رووداوەكانی بادینان .. عەقڵیەتی گەشتیاری كوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە  

 

 

سڤیل: شوان سدیق

زیانی ناوچە گەشتیاریەكان بە نزیكەی 5 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت

رووداوەكانی ناوچەی بادینان كاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەر بازاڕی گەشتوگوزار، سەرۆكی كۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەكانی كوردستانیش ئاماژە بەوە دەكات، زیانی رووداوەكانی ناوچەی بادینان بە نزیكەی 5 ملیۆن دۆلار مەزندە دەكرێت، لەلایەكی تریشەوە ئابووریناسێك پێیوایە رووداوەكانی بادینان دەریخست، كە عەقڵیەتی گەشتوگوزاری لای خەڵكی كوردستان زۆر لەدواوەوەیە.
لەئێستادا بەهۆی رووداوەكانی دەڤەری بادینانەوە، ژمارەیەكی زۆر لەدوكانی مەی فرۆشتن و هوتێل و بنكەی مەساجكردن و چەند شوێنكی تری گەشتیاری سوتێنراون، جگەلەوەی لایەنی پەیوەنیدار و چاودێرانی ئابووریش ئاماژە بەكاریگەرییەكانی خراپی ئەو رووداوانە دەكەن، هاوكات دوكاندار و خاوەن كۆمپانیاكانی مەی فرۆشتینیش پێیانوایە بازاڕیان كز بووە.
كەسێكی بازرگانی مەی فرۆشتن لەیەكێك لەكۆگاكانی عەنكاوە، كە ماوەی چەند ساڵە وەك شەریك لەگەڵ بارزگانێكی تر كاری كڕین و فرۆشتنی هەموو جۆرە مەشروبێك دەكەن، رەتیكردەوە، كە رووداوەكانی بادینان كاریگەری خراپی نەبووبێت بۆسەر ئیشوكاری ئەوان، ئەو بازرگانە كە پێی باش نەبوو ناوی خۆی ئاشكرا بكات، گوتی "رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو كە زیاتر شوێنە گەشتوگوزاریەكانیان كردە ئامانج، بێگومان زەرەر و زیانی زۆری لەكاری ئێمەش داوە، چونكە لەئێستا شوێنە گەشتیارییەكان كەمتر مەشروب دەبەن، لەگەڵ ئەوەش جار ناجارێك بەهۆی حاڵەتی ئەمنی نادی و باڕەكان دادەخرێن، ئەوەش تەئیسری لەئیشوكاری ئێمە كردووە".
ناحیەی عەنكاوە وەك ناوەندێكی بازرگانی و گەشتیاری دادەنرێت، ئەو كۆگا و كۆمپانیانەی لەم شارۆچكەیە بازرگانی بەكڕین و فرۆشتنی مەی دەكەن، بەحوكمی ئەوەی ئیشوكارەكیانیان لەگەڵ ناوچەكانی كوردستان و تەنانەت شارەكانی خواری و عێراق گرێدراوە بەیەكەوە، بۆیە بازرگانەكان پێیانوایە بازاڕی مەی فرۆشتنیش كە بەشێكە لەبازاڕی گەشتوگوزای لەئێستادا، بەهۆی ئەو رووداوانەی ناوچەی بادینانەوە رووی لەكزی كردووە.
یەكێكی تر لەو خاوەن كۆگایانەی مەی فرۆشتن لە عەنكاوە دەڵێت "ئەگەر بازاڕی مەی فرۆشتن یان بەگشتی شوێنە گەشتیارییەكان بازاڕیان كەمتر بووبێتەوە، هەموومان باش دەزانین، بۆنمونە ئێستا ئەوە چەند رۆژێكە واهەست دەكەین كەس وەك جاران نایەت بەدەم كڕینی مەیەوە، بەڵام پێشتر وانەبوو، بۆیە هیوادارین بەر لەسەری ساڵ بارودۆخەكە ئارام ببێتەوە، چونكە لەهەر شوێنكی كوردستان كێشە بۆ گەشتوگوزاری دروست ببێت، كوردستان بەگشتی دەگرێتەوە".
خاوەنی فرۆشگای "زانا" لەعەنكاوە، ئەویش دەڵێت "وەك دوكاندار نەك كۆمپانیا، بازاڕمان باشە زۆر كاریگەری نەبووە، چونكە خەڵك ئێستا زیاتر مەشروب دەباتەوە بۆ ماڵ لەجیاتی ئەوەی پێشتر لەنادی دەیاخواردەوە".
رۆژی هەینی رابردوو "2-12-2011" وتاری چەند مەلایەكی ئاینی لەشاری زاخۆ، كە شوێنە گەشتوگوزار و بنەكەكانی مەساجیان بەنەشیاو ناوبرد، لەلایەن هاوڵاتیانەوە كاردانەوەی جیاجیای لێ كەوتەوە، هەر بەهۆیەشەوە تەنیا لەشاری زاخۆ نزیكەی (26) دوكان ‌و (4) ئوتێل و بنكەیەكی شوێنی مەساج زیانی مادیان پێگەیشتووە، دواتریش چەند بارەگایەكی حزبی یەكگرتووی ئیسلامی سوتێنران.
هەر بەپێی راپۆرتی لێژنەی هاوبەشی مافەكانی مرۆڤ و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەرووداوەكانی بادینان "37" كەس كە زۆربەیان پۆلیس و ئاسایش بوون، بەسووكی بریندار بوون، كەسیش بەگوللـە بریندار نەبووە. بەڵام زۆرینەی هەرە زۆری زیانەكان لەمەسیحی و ئێزیدییەكان كەوتووە. بەپێی هەمان راپۆرتی هەردوو لێژنەكەی پەرلەمان هێزە ئەمنییەكان توانیویانە "چینییەكان كە 9 كەس بوون، بەهەوڵی پۆلیس رزگار بكرێن".
رۆژی سێشەممەی رابردوو "6-12-2011" بەمەبەستی خستنەڕووی هەموو ئەو زەرەر و زیانانەی لەرووداوەكانی ئەم دواییانەی ناوچەی زاخۆ و بادینان كەوتەوە، كە ژمارەیەكی زۆر لەشوێنە گەشتیارییەكان لەلایەن خەڵكانێكەوە سوتێنران، هێرش ئەحمەد سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا زەرەر و زیانەكانی رووداوەكانی خستەڕوو و رایگەیاند "بەپێی ئەو رووپێوەی كراوە و ئەنجامەكەی ئاشكرابووە، تائێستا زەرەر و زیانەكانی نزیكەی بە 5 ملیۆن دۆلار مەزندە دەكرێت، بێگومان ئەمەش كاریگەری زۆرخراپ دەكاتە سەر لایەنی گەشتوگوزار و بازاڕەكان لەهەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش كەرتی تایبەت، چونكە حكومەتی هەرێم چەند ساڵێكە كار لەسەر ئەم لایەنە دەكات".
بەگوێرەی‌ یاسای‌ ژمارە "20"ی‌ ساڵی‌ "2008"ی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان، مۆڵەت دەدرێتە شوێنە گەشتیارییەكان، بەتایبەتی دوكانی مەی فرۆشتن و هۆتێل و چێشتخانەكان، جگە لەشوێنی مەی فرۆشتن و بنكەكانی مەساج لەهەرێمی كوردستان، نزیكەی 670 هۆتێل و چێشتخانە هەیە. بەبڕوای چاودێر و شارەزایان ئەگەرچی هەرێمی كوردستان لەرووی گەشتیارییەوە هەنگاوی ناوە، بەڵام خەڵك و هەم حكومەتیش لەقۆناغی ئێستادا لەرووی گەشتوگوزارەوە پاشەكشەیەكیان پێوە دیارە، چونكە ئەوەی خەڵكانێكی دڵگران كردووە، كە بارودۆخێكی وا دروست بووە، ئەمڕۆ یانەیەكی وەك یانەی "نۆهادرا" لەشاری دهۆك توشی سوتان و تێكدان بۆتەوە، كە مێژووەكەی بۆ بەر لەساڵی "1960" دەگەڕێتەوە، هەروەها لەناوچەی زاوێتەش كۆشكی وا سوتێنراوە، مێژووی دروستكردنەكەی بۆ سەردەمی مەلەكی دەگەڕێتەوە.
ئەیوب سماقەیی مامۆستای زانكۆ و چاودێری ئابووری هەمان بۆچوونی هەیە و رەخنەی ئەوە دەگرێت، كە هێشتا عەقڵیەتی خەڵكی كوردستان لەڕووی گەشتیارییەوە لەدواوەیە. ئەیوب سماقەیی گوتی "رووداوەكانی بادینان دەریخست هێشتا خەڵك و میلەتی ئێمە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بگونجێت لەگەڵ گەشتوگوزار، باس لەوە دەكرێت گوایە ژینگەكەمان پاكە و پێكهاتەی جوگرافیامان گونجاوە، بەڵام بەداخەوە رووداوەكان سەلماندیان گەشتوگوزار لەكوردستان لەقۆناغی یەكەمدایە".
سماقەیی پێیوایە پێشكەوتنی عەقڵەكان لەپێش پێشكەوتنی بیناو باڵەخانە و هێڵی گەشتوگوزاریەوەیە، بەڵام "عەقڵیەتی گەشتیاری خەڵكی ئێمە و كوردستان زۆر لەدواوەیە"، سەبارەت بەرۆڵی حكومەتی هەرێم لەم نێوەندەدا هەمان مامۆستایی زانكۆ و چاودێری ئابوری دەڵێت "بەبۆچوونی من حكومەت نییە لەكوردستان كوا حكومەت؟".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com