وەزیری بازرگانی: 10 هەزار كۆمپانیا لە كوردستان هەن و هەوڵدەدەین كۆمپانیای كەنەدی بێنە كوردستان  

 

سڤیل: شوان سدیق




ئەوەی دیدار و چاوپێكەوتنی وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەراورد بە وەزیرەكانی دی حكومەتی هەرێم جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە لەكاتی دیداری رۆژنامەوانیدا، وەزیر چەند راوێژكار و بەڕێوەبەرێكی گشتی بانگهێشتی دانیشتنەكە دەكات، سینان عەبدولخالق وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم لەو دانیشتنەدا، وەڵامی چەند پرسیارێكی (سڤیل) دەداتەوە، ئاماژەش بەوە دەكات، بۆیە ئەو راوێژكار و بەڕێوەبەرە گشتیانە بانگهێشت دەكات، "رەنگە وەڵامی بەشێك لەپرسیارەكانی راگەیاندن لای ئەوان بێت".
نەبوونی بودجە بۆ بواری پیشەسازی
بەشێك لە ئەولەویەتی كارەكانی ئەم وەزارەتە بواری پیشەسازییە، بەڵام بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو لەئێستادا، بودجەی تایبەت بۆ بواری پیشەسازی تەرخان نەكراوە. لەو بارەیەوە وەزیری پیشەسازی و بازرگانی حكومەتی هەرێم گوتی "نەخێر میزانییە بۆ بواری پیشەسازی دابین نەكراوە، بەڵام ئێمە پرۆژەی زۆر گەورەمان هەیە، بۆنمونە پرۆژەی دوو سایلۆمان هەیە و بەپێی ئەو بڕیارەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە دەرچووە، چیتر وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كارگە و پرۆژەی تایبەت بەرهەم ناهێنێت، بەڵكو ئەوە ئێستا كەرتی تایبەت دروستی دەكات، بۆ ئەمەش لەرێگای دەزگاكانمانەوە بەپێی یاسا كۆنتڕۆڵی ئیشوكارەكانیان دەكەین، پێشمانوایە ئەمە راستەرێیە لەبەر ئەوە ئەگەر بودجەی بۆتەرحان نەكراوە، مانای ئەوە نییە ئێمە هیچمان ناوێت بیكەین، نەخێر دەبێت كەرتی تایبەت خۆی رۆڵێكی سەرەكی هەبێت لەبازاڕ و بوارەكانی پیشەسازی و ئێمەش كۆنتڕۆڵی كارەكانیان دەكەین".
كردنەوەی سێ شاری پیشەسازی بەكوێ گەیشت؟
بڕیار وابوو لەهەرسێ شارەكەی كوردستان، شاری پیشەسازی دروست بكرێت، بەڵام ئەو پرۆژەیە تا ئێستاكە نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەم رووەوە سینان عەبدولخالق وەزیری پیشەسازی بەسەرنجدانی راوێژكار و بەرێوەبەری گشتی بازرگانی لەوەزارەت، دەڵێت "ئەو كەسەی كە دەیەوێت كارگەیەك دروست بكات، بێگومان دەبێت زەوی پێبدرێت، ئەو زەوییانەش سەر بە شارەوانین، بێگومان شارەوانیش بۆ ئێمەی دیاری دەكات، دواتر ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە كاری پێدەكەین"، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی حكومەتی هەرێم گوتیشی "هەر سەبارەت بەدروستكردنی ئەو سێ شارە پیشەسازییە ئێستا دیراسە لەسەر ئەو مەسەلەیە كراوە، بەشێكی تەواو بووە، بەڵام ئەو بەشەكەی تریشی كاری لەسەر دەكرێت".
پرۆتۆكۆلی فەرەنسا
لەماوەكانی رابردوودا هەریەكە لەسەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەجیا چەند گەشتێكی دەرەوەیان بەیاوەری ژمارەیەك لە بەرپرسانی سیاسی و بازرگانی ئەنجامدا، ئەوەی لە راگەیاندنەكاندا بڵاوكراونەتەوە و زۆرجار لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە ئاماژەی بۆكراوە، ئەم گەشتانە كاریگەری ئیجابی هەبووە. بەتایبەتی لەرووی بارزگانییەوە، وەزیری بازرگانی حكومەتی هەرێمیش ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت "سەردانەكانمان یەك ئامانجی هەبووە، ئەویش بازاڕی كوردستانمان پیشانی وڵاتانی توركیا و بەریتانیا داوە، بۆ ئەوەی بێنە ئێرە و وەبەرهێن ئەنجام بدەن، بێگومان بەشێك لەئامانجەكانی خۆمان هێناوەتەوە دی".
هەروەها كونسوڵگەری گشتی فەرەنسا لەهەولێر، لەدیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا، سەبارەت بەهەر جۆرە پرۆتۆكۆلێكی بازرگانی یاخود سەربازی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، دەڵێت "سەرۆك بارزانی چاوی بە سەرۆك ساركۆزی كەوت وەك دیدارێكی سیاسی، بەڵام هیچ شتێك وەك رێككەوتنامە ئیمزا نەكراوە، وەلێ لە نێوان بەڕێز بارزانی و بەڕێز بێرنارد كۆشنەر نیازنامەیەك واژۆ كراوە".
مۆڵەتی كۆمپانیاكان
سەبارەت بەتۆماركردنی رێژەی ئەو كۆمپانیانەی كە لەكوردستان مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە، دڵزار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی ناوی كۆمپانیاكان، ئەو وەڵامی پرسیارەكە دەداتەوە و ئاشكرایكرد "تائێستا نزیكەی 10 هەزار كۆمپانیا لەلایەن وەزارەتی بازرگانی مۆڵەتیان پێدراوە و لەو رێژەیە نزیكەی 1300 كۆمپانیایان بیانین، كە زیاتر لە 50%ی توركین".
وەكو بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی ناوی كۆمپانیاكان ئاشكرایكرد كە زۆربەی ئەو كۆمپانیا بیانییانە، لەكۆمپانیای توركی پێكهاتووە، بەڵام زۆربوونی كۆمپانیای توركی پرسیاری ئەوە دروست دەكات، بۆچی توركین؟ یان ئەمە تاچەند پەیوەندی بەوەهەیە كە وەزیری بازرگانی سەر بە لیستێكی توركمانییە؟ سینان عەبدولخالق وەزیری پیشەسازی و بازرگانی لەوەڵامدا دەڵێت "حكومەتی فیدڕاڵی لەگەڵ حكومەتی توركیا 48 پرۆتۆكۆلی ئیمزا كردووە. ئەمەش لەئێستادا نییە، بەڵكو بۆ 8 تا 9 مانگ بەر لەئێستا دەگەڕێتەوە، لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێمیش پارچەیەكە لەحكومەتی مەركەزی عێراق، بۆیە ئێمەش كۆنتاكمان لەگەڵ توركیا هەیە و حكومەتی هەرێمیش دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا لەهەموو بوارەكان بەتایبەتی بواری بازرگانی چاك بكات، ئەمەش وا دەكات، كۆمپانیا توركییەكان وەكو هەر كۆمپانیایەكی تری وڵاتان بێنە كوردستان و وەبەرهێن ئەنجام بدەن". سینان عەبدولخالق وەزیری بازرگانی و پیشەسازی زیاتر لەو بارەوەیەوە گوتی "من توركمانم و فەخریشی پێوەدەكەم، بەڵام هاتنی كۆمانیای توركی پەیوەندی بەوەوە نییە، چونكە رۆیشتوومەتە بەریتانیاش و هەوڵم داوە كۆمپانیای بەریتانی بێـنە كوردستان وەبەرهێنان بكات، بۆ ئەو مەبەستەش بریارە لەسەری مانگدا، سەردانی وڵاتی كەنەدا بكەین و هەوڵ دەدەین، كۆمپانیای كەنەدی بێـتە كوردستان، جا ئەگەر كۆمپانیای كەنەدی بێـتە كوردستان ئەمە مانای ئەوەنیە من كەنەدیم".
دابەشكردنی چیمەنتۆی تاسڵوجە
بەپێی ئەو راگەیاندنانەی كە پێشتر وەزیری پیشەسازی و بازرگانی خۆی راگەیاندووە، رۆژانە كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە بەرهەمی 1000 تەن چیمەنتۆی دەبێت، لەو رێژەیەش بۆ هەولێر 400 تەنە، هەروەها 200 تەنیشی بۆ پارێزگای دهۆك تەرخانكراوە، دەربارەی دابەشكردنی ئەو چیمەنتۆیەی كە دێتە هەولێر وەزیری بازرگانی وەڵامێكی راشكاوانەی نەدایەوە و تەنیا ئەوەی وت "حسەكان هەمووی دابەشكراون و هەر كەسێك حسەی تایبەتی خۆی هەیە، ئێوەش دەتوانن بەدواداچوونی لەسەر بكەن".

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com