلفەی عەقارات لەناو شار، واتە پێشینەی خانوبەرەیان وەرگرتووە".
بەڕێوەبەری بانكی خانوبەرەی هەولێر هۆكاری راگرتنی پێشینەی خانوەبەرەی ناوشار لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە بۆئەوە گەڕاندەوە، كە ئێستا پێشینەی خانوبەرەی گوندەكان دەستی پێكردووە، سەباحەت حەمەتاهیر گوتی "بێگومان هۆكاری راگرتنی دابەشكردنی پێشینەی خانوبەرەی ناوشار لەبەر ئەوەیە كە ئێستا هەڵدەستین بەدابەشكردنی سلفەی عەقار بۆ گوند و قەزا و ناحیەكان".
بەبڕوای ئەیوب سماقەیی كە مامۆستایەكی زانكۆیە لەكۆلێژی كارگێڕی و ئابوری زانكۆی سەلاحەدین. ئەگەر ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی و ئابوری وابێت، "ئەزمە" دروست دەكات، لەبەرئەوە خەڵكێكی زۆر سودمەند نابن، بۆیە ئەزمەكەش "جۆرێك لە بێكاری و بێ ئەمەلی دروست دەكات"، مامۆستا ئەیوب رونیشكردەوە، ئەو ئەزمەیە كە بەهۆی راگرتنی پێشینەی خانوبەرە دروستدەبێت، "بێگومان متمانەی دروست دەكات، لەنێوان هاوڵاتی و دەوڵەتدا، چونكە هەر كاتێك بێمتمانەی نەما دەبێتـە هۆی ئەوەی كە خەڵك دوور بكەوێـتەوە لەئیشوكارەكانی حكومەت، بۆیە لێرەشدا هۆكارێكی تریش سەرهەڵدەدا، ئەویش بەرزبوونەوەی نرخی خانوبەرە و كرێی خانووە".
زۆر لەچاودێران و شارەزایان، لەبەڕێوەبردنی كاروباری حكومەتدا لەو بڕوایەدان، كە پێویستە پێش ئەوەی حكومەت، هەر بڕیارێك دەربكات، دەبێت پلانی درێژخایەنی بۆی هەبێت، چونكە ناكرێت، ئەمڕۆ بڕیارێك دەربكرێ و سبەینێش لەبەر هۆكاری تەكنیكی یان نەبوونی بودجەی پێویست، بڕیارەكە بۆ كاتێكی نادیار رەتبكرێتەوە، یاخود رابگیرێت.
ئەیوب سماقەیی كە چاودێرێكی ئابورییە، ئەویش لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا هاوڕایە و دەڵێت "زوو بڕیار دەركردن و رەتكردنەوە، یان دواخستنی بۆ كاتێكی نادیار، ئەمە بەمانای بانێك و دوو هەوا دێت، چونكە ناكرێت ئەمڕۆ بڕیارێك دەربكرێ و سبەینێش رابگیرێت"، هەمان مامۆستای زانكۆ لەكۆلێژی كارگێری و ئابوری دەپرسێت، "بۆچی حكومەت ئامادەیی هەیە ئەو هەموو پارچە زەوییانە دەدات بە كۆمپانیایەك كە داخیلی سندوقی نیشتەجێبوونن، بۆچی ناتوانێت پێشینەی خانوبەرە بداتە بە خەڵكێكی هەژار، كە تێیدا نیشتەجێ دەبێت! لەبەرئەوە پێموایە بەڕاستی ئەوە خەڵك هەڵخەڵەتاندنە حكومەت دەیكات، بۆیە پێویستە حكومەت بەجدی لەو مەسەلەیە بڕوانێت".
سەرەڕای ئەوەی ئەو چاودێرە ئابورییە هەموو ئەو فاكتەرانەی خستەڕوو كە بەهۆی راگرتنی پێدانی پێشینەی خانووبەرەی ناوشار و دەركردنی بڕیارێكی بە پەلەی حكومەت، كێشەكان سەر هەڵدەدەن، بەڵام بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دارایی تەنها ئەوەی وت "ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی كاتییە، چونكە ئێستا مامەڵەی گوندەكان هاتۆتە پێش بۆ ئەوەی ئەوانیش ئیشەكانیان زوو بۆ ئەنجام بدرێت".
دلێر تاریق بەڕێوەبەری راگەیاندن، لەوەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم بۆ (سڤیل)ی روونكردەوە و گوتی "ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی ئەو كەسانە ناگرێتەوە، كە پێشتر داواكاری وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرەیان هەبووە، لەبانكەكان بێگومان ئەوان ئیشەكانیان دەڕوا و جێبەجێ دەبێـت، بەڵام لەئێستادا تەنیا داخوازی بۆ پێشینەی خانوبەرەی ناوشار بەشێوەیەكی كاتی راگیراوە، نەك بە یەك جاری، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە پێشینەی خانوبەرە بە دانیشتوانی گوندەكانیش بدرێت، لەداهاتووشدا پێدانی پێشینەی خانوبەرە، بەسەر هاوڵاتیانی ناوشار دەست پێدەكاتەوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com