|
سڤیل:
سەلام كەریم
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گشتی سلێمانی بە
سڤیلی راگەیاند كە ئەمساڵ لە سنوری ئەوان بڕی
سەد و دوو ملیار دینار بۆدروستكردنی قوتابخانە
تەرخانكراوە و گوتیشی وەزیری نوێ پشتگیری ئەو
گۆڕانكاریانە دەكات كە پێشتر كراون، بەڵام
لەگەڵ ئەوەدایە ئەگەر لەشوێنێك گرێوگۆڵی
تێكەوت چاكسازیی بكرێ.
سەبارەت بەپێشوازیكردنی ساڵی نوێی خوێندن، شێخ
حسێن شێخ مستەفا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی
سلێمانی رایگەیاند، "ئامادەكاری باشمان كردوە
و زۆر گۆڕانكاریمان ئەنجامداوە و بینای نوێمان
كردوەتەوە، ئەمساڵ لەم سنورە بڕی سەد و دوو
ملیار دینار بۆدروستكردنی قوتابخانە
تەرخانكراوە"، لەوەڵامی ئەو گلەییەش كە
دەوترێت لەكاتی كردنەوەی دەوامی خوێندندا دەست
بەدروستكردنی بینا دەكرێت، بەڕێوەبەرەكە گوتی،
"ئەم هاوینە بەردی بناغەی بیست خوێندنگامان
داناوە و زیاتر لەبیست دانەیش كراوەتەوە،
پرۆسەكە بەردەوامە و لەرووی بیناوە ئەمساڵ
لەساڵانی پێشوو باشترین". بەڕێوەبەری گشتی
پەروەردەی سلێمانی ئاشكرایكرد، "زیاتر لەدوو
ملیار بۆدابینكردنی پێداویستی قوتابخانە و
خوێندنگا نوێیەكان تەرخانكراوە"، لەبارەی
دامەزراندنی مامۆستایانیشەوە گوتی،
"گواستنەوەمان راگرتوە و (630) مامۆستامان
بۆدامەزرێنراوە بۆ قۆناغی بنەڕەتی و بۆ قۆناغی
ئامادەیش رەزامەندی بۆ دامەزراندنی (300)
مامۆستا وەرگیراوە".
لەسێ ساڵی رابردوودا پەروەردە هەوڵیدا یەكپۆشی
خوێندكاران پەیڕەوبكات، بەڵام بەهۆی باری
ئابوریی خوێندكارانەوە نەتوانرا بسەپێنرێت،
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە هیوای خواست ئەمساڵ
بتوانن بەیەكجاری سیستمەكە لەسنوری
پەروەردەكەیان جێبەجێبكەن، لەوەڵامی
پرسیارێكیشدا دەربارەی جلوبەرگ و خۆگۆڕینی
مامۆستایان بەتایبەت مامۆستایانی كچ، ناوبراو
دوپاتیكردەوە، "بەپێی یاسا مامۆستا بۆی نییە
وەكچۆن بۆبازاڕ و شەكراوخواردنەوە خۆی
دەڕازێنێتەوە، بۆقۆتابخانەیش بەهەمانشێوە
بێت".
ماوەی چەند ساڵێكە قسە و باس لەبارەی
گۆڕانكاریی لەسیستمی پەروەردە و فێركردن هەیە،
نیشانەكانی ئەم گۆڕانكارییە دەركەوتوە، بەڵام
بێ كێشە و گرفت نییە، بەڕێوەبەری پەروەردەی
سلێمانی، لەمبارەیەوە رونیكردەوە، "ساڵی 2007
كۆنگرەی تایبەت بەگۆڕینی سیستمی پەروەردە
ئەنجامدرا و راسپاردەكانی كۆنگرە لەلایەن
ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندكرا، سیستمە
نوێیەكە خوێندكاری كردوە بەتەوەر و ئاسانكاریی
زۆری كردوە بۆخوێندكاران، بەڵام سەد لەسەد
نەتوانراوە جێبەجێبكرێت و خولەكانی مەشق و
راهێنان بۆ مامۆستایان بەردەوامە".
دەوترێت لەنێوان هەردوو وەزیردا، دڵشاد
عەبدولرەحمان و سەفین دزەیی لەرووی كاركردن و
گۆڕانكاریی لەسیستمی پەروەردەدا ناكۆكی هەیە،
ئەمەی دوایی بایەخ بەپرۆژە و پلانەكانی
وەزیرەكەی پێشخۆی نادات، سەبارەت بەم دەنگۆیە،
شێخ حسێن سەرلەبەری دەنگۆكەی رەتكردەوە،
"بەپێچەوانەوە، كاك سەفین وەك عەرەب دەڵێت
(خیر خلف لخیر سلف) و ئەو گۆڕانكارییە
پێشنیازی كۆنگرەیە و وەزیری پەروەردە پشتگیری
دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەدایە ئەگەر لەشوێنێك
گرێوگۆڵی تێكەوت چاكسازیی بكەین". پێچەوانەی
گەشبینی و چاوەڕوانییەكانی بەڕێوەبەری
پەروەردەی سلێمانی، خوێندكاران خۆپیشاندانیان
بەرامبەر بەگۆڕانكارییەكانی پەروەردە كرد و
خۆپیشاندانەكە بەجۆرێك بوو، توندوتیژی
لێكەوتەوە، بەڕێوەبەری پەروەردە لێكدانەوەی
جیاوازی هەبوو، "لەوڵاتانی پێشكەوتو كاتێك
گۆڕانكاریی لەسیستمی خوێندندا كراوە
خوێندكاران داوایانكردوە نیوەی نمرەكانیان
لەسەر تاقیكردنەوە بێت و ئەویتری لەسەر توانای
رۆژانەیان بێت، بەڵام لەلای خۆمان تێگەیشتن
نییە لەمەسەلەكان، چونكە بەقازانجی
خوێندكارانە، هەرچەندە سلبیاتیشی هەیە".
لەبارەی دەستێوەردانەكانی حزب لەكاروباری
پەروەردە و بەتایبەتتر لەدانانی بەڕێوەبەر و
یاریدەدەرەكان، شێخ حوسێن باسی لەوەكرد، "هەر
حزبێك لەهەڵبژاردن دەیباتەوە كۆمەڵێك
گۆڕانكاری لەبەرژەوەندی خۆی دەكات، ئەم
حزبانەی خۆیشمان كە دەسەڵات دەگرنە دەست ئەوە
دەكەن، دەبێت وا نەبێت و هەموومان كوردانە
بیربكەینەوە، بۆنمونە لەهەولێر زۆربەی
بەرپرسەكان لەوانەیە هی یەك حزب یان دوو حزب
بن، بارودۆخەكە وایكردوە، بەسەراحەت پێت بڵێم
نە لەهەولێر كەسێكی یەكێتی دەبێت بەمەسئول و
مدیر، هەروەها لەسلێمانیش هەروایە..
پاش هەڵبژاردنەكانی تەموزی ساڵی پار، كۆمەڵێك
بەڕێوەبەری خوێندنگا لەپۆستەكانیان لابران
بەتۆمەتی دەنگدان و لایەنگری بۆ لیستی دەرەوەی
دەسەڵات، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی
نكۆڵینەكردو گوتی، "سەرەتا هەمووی وابوو، بیر
لەوە بكەرەوە بەڕێوەبەری فەرمانگەیەك بەهۆی
حزبێكەوە كراوە بەبەڕێوەبەر، وەك یاسا ئەگەر
ئیش بۆلایەنێكی تر بكات رەنگە دوربخرێتەوە،
ئەوەی تۆ مەبەستتە یەكێتی و گۆڕانە، زۆربەی
زۆری لابراوەكان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و
بەراستی پێت بڵێم ئەوە كارێك بوو كەسمان
بەدڵمان نەبوو، بەڵام خۆشحاڵانە زۆری
نەخایاند".
|