پارێزەرە عەرەبەكەی ئۆجەلان: دەمانەوێت كەیسی ئۆجەلان بگۆڕین  

 

 

سڤیل: شوان سدیق

ئۆجەلانم خۆشم دەوێ بۆیە خۆبەخشانە پشتگیری لێ دەكەم




جگە لەپارێزەرانی كورد سێ پارێزەری بەرەگەز عەرەبیش لەنێو تیمی پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانن، یەكێك لەو پارێزەرە عەرەبانە لەگفتوگۆیەكدا لەگەڵ "سڤیل" ئاماژە بەوە دەكات، كەسایەتی "ئۆجەلان" كاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی ئەو بەشێوەیەكی خۆبەخشانە ببێتە پارێزەری، هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو كە دەیانەوێ كەیسی ئۆجەلان بگۆڕن.
عەبدوڵلا ئۆجەلان، رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان "pkk" لە "15-2-1999" لەنایرۆبی پایتەختی وڵاتی كینیا دەستگیر كرا، دواتر رادەستی دەسەڵاتدارانی توركیا كرا، پاش چەند مانگێك لەدەستگیردنەكەی رۆژی "29-7-1999" دادگای تاوانەكانی توركیا سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئۆجەلاندا سەپاند، بەڵام دوای سێ ساڵ لەبەندكردنی، لەساڵی "2008" دووبارە دادگای باڵای توركیا سزاكەی ئۆجەلانی بۆ زیندانی هەتا هەتایی گۆڕی، لەو كاتەوەش تا ئێستا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەبەندیخانەی تاكەكەسی لەدوورگەی ئیمراڵی زیندانییە.
دوای چەندین ساڵ لەبەندكردنی ئۆجەلان، بەگوێرەی یاساكانی وڵاتی توركیا و وڵاتانی ئەوروپا هەڵسوكەوت لەگەڵ ئۆجەلان ناكرێت، ئەوەش وایكردووە كە چەند ساڵێكە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و پارێزەران زیاتر هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی لەنزیكەوە دۆسێی ئۆجەلان چاودێری بكەن، بەڵام حكومەتی توركیا رێگرییان لێ دەكات.
بەگوێرەی زانیارییەكان، تا ئێستا نزیكەی "35" كەس لەپارێزەری ئۆجەلان دەستگركراون، كە لەنێویشیاندا پارێزەری ئیتاڵی تێدایە، بەڵام لەئێستادا هەوڵەكانی پارێزەران و چالاكوانی بواری مافەكانی مرۆڤ دەستەوەستان نەوەستاوە، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەكی زۆر پارێزەر ئامادەی خۆیانیان راگەیاندووە، كە بەشێوەیەكی خۆبەخش داكۆكی لەكەیسی (عەبدوڵلا ئۆجەلان) بكەن، ئەوەی لەناو پارێزەرانی ئێستای ئۆجەلان بەدیدەكرێت چەند پارێزەرێكی بەرەگەز عەرەبن.
فەخرییە تۆفیق، كە یەكێكە لەو پارێزەرانە بۆ داكۆكیكردن لەكەیسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئامادەی خۆی نیشانداوە بە خۆبەخش و بێ بەرامبەر كار بكات، فەخریە لەگفتوگۆیەكیدا لەگەڵ "سڤیل" سەرەتا باسی لەوەكرد كە چۆن ئۆجەلانی ناسیوە و چی وایكردووە ئەو ببێتە پارێزەری و دەڵێت "بەر لەدەستگیركردنی ئۆجەلان من ئەوم لە رێگەی نووسین و بیرۆچوونەكانیەوە ناسیوە، بەڵام بەداخەوە كاتێك ئۆجەلان دەستگیركرا، من قوتابی بووم لەكۆلێژی یاسا لەزانكۆی كەركووك، هەر ئەوكاتەش بەڵێنمدا ئەگەر هاتوو رۆژێك بووم بە پارێزەر تا ئەوكاتەش ئۆجەلان ئازاد نەكرێ، ئەوا خۆم ببمە پارێزەری بۆ ئەوەی هەوڵی ئازادكردنی بدەم".
فەخرییە كە هاوڵاتیەكی بەرەگەز عەرەبە و دانیشتووی شاری كەركوكە، لەم گفتوگۆ چەند خولەكیە لەدرێژەی قسەكانیدا ئەوەشی گوت "بە بڕوای من عەبدوڵڵا ئۆجەلان كەسایەتیەكی سیاسی دەگمەنە، چونكە ئەوەی ئەو بیری لێ نەكردۆتەوە، جیاوازییە لە نێوان نەتەوە و پێكهاتە جیاجیاكانی وڵاتانی ناوچەكە، هەروەها بە هیچ جۆرێك بیروبۆچوونیشی لەگەڵ ئەوەدا نەگونجاوە كە ژن و پیاو بەجیا سەیر بكرێت، بۆیە دەكرێت هەموومان بە ژن و پیاو و كورد و عەرەب و پێكهاتەكانی تر هەوڵی ئازادكردنی بدەین".
دوای ئەوەی فەخرییە بۆ ماوەی دوو ساڵە وەك پارێزەری ئۆجەلان كار دەكات، وەك خۆی ئاشكرای كرد سەردانی وڵاتی توركیای كردووە، ئەو پارێزەرەی ئۆجەلان گوتی "كە سەردانی توركیام كرد لەئێستادا وەك بریكاری تایبەت كار دەكەم، هەموو خەرجییەكانی هاتوچۆ و كاری تایبەتیشم لەسەر دۆسێی عەبدوڵلا ئۆجەلان لەسەر شانی خۆمە و خۆبەخشانەش كار دەكەم".
دەست بەسەركردن و زیندانیكردنی رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان "pkk" پێدەنێتە "13" ساڵ تا ئێستاش دەسەڵاتدارانی وڵاتی توركیا بەگوتەی پارێزەران و چاودێرانی مافی مرۆڤ، ئۆجەلان لە "گۆشەگیرییەكی زۆر خراپدایە و باری تەندروستی و لایەنی دەروونیشی خراپە"، هەر بەگوێرەی راپۆرتەكان سەرۆكی زیندانیكراوی "pkk" مافەكانی پێشێل دەكرێ و ماوەی "136" رۆژیشە حكومەتی ئێستای توركیا رێگەیان نەداوە پارێزەرانی ئۆجەلان سەردانی بكەن، كە لەبەندیخانەی ئیمرالی دەست بەسەرە.
هەر لەو بارەوە (فەخریە تۆفیق خەیالی) پارێزەری ئۆجەلان ئاماژەی بەوەدا كە ئۆجەلان ژیانی ئاسایی و تایبەتی خۆی لەئێستادا وەك بەندكراوێك "زۆر خراپە بەجۆرێك پێویستی بەوەیە كە چاودێرانی مافی مرۆڤ و پارێزەرانیشی لەنزیكەوە بیبین، بەڵام بەداخەوە ماوەیەكی زۆرە حكومەتی توركیا رێگری دەكات".
لەدرێژەی قسەكانیدا (فەخرییە تۆفیق) ئەوەشی گوت "زیندانیكردنی ئۆجەلان لەبەندیخانەی ئیمرالی كە بەندیخانەیەكی سەربازییە بەپێچەوانەی یاسایە و دوورە لەعورفی یاسایی مەدەنی، هەر بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە لەمانگی رەمەزان سەردانی توركیامان كردو داوامانكرد كە ئۆجەلان ببینین، بەڵام رێگەیان نەداین"، پارێزەرە عەرەبەكەی ئۆجەلان، گوتیشی "بۆ ئەو مەسەلەیە بیرۆكەیەكی وامان هەیە كە جۆری جینایەتی ئۆجەلان بگۆڕین، چونكە ئەو كەسێكی تیرۆریست نییە، بەڵكو ئەو كەسێكی سیاسیەو خاوەنی دۆز و كێشەیەكی گەورەیە لەتوركیا، بۆیە دەمانەوێ دۆسییەكەی بگۆڕین".
لەكۆتایی قسەكانیدا ئەو پارێزەرەی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) پێیوایە كورد لەتوركیا داهاتوویەكی باشی لێ چاوەڕوان دەكرێت، وەك فەخرییە تۆفیق، گوتی "لەئێستا كورد بەتایبەتی كوردەكانی باكور لەتوركیا رۆڵی بەرچاویان لەشەقامی توركیا و سیاسەتی ئەو وڵاتەدا هەیە، بۆیە بە هیوای ئەوەین رۆژێك لە رۆژانیش عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بكرێت".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com