ئازادییەكانی تـاك لەبەردەم هەڕەشەی ئیســـلامییەكـاندا  

 

 

سڤیل:

 
جاری یەكەم نییە لەناوچەی بادینان یەكگرتوی ئیسلامی بەهەوڵدان بۆ تێكدانی نێوان ئیسلام و دینەكانی دیكە تۆمەتبار دەكرێت، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ئەوە بەبەشێك لەفیكری ئیسلامی سیاسی لەهەموو دنیا لە قەڵەم دەدات و سەركردەیەكی یەكگرتووش دەڵێت ئەو قسانە بێ بنەمان.
ئەوە سێیەم جارە كێشە لەبادینان و دەشتی نەینەوا دروست دەبێت و لایەنە ئیسلامییەكان راستەوخۆ تێوە دەگلێن، یەكەمیان رووداوەكانی شێخان بوو، كە لەنێوان موسڵمان و ئێزدییەكان روویدا، دواتر لەكێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە بووە كێشەیەكی سیاسی، لەویاندا یەكگرتوو تۆمەتبار كرا، كە لەپشت مەسەلەكەوەیە و خەڵك لەدژی ئێزدییەكان هاندەدات. لەكوشتنی كچێكی ئێزدی كە ناوی دوعا بوو، دیسان مەسەلەی ئایینی هاتەگۆڕی، ئەمەش جاری سێیەمە لەدوای رووداوەكانی بادینانەوە، كە بوو بەهۆی هێرشكردنە سەر كۆمەڵێك سەنتەری شێلان (مەساج) و مەیفرۆش و شوێنە گەشتیاریەكان، راستەوخۆ لەلایەن بەرپرسە حیزبی و حكومەیەكانی ناوچەكەوە یەكگرتووی ئیسلامی بەو كارانە تۆمەتبار كرا و ئێستاش راگەیاندنەكانی پارتی ئەو حیزبە بە "هەوڵدان بۆ نانەوەی ئاژاوە لەنێوان ئیسلام و پێكهاتەكانی دیكەی ئەو ناوچەیە" تۆمەتبار دەكات.
سەبارەت بە تۆمەتباركردنی ئەندامانی یەكگرتووی ئیسلامی لەرووداوەكانی ئەو ناوچەیەدا (عەلی عەونی) ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە لێدوانێكدا بۆ سڤیل گوتی "هەموومان دەزانین فكری ئیسلامی سیاسی رەفزی ئەم پێكەوەژیانە دەكات، ئەم رووداوانەش من ناڵێم شتێكی باشە، بەڵام ئاگاداریەكە بۆ خەڵكی كوردستان، كە لەوە تێدەگەن ئەگەر ئیسلامی سیاسی بێتەسەر حوكم، ئەوە نەتیجەكەی دەبێت، لەزاخۆ و ئەو ناوچەیە بینیمان، كە بەداخستنی شوێنی گەشتیاری و كافركردنی دینەكانی دیكە و بە قەدەغەكردنی سەلامكردن و جەژنە پیرۆزەكردن لەیەكدی كۆتایی پێدێت".
ئەو لەدرێژەی قسەكانیدا باسی لەوە كرد، كە لەناوچەكادنی دیكەی عێراق مەسیحیەكان ناتوانن بەئاسودەیی بژین و نموونەی روداوەكانی چەند مانگی پێشووی هێنایەوە، كە بەشێكی زۆر لەمەسیحیەكان لەناوەڕاستی عێراقەوە پەنایان بۆ كوردستان هێنا، لەترسی هێرشی ئیسلامیەكان، بەڵام وەك ئەو گوتی "لەكوردستاندا مەسیحی و ئێزیدی بەئاسودەیی توانیویانە بژین". بە بڕوای عەلی عەونی "كۆمەڵگای كوردی بەسروشت كۆمەڵگایەكی موتەسامحە و حەزی لەپێكەوە ژیان هەیە لەگەڵ ئەوانی دیكەدا، بەڵام ئەوەی ئیسلامیەكان دەیكەن و ئەو ئیسلامییەی ئەوان باوەڕیان پێی هەیە، ئیسلامێك نییە لەگەڵ كۆمەڵگەی ئێمەدا بگونجێت، كۆپیەكی ئیسلامیەكانی میسر و ئەفغانستان و پاكستانە، ئێستا ئیسلامیەكان دەسەڵاتیان نییە ئەو هەموو هەڕەشەو گوڕەشانە دەكەن، ئەی ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت چی دەكەن؟!".
بەبڕوای ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی "هەر ئەو ئیسلامیانە بوون پێشتر تێزابیان بەخەڵدا دەكرد، شێخ زانا و گروپەكەی بەرهەمی ئەم ئیسلامیانەن، ئوسامە بنلادن و مەلا عومەری تاڵیبان و ئەوانی دیكە هەموو بەرهەمی ئەو ئیسلامیە سیاسیەن، ئێستاش كە باسی میانڕەوی دەكەن لەبەرئەوەیە كە لاوازن، ئیسلامی سیاسی لەهەر شوێنێك بوو هۆكاری خوڵقاندنی توندوتیژیە".
لەدوای ئەو روداوانەی بادینان راگەیاندن و سەركردەكانی یەكگرتوو باس لەوە دەكەن، كە دەسەڵات دەیەوێت بە وروژاندنی كەیسی مەسیحی و یەزیدیەكان تۆمەت بۆ یەكگرتوو و ئیسلامیەكان دروست بكەن، بۆ شاردنەوەی هێرشەكانیان بۆسەر بارەگاكانی یەكگرتوو لەو ناوچەیە، لەبەرامبەر ئەو قسانەدا عەلی عەونی گوتی "ئەوە ئێمە نین لەسۆماڵ بەدناویان دەكەین، ئەوە ئێمە نین نموونەی حوكمی زۆر موحتەرەمیان لەسودان دەخەینەڕوو، ئەوە ئێمە نین ئەو فەوزایەمان لەموسڵ خوڵقاندوە، ئەوە ئێمە نین ئەو نموونەی شكستە ئاشكرایەی ئیسلامی سیاسیمان پێشكەش كردوە، كە كۆمەڵگای ئێرانی توشی داڕوخان كرد". ئەو گوتیشی "ئەوان تەسەور دەكەن بتوانن حیزبێكی ئیسلامی وەك داد و گەشەپێدانی توركی بن، بەڵام ئەگەر سەرنجی كۆمەڵگای كوردستان بدەی ئەگەر پارتیەك سەروسیمای ئەوەی هەبێت، كە تەحەموولی هەموو جۆرە پێكهاتەیەكی كۆمەڵگا بكات، من پێم وایە پارتی زیاتر گونجاوە بۆ ئەوەی شوێنی ئاك پارتی بگرێتەوە، بەحكومی ئەوەی مەسیحی تێدایە، یەزیدی تێدایە، موسڵمانی هەرە دیندار و موسڵمانی كەم ئیلتزامی تێدایە، هەموو جۆرەكان لەناو پارتیدا جێگایان بۆتەوە، نەك یەكگرتووی ئیسلامی تا دوێنێش پارەی مونەزەماتی خەیریان دەهێنا خەڵكیان مەجبوور دەكرد، كە دەبێت ئەوەندە جوزئی قورئان لەبەر بكەن تا موچەی یەتیمانەیان پێبدەن، یان دەبێت كچان حیجاب بكەنە سەریان بۆ ئەوەی پارەیان بدەنێ، ئێمە كەسمان مەجبووری حیجاب نەكردوە، حیجابیشمان لەسەر كەس نەكردۆتەوە، بەزۆر نوێژمان بەكەس نەكردوە، رێگاشمان لەكەس نەگرتووە كە بەزۆر نوێژ بكات".
لەبەرامبەردا (د.موسەنا ئەمین) ئەندامی سەركرایەتی یەكگرتوو گوتی "برادەرانی پارتی لەهەموو كەس باشتر دەزانن یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هیچ جۆرە مەلەفێكی خیانەتكاری و ئاژاوەچێتی و كاولكاری نیە، بەهیچ جۆرێك تۆمەتێكی نیە دروستی بكات و جێگای ئەوە بێت خەڵك باوەڕی پێبكات، رەنگە هەندێك كەس لەبەرپرسەكانی پارتی لەو ناوچەیە، بۆئەوەی ئەو تۆمەتە بلكێنن بەیەكگرتووەوە، دوو جەمسەریان دەستكەوتووە یەكێكیان ئەوەیە ئەم مەوزوعە دژ بە مەیفرۆشی و لەشفرۆشی كراوە، كەواتە مەوزوعێكی ئیسلامیە و لەمەزگەوتەوە دەرچووە، ئەبێت یەكگرتوو لەمزگەوت بێت و لەپشتی ئەو مەوزوعەوە بێت، ئەوكات یەكگرتوو یان دەبێت ئیدانەی خۆپیشاندەرەكان بكات، كە ئەوە دەبێت بەهۆی توڕەبوونی جەماوەرە ئیسلامیەكەی، یان ئەگەر ئیدانەی نەكات ئەوە ئەو بووە. خاڵێكی دیكە ئەو شوێنانە رەنگە هی برادەرانی مەسیحی و یەزیدی بووبێت، وەك هاوڵاتی نەك وەك دین، بۆیە دەیەوێت لەو رێگایەوە بڵێت ئەوە هێرشە بۆسەر ئەو دینانە".
لەدرێژەی قسەكانیدا موسەنا ئەمین ئەو تۆمەتانە بەنوكتە ناودەبات دەڵێت "ئێمە هیچ پلانێكمان دانەناوە باش ببین لەگەڵ مەسیحی و یەزیدی، چونكە ئێمە خراپ نەبووین لەگەڵیان تائێستا باش بین، ئێمە باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ برا مەسیحی و یەزیدیەكاندا هەبووە".
سەبارەت بەوەی پێشتریش یەكگرتوو تۆمەتبار كراوە، بەوەی هەوڵی نانەوەی ئاژاوەی لەنێوان پێكهاتەكانی ناوچەكەدا دابێت، سەركردەكەی یەكگرتوو گوتی "ئەگەر وایە یەكگرتووی بەوە تۆمەتبار دەكرێت، كەواتە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە، ئەی بۆ ناماندات بەدادگا؟ بۆچی راستیەكان نادات بەراگەیاندن؟ بۆچی یەك كەسی ئێمە لە سجن نییە لەسەر ئەو رووداوانە؟ ئەگەر ئێمە دەستدرێژیان بۆ ئەكەین، بۆچی ئەم دەسەڵاتە ناتوانێت برایەزیدی و مەسیحیەكان بپارێزێت؟!".
موسەنا ئەمین وروژاندنی ئەو مەلەفە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەیاریكردن بەئاگر دەزانێت و دەڵێت "ئەوە یاریكردنە بەچارەنووسی خاكی كوردستان و دابڕینی هەندێك ناوچەی خاكی كوردستانی لێدەكەوێتەوە، خەڵكانێك دەیانەوێت بەشێك لەخاكی كوردستان بەناوی كەمینەی مەسیحی جیابكەنەوە، ئەمە دەبێت بە هاندەرێك بۆیان، بەدرۆی ئەوەی لەكوردستان دەچەوسێندرێنەوە، ئەوەش تاوانێكی نیشتمانییە، ئەوە ئاسایشی نەتەوەییمان دەخاتە مەترسیەوە".
ئەو گوتیشی "ئێمە وەك هەرێمی كوردستان لەبواری ئەشكەنجەدان و تەزویری هەڵبژاردن و گەندەڵی و دزینی بودجە و هێرشكردنە سەر رۆژنامەنووسان مەلەفمان هەیە و تەنیا شتێك كە مەلەفمان نەبووە تێدا پێكەوەژیانی نەتەوەكانە، ئێستاش بەجوڵاندنی ئەو بابەتە، ئەو مەلەفەشیان بۆ خۆیان دروست كرد، من تێناگەم چ ئەقڵێك ئەو سیاسەتە دەبات بەڕێوە؟ بۆچی دەسەڵاتەكەی خۆیان لەكەدار دەكەن؟ بۆچی سەرۆكەكەی خۆیان ئیحراج ئەكەن؟".
لەو بارەیەوە د.خەلیل باباشێخ رۆشنبیری ئێزدی لە لێدوانێكدا بۆ سڤیل گوتی "لەراستیدا لەو ناوچەیە بۆ دانانی دووكانی مەشروب فرۆشی و باڕ و ئەو شوێنانە مۆڵەت بە یەزیدی و مەسیحی دەدرێت بەموسڵمانەكان نادرێت، بەڵام بۆ دانانی مەساج لەراستیدا منیش پێم جوان نیە، راستە ئەوە دەكەوێتە سەر ئازادی خەڵك، بەڵام هەندێكجار كۆمەڵگا نەگەیشتۆتە ئەو رادەیەی ئەو شتانە قبوڵ بكات، ئەو عادات و كەلتورە تەحەكوم بەهەموومان دەكات، بە یەزیدی و مەسیحی و مسوڵمانەوە، ئەوەیان پەیوەندی بە دینێكەوە نیە بەتەنیا".
ئەو سەبارەت بەتۆمەتباركردنی لایەنە ئیسلامیەكان گوتی "ئەو رووداوەی زاخۆ دوای وتاری مەلایەك لەرۆژی هەینی روویدا، بۆیە سەرنج بۆسەر هەندێك لایەنی ئیسلامی دەڕوات، بەڵام دەبێت دەزگاكانی پەیوەندیدار ئەوە ئاشكرا بكەن و لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن، كە ئایە هیچ حیزب و لایەنك لەپشتی ئەو رووداوەوە هەیە یان نا؟ ئەگەر پێش روودانی ئەو حاڵەتە هەر حیزبێت هاندانی هەبووبێت بۆ ئەو شتە، دەكرێت تۆمەتبار بكرێت، بەڵام هەروا لەخۆوە ناتوانم بڵێم فڵان لایەن دەستی لەوەدا هەبووە یان نا".
ئەو گوتیشی كە یەزیدیەكان لەو رووداوەدا زیانیان پێكەوتووە، بۆیە بەپێویستی زانی قەرەبوو بكرێنەوە و دادگا لەو بوارەدا رۆڵی خۆی بگێڕێت. سەبارەت بەوەی یەزیدیەكان تاچەندە پێیان وایە حیزبە ئیسلامیەكان لەپشتی ئەو رووداوە بن، د.خەلیل گوتی "دیعایە هەر هەیە، بەڵام یەزیدیەكان بەگشتی ئەو قەزیەیایان بەكێشەیەكی كۆمەڵایەتی لە قەڵەمدا نەك بە هێرش بۆسەر خۆیان، پێیان وابوو هێرشەكە بۆسەر دووكانی مەیفرۆش و باڕ و مەساجەكانە، نەك بۆسەر ئەوان، ئەگەر سەرنج بدەن نە بەناوی میری ئێزدی نە بەناوی مەجلیسی رۆحانی هیچ مەترسیەك بۆسەر ئێمە رانەگەیەندراوە، ئەمە حسابمان نەكرد هێرشەكە لەسەر ئێمەیە".

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com