|

سڤیل:
و. و پوختكردنەوەی: مەریوان عومەر
بــە كــەشــوهــەوای لەبـــار و ســـروشتی
جوان و دڵــڕفێنی هاوتای شارە گەشتیاریە
جیهانیەكانە
گەشتكردن بۆ دهۆك زەحمەتی زۆری تێدایە، بەهۆی
ناخۆشی و سەختی رێگاكە، كە لەزۆر شوێنیشدا
لەژێر چاككردنەوە دایە و ناچار دەبی بە
لاڕێكاندا بڕۆی، بەڵام لەگەڵ نزیككەوتنەوە لەو
شارە، هەست دەكەی چویتە نێو جیهانێكی ترەوە.
رێگا لۆفەیی و پێچخواردوەكانی سەر شاخ و
قەدپاڵی چیاكانی، وا لەمرۆڤ دەكەن هەست بكا
لەوڵاتێكی گەشتیاریی ئەوروپی دایە. هەر
گەشتیارێكی عێراقی كە سەردانی شارەكە دەكات،
خەم بۆ ئەوە دەخوات، كە چۆن بەپێی پێویست
پڕۆژەی گەشتیاری و وەبەرهێنانی تێدا ئەنجام
نەدراوە، تا هاوتای شارە گەشتیاریەكانی جیهان
ببێتە شوێنێكی گەشتیاری.
دهۆك وەك منداڵێكی بەناز لەباوەشی چەند
چیاكەدا ئارامی گرتوە، كە لەسێ لاوە بەسەر
شارەكەدا دەڕوانن. لە باكوورەوە (چیای سپی)،
لەباشوورەوە (چیای زاوا)، (مام سین)یش
لەرۆژهەڵاتیدا. بەڵام لەرووی رۆژئاوایدا دەشتی
"سیمیل"ی كشتوكاڵی درێژ دەبێتەوە. رووبارێكی
بچووك بەناوی "دهۆك" جوانیەكی زیاتری داوەتە
شارەكە، كە لەبەنداوی گەورەی دهۆكەوە سەرچاوە
دەگرێ، ئەو شوێنەی یەكێكە لەسیما
گەشتیاریەكانی شارەكە.
"تەمەر رەمەزان"ی پارێزگاری دهۆك باسی لەوە
كرد، كە لەماستەرپلانی شارەكەدا هەیە، ئەو
بەنداوە بكرێتە كۆمەڵگایەكی گەشتیاری گەورە،
لەژێر چاودێری كۆمپانیایەكی لوبنانی
تایبەتمەند لەبواری گەشتیاریدا.
بەگوێرەی زانیاریەكانی هەندێ لەمێژوونوسان،
ناوی دهۆك لەدوو وشەوە هاتووە، (دوو) و (هۆك)
واتە مشتێك یا جامولكەیەك لە بەروبووم، واتە
دهۆك مانای دوو مشت یا دوو جامولكە لە
بەروبووم دەگەیەنێت. ئەو بۆچوونە باس لەوە
دەكات، كە لە كۆندا شازادەیەك بەناوی "ئاخ
شندۆ" لەسەردەمی شانشینی "نوزی" دوو مشت یا
دوو جامولكە بەروبوومی وەك باجێك لەو كاروانچی
دانەوێڵە و رێوبارانە سەندوە، كە بەو ناوچەدا
تێپەڕ بوونە.
دهۆك شارێكە بە بێستان و میوەجاتی زۆر
بەناوبانگە، هەرچەندە لەسەرەتای حەفتاكاندا
بووە پارێزگا و ئێستاش یەكێكە لە سێ
پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەپێی ئەو
لێكۆڵینەوانەی پڕۆفیسۆری پۆڵەندی "كۆسۆلوسكی"
لەساڵی 1985 لە گوندی "نەمریكی" سەر بە ناحیەی
"فایدە"ی باشووری شاری دهۆك و رۆژهەڵاتی
رووباری دیجلەدا ئەنجامی داوە، دەركەوتووە ئەم
ناوچەیە مێژوویەكی كۆنی هەیە و بۆ هەشت هەزار
ساڵ بەر لەزاین دەگەڕێتەوە. ئەمە جگە
لەئەشكەوتی چوارگۆڵەگەیی "جارستین" كە
دەكەوێتە نێو دۆڵی دهۆكەوە و هەندێ لەسەرچاوە
مێژوویەكان پێیان وایە كۆنترین ئەشكەوتە لە
مێژوودا، كە مرۆڤی تێدا ژیابێت.
ئێستا نزیكەی ملیۆنێك كەس لە پارێزگاكەدا
دەژین، كە زۆرینەیان موسڵمانن، لەگەڵ چەند
ناوچەیەكی تری تایبەت بە شەبەك و ئێزیدی و
مەسیەحیەكان لەسنوری پارێزگاكەدا. لەرووی
جوگرافیشەوە شوێنێكی گرنگی هەیە، دەكەوێتە
نزیك سنوری عێراق و توركیا، وێستگەیەكە عێراق
بە توركیا و لەوێشەوە بە جیهانەوە
دەبەستێتەوە. هەروەك بۆریە نەوتیەكانی
كەركوكیش بەوێدا بۆ توركیا تێپەڕ دەبن. شارەكە
چەند شارۆچكەیەكی وەك زاخۆ و شێخان و سیمیل و
عەمادیە و ئاكرێ و چەند شارەدێیەكی وەك
سەرسەنگ و زاوێتەش دەگرێتەخۆ، جگە لەچەندین
ناوچەی گەشتیاری، كە گەشتیاران لە سەرتاسەری
عێراقەوە رووی تێدەكەن.
بەڵام (تەمەر رەمەزان)ی پارێزگاری شارەكە
ژێرخانی گەشتیاری شارەكەی بە "زۆر لاواز" وەسف
كرد، هەرچەندە لەرووی سروشت و كەشوهەواوە
شوێنێكی زۆر لەبارە بۆ ئەوەی ببێتە شارێكی
گەشتیاری. بۆیە ئیدارەی شارەكە لەهەوڵی
كێشكردنی وەبەرهێنەرانی بورای گەشتیاری دایە.
رەمەزان وتیشی "ئەو پێشكەوتنەی هەولێر و
سلێمانی لەرووی ئاوەدانیەوە بەخۆیانەوە
بینیوە، بەهۆی وەبەرهێنان و رۆڵی كەرتی
تایبەتەوەیە، كە ئەم دوو كەرتە لە دهۆكدا
هێشتا لاوازن. لەبەرنامەمان دایە كەشێك
بڕەخسێنین، وەبەرهێنەران بهێنینە نێو جۆرێك لە
كێبڕكێوە، هەموو ئاسانكارییەكیشیان بۆ دەكەین.
نمونەیەكت بۆ بهێنمەوە، كاتێك وەبەرهێنەرێك
ویستی پڕۆژەیەكی نیشتەجێكردن لە پارێزگای دهۆك
ئەنجام بدات، سەرۆكی پێشووی حكومەت نێچیرڤان
بارزانی هەر لەپێشەكیدا بڕیاری كڕینی 60 یەكەی
نیشتەجێبوونی پڕۆژەكەی دا، وەك هاندانێك بۆ
بەردەوامبوونی پڕۆژەكە".
پارێزگاری دهۆك ئاماژەی بە بەرنامەی
پارێزگادا، كە بنیاتنانی فڕۆكەخانەیەكی
نێودەوڵەتی لە یەكەمینی كارەكانیانە، چونكە
كارئاسانی بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەران و
گەشتیاران دەكات، گوتیشی "پێشكەوتنی هەولێر و
سلێمانی لەرووی ئاوەدانی و خزمەتەگوزارییەوە
بۆ بوونی فڕۆكەخانە لەو دوو شارەدا
دەگەڕێتەوە".
دواجار لەبارەی سروشتی دەوڵەمەندی پارێزگاكە،
نەوەك تەنیا لەرووی گەشتیاریەوە، بەڵكو لەرووی
سامانی كانزاییشەوە، پارێزگاری دهۆك دۆزینەوەی
بڕێكی زۆر نەوتی لەسنوری پارێزگاكەیدا بە
"نیعمەت" وەسف كرد، گوتیشی "بێگومان دەبێتە
نیعمەت بۆ پارێزگاكە".
***
سەرچاوە: شەرق ئەلئەوسەت
و.شێرزاد هەینی |