|
سڤیل:
سۆران
بارەگای كۆمەڵی ئیسلامی لەسۆران، كە سەرەتا
شارەوانی سۆرانی تێدابووە، دواتر بووەتە
بارەگای یەكێتی و یەكێتیش لەگەڵ بارەگایەكی
بزووتنەوەی ئیسلامی ئاڵوگۆڕی پێكردووە، دوای
جیابوونەوەی كۆمەڵ لە بزووتنەوە بارەگاكە
دەبێتە هی كۆمەڵ، ئێستا شارەوانی خۆی بەخاوەنی
دەزانی، بزووتنەوەی ئیسلامیش پێی وایە ئەو
خانووە مولكی ئەوە دەستی بەسەر داگیراوە،
بەڵام كۆمەڵ دەڵێ ئەم بینایە نێچیرڤان بارزانی
داویەتییە ئێمە و تەنیا ئێمە خاوەنین.
زیاتر لە 10 ساڵە بارەگای مەڵبەندی كۆمەڵی
ئیسلامی لەباڵەخانەیەك نیشتەجێیە، كە ئەم
باڵەخانەیە هی سەرۆكایەتی شارەوانی سۆرانە،
پێشتر شارەوانی سۆرانی تێدا بووە، چۆنیەتی
نیشتەجێبوونی كۆمەڵی ئیسلامی لەم باڵەخانەیە
دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە ئینشیقاق دەكەوێتە
نێو بزوتنەوەی ئیسلامی، دوای شەڕی بزوتنەوەی
ئیسلامی و یەكێتی بە رێكەوتنی دوای شەڕ
بەئامادەبوونی بزوتنەوەی ئیسلامی و یەكێتی ئەم
باڵەخانەیە ئاڵوگۆڕ دەكرێت، بەم باڵەخانەی
لەبەرامبەر ئەم باڵەخانەیە كە پێشتر كۆمیتەی
سۆرانی یەكێتی تێدابووە، بزوتنەوە ئەم
باڵەخانەیە وەردەگرێت لەبەرامبەریشدا بزوتنەوە
بارەگای حامیەی سۆران دەدات بەیەكێتی، ئەم
باڵەخانەیەی كە كاتی خۆی بۆ شارەوانی سۆران
دروستكراوە، بەڵام بەهۆی باڵادەستی یەكێتی لەو
كاتە لەسۆران دەستی بەسەردادەگرێت. لەئێستادا
هەریەك لەمەڵبەندی كۆمەڵی ئیسلامی و رادیۆی
كۆمەڵی ئیسلامی و رێكخراوی قوتابیانی كۆمەڵی
ئیسلامی لەم باڵەخانەیە نیشتەجێن، ساڵی 2007یش
بەبڕیارێكی سەرۆكی پێشوی حكومەتی هەرێم
نێچیرڤان بارزانی بڕیاری نۆژەنكردنەوەی ئەم
باڵەخانەییە بەبڕی (316880000) دەرچوو.
ئەگەرچی كۆمەڵی ئیسلامی كە ئێستا خۆی بەخاوەنی
ئەم باڵەخانەێیە دەزانێت، بەڵام بزوتنەوەی
ئیسلامیش كە دوای سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران و
یەكێتی لەو باڵەخانەیەدا بوو، هەرچەندە یەكێتی
چۆتەوە دەرەوەی بازنەكە، چونكە باڵەخانەی
حامیەی لەجیاتی ئەم باڵەخانەیە وەرگرتووە،
لەئێستاوە بزوتنەوە داوای هەموو ئەو
باڵەخانانەی كردووە، كە لەدوای ئینشیقاقەكەی
نێو بزوتنەوە دەستیان بەسەرداگیراوە، هەروەك
(محەمەد باپیر) بەرپرسی میحوەری بزوتنەوە
لەسۆران دەڵێ "زۆر لەبارەگاكانی بزوتنەوەی
ئیسلامی وەختی خۆی دەستیان بەسەرداگیرا،
بەتایبەتی لەو ئینشیقاقەی بزوتنەوە تێیكەوت،
لەزۆر شوێنی كوردستان هەست بەمە دەكرێت، ئینجا
سۆرانیش یەكێكە لەو شوێنانە". سەبارەت بەوەی
ئایا تاكو ئێستا بزوتنەوە قەرەبوو كراوەتەوە
باپیر گوتی "تاكو ئێست قەرەبوو نەكراوینەوە،
خەڵك هەیە رەشماڵێكی لێدەسەنرێ قەرەبوو
دەكرێتەوە بە پارچە زەوییەك یان بە پارە،
بەڵام بزوتنەوەی ئیسلامی لەبەر دروستنەبوونی
ناكۆكی داوای ئەم مافانەی خۆی نەكردووە و خۆی
لێ بێدەنگكردووە، ئەگینا بزوتنەوە ئیسلامی
لەڕووی یاسایی مافی خۆیەتی داوای ئەم شتانەی
خۆی بكا، بۆنمونە ئێستا لەهەولێر یاداشتێك
نووسراوە بەنسبەت بارەگای كۆنی بزوتنەوە بۆ
ئەوەی قەرەبوو بكرێتەوە. ئەوەی تایبەتیش بێت
بەو بارەگایەی ئێستای كۆمەڵی ئیسلامی لەسۆران
كاتی خۆی بزوتنەی ئیسلامی لەبەرامبەر حامیەی
رواندز لەیەكێتی وەریگرتووە، كە بە (اتفاق)
لەنێوان هەردوولا بووە، چونكە پێشتر كۆمیتەی
یەكێتی بووە".
سەرچاوەیەك لەسەرۆكایەتی شارەوانی سۆران كە
نەیویست ناوی بنوسرێ، بەم شێوەیە بۆ (سڤیل)
دوا "ئەو بارەگایەی كە ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی
تێیدایە، بەهەموو بەڵگەیەك هی شارەوانییە،
چونكە پێشتر لەبەرئەوەی یەكێتی دەستەڵاتدار
بووە دەستی بەسەرداگرتووە، دواتر لەگەڵ
بزوتنەوە ئاڵوگۆریان پێكردووە، ساڵی 2007یش
لەسەر راسپاردەی نێچیرڤان بارزانی
نۆژەنكرایەوە، بەڵام هیچ نوسراوێكی فەرمی بۆ
شارەوانی بۆ هیچ دەزگایەكی سۆران نەهاتووە بڵێ
ئەم باڵەخانەیە كە هی شارەوانییە درا بە
كۆمەڵی ئیسلامی، بەڵكو تەنها بڕیاری
نۆژەنكردنەوەی درا، دیارە برادەرانی كۆمەڵ
داوایان لە سەرۆكی حوكمەت كردبوو، ئەویش
رەزامەندی نیشاندابوو، بەڵام شارەوانی ئەگەر
داواشی بكات لەكۆمەڵی داوا ناكات، چونكە
ئەوانیش لەدوای جیابوونەوەی بزوتنەوە
وەریانگرتووە، بەڵكو دەبێت یەكێتی ئەو كێشەیە
چارەسەر بكات، كە باڵەخانەی حوكمی داوە بە
حیزب". هەر سەبارەت بەم پرسە (حەسەن روستایی)
كارگێری مەڵبەندی 8ی كۆمەڵی ئیسلامی لەسۆران
لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئەگەر بزوتنەوەی
ئیسلامی داوای ئەم بارەگایە بكات، هەڵوێستی
كۆمەڵی ئیسلامی چی دەبێت، بەم شێوەیە بۆ
(سڤیل) دوا "بەڕاستی ئێمە لەگەڵ برایانی
بزوتنەوە لەغەیری برایەتی و تەبایی و
خۆشەویستی زیاتر لەنێوانماندانیە، تاكو ئێستا
رووبەرووی هیچ كێشەیەك نەبووینەتەوە كە شایەنی
باسبێت یان داوای بارەگایان كردبێت، ئەگەر
داواشی بكەن ئێمە لەگەڵ موسڵمانان فەرق و
جیاوازیمان نیە، ئەگەر داوای هەموو
مومتەلەكاتی ئێمە بكەن، ئێمە لەخزمەتیان
دادەبین، لەبەرئەوەی موسڵمانن و برای ئێمەن و
قەناعەتم وایە ئێمەش داوای هەر شتك بكەین
لەتەرەفی ئەوان بەهەمان شێوە دەبێت، سەبارەت
بە بارەگای ئێرە كەس باسی نەكردووە، تەنانەت
بارەگاكانی تریش نە لەمەڵبەند نە
لەسەركردایەتیش كەس باسی نەكردووە، گریمان
ئەگەر شتێكی واشبێت، ئێمە هەردوولا
سەركردایەتیمان هەیە، مەكتەبی سیاسیمان هەیە.
مەكتەبی سیاسیمان لەگەڵ یەكتر دادەنیشێ بەڕێی
برایەتی و تەبایی و سینگفراوانی كێشەكان حەل
دەكەین". هەروەها دەربارەی نۆژەنكردنەوەی
بارەگایەكە لەلایەن كابینەی پێنجەمی حكومەتی
هەرێمی كوردستانەوە، روستایی گوتی "ئەو
بارەگایەی كە ئێستا ئێمە لێی دانیشتوین چوار
پێنج ساڵ بەر لەئێستا بارەگایەكی وێرانەبوو،
قاتی سەرەوەی سەقفەكەی هەموو شكابوو، ئاو
دەهاتە خوارەوە، دوو ساڵ بوو زستانان ئێمە
لایلۆنمان دەكرد، دواتر لەڕێی ئەندازیاری
پسپۆر و شارەزا ئێمە كەشفێكی تەواوی
بینایەكەمانكرد، ئەم كەشفەمان بەكتابێكی
سەركرداییەتی بەرزمانكردەوە بۆ سەرۆكایەتی
ئەنجومەنی وەزیران، ئەو كاتە كە سەردەمی
كابینەی پێنج بوو كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی
كابینەكە بوو، خۆشبەختانە بڕیاری درا
بەخەرجكردنی ئەو بودجەی مەڵبەندی 8ی كۆمەڵی
ئیسلامی، ئێمە لەزۆر شوێنی تریش باسمانكردووە،
لێرەش دووپاتی دەكەینەوە زۆر سوپاسی ئەو
هەڵوێستەی كاك نێچیرڤان دەكەین، جێگەی سوپاسە
هەم كولفەی نۆژەنكردنەوەی بۆ سەرفكردین،
بەكتابی رسمی لەبەردەستمانە، هەم بارەگاكەشی
بە ئێمەدا، ئەم بارەگایە بەهی كۆمەڵی ئیسلامی
دەزانین، بەهی كەسی تری نازانین". سەبارەت
بەوەی ئایا هیچ كتابێكی رەسمی هەیە كە ئەم
بارەگایە دراوە بە كۆمەڵی ئیسلامی، حەسەن
روستایی گوتی "بارەگای حكومی لەسۆران و
لەشوینەكانی دیكەش زۆرن كە حیزبی تێدایە و
تاپۆش كراون لەسەر حیزب، هەر بارەگای ئێمەش
نیە كە بڵێن بارەگای شارەوانییە، بەڵام ئەمڕۆ
كاك نێچیرڤان هەم بارەگای پێداوین و هەم
كولفەی نۆژەنكردنەوەش. بەخۆی دوای جیابونەوەی
بزوتنەوە، ئێمە ئیعلانی خۆمانكرد لەم بارەگایە
ماینەوە".
|