ئایا لە كوردستان پێكەوە ژیــــان كۆتــــــایی پێهـــات؟  

 

 

سڤیل:

بیروبــــــۆچوونی نووسەر و رۆشنبیرانی مەسیحی لە بارەی رووداوەكانی زاخۆوە

نووسەرێكی مەسیحی: سەرەتا رزقمان دەبـــــڕن، دواتــــــر گەردەنمـان دەبرن



رۆژنامەنوسێكی بیانی راپۆرتێكی لەبارەی بەهاری عەرەبی كردووە ناونیشانەكەی وەها نوسیوە "بەهاری عەرەبی مەسییحەكان دەترسێنێت"، ئەو رۆژنامەنوسە باسی لەئەمنیەتی مەسحییەكانی عێراق كردووە، بەپێچەوانەی شوێنەكانی تری عێراق لەرووی پێكەوەژیانی ئایینەكانەوە كوردستان بەشوێنێكی ئارام وەسف كراوە، بەڵام لەدوای رووداوەكانی زاخۆ لەراگەیاندنی دونیادا بەچەند جۆرێك باسی ئەو رووداوانە كراوە، رۆژنامەی "الاخبار"ی عەرەبی راپۆرتێكی نووسیوە و لەناونیشانی راپۆرتەكەدا پرسیاری ئەوەی كردووە كە "ئایا لەكوردستانی عێراق پێكەوەژیان كۆتایی پێهات؟" نوسەران و رۆشنبیرانی مەسیحی لەهەموو شوێنێكی دونیا لەسەر رووداوەكانی زاخۆیان نووسیوە، زۆربەی ئۆباڵی رووداوەكان دەخەنە ئەستۆی لایەنە ئیسلامییەكان و رەخنەش لەكەمتەرخەمی دەزگا ئەمنییەكان دەگرن، كە لەو رۆژەدا نەیانتوانیوە رێگری لەدەستترێژی جەماوەری لایەنە ئیسلامییەكان بكەن.
چەند رێكخراوێكی كلدانی جیهانی ئیدانەی رووداوەكانی زاخۆیان كردووە و لەبەیاننامەیەكدا لایەنە ئیسلامییەكانیان تۆمەتبار كردووە، ئەو رێكخراوانەی بەیاننامە هاوبەشەكەیان دەركردووە ئەوانەن: ئەنجومەنی كلدانی جیهانی، مینبەری دیموكراسی كلدانی، كۆمكاری نیشتمانی كلدانی، یەكێتی نوسەران و ئەدیبانی كلدانی جیهانی.
لەسەر ئاستی تاكەكەسیدا نوسەرانی مەسیحی چەندین وتاریان لەسەر رووداوەكانی زاخۆ نوسیوە، حەبیب تۆمی كە یەكێكە لەو نوسەرە مەسیحیانەی لەئۆسلۆ دادەنیشێت، وتارێكی لەبارەی رووداوەكانی زاخۆ نوسیوە، هەر لەناونیشانەكەیدا هۆشداری دەدات، كە ئەو كارانەی لەزاخۆ روویانداوە دەبنە هۆكاری خوڵقاندنی ئاژاوەیەكی گەورە. حەبیب تۆمی لەسەرەتای وتارەكەیدا باس لەوە دەكات، كە كوردستان هەردەم پەناگەیەكی ئارام بووە، بۆ سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق، بۆیە بەلای ئەو نوسەرەوە سەیرە هێرش بكرێتە سەرمەسیحییەكان و ئێزدییەكان بەو شێوەیەی لەهەینی رابردوودا بینرا. نوسەر دەنوسێ "ناچێتە عەقڵ كە بارودۆخەكان لەهەرێمی كوردستان بەو ئاڕاستەیە بڕۆن، كوردستان نموونەی مێرگێكی جوان بوو بۆ پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتە ئاینی و ئیتنییەكان، كاتێك تیرۆر هەڕەشە بوو بۆ هەموو نەوەی كلدانیەكانی ئێمە، كوردستان پەناگەیەكی ئارام بوو، زۆرجار قەرەبووی ئەوەی بۆ دەكردنەوە، كە روو لەمەنفا نەكەن".
دواتر تۆمی لە وتارەكەیدا باس لەوە دەكات، كە ئەو گەنجانە بە فەرمانی مامۆستا ئایینیەكان ئەو كارەیان كردووە، تۆمی ئەو كارەش بە" تایفی"ناو دەبات. حەبیب تۆمی پێیوایە ئەگەر موسڵمانەكان لەكردنەوەی باڕ و سەنتەرەكانی مەساج ناڕازی بوون، دەبوایە رێگای تر بگرنەبەر، وەك ئەوەی مانگێك لەمەوبەر لە عەنكاوە لەلایەن خودی مەسیحیەكان روویدا، كاتێك ژمارەی باڕەكان و یانەكانی سەما لەو شوێنە زیاد بوون، گەنجانی عەنكاوە لەرێگای فەرمیەوە بەهێمنی داوایان كرد، كە ئەو شوێنانە لەنزیك شوێنە پیرۆزەكان دووربخرێنەوە، ئەمەش وایكرد حكومەت داواكانیان بهێنێتە دی.
نزار مەلاخا كە نوسەرێكی تری كلدانیە وتارێكی بەناونیشانی "بۆچی ئەو هێرشە دەكرێتە سەر مەسیحییەكان؟" نوسیوە، لەچەند سایتێكی كدانی بڵاوی كردۆتەوە، نزار بەهەڵچونێكی زۆرەوە وتارەكەی نووسیوە، ئەو پێیوایە رووداوەكەی زاخۆ مەبەست تیایدا تەنها لێدانی بەژروەندی مەسیحیەكان بووە، نزار نوسینەكەی ئاڕاستەی نوری مالكی و یونادم یوسف كەنا دەكات، بەوان دەڵێت "كوا ئەو ئاسایش و ئارامییەی ئێوە باسی دەكەن، شوێنێك بۆ مەسییحەكان نەماوە". نزار ئەو كارانە بە دواكەوتوویی دەزانێت و رەخنەش لەحكومەتی هەرێم دەگرێت، كە لە رووداوەكانی زاخۆدا لەپاراستنی موڵكی مەسیحی و ئێزدییەكان كەمتەرخەم بووە.
نووسەری مەسیحی مایكل سیبی كەلە ئوسترالیا دەژی، وتارێكی نوسیوە بەناونیشانی"نوێژی هەینی موسڵمان دەبێتە هۆكاری چەوسانەوەی مەسیحییەكان". لەسەرەتای وتارەكەیدا مایكل باس لەپەیوەندی مێژوویی نێوان ئاینەكانی عێراق دەكات و پێیوایە لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە تا رووخانی رژێمی بەعس تەباییەكی تەواو لەنێوان ئەو ئایینانە هەبووە، بەڵام بەبڕاوی ئەو دوای رووخانی رژێمی بەعس، ئەو توندڕەوانەی لەناوەڕاستی حەفتاكانەوە بەنهێنی دروست بوون، هۆكاری تێكدانی ئەو پەیوەندیانە بوون، ئەو نووسەرە دەڵێ "لەخەیاڵی كەسێك نەبوو ئەو ناوچە ئارامەی عێراقدا (هەرێمی كوردستان) هەندێك كار بەخۆیەوە ببینێت، كە لەپارچەكانی تری عێراق روودەدات".
دكتۆرە كاترین ئافرەتێكی مەسحییە لە وتارێكدا بەناوی "مەسیحی وئێزدییەكان لەكوردستانی عێراق دەبنە قوربانی"، لەسەرەتای وتارەكەیدا دەڵێ "هەزار ساڵە مەسیحیەكان لەدهۆك و زاخۆ دەژین، ئەوان بەزمانی خۆیان و زمانی كوردی قسە دەكەن، بەدرێژایی چەندین سەدە بەئاشتەوایی لەگەڵ موسڵمانەكان دەژین و هەر كەسێك رۆژوی خۆی دەگرێت، هەر یەكە دەچێتە مزگەوتی خۆی، یان كەنیسەی خۆی، كەس دەست لەكاری كەس وەرنادات، هەریەكێك لەبەرژوەندی خۆی دەگات و هەمووان دەزانن لەیەك وڵاتدا هاوبەشن، بەڵام كاتێك كار گەیشتە سوتاندنی دوكانی مەشروبات و شوێنەكانی مەساج و یانەی رۆشنبیری و كەنیسەكان، ئەوا سەرپێچی یاسایی و دەستدرێژییە بۆ سەر ئازادی هاوڵاتیان، جا مەسیحی بێت یان ئێزدی یان موسڵمان". دكتۆرە كاترین پێیوایە لایەنە ئیسلامییەكان دەستی دەرەوەیان لەپشتە، جیالەوەش كاترین لەبەشێكی تری وتارەكەی رەخنە لە لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیۆن دەگرێت، نموونەی لێدوانەكەی نەوشیروان مستەفا دەهێنێتەوە، كە هەڵویستی لەبارەی سوتاندنی بەرژەوەندییەكانی مەسیحییەكان نەبووە. كاترین رووی قسەكانی لەنەوشیروان دەكات دەڵێ "من لەگەڵ پەرچەكرداری خێرا نیم، بەڵام پرسیاری ئەوە لەنەوشیروان مستەفا دەكەم، ئایا كاتێك بارەگای حزبێكی ئیسلامی توندڕەو دەسوتێت، ناڕەزایی دەردەبڕی، كەچی ئیدانەی ئەو دەستدرێژیانە ناكەیت، كە دەكرێتە سەر نەتەوەیەكی رەسەن و ئاشتیخواز؟!". لەكۆتایی وتارەكەشیدا داوا لەحكومەتی هەرێم و ئاسایش دەكات، كە مەسیحی و ئێزدییەكان بپارێزێت و قەرەبووی زیانلێكەوتوان بكاتەوە.
سەباح دەمان نوسەرێكی ترە، وتارێكی نوسیوە، لەوتارەكەیدا باس لەوە دەكات، كە ئیسلامییەكان لەدوای ئەو كارەوەن، دواتر سەباح دەڵێ "لەروواڵەتدا ئەو كارە توڵەیە بۆ برینی سەرچاوەی بژێویە، بەڵام كاتەكەی و دەلالەتەكەی لەوە دەچێت سەرەتایەك بێت بۆ سەربرینمان"
وتارەكان زۆرن، كە لەلایەن رۆشنبیرانی مەسیحی وئێزدی نووسراوە، لەهەموو ئەو وتارانەی كە بڵاوكراونەتەوە رەخنەی ئەوە لەحكومەت گیراوە، كە لەرووی ئەمنییەوە كەمتەرخەم بووە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com