|
سڤیل:
سەنگەر عەبدولرەحمان
دكتۆر محەمەد ئەحمەد سەرۆكی ئەنجومەنی شورای
یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، لەسەر ئاڵۆزی و
كێشەكانی ئەم دواییەی ناوچەی بادینان قسە
دەكات، ئەو پێی وایە بنەمای دروستبوونی
كێشەكان لەسێ هۆكار زیاتر نیە، وەك وتی " یان
باجی بوونمانە دەیدەین، یان ئەم دروشمانەی
لەجۆری دیموكراسی و پێكەوەژیان و ئازادی لەلای
ئەوان بوونی نیە، یان ئەمە دەستێكی دەرەكیە و
دەیەوێت ناوماڵی كورد تێك بدات".
سڤیل: بۆچی دیسانەوە كێشەكانی نێوان پارتی و
یەكگرتوو لە بادینان سەری هەڵدایەوە؟
محەمەد ئەحمەد: بەداخەوە لەكاتێكدا ئێمە
لەهەوڵی یەكخستنی هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆندا بووین،
بۆ ئەوەی پڕۆژەیەكی تەوافوقی سەبارەت
بەچاكسازی لەهەرێمی كوردستاندا بخەینە روو، بۆ
ئەوەی ناوماڵی كورد یەكبخەین و كار بكەین بۆ
ئەوەی كۆبونەوە پێنج قۆڵیەكان گەرموگوڕتر
بكەینەوە، لەكاتێكدا كە هەڕەشەكانی سەر
سنورەكانی هەرێم زیاتر بوون لەوپەڕی ئۆپۆزسیۆن
بونمانەوە داوامان كرد، كە پێویستە هەموومان
لەبەرامبەر ئەم هەڕەشانە هاوهەڵویست بین و
سوپاس كراین لەسەر ئەوە، ئێمە ئۆپۆزسیۆن
بوونیشمان لەپێناو گەشەپێدانی پڕۆسەی سیاسیە
لەكوردستان، نەك هیچ شتێكی تر، كەچی لەكتوپڕ
ئەم شتە نەخوازرا و قێزەونانە ڕوویاندا. بەپێی
ئەو زانیاریانەی ئێمە ئەو كێشانە ناكۆكی
ناوخۆیی چەند بەرپرسێكی پارتی بووە لەناوچەكە،
پاشان ئەوە ئیستغلال كراوە و ئەو بابەتەی ئێمە
كراوەتە بیانویەك بۆ ئەوەی هەڵەیەكی پێ
چارەسەر بكرێت. بەداخەوە ئێستا دەیانەوێت ئەو
هەڵانەی كراوە بەهەڵەیەكی تر چارەسەر بكەن،
لەجیاتی ئەوەی بەجورئەتەوە ئەوانەی كەمتەرخەم
بوون و دەستیان لەمەسەلەیەدا هەبووە رادەستی
دادگا بكەن، دێن دەیانەوێت رەهەندێكی تر بدەن
بەكێشەكە، ئەویش كێشەی دینیە، كە ئەمە بەهەموو
شێوەیەك دوورە لە راستیەوە، ئێمە
بەدواداچونمان كردوە، ئەو خەڵكە تەنانەت
هەندێك لەمەیخانەی مەسیحیەكانیشیان
نەسوتاندوە، ئەم كێشانە كێشەی ناوخۆیی بوون.
سڤیل: مەبەستت چیە لەكێشەی ناوخۆیی؟
محەمەد ئەحمەد: كێشەی ناوخۆیی بەرپرسانی پارتی
لەناوچەكە، بەهەر حاڵ ئێمە لەئێستادا
بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەین، هێشتا
بەتەواوەتی لێمان روون نیە بۆچی لەكاتێكدا
ئێمە لەهەوڵی یەكخستنی زیاتری ناوماڵی
كوردبووین، ئەو ئاڵۆزیانە دروست بوون؟سوتاندنی
بارەگای ئێمە بۆچی؟ ئەم كەمتەرخەمیە بۆچی؟
باشە ئەوە لەزاخۆ حاڵەتێك روویدا، لەدهۆك بۆ؟
لەقەسرێ و سمێل بۆ؟ ئەم ئیرهابە بە بەرنامە و
نیزامیە بۆ؟ ئەمە دیموكراسیەت و پێكەوەژیان و
ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر
پرسیارەوە، ئەم رووداوانە وێنەی هەرێمی
كوردستانی لەدەرەوە ناشرین كرد، ئێمە چەند
وەختە هەوڵ دەدەین وێنەی هەرێمی كوردستان
لەدەرەوە جوان بكەین، ئێستا چیمان پێ دەڵێن؟!
سڤیل: ئەمە جاری دووەمە رووبەڕوبونەوە لەنێوان
پارتی و یەكگرتوو لەبادینان روودەدات، هۆكاری
ئەم كێشانە چیە؟
محەمەد ئەحمەد: رووبەڕی یەك نەبوینەتەوە،
ئەوان هێرش دەكەن بێ ئەوەی ئێمە هیچ هێرشێكمان
كردبێت، ئەوان زوڵمیان لەئێمە كردوە، ساڵی
2005 وتیان ئەمانە بەجیا لەهەڵبژاردن
دابەزیوون و چوون لەگەڵ ئیسلامیەكان و
بەعسیەكان رێكەوتون، ئەمانە دژی كێشەی كورد
دەوەستن و ئەیدەن بەئاوا و خەتەرن لەسەر
ئاسایشی قەومی، ئێستاش ئەو بیانوەیان دروست
كردوە، كە هەموو خەڵك دەیبستن، كێشەی پارتی
ئەوەیە عەقڵی داوەتەوە دەست دەزگا
موخابەراتیەكانی خۆیان، راپۆرتە
موخابەراتیەكانیش ئەو هەموو درۆ و دەلەسەیە
هەڵدەبەستن و سەركردایەتی خۆیان بەهەڵەدا
دەبەن، یەكگرتوی ئیسلامی حزبێكە وجودی هەیە و
لەكوردستاندا رۆڵی خۆی دەگێڕێت، لەبەرامبەردا
ئەمانە وجودی ئێمەیان قبوڵ نیە، ئێمە لەگەڵ
هیچ كەسێكدا كێشەمان نیە، نە لەگەڵ پارتی، نە
یەكێتی، ئێمە داوی چاكسازی دەكەین، وتومانە
ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بەیەكەوە پرۆسەی سیاسی
تەواو دەكەین، خۆ دوژمنی یەك نین، لەهەر
شوێنێك ئۆپۆزسیۆن بەهێز بوبێت حكومەتیش بەهێز
بووە و دوور بووە لەگەندەڵی، لەبەرئەوە ئەوەی
روویدا یان باجی بونمانە دەیدەین، یان ئەم
دروشمانەی لەجۆری دیموكراسی و پێكەوەژیان و
ئازادی بوونی لەلای ئەوان نیە، یان ئەمە
دەستێكی دەرەكیە و دەیەوێت ناوماڵی كورد تێك
بدات، ئەوانیش بەرپرسن چونكە دەسەڵاتن و
دەستپێشخەریان كردوە، ئەمە چەندەم جارە لەسەر
هەواڵی بێ بنەما دەسەڵات كاری هەڵە دەكات.
سڤیل: لەبەیاننامەی پارتیدا هاتوووە، كە ئەم
رووداوانەی روویدا بەپلانێكی پێشوەختە بووە؟
محەمەد ئەحمەد: ئەگەر پلانێكی پێش وەخت
هەبوبێت ئەوە ئێمە نین ئەو پلانەمان هەبووبێت،
یەكگرتوو پلانی پێشوەختە دەكێشێت بۆ ئەوەی
خەڵك بڕوات دوكانی مەی فرۆشتن و شوێنی مەساج
بوەستێنێت؟ ئێمە كە بڕوامان بەو شتانە نیە
رێگای یاسایی دەگرینەبەر، خۆمان داوای سەروەری
یاسا دەكەین، بەرێگای یاسایی ئەم شتانە
چارەسەر دەبن، ئەگەر كەموكوڕیەك هەبێت دەبێت
بەیاسا چارەسەر بكرێت، ئەگەر پلانی پێشوەخت
هەبێت بۆچی ئێمەین؟
سڤیل: ئەی كێن ئەوانەی پلانی پێشوەختیان بۆ
ئەو كارە هەبووە؟
محەمەد ئەحمەد: ئێمە چوزانین كێیە، وەكو پێشتر
وتم زانیاریەكان دەڵێن كێشەی ناوخۆیی
بەرپرسانی پارتیە لەناوچەكە، خۆیان بەدواداچون
بكەن بزانن كێ بوون ئەوانەی لەپشت ئەو
رووداوانەوە بوون، نەك راستەوخۆ ئێمە تۆمەتبار
بكەن.
سڤیل: ئەگەر ئێوە دەڵێن نەدەبوو پارتی ئێمە
تۆمەتبار بكات، پارتیش دەڵێت نەدەبوو یەكگرتو
ئێمە بە پەلاماردانی بارەگاكانی تۆمەتبار
بكات، دەبوو پشوودرێژتر بوایە و چاوەڕێی
لیژنەی لێكۆڵینەوەی بكردایە، هەست ناكەیت ئەم
قسەیەی ئەوانیش راستیەكی تێدایە؟
محەمەد ئەحمەد: نەخێر، ئێستا ئێمە لە سلێمانین
و یەكێتی نیشتمانی باڵادەستە لێرە، هەركەسێك
بێتە سەر بارەگای ئێمە یەكێتی بەرپرسە.
سڤیل: رەنگە بەرپرس بێت لەپاراستنی بارەگاكانی
ئێوە، بەڵام مەرجە ئەوەی لەسلێمانی رووبدات
یەكێتی كارەكتەرەكەی بێت؟
محەمەد ئەحمەد: دەزگاكان كەمتەرخەم بوون،
كاتێك بارەگایەك دەسوتێنرێت بۆ نەهاتن
بیكوژێننەوە؟ بۆ ڕێگریت نەكرد و خەڵكت
دوورنەخستەوە؟ بۆ كادر و ئەندامانمان دەگرن؟
بۆ یەكسەر ئێمە تۆمەتبار دەكەن؟ ئێمە پێش
ئەوەی بارەگاكانمان بسوتێندرێت پۆلیسمان
ئاگادار كردوە لەمەترسیەكان، كەچی هەڕەشەمان
لێ دەكەن و دەڵێن دەبێت باجەكەی بدەن.
سڤیل: ئێوە هیچ بەڵگەیەكتان لایە ئەندامانی
پارتی هێرشیان كردبێتە سەر بارەگاكانی ئێوە؟
محەمەد ئەحمەد: بەڵێ ئەو كەسانەی لەو وێنە و
ڤیدیۆیانەی لەدەزگاكانی راگەیاندن بڵاو
دەكرێنەوە دیارن كێن و سەربەكێن، خەڵك
دەیانناسن.
سڤیل: پارتیش هەمان قسەی ئێوە دەكات، كە
بەڵگەی وێنە و ڤیدۆییان لایە، كە ئەندامانی
یەكگرتوو هێرشیان كردۆتە سەر سەنتەرەكانی
مەساج و دوكانەكانی مەی فرۆشتن؟
محەمەد ئەحمەد: ئەگەر ئەوان بەبەڵگە
سەلماندیان ئەندامانی یەكگرتوو ئەو كارانەیان
كردوە، با یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكەن،
ئەوان دەڵێن ئەم كارانە لەهەولێرەوە نەخشەی بۆ
كێشراوە، ئەگەر وایە بۆ پێشوەخت ڕێگەت لێ
نەگرت؟ بۆ ئێمە تۆمەتبار دەكەن؟ ئێمە هیچ
پەیوەندیمان بەم بابەتەوە نیە، لەسەرتاوە كە
گوێمان لەقسەی بەرپرسەكانی پارتی گرت،
راستەوخۆ ئێمەیان تۆمەتبار كرد، گوایە ئەمە
رەدفعلی خەڵكە بەرامبەر بەئێمە، ئەگەر ئەوان
تۆمەتبار بكەین هەقمانە، چونكە ئەوان
دەسەڵاتدارن و بەرپرسن لەپاراستنی ئاسایشی
خەڵك.
سڤیل: بۆچونێك لەناو پارتی هەیە پێی وایە
یەكگرتوو لەتۆڵەی وەرگرتنەوەی ئەو هاوكاریەی
مانگی سوری ئیماراتی دەیدا بە هەتیوانی
كوردستان لەرابیتەی ئیسلامی نزیك لەیەكگرتوی
ئیسلامی و پێدانی بەدەزگای خێرخوازی بارزانی
نزیك لەپارتی، ئەو پشێویانەی دروست كرد؟
محەمەد ئەحمەد: هەڵەیەكی زۆر بێ بنەمایە،
رابیتەی ئیسلامی رێكخراوێكی خێرخوازیە، لەساڵی
1988ەوە دروست بووە خزمەت دەكات، بێ جیاوازی،
پارتی زەربەی لەو خەڵكە داماوە داوە نەك
لەئێمە، ئێمە هیچمان نەوتوە و رێكخراوەكە
خۆیان هەڵوێستیان وەرگرتوە. ئێمە باوەڕمان
بەكاری توندوتیژی نیە، كاری توندوتیژی و
نایاسایی لەقاموسی ئێمەدا نیە، نەك ئێستا
بەڵكو ئەوكاتانەشی كە خەڵكانێك باوەڕیان پێ
بووە و میلیشیای هەبووە و مەكتەبی عەسكەری
هەبووە و سەقافەی توندوتیژی لەم كوردستانە
هەموو شتێكی داپۆشیبوو، ئێمە باوەڕمان پێی
نەبووە، ئێستا لەم دوادواییەوە دەچین پەنا
بەرینە بەر توندوتیژی؟!
سڤیل: پارتی لەبەیاننامەكەیدا دەڵێت یەكگرتوو
دەبێت داوای لێبوردن بكات، یەكگرتووش بەهەمان
شێوە دەڵێن پێویستە پارتی داوای لێبوردن بكات،
لەحاڵەتێكی وادا رێكەوتن و نزیك بونەوە
لەیەكتری زەحەمتر نابێت؟
محەمەد ئەحمەد: بۆ زەحمەت دەبێت؟ ئەوان
دەسەڵاتن و دەتوانن ئیجرائاتی پێویست بكەن،
كەمتەرخەمان رادەستی دادگا بكەن و
لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكەن و بە بەرپرسیارێتی
خۆیان هەستن.
سڤیل: ئێوە داوای لێبوردن دەكەن لەپارتی؟
محەمەد ئەحمەد: ئێمە لەبەرچی داوای لێبوردن لە
پارتی بكەین؟ لەبەر ئەوەی ئێمە بارەگاكانی
پارتیمان سوتاندوە؟!
سڤیل: زیانی سوتاندنی بارەگاكانی یەكگرتوو
چەندە؟
محەمەد ئەحمەد: وەڵا زۆرە، نزیكەی 10 ملیۆن
دۆلار زیانمان پێگەیشتووە.
سڤیل: ئێوە بەنیازنین هیچ داوایەكی یاسایی
تۆمار بكەن بۆ قەرەبوو كردنەوەتان؟
محەمەد ئەحمەد: بەڵێ داوای یاسایی تۆمار
دەكەین لەناوخۆ و لەدادگای فیدراڵی و لەسەر
ئاستی نێودەوڵەتیش.
سڤیل: لەسەركێ تۆماری دەكەن؟
محەمەد ئەحمەد: لەسەر ئەو كەسانەی كەمتەرخەم
بوون، دوایی حزب بڕیاری ئەوە دەدات، كە داوا
لەسەر كێ تۆماربكات.
|