|
سڤیل:
تایبەت
حاجی بیلال سلێمان، ئەندامی سەركردایەتی و
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی ئێرانی كۆمەڵی
ئیسلامی، لەم دیمانەیەدا تیشك دەخاتە سەر
كۆمەڵێك بابەتی سیاسی، كە پەیوەنددارن بە
رەوشی ئێستای كوردستانەوە، حاجی بیلال باس
لەوەش دەكات، كە 7 كەسە بێسەروشوێن
كراوەكانییان، چارەنوسییان دیار نیە، دەربارەی
پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی
ئێرانیش ئاشكرای دەكات، كە ئەوان سێ
مەكتەبییان هەیە، دەشڵێت "دەبێت پێش ئێمە
پارتی و یەكێتی پەیوەندییە حیزبییەكانییان
لەگەڵ ئێران بپچڕێنن".
سڤیل: كێشەی سزادراوە سیاسییەكان بە كوێ گەشت؟
بیلال سلێمان: ئێمە لیستێكمان هەیە لە
نانبڕاوەكان و لە بێسەروشوێنكراوان، كە
لایەنگری كۆمەڵی ئیسلامین، ژمارەیەكی تر
خەڵكمان هەیە، كە لەفەرمانگە حكومییەكان بوون
و بەهۆی رای جیاوازەوە دەركراون، ژمارەیەكی
ترمان هەیە زیانییان لێكەوتووە، ژمارەیەكی
ترمان هەیە،كە حیجز خراوەتە سەر موڵك و ماڵ و
خانوویان، ژمارەیەكی تریان بۆ دامەزراندوین،
كە 9 كەسن و موتەفەریغ بوون بۆ كاری حیزبی،
بەڵام دوایی كە بوون بە ئۆپۆزسیۆن فەسڵكراون.
ژمارەیەكی تریشمان هەیە، كە دیسانەوە موڵك و
ماڵییان داگیركراوە، لەبەرئەوەی سەر بە
لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن بوون، كە كۆمەڵێ
ئیسلامییە، زەوی و موڵك و خانوویان داگیركراوە
و تا ئێستا بۆیان نەگێڕدراوەتەوە.
حكومەت دوای ئەوەی لیستی یەكەمی ناوەكانی
ئێمەیان وەرگرت، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئێمە خۆیان
بڕیارێكییان دا، كە لە (1/1/2009) بەدواوە،
هەر كەسێك سزای سیاسی درابێت، حەق و مافی بۆ
بگەڕێننەوە، بەڵام ئێمە یاداشتێكمان نوسی بۆ
سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت، هەر سێ لایەنی
ئۆپۆزسیۆن بە یەكەوە یاداشتەكەمان نوسیوە،
لەرۆژی (18/10/2011) و داوامان كردووە
سزادراوانی سیاسی لەهەرێمی كوردستان نابێت
رۆژی بۆ دیاری بكرێت، سەرۆكی هەرێمیش
رەزامەندی نواند لەسەر ئەو یاداشتەی ئێمە و
سەرۆكی حكومەتیش بەهەمان شێوە، ئێستا بڕیارەكە
وایە، هەر كەسێك لەكوردستان، بەهۆكاری سیاسی و
رای جیاوازەوە سزادرابێت، دەتوانێت داوا
پێشكەش بكات، كە دەبێت بەپێی ئەو بڕیارە
مافییان بۆ بگەڕێتەوە.
سڤیل: لەم ماوەیەدا ئەوەتان باسكرد، كە یەكێتی
پێیوتوون، كەسی بێسەروشوێنكراوتان نیە
لەلایان، ئایا ئێوە بەڵگەتان لایە، كە كەسی
زیندانیكراوتان لای یەكێتی هەیە؟
بیلال سلێمان: ئێمە 7 بێسەروشوێنمان هەیە،
ئەمە جگە لەوەی هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی
كوردستان، ئەوانەی كە بێسەروشوێن كراون،
بەهاوڵاتی خۆمانییان دەزانین، بەڵام ئەو 7
كەسە زیاتر نزیكن لەكۆمەڵی ئیسلامی، ئەگینا
ئێمە ناوی 28 كەسمان لایە، كە تێكڕایان هی
هەموو حیزبەكانن، نەك تەنها كۆمەڵی ئیسلامی،
تێیدایە خەڵكی بێلایەنە، گرنگ ئەوەیە ئەم
خەڵكانە، داوایان لەسەر پارتی و یەكێـتی هەیە،
بەڵام ئەو حەوت كەسەمان كە چوار كەسیان لای
یەكێتییە و سێ كەسییان لای پارتییە، ئێمە بۆ
هەر 7 كەسەكە بەڵگەمان لایە، كە كام لایەن
دەستگیریان كردوون، بەڵگەشمان هەیە كە ماوەیەك
لەكام زینداندا زیندانی كراون، داوامان
لەسەرۆكی هەرێم كرد، كە بەدواداچوون بكرێت بۆ
كەسە بێسەروشوێن كراوەكان، ئەوانیش لەرێگەی
لێژنەی پەیوەندیدار، گە كاك كەریم سنجاری تێدا
بوو، لەگەڵمان دانیشتن و پێیان راگەیاندین، كە
جەنابی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ برادەرانی یەكێتی
باسی كردووە، ئەوان وتوویانە هیچ زیندانییەكی
كۆمەڵی ئیسلامی لای ئێمە نیە، بەڵام ئێمە
بەبەڵگە لامانە، كە ئەوان بردوونیانن. لیژنەی
بەدواداچوونی كەیسی بێسەروشوێنەكانیش كە
دانیشتین لەگەڵییان، باس كرا ئەوانە وەك شەهید
حساب بكرێن و موچەی شەهیدییان بۆ دابین بكرێت،
بەس ئێمە ئەوەمان رەتكردەوە، وتمان ناتوانین
بچینە ژێرباری ئەو داواكاریەوە، چونكە ئەوانە
بێسەروشوێنن، ونمان قسەمان لەسەر ئازادكردنی
ئەوانە نیە، بەڵكو قسەمان لەسەر ئەوەیە، كە
ئەگەر ئەوانە تاوانبارن ئەوا دادگا هەیە
لەهەرێمی كوردستان و پێویستە بدرێن بەدادگا و
حوكمی خۆیان وەربگرن، ئەگەر بێ تاوانیشن
پێویستە ئازاد بكرێن، ئەگەر نەشماون، با
تەرمەكانییان دیار بێت و كەسوكارییان دڵنیا بن
لەوەی نەماون، چونكە ئەوانە كەسوكار و
منداڵیان هەیە.
سڤیل: ئەی چارەنووسی ئەوانەی كە لەلای پارتین؟
بیلال سلێمان: تا ئێستا لەلایەن پارتیەوە هیچ
وەڵامێكمان دەست نەكەوتووە، ئەوان دەڵێن لامان
نیە و هیچ كەسێك خۆی ناكات بەخاوەنیان، ئێمە
پێمانوایە حكومەت نەبووە ئەو كەسانەی دەستگیر
كردووە، چونكە ئەگەر حكومەت بوایە، دەبوایە
دیار بێت لەكوێن، بۆ نمونە یەكێكیان لەموسڵ
گەڕاوەتەوە و لەبازگە دەستگیر كراوە، خەڵك
ئاگای لەدەستگیركردنەكەی بووە، ئیتر ئەم
هاوڵاتیە هەرچییەك بێت و هەر جۆرە دەعوایەكی
لەسەر بێت، بەڵام لەبازگەكانی هەرێم دەستگیر
كراوە و ونبووە.
سڤیل: ئەگەر ئەم كەیسە هەروا بەم شێوەیە
بمێنێتەوە، ئێوە چ هەڵوێستێكتان دەبێت؟
بیلال سلێمان: ئێمە هەر بەردەوام داوایان
دەكەین، تا ئەنجامێكمان لە سۆراغییان بەدەست
دەگات، كەسوكاریشییان رێگەی یاساییان
گرتۆتەبەر، چوكە ئەوە مافی كەسوكارییانە داوای
یاسایی تۆمار بكەن، بەڵام ئێمە ئامادەین هەموو
هاوكاریەكی كەسوكارەكەیان بكەین، چونكە ئێمە
پێمانوایە ئەوانە زوڵمیان لێكراوە، نەك هەر
ئەو كەسانەی خۆمان، بەڵكو ئامادەین هاوكاری
هەموو ئەو كەسانەش بكەین، كە ناوەكانیان بە
ئێمە داوە، لەرووی یاسایی و شەرعییەوە،
ئامادەشین هەموو ئەو بەڵگانەی لای ئێمەن،
لەدادگا بیانخەینەڕوو.
سڤیل: باس لەوە دەكرێت فازڵ میرانی لەگەڵ ئێوە
كۆبۆتەوە بۆ ئەوەی بەشداری حكومەت بكەن،
ناوەرۆكی ئەو كۆبوونەوەیە چییە؟
بیلال سلێمان: ئەو كۆبوونەوەیە بە شێوەیەكی
رانەگەیاندراو بووە، بەڵام لەكاتی
گفتوگۆكردندا باسی ئەوەی كردووە، كە پارتی
بەنیازە حكومەت لەیەكێتی وەربگرێتەوە، بۆیە
داوای هەڵوێستییان كردووە لەكۆمەڵ، كە ئایا
هەڵوێستی چی دەبێت، ئایا بەشداری دەكەن
لەحكومەت یان نا، بەڵام ئێمە كێشەمان لەگەڵ
سیستەمی سیاسی هەرێم هەیە و پێمانوایە
سیستەمێكی نەگونجاوە و دەبێت بگۆڕدرێت بەو
شێوەیەی كە میللەت دەیەوێت، بەڵام تا ئێستا
دیراسەتی ئەم داوایەمان نەكردووە، كە فازڵ
میرانی كردوویەتی، دەكرێت لەداهاتوودا
وەڵامییان بدەینەوە.
سڤیل: ئێوە بەشداری حكومەت دەكەن؟
بیلال سلێمان: بەبڕوای من ئەگەر بەشداری
بكرێت، هەرسێ لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆن بەشداری
دەكات، ئەگەریش بەشداری نەكرێت، ئەوە هەرسێ
لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆن بەشداری ناكەن، ئەمەش
ئەوە ناگەیەنێت، كە رێكەوتنێكی پێشوەختەیان
پێكەوە هەبێت.
سڤیل: هەندێكجار لەدەوروبەری ماڵی بەڕێز عەلی
باپیر تەقە دەكرێت، ئێوە چ خوێندنەوەیەكتان بۆ
ئەو بابەتە هەیە، چونكە هەندێكجار هەوڵی
ئیزعاج كردنیان دەدرێت؟
بیلال سلێمان: كاتی هەڵبژاردنەكان كۆمەڵێك
گەنج، كە سەر بەرێكخراوێكی پارتی دیموكراتی
كوردستان بوون، بەناوی هاوڵاتییەوە هاتبوونە
سەر ماڵی مامۆستا، جۆرێك لەئیهانە و قسەی
ناشیرین كرا، دواتریش كاك نێچیرڤان بارزانی و
وەفدێكی هاوڕێی لەمەكتەبی سیاسی هاتنە لای
مامۆستا و داوای لێبوردنیان كرد، ئێمەش
بەرێزەوە قبوڵمان كرد، بەڵام ئەگەر هەر شتێك
رووبدات، دەسەڵات بەرپرسیارە، چونكە لێرە
دەسەڵات ئەمنییەتی وڵاتی بە دەستەوەیە و
واجبیەتی ئاسایشی هەموو هاوڵاتییەك بپارێزێت،
بە تایبەتیش كەسێكی وەك مامۆستا عەلی باپیر.
سڤیل: ئایا هیچ مەترسییەك هەیە لەسەر ژیانی
بەڕێز عەلی باپیر؟
بیلال سلێمان: ئێمە پێمانوایە ئەوانەی رای
جیاوازییان هەیە و ماڵی مامۆستا عەلی باپیریش،
بەڵێ خەتەریان لەسەرە، ئەمە لەسلێمانیش بووە و
لەهەولێریش بووە و لەهەموو شوێنێكیش بووە،
رەنگە بەحوكمی ئەوەی مامۆستا كەسێكە قسەی حەق
و رەق دەكات و موجامەلەی نیە، رەنگە ئەمە
بووبێتە هۆكارێك كە هەندێك جار مامۆستا
كەوتبێتە خەتەرەوە، بەڵام خەتەرێكی موعەیەن شك
نابەم.
سڤیل: وەك باس دەكرێت تۆ لینكی پەیوەندییەكانی
نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و كۆمەڵی
ئیسلامیت، ئەمە تاچەند راستە، ئەكرێت وەڵامێكی
راشكاوانەمان بدەیتەوە لەسەر ئەم پرسیارە؟
بیلال سلێمان: بەمانای لینك نیە، ئێمە وەك
كۆمەڵی ئیسلامی، پەیڕەو پرۆگرامی خۆمان هەیە،
من ماوەی 8 ساڵ بەرپرسی پەیوەندی كۆمەڵی
ئیسلامی بووم لەتاران، دواتر پۆستەكەم
لێوەرگیراوەتەوە و پۆستی ترم پێدراوە، بەڵام
تائێستاش من سەرپەرشتیاری ئەو سێ مەكتەبە
پەیوەندیانەی كۆمەڵی ئیسلامیم، كە لەئێران
هەمانە، وەك مەكتەبی تاران، مەریوان، نەغەدە،
بەتایبەت نەغەدە و مەریوان كە دوو شوێنی
سنوورین، بۆ هاوكاریكردنی ئەو كەسانەیە، كە
لەرێگەی كۆمەڵی ئیسلامییەوە دەچنە ئێران، وەك
چۆن پارتی و یەكێتی و حیزبی سۆسیالیست و
یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی و
رەنگە لایەنی تریش هەبێت، ئێمەش وەك ئەو
لایەنانە هەمانە، منیش سەرپەرشتی گشتی ئەو
مەكتەبانەی كۆمەڵی ئیسلامی دەكەم تا ئەمڕۆ،
بۆیە پێش ئەوەی ئێمە پەیوەندی حیزبی خۆمان
لەگەڵ ئێران بپچڕێینین، دەبێت پارتی و یەكێتی
ئەو پەیوەندییە حیزبیانە بپچڕێنن.
|