|
سڤیل:
لە بەیاننامەیەكدا كە چەند رێكخراوێكی جیهانی
كلدانییەكان بڵاویان كردۆتەوە، رێكخراوەكانی
كلدانی لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستان
تۆمەتبار دەكەن، لەوەی لەرووداوەكانی زاخۆدا
زیانیان بە مەسیحی و ئیزدییەكان گەیاندووە،
ئەو رێكخراوە ئەركی پاراستنی مەسحییەكانیش
دەخەنە ئەستۆی حكومەتی هەرێم و حكومەتی
مەركەزی.
لە بەیاننامەیەكدا كە چوار رێكخراوی جیهانی
كلدانییەكان لەسەر رووداوەكانی زاخۆیان
بڵاوكردۆتەوە، ئەو رێكخراوانە لایەنە
ئیسلامییەكانی كوردستان لە رووداوەكانی زاخۆ
تۆمەتبار دەكەن، بەیاننامەكە لەلایەن چوار
رێكخراوی بەناوبانگی كلدانی جیهانی لە 4\12
دەرچووە، رێكخراوەكانیش ئەمانەن: ئەنجومەنی
جیهانی كلدانی، مینبەری دیموكراتی كلدانی،
كۆمكاری نیشتمانی كلدانی و یەكێتی نوسەران و
ئەدیبانی جینهانی كلدانی. بەیاننامەكەش بەناوی
بەیاننامەی ئیدانەكردن ناونراوە،
لەبەیاننامەكەدا هاتووە "ئێمە بە بایەخێكی زۆر
و بەنیگەرانییەكی توند چاودێری ئەو كارانە
دەكەین، كە لەلایەن تاوانبارە ئیسلامییە
توندڕەوەكان لەرۆژی (2\12) ئەنجام دراوە،
كاتێك هەڵساون بەكارێك كە پێشتر نموونەی
نەبووە، لەشێوەی سوتان و رووخاندنی كۆگا
بازرگانییەكانی فرۆشتنی مەشروبات و ئۆتیل
وچێشتخانە و ساڵۆن و شوێنەكانی مەساج، هەروەها
هەوڵدان بۆ دەستدرێژكردنە سەر مەترانیەتی
كلدانی لەشاری زاخۆ، كە چەندین زیانی مادی
لێكەوتەوە و چەندین كەسیش برینداربوون، ئەو
كارانەش لەرێگای هاندانی چوار مزگەوتی زاخۆوە
بووە، دواتر كێشەكان گەیشتۆتە ناوچەكانی تر".
جیا لەوەی بەیاننامەكە ئیدانەی ئەوكارانە
دەكات، كە زیانی بەمەسیحی و ئیزدییەكان
گەیاندووە و جیالەوەش لەیەكەم دێریدا
ئیسلامییەكان تۆمەتبار دەكات، بەیننامەكە
ئەركی پاراستنی مەسیحییەكان دەخاتە ئەستۆی
حكومەتی هەرێم و حكومەتی مەركەزی لە بەغدا،
داواش دەكات بەرپرسانی رووداوەكە دەستگیر
بكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن. |