|
 سڤیل:
بیلال سەعید
پرۆفیسۆر ئیسماعیلۆڤ كە یەكەمین پزیشكی بواری
نەشتەرگەری (ئیلیزارۆڤ) لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست
و سەرپەرشتیاری سەنتەری ئیلیزارۆڤە،
لەچاوپێكەوتنێكی تایبەتی (سڤیل)دا ئاماژە
بەوەدەكات، دەتوانێت 56 سم قاچ درێژ بكات،
لەهەمانكاتدا تا ئێستا نزیكەی 4 هەزار
نەشتەرگەری ئەنجام داوە.
"ئیلیزارۆڤ ئینقیلابێكی لەبواری زانستی پزیشكی
كرد"
حسینعلی ئیسماعیلۆڤ پزیشكی بواری نەشتەرگەری
(ئیلیزارۆڤ) كە لەكاتی ئەنجامدانی ئەو
چاوپێكەوتنە لە هەولێر بوو، دەربارەی پێناسەی
زانست و نەشتەرگەری ئیلیزارۆڤ ئاماژە بەوە
دەكات، پاش جەنگی جیهانی دووەم ئەم ناوە هاتە
سەر زمان و خەڵك پێی ئاشنا بوون، بەناوی
دامەزرێنەرەكەی ناو نراوە كە پرۆفیسۆر
ئیلیزارۆڤ بوو، كاتێك لە رووسیا لەژێر فشارێكی
زۆردا بوو، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش توانی
ئەمانە هەمووی ببڕێت، "زۆر هێمن بوو و زۆر بە
شەخسیەت بوو، ئینقلابێكی گەورەی لەبواری
نەشتەرگەری كرد".
ئیسماعیلۆڤ دەربارەی ئەو نەشتەرگەریانەی
لەڕێگەی ئەم زانستەوە چارەسەر دەكرێن، دەڵێت
"سەرجەمی ئەو كێشە و ئازارانەی بەتایبەت شكان
و تیكچوونی زگماك هتد.. كە لەدەست و قاچدا
هەیە. بەتایبەت ئەم زانستە بەهۆی جەنگەكانەوە
دروست بوو، كە قوربانیەكانی جەنگەكان لەلایەن
(ئیلیزارۆڤ)ەوە چارەسەركرا، لەڕێگەی بەستنەوەی
ئاسن بەنەشتەرگەری بێئەوەی نەشتەر بكرێت".
ئیسماعیلۆڤ بەڕادەیەك باسی زانستی ئیلیزارۆڤ
چارەسەر دەكات، كە نەخۆش هەیە 100 جار سەردانی
دكتۆریان كردووە، بەڵام بەم زانستە چارەسەر
كراوە.
" سەرۆكی روسیا خەڵاتی داهێنانی پێداوم"
ئیسماعیلۆڤ كە بەڕەچەڵەك رووسیە و ماوەی چەند
ساڵێكە لەكۆماری ئیسلامی ئێران كاردەكات و
سەرپەرشتیاری سەنتەری ئیلیزارۆڤە، ئیسماعیلۆڤ
دەربارەی خۆی دەڵێت "لەساڵی 1961 لەدایك بوومە
و 1986 كۆلیزی پزیشكی ئازەربایجانم
تەواوكردووە، لە 1986 لەروسیا لەسەنتەرێكی
پزیشكی كارم كردووە، لەوێ نمرەی پسپۆڕی
دكتۆرا، پاشان پرۆفیسۆریم وەرگرتوە".
دەربارەی ئەو كارانەی كردویەتی دەڵێت "زیاتر
لە 200 بابەتی زانستی و 16 كتێبم داناوە و
نووسیوە و 3 مۆنۆگرافم هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا
150 لێكۆڵینەوەی زانستیم هەیە، لە 2003 سەرۆكی
رووسیا بڕوانامەی داهێنانی پێداوم، لەساڵی
2007 بەهۆی زۆری داهێنانەكانمەوە خەڵاتی
فیرنوسم وەرگرتوە، بۆیە هەمیشە ناوی من لە
زانا یەكەمەكانی رووسیا هاتووە". ئیسماعیلۆڤ
كە ئێستا لەنەخۆشخانەی سەردەم لەشاری هەولێر
چەند مانگێك جارێك سەردان دەكات و بۆماوەی
چەند رۆژێك دەمێنێتەوە، دەڵێت "لە 86 وڵات
دەرسم وتوەتەوە و قوتابیم هەیە، زیاتر لە 100
بابەتم هەیە كە بەشداریم لەكۆنگرەی وڵاتان
كردووە، لە 100 كۆنفرانسی تر مامۆستا بوومە و
بابەتم گوتوەتەوە".
"چوار هەزار نەخۆش لەجیهان و 70 كەسم
لەكوردستان چارەسەركردووە"
ئیسماعیلۆڤ دەربارەی رێژەی نەخۆشەكانی
لەكوردستان دەڵێت "لەساڵی 2002ەوە
سەرپەرشتیاری سەنتەری ئیلیزارۆڤم لەخۆرهەڵاتی
ناوەڕاست، لە 2001 تا ئەمڕۆ لەئێران، توركیا،
دووبەی، ئینگلتەرا و لە وڵاتانی دیكە زیاتر لە
4000 نەخۆشم چارەسەر كردووە، لەكوردستان زیاتر
لە 70 نەخۆشم چارەسەر كردووە".
"پینج پسپۆڕی نەشتەرگەری ئیلیزارۆڤ لەجیهاندا
هەیە"
ئیلیزارۆڤ كاتێك داهێنانێكی بەو شێوەیە كرد،
نەیزانی زانستەكەی بەوشێوەیە بڵاودەبێتەوە،
بەڵام دوای ماوەیەك دكتۆر ئیلیزارۆڤ زانستەكە
بەكۆمەڵێك قوتابی دەڵێتەوە و دەبێتە هۆی
بڵاوبوونەوەی زانستەكە. ئیسماعیلۆڤ دەربارەی
دكتۆرەكان كە پسپۆرن لەو زانستە دەڵێت "نزیكەی
100 قوتابی تاقیكردنەوەی ئەم زانستەمان ئەنجام
دا، تەنیا 7 قوتابی لەو تاقیكردنەوەی ئەم
زانسە سەركەوتن، بەڵام ئێستا ئەگەر بە پەنجە
حسابیان بكەم، ناگاتە 5 كەس لەبواری
ئیلیزارۆڤ".
"دەتوانین باڵای مرۆڤ درێژ بكەین"
رێژەیەكی زۆر لەكۆمەڵگە بەدەست كۆرتە
باڵاییەوە دەناڵێنن، سەبارەت ئەوەی ئیلیزارۆڤ
دەتوانێت كورتە باڵایی چارەسەر بكات، دكتۆر
ئیسماعیلۆڤ گوتی "كەسی وا هەیە هەر لەزگماگەوە
كورتە باڵایە و هەیە كورتە باڵایەكەی نەخۆشیە،
دەتوانین هەردووكیان چارەسەر بكەین".
"سەنتەری ئیلیزارۆڤ لەكوردستان دەكەمەوە"
لە ئێستادا كە تەنیا 5 دكتۆری پسپۆر هەبن و
سەنتەرێك هەبێت، لەو دكتۆرانەشی لەرۆژهەڵاتی
ناوەڕاست كاردەكات، پرۆفیسور ئیسماعیلۆڤە،
دەڵێت "یەكێك لە هۆكارەكان كە حەزم كرد
لەكوردستان خزمەت بكەم و بەتایبەت لەرۆژهەڵاتی
ناوەڕاست بەهۆی ئەوەیە حەزم لێیە خزمەتی
موسڵمانان بكەم، لە ئینگلتەرە و زۆر جێگای
دیكە داوایان لێ كردوم بەڵام نەچووم".
ئیسماعیلۆڤ كە كۆمپیوتەڕێكی لاپتۆپی لەبەردەم
خۆی داناوە و وێنەی ئەو نەخۆشانەی پیشان
دەداین كەچارەسەری بۆ كردوون، گوتی "هۆكارێكی
دیكە كە حەزم كرد لەناوچەكە بمێنمەوە و خزمەت
بكەم، بەهۆی زۆری نەخۆشە لەناوچەكە، چونكە گەر
بە ئیلیزارۆڤ چارەسەر نەكرێن، بەدڵنیایەوە
ڕیژەیەكی زۆریان دەبێت قاچیان ببڕێتەوە" .
بۆیە بەنیازم بەهاوكاری نەخۆشخانەی سەردەم
سەنتەرێك لەهەولێر بكەمەوە.
سەبارەت بەوەی ئایا دكتۆ ئەگەر هاوكاری بكرێت
دەتوانێت قوتابی كورد لەو زانستە ئاشنا بكات و
پێی بگەیەنێت، دكتۆر گوتی "بەدڵنیاییەوە ئەگەر
لەزانكۆ یان ناوەندەكانی دیكە بەشێوەیەكی
یاسایی هاوكاریم بكرێت، من ئامادەم قوتابی
كورد پێ بگەیەنم".
دكتۆر ئیسماعیلۆڤ لەگەڵ پێشاندانی وێنەكانی
چاككردنەوە بەڕێگای ئیلیزارۆڤ گوتی "نەخۆش
هەبووە 56 سانتیمەتر لاقیم درێژ كردووە، بۆیە
دەتوانین لاق درێژ بكەینەوە. هەیە داوای
درێژكردنی 5سم دەكات، هەیە داوای 10سم دەكات،
من دەتوانم تا 56سم قاچ درێژ بكە. یەكێك
لەخاڵە ئیجابیەكانی ئەم جۆرە نەشتەرگەریە
ئەوەیە دەتوانرێت بەیەكەوە هەموو كێشەكانی لاق
یان دەست چارەسەر بكرێت و تەمەن بەهیچ شێوەیەك
كاریگەری نابێت لەسەر نەشتەرگەریكردن، ئێستا
بۆنمونە نەخۆشمان هەیە تەمەنی 14ساڵ تا 70 ساڵ
بەتەمەنی تێدایە".
|