|
سڤیل:
مەسعودی مەلا هەمزە
هێرش تەیار خاوەنی كۆمپانیای 77و بەڕێوەبەری
گشتی دەزگای یونایتد میدیا بە سڤیلی راگەیاند
كە بەنیازی ئەنجامدان و دروستكردنی پرۆژەی
"میدیا ستی"یە، كە وەك خۆی ئاماژەی پێدەكا ئەم
پرۆژەیە 5 قۆناغەو لەقۆناغی سەرەتادا پەخشی
عەرەبسات راستەوخۆ لەهەولێرەوە دەبێ و دوای
ئەوەش بەنیازن كار لەسەر نایلسات و هۆتبێردیش
بكەن.
سڤیل: وەك دەزگای یونایتد میدیا دوای
دامەزراندنی هەردوو كەناڵی هەولێر و UM چۆن
بیرتان لەوە كردەوە، كە پرۆژەی میدیا سیتی بە
ئەنجام بگەیەنن؟
هێرش تەیار: لەڕاستیدا لەسەرەتادا بیرۆكەكە،
بیرۆكەی شاری میدیا بوو، نەك كەناڵی هەولێر و
UM، چونكە ئەو دوو تەلەفزیۆنە لەدایكبووی
یونایتد میدیایە، چونكە یونایتد میدیا
دەزگایەكە مۆڵەتەكەی بەریتانیەو لێرە
كۆمپانیای ئەلتەیار خاوەنیەتی، لەبەرئەوەی من
ئیختساسم ئەلیكترۆن و پەیوەندییە، حەزم دەكرد
شتێكی وا بكەم لەئیختساسی خۆم نزیك بێ و
لەهەمان كاتیش پرۆژەیەكی ستراتیژی بێ، پاش
ئەوەی عەرەبسات كەوتبوو و هەوڵیدا شتێك بكا
خۆی بێنێتەوە گۆڕەپانی سەتەلایت لەوڵاتە
عەرەبییەكان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی،
دوای دوو ساڵ گفتوگۆكردن لەگەڵ عەرەبسات پێم
راگەیاندن كە بیرۆكەیەكی وام هەیەو ئەگەر
هاوكاریم بكەن دەتوانین ئەو بیرۆكەیە جێبەجێ
بكەین و من جارێ بیر لەقازانجە مادییەكان
ناكەمەوە، بەڵكو دەمەوێ ئێوە ببنە تۆوی
دەستپێكی ئەو شارە، دوای چەندین كۆبوونەوە
لەئەوروپاو سعودیاو سوریا توانیمان قەناعەتیان
پێ بێنین و ئەو شارە لەكوردستان دابنێین و
ئەوان بنكەیەكی پەخشی راستەوخۆ بەبێ مانگی
دەستكردی ناوەڕاست دابنێن.
سڤیل: پرۆژەی میدیا ستی لە چ قۆناغێكدایە؟
هێرش تەیار: خۆی پرۆژەكە 5 قۆناغە، پێكهاتەی
شارەكە لە 6 ستۆدیۆ پێكدێت، 2 ستۆدیۆی گەورە
كە جگە لەستافەكەی زیاتر لە 250-300 كەس
دەگرێت، جگە لەوەش 4 ستۆدیۆی بچووكتریش لەخۆ
دەگرێ، ئەو 4 ستۆدیۆیە بەهەمان شێوە لە خزمەتی
ئەو كەناڵانە دەبن، كە لەناو ئەو شارە جێگیر
دەبن، جگە لەوانەش هۆڵێكی 7 هەزار كەسی
تێدایە، ئەوەیە بۆ بۆنە زۆر تایبەتەكانە كە
هەموو شتەكان فول تەكنەلۆژی دەبن، جگە لەوانە
ئەو شارە 3 هۆڵی دیكەی نۆرماڵی تێدادەبێ لەسەر
شێوەی مۆدێرن، بۆ ئاهەنگی خێزانی، خۆم شوێنی
ئەو پرۆژەیەم هەیە، بەڵام داوام لەحكومەت
كردووە بە وەبەرهێنان حیساب بكرێ، چونكە
سەرمایەكەی 30 ملیۆن دۆلارە، جگە لە 12 ملیۆن
دۆلار بۆ ئامێر و كەلوپەلەكان، كە بایی 5-6
ملیۆن دۆلارمان بە ئامادەیی هەیە، 5 ملیۆن
دۆلاریش عەرەبسات خۆی هاوكاری كرد، بەڵام
دواتر بەشێوەی قیست لێمان دەبڕن، ئەو كارەش
پاڵپشتێكی گەورەیە بۆ من، ئەو 5 ملیۆن دۆلارەی
عەرەبسات وادەكا ئێمە بەخۆی دەبەستێتەوەو
ئەوانیش بە ئێمە دەبەستێتەوە، جگە لەو شتانەی
باسمكرد شارەكە بازاڕێكی تێدایە بەناوی "میدیا
ماركێت" بۆ فرۆشتنی هەموو جۆرە ئامێرێكی
تەكنەلۆژی راگەیاندن.
سڤیل: وەك خۆت ئاماژەت پێدا داوات لەحكومەت
كردووە لەو پرۆژەیە هاوكاریت بكەن، بەچی
گەیشت؟
هێرش تەیار: زۆر بەڕێز د. بەرهەم ساڵح
پاڵپشتێكی زۆر گەورەیە بۆ ئەو شارە، دەعمێكی
زۆر باشی مەعنەوی پرۆژەكەیەو بە بەردەوامی
موتابەعەی دەكاو دەڵێ گەیشتنە كوێ، هەروەها
"هێرش محەرەم" سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لەسەر
داواكاری سەرۆكی حكومەت ئاگاداری هەموو
بەشەكانی كردۆتەوە، كە ئەو پرۆژەیە بەرەو پێش
بچێ، بەڵام لەبەرئەوەی ماوەی 2 مانگە لەسەر
بڕیاری جەنابی سەرۆكی كوردستان كارەكان
وەستێنراوە، بەڵام پەنا بەخوا دوای ئەوە
راستەوخۆ شوێنمان بۆ دیاری دەكرێ و پرۆژەكە
دەچێتە بواری جێبەجێكردن.
سڤیل: پرۆژەكە لەماوەی چەند تەواو دەبێ؟
هێرش تەیار: پرۆژەكە 5 قۆناغە، قۆناغی یەكەم
لەماوەی 3 مانگ تەواو دەبێ، چونكە هەمووی
باڵەخانەی ئامادەیە، راشیدەگەیەنم بۆ مانگی 3ی
ساڵی داهاتوو پەخشی عەرەبسات لەهەولێرەوە
دەردەچێ.
سڤیل: هێنانی پەخشی عەرەبسات وەك خزمەتكردنە
بە كورد، یان كارێكی بازرگانییە؟
هێرش تەیار: هەردوو لایەنی تێدایە، راستە من
بزنسمانم، بەڵام لەهەمان كاتیشدا ئەو پرۆژەیە
پرۆژەیەكی زەخمەو خزمەتێكی گەورەیە، بە
ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیە كوردستان دەكەوێتە ناو
نەخشەی میدیای جیهانی.
سڤیل: گەشبینی بەوەی بتوانی سەركەوتن بەدەست
بێنی و كەناڵە كوردییەكان هاوكاریت بكەن؟
هێرش تەیار: لەوە ناترسم، چونكە ئەگەر پرۆژەكە
تەواوبێ بە تەنها هی كوردستان نابێ، جگە لەوەی
پرۆژەی هەموو عێراق دەبێ، پرۆژەی ئاسیاش دەبێ،
گرێبەستمان كردووەو زۆر كەناڵی ئاسیایی چاوەڕێ
دەكەن پەخشەكەمان دەست پێبكەین، لەبەرئەوەی
لێرە دانی باج زۆر كەمە، جگە لەوەش شوێنە
جوگرافییەكەمان زۆر گرنگە بۆ جۆرێك پەخش كە
پێی دەڵێن "اعادە بپ"، هەندێ كەناڵ هەن لەسەر
مانگی دەستكردی تایبەتن، ئێمە جارێكی دیكە
پەخشەكەیان وەردەگرینەوەو دووبارە بۆ ئاسیاو
وڵاتانی عەرەبی پەخشی دەكەینەوە، ئەوەش زۆر
گرنگەو لەوانەیە ئێمە ببینە خاوەنی 100 كەناڵ،
بەڵام لەوانەیە 90ی كوردستانی نەبێ و هی
دەرەوەی كوردستان بێ، بەڵام خزمەت بە ئێمە
دەكاو سەرمایەكە بۆ كوردستان دەگەڕێتەوە،
ئێستا كەناڵەكەی من لە لەندەن دەردەچێ، ئەوكات
من لەكوردستان دەردەچم پێی ناوێ بچمە لەندەن،
ئەگەر ئێمە توانیمان خزمەت بكەین و بووینە
بەدیل بە مەمنوونیەوە كەناڵە كوردییەكان دێنە
لامان، بەڵام ئەگەر نەمانتوانی ببینە بەدیل و
خزمەتیان بكەین نایەن، چونكە تەلەفزیۆن كارێكی
سانا نییە.
سڤیل: دەتوانی پێمان بڵێی ئەو پرۆژەیە هەر 5
قۆناغەكەی جێبەجێ دەكرێت؟
هێرش تەیار: قۆناغی یەكەم و دووەم سەدا سەد
جێبەجێ دەكرێت، لەو دوو قۆناغەدا دەتوانین
كۆمەڵێك كاری زۆر باش بكەین، پێویست ناكا
هەموو تەلەفزیۆنێك ستۆدیۆ دروست بكا، هەموومان
لەشوێنێك كۆدەبینەوەو بە پارەیەكی كەم
كاردەكەین، جگە لەوە باڵەخانە بۆ هەر
تەلەفزیۆنێك دروست بكەین ستۆدیۆی دەبێ.
سڤیل: لەو پرۆژەیەدا چەند بایەخ بە دروستكردنی
كادیری كورد دەدرێ؟
هێرش تەیار: هەر لەو شارەدا پەیمانگایەكی
تەكنیكی تێدادەبێ و مامۆستاكانیش لە دەرەوە
دێن، لەقۆناغی كۆتاییدا دەبێ 2 هەزار كەس لای
ئێمە ئیش بكا، لەو 2 هەزار كەسە
پەیمانگایەكمان دەبێ و رەبت دەبێ لەگەڵ
یونایتد میدیای بەریتانی و بڕوانامەكان لەوێ
تەسدیق دەكرێ، لەو پەیمانگایە تایبەت بە
تەكنیكی تەلەفزیۆن كادیر دروست دەكەین، چونكە
دەستخۆشی لەكادیری تەلەفزیۆنی كوردی دەكەم، كە
توانیویانە خۆیان دروست بكەن، هیچ یەكێكیان
موختەس نین، بەڵام توانیویانە پەرە بەخۆیان
بدەن و كار بكەن.
|