لێپرسراوی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەت:  كابینەی شەش لە چەند بوارێكدا كورتی هێـناوە  

 

 

سڤیل: بەهمەن عومەر

بەشێك لەوانەی ئێستا لە ئۆپۆزسیۆندان رەخنە لە سیستەمی حكومڕانی كوردستان دەگرن
خۆیان ئەندازیاری دامەزراندنی بوون


توانا ئەحمەد لێپرسراوی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ سڤیل قسە لەسەر گرنگترین دەستكەوت و گرفتەكانی بەردەم كابینەی شەشی حكومەت دەكات، داواش دەكات پارتی و یەكێتی دەرگای زیاتر لەبەردەم حكومەتدا بكەنەوە.
توانا ئەحمەد باسی لەدەستكەوتەكانی كابینەی شەش كرد و پێوایە گرنگترین دەستكەوتی ئەم كابینەیە كاركردن بووە بۆ رەخساندنی یەكسانی و عەدالەت لەپرۆسەی خزمەتگوزاری و بوارەكانی دیكەی كاركردنی حكومەتی هەرێمدا و لەو بارەیەوە وتی "پرۆسەی ئاوەدانی پرۆسەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لەگەڵ بەرپاكردنی عەدالەت و رەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ هاوڵاتیان دوانەیەكن لەیەك جیانابنەوە". گوتیشی "لەكابینەی شەشدا لەگەڵ هەر پرۆسەیەكی خزمەتكردنی هاوڵاتیاندا كۆمەڵێك پێوەر دانراوە، بۆ ئەوەی پرەنسیپی بەرقەراركردنی دادپەروەری رەچاو بكرێت، بۆ نموونە لە ئامادكردنی بودجەدا لەو دوو ساڵەی تەمەنی كابینەی شەش دەبینین بەپێی ژمارەی دانیشتوان و پێداویستی چین و توێژەكان ئەو پارەیە دابەش دەكرێت، جگە لەوەش لەپاڵ دامەزراندنی خەڵك لەدامودەزگاكانی حكومەت ئێمە پێوەری دامەزراندن دەبینین، بەبێ دەستێوەردانی حیزب، هەروەها لەتواناسازی بەهەمان شێوە كاركراوە، رێگا بە دەستێوەردانی حیزب نەدراوە".
توانا ئەحمەد كەمكردنەوەی پارەی حیزبەكان و بڕینی مینحەی راگەیاندنەكانی حیزب و نزیك لەحیزب و بڕینی مینحەی رێكخراو و سەنتەرەكان بەدەستكەوتی گرنگی كابینەی شەش لە قەڵەم دەدات و پێشی وایە ئەو كارانە بەئاسانی نەكراوە، دژایەتیەكی زۆری حكومەت كراوە. ئەو باسی لەپرۆسەی تواناسازی و هەڵمەتی دروستكردنی قوتابخانەی هاوچەرخ كرد، وەك دوو دەستكەوتی دیكەی كابینەكەیان، هەروەها پێدانی سولفەی عەقار بۆ گوندەكان و زیادكردنی پێشینەی هاوسەرگیری لەریزی دەستكەوتەكاندا لەقەڵەمدا. یەكێك لەو رەخنانەی لەكابینەی پێنجەم دەگیرا ئەوەبوو، كە نەیتوانی سیمای دوو ئیدارەی بسڕێتەوە، سوپای یەكگرتووی هەرێم و دەزگای هەواڵگری یەكگرتووی هەرێم و دیوانی چاودێری یەكگرتوو دروست بكات، دوای تەواوبوونی نیوەی تەمەنی كابینەی شەشیش هەمان ئەو رەخنانە دەگیرێت، لەو بارەیەوە بەرپرسی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەت دەڵێت "كابینەی پێنجەم توانی كۆمەڵێك كاری زۆر باش بكات، ئەو كابینەیە دوای شەڕی ناوخۆ و كۆمەڵێك زام و برینی زۆر هاتە سەركار، وەك چۆن كۆمەڵێك دەستكەوتی كەڵەكە كرد، كۆمەڵێك گرفتیشی بەبێ چارەسەر هێشتەوە بۆ كابینەی شەش"، گوتیشی "راستە كابینەی شەش كۆمەڵێك دەستكەوتی باشی بەدەست هێناوە، بەڵام لەكۆمەڵێك بواردا ئەتوانم بڵێم كورتی هێناوە، بیریشمان نەچێت ئەم كابینەیە كارنامەیەكی هەیە بۆ چوارساڵ، كە تائێستا دەتوانم بڵێم زیاتر لە 70%ی جێبەجێ كردوە، هێشتا دوو ساڵیش ماوە بۆ تەواوكردنی ئەو كارنامەیە، ئەگەر بوار هەبێت، رەنگە بتوانێت ئەو كەموكورتیانەش چارەسەر بكات، بۆ نموونە تائێستا چوار لیوای هێزی پێشمەرگە دروست كراوە، كە بەیەك سیستەم كار دەكەن و بەیەك رێنمایی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەن، جگە لەوە هەشت لیوای تر دروست دەكرێن، یاسای ئەنجومەنی ئاسایش و ئاسایشی نیشتمانی نێردرایە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام بەداخەوە تائێستا ئاسایش یەكی نەگرتوەتەوە، وەزارەتی دارایی وەك هەیكەل یەكی گرتۆتەوە، بەڵام تائێستا رێنمایی جیاواز هەیە".
یەكێك لەو رەخنانەی رووبەرووی هەیكەلی ئەم كابینەیە دەبێتەوە ئەوەیە، كە هەرچەندە نیوەی تەمەنی تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا هەیكەلی ئیداریەكەی تەواو نەبووە، دەستەكانی نەزاهە و مافی مرۆڤ و ژینكە و دیوانی چاودێری دارایی كاریان نەكردوە، توانا ئەحمەد لەو بارەیەوە دەڵێت "دەستەی مافی مرۆڤ سەر بەپەرلەمانی كوردستانە، ئەنجومەنی وەزیران داوای كردوە پەرلەمان میكانیزمی دانانی سەرۆكی دەستەكە دیاری بكات، دەستەی ژینگەش یاساكەی بۆ دەرچووە و كاری خۆی دەكات، دەستەی نەزاهەش لەیەكەم مانگی كاركردنی كابینەی شەش پڕۆژە یاساكەیان چووە پەرلەمان، بەڵام پەسەندكردنی یاساكە لەپەرلەمان دواكەوت".
لەماوەی كاركردنی كابینەی شەش كوردستان بەچەند دۆخێكی توندی سیاسیدا تێپەڕی، لەوانە خۆپیشاندانەكانی دوای 17ی شوبات و گرژی نێون هەرێم بەغدا و رووداوەكانی ئەم دواییەی بادینان، هەوەها دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن، كە پێشتر لەكوردستاندا بەو شێوە بەهێزە نەبوو، توانا پێی وایە ئەو دۆخانە كاریگەری ئەرێنی و نەرێنی هەبووە " لەلایەك پاڵپشتێك بووە بۆ خێراكردنی پرۆسەی چاكسازی و خزمەتگوزاری و باشكردنی ئەدای دامودەزگاكانی حكومەت، بەدیوێكی دیكەشدا پرۆسەی حكومڕانی توشی كێشە كردوە، لەبەرئەوەی ئێمە ئۆپۆزسیۆنێكمان هەیە لەزۆر رووداودا هەڵوێستی پێشوەختەی لەسەر حكومەت هەبووە، لەزۆر كاتدا بەهیچ كارێكی حكومەتی نەوتوە باش، ئەوەش بووە بەهۆی دروستكردنی كەشوو هەوایەكی ناتەندروست، دواجار حكومەت لەو كەش و هەوایەدا كار دەكات".
یەكێك لەبڕیارە گرنگەكانی حكومەت ئەوەبوو، كە مڵكوماڵی دەوڵەت بگێڕدرێتەوە بۆ حكومەت، بەڵام دواتر وەك پێویست جێبەجێ نەكرا، ئەو سەبارەت بەو پرسیارە گوتی "تۆ بڕۆ لەو حیزبانە بپرسە كە دەسەڵات بەدەستن و ئامادە نین ئەو بڕیارە جێبەجی بكەن، ئەوە پەیوەندی بەو سیستەمە لەحكومڕانی هەیە، كە 20 ساڵە لەكوردستان گەورە دەكرێت و حیزب و حكومەت تێكەڵاوە، 20 ساڵە كێشە و قەیران و گرفت كەڵەكە دەكات، ئێمە لەمانگی شوبات بینیمان خەڵك هاتە سەر جادە، ئەوە راستە بەشێكی ئۆپۆزسیۆن لەپشتی بوو، بەڵام بەشێكی دیكە بەرئەنجامی ئەو گرفتانە بوو، كە لەم سیستەمە سیاسیەی كوردستاندا هەیە، هیچ كەسێكیش ئەوە ناشارێتەوە، دروستبوونی ئەو سیستەمەش تەنیا خەتای یەكێتی و پارتی نیە، بەڵكو بەشێك لەكەسە دیارەكانی ناو ئۆپۆزسیۆن لەكاتی خۆیدا ئەندازیاری سەرەكی ئەو ستایل و شێوازەن لەحكومڕانی، كە ئێستا لەكوردستاندا هەیە، بۆیە بەتەنیا كەسێك یان كابینەیەك، سوپەرمان نیە بتوانێت كۆی كێشەكانی 20 ساڵی حكومڕانی كوردستان چارەسەر بكات".
ئەو باسی لەوەش كرد، كە ئەم كابینەیە لەچەند لایەنێكەوە كورتی هێناوە لەوانەی "یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و وەزارەتی دارایی".
لەرابردوودا چەند جارێك باس لە دەستلەكار كێشاتنەوەی د.بەرهەم ساڵح كراوە، لەرووداوەكانی بادینانیشدا جارێكی دیكە ئەوە باس كرایەوە، بەرپرسیی نوسینگەی راگەیاندنەكەی لەو بارەیەوە گوتی "من ئاگاداری ئەوە نیم، دەزانم سەرۆكی حكومەت تا ئێستاش ئیشوكارەكانی خۆی دەكات و خشتەی ئیشی رۆژانەی یەكجار پڕە لەهەولێر و سلێمانی، بەڵام بێگومان سەرۆكی حكومەت لەهەموو ئەو شتانە رازی نییە، كە لەكوردستاندا هەیە، كۆمەڵێك گرفت هەن و سوریشە لەسەر ئەوەی چارەسەر بكرێن، ئەگەر ئەم كابینەیە درێژكرایەوە، دەبێت هامشێكی زیاتر و دەرگایەكی زیاتر بەرووی حكومەت بكاتەوە". سەبارەت بەوەی كێ دەرگای زیاتر لەحكومەت بكاتەوە، توانا ئەحمەد گوتی "بۆ نموونە یەكێتی و پارتی یان هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بەتایبەت یەكێتی وپارتی، كە دوو حیزبی سەرەكی پێكهێنەری ئەم حكومەتەن".
ئەو بوونی زۆنگی زەرد و سەوز و دوو ئیدارەیی بەیەكێك لەگرنگترین كێشەكانی حكومەتی هەرێم دەزانێت، رەتشی كردەوە، كە پارتی كێشەی بۆ حكومەتی هەرێم دروست كردبێت و بووبێت بەهۆكاری لاوازی حكومەتەكە و وتی "سەرۆكی هەرێم لەزۆر رووەوە پاڵپشتێكی سەرەكی حكومەت بووە، بەڵام رەنگە لەناو پارتی هەندێك كەس هەبووبن دژی هەنگاوێكی حكومەت بووبن".
سەبارەت بەململانێكانی ناو باڵەكانی یەكێتی و كاریگەریان لەسەر كاركردنی حكومەت گوتی "وەك پێشتر وتم ئەم كابینەیە دەستی بۆ هەندێك شت بردوە، راستەوخۆ لەبەرژەوەندی زۆركەسی داوە لەناو پارتی و یەكێتیدا، بۆیە ئەوانە كێشەیان بۆ كابینەكە دروست كردوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com