|
سڤیل:
گەرمیان
هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی پارێزگای دیالە
هەرێمی سەربەخۆی ناوچەی دیالەی راگەیاند،
نوێنەری حزب و لایەنە كوردییەكانیش لەو
پارێزگایە پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەو هەرێمە
سەربەخۆیە راگەیاند، لەو بارەوە "مەحموود
سەنگاوی" ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی
نیشتیمانی كوردستان هەروەها بەرپرسی ئەو حزبە
لەناوچەی گەرمیان لەگفتوگۆیەكی "سڤیل"دا باس
لەپاڵپشتی خۆیان بۆ ئەو هەرێمە سەربەخۆیە
دەكات.
سڤیل: چەند رۆژێكە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە
لەو ناوچەیە بەهەرێمبوونی خۆی راگەیاند، ئێوە
وەك مەكتەبی سیاسی یەكیتی نیشتیمانی كوردستان
چ بۆچوونێكتیان هەیە لەسەر بەهەرێمبوونی ئەو
ناوچەیە؟
مەحموود سەنگاوی: ئێمە هیچ بۆچوون و
راسپاردەیەكمان نییە لەسەر بەهەرێمبوونی
پارێزگای دیالە، چونكە بەپارێزگابوونی هەر
ناوچەیەك لەعێراقدا بەپێی دەستووری وڵات رێگەی
پێدراوە و هەموو پارێزگایەكیش بەپێی زۆرینە
مافی ئەوەی هەیە داوای هەرێمێكی سەربەخۆ بكات،
بێگومان دیالەش مافی خۆیانە هەرێم رادەگەیەنن،
یاخود رای ناگەیەنن، لەوەدا بۆ خۆیان ئازادن.
لەبەر ئەوە بۆچی هەرێمێكی سەربەخۆ بۆ ئێمە
حەڵاڵبێت بۆ خەڵكی دیالە حەرام بێت؟ بەڵام
ئێمە وەك سەركردایەتی كورد لەو ناوچەیە یەك
مەرجمان هەبووە، ئەویش ئەو كاتەی ئەوان
ناوچەیەكی سەربەخۆ را دەگەیەنن، ئێمە وەك
خانەقین و دەوروبەری سەر بەو فیدراڵیەت و
هەرێمە نین، بەڵكو سەربە هەرێمی كوردستانین.
سڤیل: مەرجەكانی ئێوە زیاتر چیبوون، دەكرێت
پێمان بڵێت ئێوە وەك كێ لەگەڵ ئەنجومەنی
پارێزگای دیالە گفتوگۆتان كردووە؟
مەحموود سەنگاوی: ئێمە داوامانكردووە خانەقین
و دەوروبەری كە ناوچەیەكی كوردستانین
لەوحاڵەتەدا بگەڕێتەوە بۆ سەر هەرێمی
كوردستان، كە پارێزگای دیالە یاسای هەرێمی خۆی
جێبەجی كرد، چونكە خانەقین و دەوروبەری سەر بە
هەرێمی دیالە نابێت. بۆیە بۆمان ئیمزا كردوون.
سڤیل: من پرسیاری ئەوەم كرد ئێوە وەك كێ
گفتوگۆتان لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای دیالەدا
كردووە؟
مەحموود سەنگاوی: لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای
دیالە پێمان وتوون خانەقین و ناوچەكانی تر سەر
بەو هەرێمە سەربەخۆی دیالە نابێت، ئەوانیش
هەموویان رازیبوون، بە مەرجەكانی ئێمە.
سڤیل: ئەوان چ تەعلیقێكیان هەبووە، بەرانبەر
پێشنیاز و داواكارییەكانی ئێوە؟
مەحموود سەنگاوی: ئەوان هیچ تەعلیقێكیان نییە
لەسەر مەرجەكانی ئێمە، بەڵام بەداخەوە دوای
راگەیاندنی بەهەرێمبوونی ئەو ناوچەیە
هەڕەشەیەكی گەورەی هاتۆتە سەر، ئەنواع
میلیشیاو چەكدار سەرجادەكانیان گرتووە،
ئێستاكە رێگای بەغدا لەخاڵسەوە بۆ دیالە
داخراوە، هەمووی چەكداری میلیشیا گرتویەتی و
خێمەیان هەڵداوە، لەسنوری شارەبانیشەوە
بەهەمان شێوەیە. بەڵام هەموو ئەمانە مەرج نییە
شیعە بن، چونكە بە تەنیا شیعە لەوێ نییە،
بەڵكو سونەش هەیە، ئەو سونانەشن كە كەوتوونە
سەر ئەو ناوچانەی دەكەونە سەر هەرێمی
كوردستان.
سڤیل: پێشتر راتگەیاندبوو من پاڵپشتیم لە
بەهەرێمبوونی ئەو ناوچەیە كردووە، دەكرێت
بزانین بەڕێزت بە ئاگاداری كێ پاڵپشتی خۆت
راگەیاندووە بۆ هەرێمی سەربەخۆی دیالە؟
مەحموود سەنگاوی: بەڵێ من پاڵپشتی خۆم
راگەیاندووە، هەموو ئەندامانی پارتی و یەكێتی
و ئیسلامییەكان و سۆسیالیستیش لەئەنجومەنی
پارێزگای دیالە پاڵپشتی خۆیان راگەیاندووە و
ئەوانیش ئیمزایان كردووە.
سڤیل: باشە بە هەرێمبوونی ئەو ناوچەیە چ
سودێكی بۆ كورد هەیە ئێوە بەڕاشكاوی پاڵپشتی
خۆتانتان بۆی راگەیاندووە؟
مەحموود سەنگاوی: بەداخەوە تا ئێستاكە
كێشەكانی كورد وەك خۆی ماوەتەوە لەو ناوچەیە،
بەڵام ئەو كێشەیە كە ئێستا لەدیالە رووی داوە
ئێمە بە هیچ جۆرێك بەشدار نین.
سڤیل: بەڕاشكاوی وەڵامی پرسیارەكان نادەیتەوە،
تۆ باسی ئەوەت كرد نوێنەری لایەنە كوردییەكان
هەموویان پاڵپشتیان لە بە هەرێمبوونی ئەو
ناوچەیە كردووە، دەمەوێت بپرسم لە ئێستا چ
زەمانەتێك دراوە بە كورد بۆ ئەوەی لە
داهاتوودا كێشەی بۆ دروست نەبێت؟
مەحموود سەنگاوی: ئیمزاو پرۆتۆكۆل
لەنێوانماندا هەیە، بەڵام ئەگەر هاتوو
كێشەكانی ئێمە یاخود ئەوەی داوای دەكەین
جێبەجێیان نەكرد، ئەو كاتە ئێمەش مادەی "140"
هەیە كە مادەیەكی دەستورییەو بەپێی ئەو
مادەیەش بەردەوامین لەداواكارییەكانی خۆمان،
بەڵنیاییشەوە كورد دەست لەمافی خۆی هەڵناگرێت.
سڤیل: بۆچوونی مام جەلال وەك سكرتێری گشتی
یەكێتی نیشتیمانی چییە لە سەر بەهەرێمبوونی
ناوچەی دیالە؟
مەحموود سەنگاوی: تا ئێستاكە گوێم لەهەڵوێستی
مام جەلال نەبووە، بزانم چ تەعلیقێكی لەسەر بە
هەرێمبوونی پارێزگای دیالە هەیە.
سڤیل: ئێوە لەكۆبوونەوە و گفتوگۆ ناوخۆییەكانی
حزبدا باستان لەپاڵپشتی یاخود دژایەتیكردن بۆ
بە هەرێمبوونی ناوچەی دیالە نەكردووە؟
مەحمود سەنگاوی: ئێمە لەكۆبوونەوە حزبییەكاندا
باسی بە هەرێمبوونی ناوچەی دیالەمان نەكردووە،
چونكە ئەوە مەسەلەیەكی عێراقیەو پەیوەندی بە
دەستووری وڵاتیشەوە هەیە، بۆیە مام جەلالیش
تەنیا پاڵپشتی لەدەستور دەكات، چونكە سەرۆك
كۆماری عێراقەو بەپێی یاساش سەرۆك كۆمار
پارێزەری دەستورە.
سڤیل: دوای راگەیاندنی بە هەرێمبوونی ئەو
ناوچەیە ئێستا دەگوترێ بارودۆخی ئەمن و ئاسایش
بەرەو خراپی دەڕوات، ئێوە چۆن ئەوە لێك
دەدەنەوە؟
مەحمود سەنگاوی: بەڕاستی بارودۆخی ئەمنی سەد
لەسەد بەرەو خراپی دەڕوات، هەموو هێزەكان
رووبەڕووی یەك وەستاونەتەوە، شیعە و سونە و
ئەو سونانەی دژی بەهەرێمبوونی ئەو ناوچەن،
هەموویان چەكیان پێیە و بەرامبەر یەك
راوەستاون، هەڵگیرسانی شەڕیش لە ئارادایە.
سڤیل: لێرەدا كورد چۆن دەتوانێ بەرگری لەخۆی
بكات، یاخوود بێلایەنی خۆی دەپارێزێت؟
مەحموود سەنگاوی: ئێمە توانای بەرگریكردن
لەخۆمان هەیە، چونكە هێزی پێشمەرگەی كوردستان،
لەو ناوچەیە بەهەموو جۆرە چەكێكەوە لەئامادە
باشیدایە، بەڵام ئێمە بەشێك نین لەو گرژی و
ئاڵۆزیانەی ناوچەكەی گرتۆتەوە. ئەگەر فشار
بخرێتە سەر كورد و هەڕەشەی لێ بكرێت، بەرگری
لەخۆمان دەكەین.
سڤیل: وەك خۆت باستكرد ئێوە پشتگیریتان بۆ بە
هەرێمبوونی دیالە دەریڕیوە، ئایا چاوەڕێی ئەوە
ناكەن كوردیش لەو كێشەو ئاڵۆزیانەدا تێوە
بگلێت؟ دەكرێت بپرسین ئایا ئێوە ئەوەندە
بەرگری لە كورد دەكەن، ئەوەندەش بەرگری لەو
دژایەتیكردنەی هەرێمی دیالە دەكەن؟
مەحموود سەنگاوی: ئەركی ئێمە نییە لەسەر ئەو
ناوچەیە شەڕ بكەین، ئەوە ئەركی خۆیانە، بەڵام
ئەوەی ئێمە پشتگیری دەكەین، وەك شتێكی
مەبدەئییە كە پاڵپشتیمان لە بە هەرێمبوونی
ناوچەی دیالە كردووە.
سڤیل: پێتانوایە ئایندەی ئەو ناوچانە بەرەو چ
ئاراستەیەك هەنگاو دەنێت؟
مەحموود سەنگاوی: لە راستیدا ئایندەی ئەو
ناوچەیە هەمووی بەخراپ دەبینم، چونكە بارودۆخی
ناوچەكە نێوانی سونە و شیعە تابڵێیت خراپە،
لەبەر ئەوە ئێستا ئەلقاعیدە و توندڕەوەكانی
ناوچەكە و سونە و شیعە هەموویان لەسەر خەتن.
بەڵام ئێمە وەك كورد پاڵپشتی لە كەسیان
ناكەین، چونكە مەسەلەی ئێمە مەسەلەیەكی
سیاسیەو داوای هەق و حقوقی خۆمان دەكەین.
|