سەرۆكایەتی زۆربەی سەندیكا و یەكێـتییەكان بەدەست پارتییەوەیە  

 

 

سڤیل: شوان سدیق


لەبەدواداچوونێكی رۆژنامەوانی "سڤیل"دا دەركەوتووە، كە زۆربەی پۆستی نەقیب و سەرۆكی سەندیكاكان دراونەتە پارتی، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هەڵبژاردن لەو سەندیكایانە ئەنجام دراون، بەرپرسی رێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكانی پارتیش ئاماژە بەوە دەكات، كە دابەشكردنی پۆستەكان بەپێی مەبدەئی تەحالوف و رێكەوتنی ستراتیژی بووە.
لەكۆی "10" یەكێتی و رێكخراو و سەندیكا لەكوردستان، كە هەریەكەیان پەیوەستن بە بوارێكەوە، زۆربەیان نەقیب و سەرۆكەكانی دراونەتە پارتی دیموكراتی كوردستان. ئەو سەندیكایانەش ئەوانەن لەدوای یەكگرتنەوەیان كۆنگرەیان ئەنجامداوە، وەك دەریش دەكەوێت دانانی كادیری پارتی بەسەرۆك و نەقیب، بەگوێرەی رێكەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بووە.
یەكێك لەو رێكخراوانە، یەكێتی مامۆستایانی كوردستانە، كە بەخاوەن گەورەترین و زۆرترین ئەندام دادەنرێ ئەم رێكخراوە لەساڵی‌ (1962) دامەزراوە، تائێستا 11 كۆنگرەی‌ ئەنجامداوە، هەروەها لە(2/12/2010) پرۆسەی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەندامانی‌ كۆنگرەی‌ 12 بەڕێوەبردووە، كە تێیدا 12 لیست بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كرد، كە بەسەر 6 بازنەی هەڵبژاردندا دابەشبوون.
بەپێی ئەو ئامارانەی كە رێكخراوەكە بڵاوی كردۆتەوە، لەكاتی‌ ئێستادا نزیكەی‌ "125" هەزار ئەندامیان هەیە، یەكێتی مامۆستایان لەڕۆژی ‌(4/10/2011) لەهۆڵی میدیا لەشاری هەولێر كۆنگرەی (12)ی سازكرد، لەكۆتایی دەرئەنجامی كۆنگرەكەش بەپێی تەوافوقی لیستی زۆرینە كە پارتی و یەكێتی بوون، "كەمال حەمەد" كادیری پارتی وەك سكرتێری نوێی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دەستنیشانكرا.
لەدوای یەكێتی مامۆستایان سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، زۆرترین ئەندامی هەیە، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی كە لەڕاگەیاندنەكاندا بڵاوكراونەتەوە، سەندیكای رۆژنامەنووسان، "5" هەزار ئەندامی كارای هەیە، ئەو ئەندامانەش بەشێكی زۆریان دابەش بوون بەسەر "950" كەناڵی راگەیاندنی جۆراوجۆر، ئەم سەندیكایە تا ئێستا سێ كۆنگرەی ئەنجامداوە، لەكۆنگرەی سێهەمینیدا كە لە(21/8/2011) لەهۆڵی پێشەوای ناو وەزارەتی رۆشنبیری لەهەولێر بەسترا، بەپێی رێكەوتنی پارتی و یەكێتی "ئازاد حەمەدەمین" لەلیستی پارتی وەك سەرۆكی نوێی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان هەڵبژێردرا.
رێكخراوێكی تری خاوەن نفوز و دیار، یەكێتی زانایانی ئایینی لەكوردستانە كە ئەم رێكخراوە نوسینگەو بنكەی تایبەتی لەزۆربەی ناوچەكانی هەرێم هەیە، لەماوەی ئەو چەند ساڵی دامەزراندنەیدا تا ئێستاكە پێنج كۆنگرەی خۆی سازكردووە، دواترینیان بۆ ساڵی پار دەگەڕێتەوە، لەئێستادا (عەبدوڵڵا مەلا سەعید) كە ئەویش پارتییە، سەرۆكایەتی ئەم رێكخراوە دەكات، بەگوتەی سەرۆكی ئێستای ئەو رێكخراوە كە پێشتر بۆ "سڤیل" قسەی كردووە "لە دوای یەكگرتنەوەی یەكێتی زانایان، زیاتر لە 7 هەزار ئەندامیان هەبووە"، بەڵام ئێستا كەمترە.
سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان، هاوشێوەی سەندیكاكانی تر لە(29/1/2011) هەڵبژاردنی ئەنجام داوە، دوای كێبڕكێ و بەشداریكردنی هێزە سیاسییەكان لەئەنجامدا " لیستی پزیشكانی دەرمان" كە بەلیستی دەسەڵات ناوی هاتووە، زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا، هەرچەندە دكتۆر (ئەمیر شیت چەلەبی) وەك نەقیبی سەندیكا دەستبەكار بووە، بەڵام لە لێدوانێكدا بۆ "سڤیل" رەتی كردەوە، هیچ حزبێك بێت.
هەر بەپێی هەمان بەدواداچوون، سەندیكای پزیشكانی كوردستانیش كە پۆستی سەرۆكەكەی دراوە بە "پارتی" ئەم سەندیكایە تا ئێستا چوار كۆنگرەیان بەستووە، دواترینیان بۆ ساڵی (2001) دەگەڕێتەوە، دوای یەكگرتنەوەی هەدروو سەندیكاكە لەئێستادا دكتۆر (حەیدەر سورچی) كادیری پارتی بەشێوەیەكی تەوافوق وەك نەقیبی سەندیكا دانراوە. بڕیاریش وایە لە (19/11/2011) كۆنفرانسی شارەكان بكرێت، هەروەها لە (29/12/2011) كۆنگرەی گشتی ببەسترێت.
فیدراسیۆنی رێكخراوە قوتابی و خوێندكارییەكانیش كە لە 13 رێكخراوی قوتابی و خوێندكاریی سەر بەحزبە سیاسییەكانی كوردستان لەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و لایەنەكانی تریش پێكهاتووە، ئەم فیدراسیۆنە لەئێستادا (عیرفان عەزیز) سەرۆكایەتی دەكات، كە سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستانی سەر بە پارتیە. هاوشێوەی ئەو سەندیكا و رێكخراوانەی كە ناویان هات، سەندیكای ئابوریناسانیش، بەشێوەیەكی تەوافوقی سیاسی پۆستی نەقیب دراوە بە "پارتی" كە ئێستا "سەروەر كەمال" وەك نەقیبی ئەو سەندیكایە دەستبەكارە.
لەهەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراو و سەندیكا هەن، بەڵام لەم بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەدا، تەنیا 10 رێكخراو و سەندیكا بەنموونە وەرگیراون، لەكۆی ئەو 10 سەندیكاو رێكخراوە پیشەییانەی لەهەرێمی كوردستاندا، تەنیا سەندیكای پارێزەران، یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان، یەكێتی نووسەرانیش لەلایەن یەكێـتی نیشتیمانی كوردستان سەرۆكایەتی دەكرێت.
یەكلاییكردنەوەی زۆرینەی ئەو پۆستانە لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە، زیاتر پەیوەندی بە رێكەوتنی ستراتیژیانەوە هەیە، چونكە بەو پێیەی پارتی خاوەن نفوزی زیاترە و هەروەها هاوپەیمانی یەكێتیشە، بۆیە لەكۆی ئەو رێژە سەندیكا و رێكخراوانە زۆرینەی پۆستی نەقیب و سەرۆك سەندیكا بەپارتی دراوە، هەروەها لەهەر كوێیەك سەرۆك یان نەقیبی سەندیكا پارتی بوو، ئەوا جێگرەكەی یەكێتی، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر نەقیب و سەرۆك رێكخراو بدرێتە یەكێتی جێگرەكەی لەپارتی دەبێت.
لەو بارەوە (رێبوار یەڵدا) ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و سەرپەرشتیاری مەكتەبی رێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكانی پارتی، بە "سڤیل"ی گوت "ئاشكرایە كە پارتی و یەكێتی رێكەوتنی ستراتیژیان لەنێواندا هەیە، بێگومان پارتی و یەكێتی هەمیشە لەهەڵبژاردنەكاندا بەلیستێكی هاوبەش بەشدارییان لەهەڵبژاردنەكاندا كردووە، ئەگەر لیستی هاوبەشیش نەبووبێت لەنێوانیاندا، لەدوای هەڵبژاردنەكان بەپێی رێكەوتنی نێوانیان پۆستەكان دابەش دەكەن".
ئەو بەرپرسەی رێكخراوە جەماوەرییەكانی پارتی، كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبەشە، گوتیشی "ئاشكرایە كە هەموو رێكخراو و سەندیكاكان فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی تێدا زۆرە، بۆیە بەپێی ئەو هاوپەیمانێتییە ئیش دەكەن، ئەوەش ئاشكرایە كە یەكلاكردنەوەی پۆستەكان بەپێی ئەو تەحالوفە دەبێت، وەك چۆن لەبەر رۆشنایی رێكەوتنی ستراتیژی رێكەوتون لەسەری لەسەندیكا و رێكخراوەكانیشدا بەپێی مەبدەئی تەحالوف و رێكەوتنی ستراتیژی پۆستەكان دابەشكراون"، رێبوار یەڵدا ئەوەشی گوت "هەموو پۆستەكان نەدراونەتە پارتی، بەڵام لەهەر كوێ فراكسیۆنەكانی ئێمە یەكەم بن، نەقیب بۆ پارتی دەبێت، جێگرەكەشی بۆ یەكێتی، لەبەشێكی تری رێكخراوەكاندا نەقیب بۆ یەكێتییە و جێگرەكەی بۆ پارتی دەبێت".
كاری سەندیكاو رێكخراوەكان لەهەرێمی كوردستان، بەپێچەوانەی وڵاتانی رۆژئاوایە لەعێراق بەتایبەتی كوردستان، حزبە سیاسییە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەكان زیاتر رۆڵی بەرچاویان هەیە، لەكاتی هەڵبژاردنی ناوخۆی ئەم رێكخراو و سەندیكایانە، زۆرجار ململانێ و كێبركانیان دەگوازنەوە ناو بازنەی رێكخراوەكان. دكتۆر حەیدەر سورچی، نەقیبی سەندیكای پزیشكانی كوردستان دەڵێت "پێمان ناخۆشە سەندیكاكان بەناوی حزبەوە ناوبنرێن، حەزیش دەكەین ئەو دیاردەیە بەو شێوەیە نەمێنێت، چونكە سەندیكا سەندیكایەكی پیشەییە، بۆیە دەبێت بەباشی كارەكانی خۆی رایی بكات"، حەیدەر سورچی كە خۆی لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دانراوە بە نەقیبی سەندیكا، گوتیشی "پێویستە سەندیكا بەفیعلی ئیشی خۆی بكات، بەبێ دەستێوەردانی حكومی و دەرەكی، بەڵام نەقیبی سەندیكا وەك شەخسی خۆی لەدەرەوەی سەندیكاكە پارتی بێ یان یەكێتی و گۆڕان، كۆمەڵ، بەعسیش بێت، ئەوە ئاساییە پەیوەندی بەخۆیەوە هەیە ئیشی خۆی بكات".

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com