|
ئابوریناسێك:
زەكات، ئەگەر حكومەت دەستی تێــوەربــــدات،
خەڵـــك پــاشەكشەی لێدەكات
سڤیل: زیاد ئیسماعیل
زیاتر لەساڵێكە وەزارەتی ئەوقاف خەریكی پڕۆژە
یاسایەكە بەناوی (پڕۆژەی كۆكردنەوەی زەكات و
سەرفیترە)، بەڵام تائێستا نەچۆتە بواری
جێبەجێكردنەوە، سەرۆكی لیژنەی فتوا پێیوایە
خەڵكی خۆیان زەكاتەكە دابەشبكەن باشترە،
ئابووریناسێكیش پێیوایە بابەتە دینییەكان
ئەگەر حكومەت دەستیان تێوەردات كاریگەری سلبی
دەبێت.
حاجی سەلام كەریم راوێژكاری وەزارەتی ئەوقاف و
كاروباری ئاینی، لەسەرەتای قسەكانی باسی لەو
فلتەرانە كرد، كە پڕۆژەكەی پێدا تێپەڕیوە، كە
نوێنەری هەر سێ پارێزگاكە و هەندێك
لەرێكخراوەكانی خێرخوازی و وتاربێژ و
یاساناسان لەگەڵاڵەكردنی پرۆژەكە بەشداربوونە
و وەك خۆی دەڵێ زۆر رەخنە و دەستخۆشیان
لێكراوە. حاجی سەلام لەبارەی ناوەڕۆكی
پڕۆژەكەیانەوە كە ئێستا لەسەرۆكایەتی
ئەنجومەنی وەزیرانە، گوتی "پڕۆژەكە 100
دەوڵەمەندی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی
رێكخراوە خێرخوازییەكان لەخۆدەگرێت، هەروەها
ئەوان بەخۆبەخشی خۆیان دێنە ناو پڕۆژەكە، كە
هاوكاری سندوقەكە دەكەن بۆ كۆكردنەوەی زەكات و
سەرفیترە، بەشداریكردن بەئیختیاریە نەك
ئیجباری". دوای ئەوەی لەلایەن سەرۆكی لیژنەی
فتوا كۆمەڵێك رەخنە دەگیرێت لەپڕۆژەكە، چەند
خاڵێك لادەدرێت، وەكو حاجی سەلام گوتی
"مامۆستا محەمەد وەرتی رەخنەكانی لەجێگای خۆی
بوو، كە دەڵێت نابێت پارەی زەكات بۆ
دروستكردنی پڕۆژەی تر بەكاربێت، بۆیە ئێمە
ئەوەمان كردە بڕگەیەكی تر و پارەی زەكات و
خێراتمان جیاكردۆتەوە". لەدرێژەی قسەكانی
راوێژكاری وەزارەت بەدووری زانی هیچ خزمایەتی
و گەندەڵیەك هەبێت لەدابەشكردن و كۆكردنەوەی
پارەكان و بەپڕۆژەیەكی نمونەیی وەسفیكرد و
گوتی "ئەو قسەیە لەسەرم تەسجیل بكە، ئەو
سندوقە پاكترین پڕۆژە دەبێت، بۆیە ئێمە 14
مانگ تاوتوێی ئەو باسەمان لەگەڵ كەسانی پسپۆڕ
كردوە، سندوقەكە دەستەی باڵا بەڕێوەی دەبات،
لەگەڵ 26 كەس كە نوێنەرایەتی وەزارەتەكانی
كار، شەهیدان، ئەوقاف و دارایی دەكەن".
سەرۆكی لیژنەی فتوا كە یەكێك بووە لەوانەی
لەكاتی گەڵاڵەكردنی پڕۆژەكە راوێژی پێكراوە و
رەخنەی لەپڕۆژە یاساكە هەبووە، پێیوایە
ناتواندرێت لە واستە و گەندەڵی بپارێزرێت،
مامۆستا محەمەد وەرتی سەرۆكی لیژنەی فەتوا
لەیەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان،
لەوبارەوە دەڵێت "ئەم پڕۆژەیە ئالیەتی زۆری
دەوێت و كێشەی زۆری تێدایە، ئەگەر پەسەندیش
بكرێت". سەرۆكی لیژنەی فتوا بەباشی نازانێ
زەكات كۆبكرێتەوە و جارێكیتر دابەشبكرێتەوە،
هەر بۆیە گوتی "من وام پێباشە ئەوانەی
زەكاتەكە و سەرفترەكە دەدەن، هەر خۆشیان
دابەشی بكەن بەسەر كەسانی موستەحەق، مادام
زەكات دەدات موستەحەقیش دەبینێتەوە". پێشی
وابوو "ئەگەر ئەو سندوقە دروست بكرێت واستە و
خزمخزمانێی و كێشەی زۆر دروست دەبێت". سەرۆكی
لیژنەی فەتوا پێچەوانەی زۆربەی ئەو كەسانەی كە
بە 10 هەزار 15 هەزار دینار زەكاتەكانیان
دابەشدەكەن بەخراپ نازانێت "ئەوانەی بە 10 و
15 هەزار دینار زەكاتەكان دابەشدەكەن، لەوانە
كەسێكی هەژار چەند 10 هەزار و 15 هەزارییەك
لەو كەسانە وەربگرێ، بەهەموو ئەوانە زۆر
دەكات". ناوبراو كە چەند جارێك لەگەڵ وەزارەتی
ئەوقاف كۆبۆتەوە لەسەر ئەو باسە وتوێژیان
كردوە دەڵێت "لەدانیشتنەكانی ئەوقاف باسیان
لەوە دەكرد كە ئەو پارانەی زەكات بۆ پڕۆژەی
بەكاربهێنرێت دوكان و بینا و مزگەوت و پڕۆژەی
خزمەتگوزاری دروستبكرێت، بەڵام من گوتم نابێت
ئەم پارەیە بۆ ئەو پڕۆژانە سەرفبكرێت، بەڵكو
دەبێت بۆ شەخس بێت، خوداش دیاری كردووە دەبێت
بۆ رووحلەبەر بێت، نەوەك بۆ مزگەوت و رێگاوبان
دروستكردن، ئەمانە شتی گشتین بۆ هەموو كەسێك
وەكو یەكن".
لیژنەی فتوا كە ساڵانە بڕی پارەی سەرفترە و
زەكات دیاری دەكات، بۆ ئەمساڵ سەرفترە 2500
دینارە و بۆ زەكاتیش دەبێت پارەكە ساڵێكی
بەسەر سوڕابێتەوە، بڕی پارەكەش لە 4 ملیۆن
دینار كەمتر نەبێت، هەر ملیۆنێكیش 25 هەزار
دیناری زەكات دەكەوێت.
شارەزایانی بواری ئابواری لەبارەی ئەو پرۆژەوە
سەرنج و تێبینیان هەیە، شەماڵ نوری لەسەندیكای
ئابوریناسانی كوردستان لەسەرەتای قسەكانی
هێمای بۆ ئەوەكرد كە دەبێت لەئابووری دووشت
لەیەكتر جیابكرێتەوە، بابەتی زەكات و خێر،
ئەوانەی لەناو دینی ئیسلامدا هەیە، بەتایبەت
ئەوانەی لەمانگی رەمەزان خەڵك خۆی دەیبەخشێت،
ئەگەر حكومەت دەستی تێوەربدات ئەوا
بەدڵنیاییەوە پاشەكشەی لێدەكرێت لەلایەن خەڵك،
دواتر شەماڵ نوری ئەوەشی خستەڕوو كە "حكومەت
ئەوەندە هەژار نییە تاوەكو سندوقێك بكاتەوە
لەسەر حسابی زەكاتی خەڵك بۆئەوەی دووبارە
بەسەر خەڵكی كەمدەرامەت دابەشی بكاتەوە، بەڵكو
پێویستە حكومەت خۆی سندوقێكی هەبێت، جا
لەپارەی بەرهەمهێنانی نەوت بێت، لەسەر پارەی
بوجەی هەرێم، وەیان بەڕێگەی سیستەمی باج بێت،
پێویستە خاوەنی سیستەمێكی پێشكەوتوو مۆدێرن
بێت، نەك لەرێگەی كۆكردنەوەی خێر و زەكاتەوە،
ئەگەر شتێكی وابكرێت ئەوە هەڵەیەكی گەورەیە".
ئەو ئەندامەی بەشی رۆشنبیری سەندیكای
ئابوریناسانی كوردستان هەرچەندە پێیوابوو
حكومەت هەژار نیە، بەڵام پێشی وابوو حكومەت و
خەڵك دەبێت تەواوكەری یەكتربن، بۆ ئەمەش
نموونەیەكی هێنایەوە گوتی "وڵاتێكی وەكو
فەڕەنسا 1%ی باجی هاوڵاتیان وەردەگرێت بۆ
پەیكەرسازی و جوانی شار بۆ ئەوەی شوێنە
گەشتیاریەكانی شاری پێخوش بكرێت، بەڵام ناكرێت
بەقالبی دینی بێت". لەدرێژەی قسەكانیدا ئەو
ئابوریناسە ئەوەشی گوت كە "لەهەرێمی كوردستان
پڕۆژەی مرۆیی وجودیان نیە، نمونەش بۆ ئەمە
نزیكی 60 هەزار منداڵی كەمئەندام لەپارێزگای
هەولێر هەیە، كە بەهەموو جۆرە نەخۆشیە
پەككەوتەكانەوە، بەڵام خاوەنی سەنتەرێكی
مۆدێرن و پێشكەوتوو نین". گوتیشی "ئەو پڕۆژەیە
نابێتە هۆی كەمكردنەوەی دیاردەی هەژاری، تەنها
بۆ ماوەیەكی كورتە و بۆئەوەی لەقەیرانێك
رزگارمان بكات، بۆیە پێویستە حكومەت پلانێكی
زۆر لەوە گەورەتری هەبێت بۆ رووبەڕووبونەوەی
هەژاری و بێكاری و نادادپەروەری لەدابەشكردنی
داهات".
|