رۆژانی نانی رەش ... كاریگەری جەنگی دووەمی جیهان لەسەر عیراق  

 

 

سڤیل: فەیسەڵ خەلیل

جەنگی دووەمی جیهان كاریگەری بەسەر هەموو وڵاتانی جیهان هەبوو، هیچ وڵاتێك نەبوو ئاگری ئەو جەنگەی بەرنەكەوێت، لەجەنگێكی سەرتاسەریدا تەنها سێ وڵات دوور لەئافاتی جەنگ مانەوە، ئەویش وڵاتانی سوید و سویسرا و توركیا بوو، بەڵام عێراق بەهۆی چەند هۆكارێكەوە تووشی ئەو جەنگە بوو، جەنگەكە كاریگەری نێگەتیڤیشی بەسەر عێراقەوە هەبوو.
نووسەری عێراق حامد حەمدانی توێژینەوەیەكی لەبارەی "كاریگەری جەنگی دووەمی جیهان لەسەر عێراق" ئەنجام داوە، باس لەمێژووی ئەو جەنگە دەكات لەعێراق، لێكۆڵینەوەكەی حەمدانی لەشەش بەش پێكهاتوە، لەسەرەتای لێكوڵینەوەكەدا نووسەر باس لەهۆكارەكانی هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی جیهان دەكات، باس لەوە دەكات كە یەكێتی سۆڤیەت چەند جارێك رۆژئاوای لەمەترسییەكانی هیتلەر ئاگاداركردۆتەوە، بەڵام رۆژئاوا ئەو هۆشیاریانەی یەكێتی سۆڤیەتی پشتگوی خستووە، كاتێك هیتلەریش پۆلۆنیاو نەمسا و جیكسلۆڤاكیا داگیر دەكات، بەریتانیا و فەرەنسا دەكەونە خۆ و جەنگ لە دژی ئەڵمانیای نازی رادەگەیەنن، بەر لەوەی بەریەكەوتنێك لەنێوان هێزەكانی فەرەنساو بەریتانیا لەلایەك و ئەڵمانیا لەلایەكی تر رووبدات، بابەتی جەنگ بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەگاتە عێراق، لێرەدا نووسەر باس لەرۆژمێری رووداوەكان دەكات.
چەندین هۆكار هەیە كە راستەخۆ عێراق دەخاتە ناوجەنگەكەوە، یەكەم بوونی پەیماننامەی 1930 كە لەنێوان عێراق و حكومەتی بەریتانی مۆركراوە، بەپێی ئەو رێكەوتننامەیە عێراق و بەریتانیا دەبێت لەكاتی جەنگدا هاوكاری یەكتر بكەن، هۆكارێكی تر مەترسی هاوپەیمانان بوو لەوەی دەستی هیتلەر بگاتە ئەو ناوچە نەوتیانەی عێراق، بۆیە پەیماننامەكەش بیانویەكی پێدەدان كە بەر لەئەلمانیا پێگەی خۆیان لەعێراق قایم بكەن، سێیەم بوونی چەند سەركردەیەكی عێراقی كە بە پلەی ئیمتیاز گوێڕایەڵی بەریتانیا بوون لەوانە نوری سەعید و میر عەبدولئیلاه و غیاببوونی سەركردەیەكی ناودار.
هەر لەبەر ئەو هۆكارانە نووسەر باس لەوە دەكات، كە هەر لەگەڵ راگەیاندنی جەنگ لەدژی ئەلمانیا باڵوێزی بەریتانیا لەعێراق داوا لەنوری سەعید دەكات، كە كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن و هەڵویستی حكومەتی عێراق لەدوو خاڵدا رابگەیەنن، یەكەم پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ ئەلمانیا بپچڕن و دووەمیش جەنگ لەدژی ئەلمانیا رابگەینێت، بۆ بەجێبهێنانی ئەو داوایەی بەریتانیا حكومەتی عێراق لە 5ی ئەیلولی 1939 بە سەرۆكایەتی وەصی میر عەبدولئیلاه كۆدەبێتەوە، لەناو كۆبوونەوەدا نوری سەعید و عەبدولئیلاه داواكەی بەریتانیا قبوڵ دەكەن، بەڵام لەلایەن وەزیرەكانی تر ئەو داوایە خاڵێكیان رەتدەكرێتەوە، وەزیرەكان پێبانوایە عێراق تەنها پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ ئەڵمانیا ببڕێت باشترە، نەوەك جەنگ رابگەینێت، بۆیە داوای وەزیرەكان جێبەجێدەكرێت و بالوێزی ئەلمانیا لەعێرق دەردەكرێت.
نوری سەعید كە دەزانێت لە بەجێهێنانی داوای بەریتانیا سەركەوتوو نابێت، بەدوای بیانویەك دەگەڕێت، لەسەرەتای ساڵی 1940دا وەزیری دارایی عێراقی رۆستەم حەیدەر لەلایەن مفەوەزێكی پۆلیسەوە دەكوژرێت، كوشتنی وەزیری دارایی دەبێتە بیانویەك بەدەستی نوری سەعید، كە زۆربەی وەزیر و كەسایەتییەكانی نەیاری خۆی بخاتە زیندان و تەسلیمی دادگای سەربازی عورفی دەكرێن، نوری لەو كارەیدا رووبەڕووی ناڕەزاییەكی زۆر دەبێتەوە لەلایەن وەزیرەكانییەوە، بۆیە بیر لە دەست لەكاركێشانەوە دەكات، بەڵام پێشتر سەرجەم ئەو ئەلمانیانەی لەعێراقن تەسلیم بە بەریتانیا دەكات و ئەوانیش وەك گیراوی جەنگ رەوانەی زیندانەكانی هیندستانیان دەكەن، دواتر نوری هەر هەموو ئیمكانیەتی مادی عێراق بۆ سەربازەكانی بەریتانیا بەكاردەهێنێت.
نوری هەوڵدەدات سەرجەم بەرپرسانی سەربازی بۆ لای خۆی رابكێشێت، دواتر لە 18ی شوبات دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش دەكات، بەڵام كەسێك نابێت سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران قبوڵ بكات، هۆكاریش ئەو فشارەیە كە لایەنگرە سەربازییەكانی نوری سەعید لەحكومەتدا هەیانبوو، بۆیە دوای چوار رۆژ بەناچاری ئەمیر عەبدولئیلاه داوا لەنوری سەعید دەكات، كە حكومەتێكی نوێ دروست بكات، بەڵام ئەو حكومەتەشی بەهۆی كارەكانی نوریەوە تەنها پێنج هەفتە دەخایەنێت، چونكە نوری سەعید لەو ماوە كورتەدا كۆمەڵێك بڕیار دەردەكا كە سەرجەمیان لەبەرژەوەندی بەریتانیا دابوو، وەزیرەكانیش دژی ئەمە دەوەستنەوە، لەوكاتەدا حكومەتی بەریتانی بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە داوا لەنوری سەعید دەكات، ئەو وەزیرانەی دەستگیركراون رەوانەی دادگای مەدەنی بكات، كاتێكیش ئەوان رەوانەی دادگای مەدەنی دەكرێن، بەرائەت وەردەگرن لەوەی كە دەستیان لەكوشتنی وەزیری دارایی رۆستەم حەیدەر نەبووە، بەمە شەرمەزارییەكی زۆر رووبەڕووی نوری سەعید دەبێتەوە، بۆیە بەناچاری لە 31ی ئازاری 1940 دووبارە دەست لەكاردەكێشێتەوەو بەریتانیا داوا لەعەبدولئیلاه دەكات كە حكومەتێكی نیشتمانی فرەلایەن دروست بكات، بۆ ئەم ئەركەش رەشید عالی گەیلانی هەلدەبژێردێت و نوری سەعیدش دەكرێتە وەزیری دەرەوە.
ئەگەر نوری سەعید دەیویست حكومەتی عێراق لەخزمەتی بەریتانیا و هاوپەیمانەكان دابێت، بەپێچەوانەوە گەیلانی دژی ئەوان دەوەستایەوەو دەیویست پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی میحوەر دابنێت، هەر زوو گەیلانی لەبەرامبەر داواكانی بەریتانیا هەڵگەڕایەوە، وەك نووسەر حامد حەمدانی باسی دەكات گەیلانی كەوتبووە ژێر كاریگەری كابرایەكی فەڵەستینی بەناوی حاجی ئەمین حوسەینی كە پەیوەندیەكی زۆر چاكی لەگەڵ نازییەكان هەبووە، گەیلانی وا ئیقناع كردووە، كە دەتوانێت سەرنجی ئەلمانی بۆ ئەوە رابكێشن كە یارمەتی وڵاتانی عەرەب بدات، بەریتانیا بەو كارانەی گەیلانی دەزانێت، بۆیە داوا لەگەیلانی دەكات، كە رێگا بەهێزەكانی بەریتانیا بدات بۆ پشوو چەند بنكەیەكی سەربازی لەموسڵ و بەسرا و بەغدا بكەنەوە، گەیلانیش بەپێی رێكەوتنی 1930 رێگەیان پێدەدات، بەمەش گەورەترین هەڵە دەكات و بەریتانییەكان دووبارە عێراق داگیر دەكەنەوەو حكومەتەكەی گەیلانی دەڕووخێنن، ئەوەی تێبینی دەكرێت لەو هەموو ململانێیە سیاسیانەدا خەڵكی عێراق زەرەرمەندی یەكەم بوون، هەر ئەو رۆژانە گرانی و نەبوونی روو لەعێراقییەكان دەكات، ئەو رۆژانە بە رۆژگاری نانی رەش ناسراو بووە، بۆیەكەم جار كۆبوونی خۆراك لەعێراق پیادەكرا، خەڵك لەبەر ئەوە برسی بووە، كە نوری سەعید و عەبدولئیلاه وەسی ویستویانەی پەیماننامەی 1930 جێبەجێ بكەن.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com