عەلی باپیر هەوڵی ناوبژیوانی لە نێوان پارتی و یەكگرتوو دەدات  

 

 

سڤیل: تایبەت
دوای دروستبوونی رووداوەكانی بادینان و كێشەی نێوان پارتی و یەكگرتووی ئیسلامی، هەرێمی كوردستان رووبەڕووی قەیرانێكی تری سیاسی بووەوە، بەڵام عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، هەوڵی هێوركردنەوەی بارودۆخەكە دەدات.
پاش رووداوەكانی بادینان و دروستبوونی كێشە لەنێوان پارتی و یەكگرتووی ئیسلامی، كە لەدوای سوتاندنی بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامی لەناوچەكانی بادینان، شەڕی راگەیاندن لەنێوان هەردوولا دروست بوو، ئێستاش هەوڵەكان چڕتر كراونەتەوە، بۆ كۆتاییهێنان بەو بارگرژییە و هێوركردنەوەی بارودۆخەكە. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست سڤیل كەوتوون، عەلی باپیری ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لەدیداری رۆژی پێنج شەمە (8/12/2011) كە بەمەبەستی ناوبژیوانی لەنێوان پارتی و یەكگرتوو سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كردبوو، داوای لەبارزانی كردووە دڵنیاییەك دروست بكات بۆ حیزبەكان، كە ترسییان لەبارەگاكانیان نەبێت. سەرچاوەیەكی ئاگادار بەسڤیلی راگەیاند، بارزانی پێشوازی لە پێشنیارەكانی عەلی باپیر كردووە، بەڵام نیگەرانیش بووە لەیەكگرتووی ئیسلامی، كە هێرشی راگەیاندنیان كردۆتە سەر پارتی.
بەگوێرەی زانیارییەكان لەرۆژی یەكەمی رووداوەكانەوە تائێستا بەردەوامی عەلی باپیر هەوڵی هێوركردنەوە و میانگیری نێوان لایەنە ناكۆكەكان دەدات، بەڵام تائێستا بەرەنجامی هەوڵەكانی دیار نیە. بەگوێرەی زانیارییەكان سەرەتای هەوڵەكانی عەلی باپیر دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی دووەمی رووداوەكان، كە ئەوكات بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسعود بارزانی كردبوو، لەدوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەشەوە، هەر یەكە لەنێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، داوای هێوركردنەوەی باردوخەكەیان كردووە، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیشدا، هیوا میرزا سابیر ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاند "پێویستە ئەو كەسانە خۆیان بێنە پێشەوە و كێشەكان چارەسەر بكەن، چونكە پەیامدان هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات".
لە لێدوانێكدا بۆ سڤیل، محەمەد حەكیم وتەبێژی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی هەوڵی هێوركردنەوەی بارودۆخەكە دەدات، وتیشی "مامۆستا عەلی باپیر پێشنیاری بۆ هەردوو لا كردووە، ئەو كێشانە چارەسەر بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمەڵێ پێشنیاری بەیەكگرتوو و پارتی داوە"، سەبارەت بەپێشنیارەكانیش وتی "بەشێك لە پێشنیارەكان چارەسەركردنی كێشە هەنوكەییەكانە، وەك ئازادكردنی دەستگیركراوەكانی یەكگرتووی ئیسلامی، چونكە یەكگرتوو زوڵمی لێكراوە، ئەگەر ئاگرێك لەناو زاخۆ هەڵگیرساوە و پریشكێكی بەر یەكگرتوو كەوتووە، ئەی لەدهۆك و ناوچەكانی تر بۆ؟!" وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشدا، كە بەشێك لەپێشنیارەكان بۆ چارەسەری بنەڕەتی و هەمیشەین، وتی "مامۆستا پێشنیاری كردووە ئەو كێشانە روو نەدەنەوە و بارەگای هیچ حیزبێك نەسوتێت و پارێزراو بێت، چونكە كاتێك كێشە سەرهەڵدەدات، دەبێت بارەگاكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو پارێزراو بن و دەستیان بۆ نەبردرێت، وەك چۆن ماوەیەك بەر لەئێستا بارەگاكانی بزووتنەوەی گۆڕان سوتێنران، گرەنتی چیە بۆ ئەوەی بارەگای لایەنەكانی تریش نەسوتێنرێت؟" لە بارەی كاتی وەڵامدانەوەش وتی "ئەو پێشنیارانەی مامۆستا بۆ دراوە بە برادەرانی یەكگرتووش و بڕیارە لە ماوەیەكی زوودا وەڵام بدرێتەوە، ئەگەر هەردوو لایان پێیان خۆش بوو، ئەوا ئێمە لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین و قسەكانیان بە یەك دەگەیەنین، تا ئەو كاتەی كێشەكان چارەسەر دەكرێن".
سڤیل بۆ وەرگرتنی سەرنجی پارتی دیموكراتی كوردستان، چەند جارێك پەیوەندی بە جەعفەر ئیمنكی وتەبێژی فەرمی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە، لەلایەكی تریشەوە دكتۆر سەلاحەدین بابەكر وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە سڤیلی وت "ئێمە لە مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی، لە ماوەیەكی نزیكدا، كۆبوونەوە دەكەین بۆ دیراسەت كردنی ئەو پێشنیارانە و وەڵامیان دەدەینەوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com