یەكگرتوو داوای یاسایی لەسەر پارتی تۆمار دەكات  

 

 

سڤیل: رێبوار رەزا چوچانی
وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، ئامادەكارییان كردووە بۆ تۆماركردنی داوای یاسایی و بە دادگا گەیاندنی پارتی، بۆ ئەو مەبەستەش كەیسێك ئامادە دەكەن.
لە لێدوانێكدا بۆ سڤیل، دكتۆر سەڵاحەدین بابەكر، وتەبێژی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، رایدەگەیەنێت، ئەوان چاوەڕوانن سەرۆكی هەرێم ئیجرائاتی خێرا بگرێـتە بەر، لەبەرامبەر بەرپرسە حیزبی و حكومییەكانی ناوچەكانی بادینان، كە وتەی ئەو "ئەوان بەرپرسن لەسوتاندنی بارەگاكانی یەكگرتوو". دكتۆر سەڵاحەدین بابەكر وتی "دەبێت سەرۆكی هەرێم ئیجرائاتی خێرا و بەپەلە بكات، لەسەر سووتاندنی بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامی لەبادینان، لەبەرامبەر بەرپرسە حكومی و حیزبییەكانی ئەو شوێنانەی بارەگایان تێدا سوتاوە، لەبەرئەوەی ئەوان بەرپرسن لەپاراستنی بارەگاكانی ئێمە".
یەكگرتووی ئیسلامی ئەو داواكارییە وەك مەرجێك دەزانێت، بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە، وتەبێژەكەی یەكگرتوو ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە ئامادەن پارتی بدەنە دادگا و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەكاریان كردووە، وتیشی "ئەگەر بەو ئیجرائانە هەڵنەستن، ئەوا داوای یاسایی تۆمار دەكەین، ئێستاش ئێمە دەستەیەكی داكۆكیكارمان لەپارێزەرانی یەكگرتوو راسپاردووە، بۆ كردنەوەی دۆسیەیەك بۆ ئەو رووداوانە و كۆكردنەوەی بەڵگەكان، بۆ تۆماركردنی داوای یاسایی لە دادگا".
رۆژی 2/12/2011 لەدوای نوێژی هەینی، لەشارۆچكەی زاخۆ پەلاماری سەنتەرەكانی مەساج و شوێنەكانی مەی فرۆشتن و هۆتێلە گەشتیارییەكان درا، بەو هۆیەشەوە یەكگرتووی ئیسلامی تۆمەتبار كرا و هێرش كرایە سەر بارەگاكانیان، كە لەماوەی شەو و رۆژێكدا، زۆرینەی بارەگانی یەكگرتوو لەناوچەكانی بادینان سوتێندران.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com