عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی: لەحكومەتی داهاتوو بەشدار دەبین بەڵام بەشێوەیەكی راستەقینە، نەك شكلی  

 

 

سڤیل: سەنگەر عەبدولڕەحمان

عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، لەو دیمانەیەدا لەگەڵ (سڤیل) باس لە هەوڵە نێوبژییەكەی ئەمیری كۆمەڵ دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە كە "یەكگرتووی ئیسلامی لەبەرامبەر پارتیدا ئێمەی ئیحراج كرد".

نەهاتنی یەكگرتوو بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی چارەسەری كێشەكانی دوورخستەوە

یەكگرتوو لەژێر فشاردا داواكاریەكەی كردە مەرج بۆ كۆبوونەوە



سڤیل: جەنابت لەكۆبوونەوەی ئەمیری كۆمەڵ لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و لەگەڵ سەلاحەدین بەهادین بەشدار بوویت، هەڵوێستی پارتی و یەكگرتوو چۆن دەبینیت بۆ ئاساییكردنەوەی باردۆخی نێوانیان؟
عەبدولستار مەجید: ئێمە لەڕوی پەرۆشی و دڵسۆزیمان بۆ ئەو واقعەی كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، كە پێموایە ئێمە ئێستا بە كۆمەڵێك قەیراندا تێدەپەڕین، قەیرانی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لەكوردستان، هەروەها ئێمە قەیرانی كێشە هەڵپەسێردراوەكانمان هەیە لەگەڵ حكومەتی ناوەند، قەیرانی ئاڵۆزییەكانی سەرسنورمان هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی ئێران و توركیا، ئەم رووداوەی بادینانیش ئەویش بۆخۆی قەیرانێكی بۆ سەرقەیرانەكانی تری هەرێمی كوردستان زیاد كرد، دەتوانم بڵێم قەیرانەكانی تری هەرێمی كوردستانی قوڵتر و فراوانتر كرد، بۆیە ئێمە وەك كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری ئەوەماندا وێڕای هاوسۆزیمان بۆ یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لەسەر سوتاندنی بارەگاكانی و دەستگیركردنی ئەندامانیان، بەپێویستمان زانی لەم هەلومەرجەدا هەستین بەم نێوانگیریە، سەرۆكی هەرێم و مامۆستا سەلاحەدین پێیان باش بوو ئەم بارودۆخە بوەستێنرێت و ئاڵۆزتر نەبێت، هەردولاش جەختیان لەسەر چارەسەری كێشەكان كردەوە لەڕێگای گفتوگۆ و لەهەمانكاتیشدا لەڕێگای یاساوە، هەركەس مافی خۆی پێبدرێت و ئەوانەی كە كەمتەرخەم بوون، ئەوانەی كە تاوانبارن لەم تاوانەدا ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ بكرێت.
سڤیل: ئەگەر یەكگرتوی ئیسلامی ئەم پەرۆشیەی هەبووبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، بۆ ئامادەی ئەو كۆبونەوەیە نەبوو كە بڕیاربوو لەماڵی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی ئەنجام بدرێت لەنێوان پارتی و یەكگرتودا؟ ئێوە چاوەڕێی ئەوەتان دەكرد یەكگرتوو بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیە بكات؟
عەبدولستار مەجید: نەخێر ئێمە چاوەڕێی ئەوە نەبووین یەكگرتوو بەشداری كۆبوونەوەكە نەكات، چونكە پێشر و هەم ئێوارەكەی و هەم هەتا بەیانیەكەشی كە كۆبوونەوەكە دەكرا، ئەوەیان ڕاگەیاندبوو كە داوای ئازادكردنی گیراوەكانیان دەكەن، وتیان ئێمە پێمان باشە پێش ئەوەی كۆبوونەوەكە بكرێت گیراوەكان ئازاد بكرێن، بەڵام ئەمە وەك مەرج دیاری نەكرابوو، ئێمە زۆر هەوڵماندا و بەردەوام لەپەیوەندیدا بووین لەگەڵیان كە هەرچۆنێك هەیە لەم كۆبوونەوەیە ئامادە بن، هیچ پێش مەرجێك نەبوو بۆ ئەو كۆبوونەوەیە، بەڵكو تەنها داواكاری بوو، لەكاتێكدا من وەك خۆم داواكاریەكەیان بەڕەوا دەزانم، دەبوو دامودەزگاكانی حكومەت گیراوەكانی یەكگرتوی ئیسلامیان ئازادكردایە، یەكگرتوو مافی ئەوەی هەیە داوای ئازادكردنی گیراوەكانی خۆی بكات، بەڵام ئەگەر ئەمەیان كردووە بەمەرج دەبوو پێش كۆبوونەوەكە ئەمەیان بە ئێمە بگوتایە، نەك لەسات و ئانی دەستپێكردنی كۆبوونەوەكە، ئەم هەڵوێستەی یەكگرتوو بۆ ئێمە ناخۆش بوو بە ئەندازەیەك ئیحراجی تێدابوو بەرامبەر وەفدی مەكتەبی سیاسی پارتی، هەرچەندە ئەوان گوتیان هیچ زیانێكمان نەكردووەو بۆ لای ئێوە هاتوین، لەگەڵ ئێوە دۆستین و بە زیانی نازانین كە هاتوین بۆ لاتان.
سڤیل: واتا تۆش هاوڕایت لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر كە گوتی یەكگرتوو ئێمەی لەبەردەم پارتی ئیحراج كرد؟
عەبدولستار مەجید: بێگومان وایە، زۆر ناخۆش بوو بۆ ئێمە، چونكە وەفدی پارتی بۆ ئەو كۆبوونەوە هاتبوون، هەموو خەڵك و میدیاكان چاوەڕێی ئەو كۆبوونەوەیە بوون، كە داخوا بەچی دەگات، بەڵام ئەمە نابێتە كۆتاییهێنان بەو هەوڵانەی كە ئێمە داومانە، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵی خۆمان، پێشمان وایە هیچ ڕێگەیەكی ترمان لەبەردەمدا نیە تەنها گفتوگۆ نەبێت، نە پارتی و نە یەكگرتوی ئیسلامی هیچ بەدیلێكیان نیە بۆ گفتوگۆكردن، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەنین ئەو نەهاتنەی یەكگرتوو بێتە كۆسپ لەبەردەم چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵكو هەر دەبێت كۆبوونەوەكان بكرێن و چارەسەری كێشەكان بكرێت، چونكە هیچ لایەك بەمانەوەی كێشەكان بەم شێوەیە قازانج ناكات.
سڤیل: ئەو بایكۆتكردنەی یەكگرتوی ئیسلامی تاچەند ئەو هەوڵەی ئێوەو ڕەنگبێت خەڵكی تریش دابێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هێوركردنەوەكەی بارودۆخە لەباربرد؟
عەبدولستار مەجید: بەڕاستی زۆر كاریگەری هەبوو، چونكە بەلایەنی كەم چارەسەربوونی كێشەكان ماوەیەكی زیاتری دەوێت، چارەسەری دوورخستەوە كە ئێمە پێمان وابوو تا زووتر چارەسەر ببێت باشترە بۆ هەموو لایەك، پێشموایە هۆكاری سەرەكی ئامادە نەبوونی یەكگرتوی ئیسلامی فشاری ئەندام و كادرانی و خۆیان بەشێك لەجەماوەری هەرێمی كوردستان بوو، كە ئەمەش مافی خۆیانە، بەڵام دەبوو یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان ئەگەر وەكو وەفدی مەكتەبی سیاسیش بەشداریان نەكرد، دەیانتوانی برایەكی مەكتەبی سیاسی بنێرن، لەوێ بۆ وەفدی پارتی روونبكردایەتەوە كە لەبەر ئەوەی ئێمە بارەگامان سوتاوەو ئەندام و كادرمان گیراوە، هەتا ئەو مەزڵومیەت و مەغدوریەتەمان لەسەر لانەچێت ئامادەی كۆبوونەوە نابین، فەرموو بڕیار بدەن دوو سەعاتی تر، ئێوارە، بەیانی گیراوەكانمان ئازاد بكەن، ئێمە دێین كۆدەبینەوە، ئەمە بۆ یەكگرتوی ئیسلامی بەهێزتر دەبوو بۆ هەموو لایەكیشمان باشتر دەبوو، هەم پارتیش دەرفەتی ئەوەی نەدەبوو كە گلەیی لەكۆمەڵی ئیسلامی بكات، هەرچەندە نەشیانكردووە.
سڤیل:پارتی هیچ گلەیی و گازندەیەكی نەكرد؟
عەبدولستار مەجید: نەخێر، پێیان ناخۆش بوو كە ئەوان نەهاتون، باسی ئەوەشیانكرد كە یەكگرتوی ئیسلامی نایەوێت كێشەكان چارەسەر بكات و ئەگەر بیویستایە ئەوە دەرفەتێك بوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئێمە هاتوین بە قورسایی خۆمانەوە و بەبڕیاریشەوە هاتوین، گوتیان ئێمە ئێستاش بەردەوام دەبین لەسەر ڕێبازی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان. بەڵام دەكرا ئەو وەفدەی پارتی هاوكات لەگەڵ ئەوەی ئەوان مقاتەعەی ئەم كۆبوونەوەیان كرد، بڕیاریان بدایە بۆ نمونە ئەوا بڕیارماندا ئەمڕۆ سەعات 12 گیراوەكان ئازاد دەكەین با یەكگرتوش بێتە كۆبوونەوەكە.
سڤیل: پێشتر یەكگرتوو داواكاری هەبووە بۆ ئازادكردنی گیراوەكانی نەك مەرج، بە بۆچوونی تۆ ئەم داواكاریە بۆ بوو بە مەرجی پێشوەختی كۆبوونەوە؟
عەبدولستار مەجید: ئێمە پێمان وایە ئەوەی بە ئێمەیان گوتوە داواكاری بووە، هەرچەندە خۆیان قسەیەكی تر دەكەن و دەڵێن مەرج بووە نەك داواكاری، پێموایە دوو هۆ هەیە، یەكیان لەمەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكگرتو بۆچونی جیاواز هەبوو بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، جیاوازیەكەش لەوەبوو كە ئایا بەشداری كۆبوونەوە بكەن و داوا بكەن گیراوەكان ئازاد بكرێن، یان نەچنە كۆبوونەوە تاگیراوەكان بەردەدرێن، بەڵام كاتێك ئەندامان و كادرانی یەكگرتوو پێیان زانیوە، ناڕەزاییان دەربڕیوەو رەخنەی توندیان گرتوە لەبەشداری كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، هەتا بەپێی زانیاری من كۆمەڵێكی زۆری كادری یەكگرتوو هەڕەشەی وازهێنانیشان كردووە، بۆیە یەكگرتوو لەژێر فشاری گەورەدا بوو، بۆیەش یەكگرتوو داواكاریەكەی كردە مەرج بۆ كۆبوونەوە.
سڤیل: مامۆستا عەلی باپیر لەڕونكردنەوەیەكدا دەڵێت هەندێك كەس بەگومانن لەو هەوڵەی ئێمە، مەبەست هەندێك كەس كێیە؟
عەبدولستار مەجید: من بڕوا ناكەم بەشێوەیەكی بەرفراوان بێت، خەڵكێك هەیە لەسایتەكان شتیان نوسیوەو بۆچونیان خۆیان وتوە، بۆ نمونە دەڵێن پێویست ناكات مامۆستا عەلی باپیر سەردانی كاك مەسعود بكات، یەكێكی تر دەڵێت ئەم هەوڵەی مامۆستا مەبەستی سیاسی لەپشتەوەیە، روونكردنەوەكەی مامۆستا لەسەر ئەو بنەمایە هاتوە كە خەڵكێك بەوجۆرە تەماشا دەكات، بۆیە ئەویش بەناچاری ئەوەی روونكردەوە كە نەخێر ئێمە لەڕوی دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ میللەتی خۆمان و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەپێویستمان زانی بەو ئەركە هەڵبستین، پێموایە هەر لەو چوارچێوەیەدا بوو لایەنێكی دیاریكراو نیە پەنجەی بۆ ڕابكێشین و بڵێین بەگومانەوە تەماشای ئەو هەوڵە دەكات.
سڤیل: پارتی لەهەوڵی ئەوەدا بوو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن ڕازی بكات، بۆ ئەوەی لەكابینەی داهاتوی حكومەتی هەرێم بەشداری پێ بكات كە بریارە لەكۆتایی ئەمساڵدا وەریبگرێتەوە، پێتوایە ئەم ئاڵۆزیانەی نێوان پارتی و یەكگرتوو ئەم هەوڵەی پارتی لەبار ببات؟
عەبدولستار مەجید: پێموایە پارتی لەم مەسەلەیەدا زیانی كرد، بەتایبەتی فعلەن ئۆپۆزسیۆن بەگشتی بەشدار بێت لەكابینەی نوێ بەسەرۆكایەتی نێچرڤان بارزانی، بەلایەنی كەمەوە ئەگەر بەشداریش نەكات پشتیوان و هاوكار بێت، ئێمە وەك ئۆپۆزسیۆن پێشتر ڕامان گەیاندوە و ئێستاش دەیڵینەوە ئەگەر كێشەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی چارەسەر بكرێت، پێویستە لەم هەنگاوانە دەست پێبكەین، یەكەم چوار بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم جێبەجێبكرێت، پاشان كۆبوونەوە پێنج قۆڵیەكان دەست پێدەكاتەوەو لەوێ بۆ گەیشتن بەپرۆژەیەكی چاكسازی هاوبەش بۆ هەرێمی كوردستان گەیشتین بە ئەنجامێك، پێموایە دەتوانین ڕێكبكەوین و خاڵە ناكۆكەكانمان زۆر و بەهێزنین، دەكرێت لەسەریان ڕێكبكەوین، پاشان دەمێنێتەوە بەشداریكردنی ئۆپۆزسیۆن لەحكومەت، ئێمە وتومانە حكومەتێك لە ئاست جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە بێت كەلەسەری ڕێكدەكەوین و پرۆژەی ئێمە قبوڵ بكرێت، هەروەها شەراكەتی ئێمە قبوڵ بكرێت لەحكومەت، واتا هەر بەشداریكردنێكی شكڵی نەبێت كە وەزیرێك دەدرا بە لایەنێك و دەسەڵاتی بەڕێوبەرە گشتیەكەی خوار خۆی نەبووە، ئێمە دەمانەوێت بەشداریەكی راستەقینە بكەین، بەم شێوەیە بەشداری دەكەین بۆ نا. ئێمە گوتومانە ئەگەر چوار بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمیش جێبەجێنەكرێت و بەشداری كابینەی نوێ نەكەین، هەر لایەك و هەر حكومەتێك ئەو پرۆژانەی ئێمە قبوڵ بكات و بیكاتە بەرنامەی كاری خۆی، ئەگەر بەشداریش نەكەین ئەوا هاوكار و پشتگیری دەكەین.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com