لە هەموو رووداوەكاندا رۆژنامەنووسان بەشێكن لەقوربانیان... لە رووداوەكانی بادینان تا ئێستا چوار رۆژنامەنووس لە زینداندان  

 

 

سڤیل: بەهمەن عومەر

دوای رووداوەكانی زاخۆ چەند رۆژنامەنووسێكی دەزگاكانی یەكگرتوو تا ئیستا لەزینداندا ماون و سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەڕۆژنامەنووسان دەڵێت بەهۆی كاری رۆژنامەنووسیەوە دەستگیركراون و بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆكیش دەڵێت "بەبڕیاری دادوەر و لەسەركاری تێكدان و سوتانی ماڵی خەڵك دەستگیركراون".
لەدوای دروستبوونی هەر كێشەو ململانێیەكی سیاسی رۆژنامەنووسان رووبەڕووی دەستگیركردن و لێدان و پێشێلكاری جۆراوجۆر دەبنەوە، وەك ئەو ئامارانەی سەندیكای رۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ، بڵاویان كردوونەتەوە، ئەمساڵ زۆرترین پێشێلكاری بەرانبەر بەرۆژنامەنووسان كراوە، لەدواین رووداوەكانی ناوچەی بادیناندا چەندین رۆژنامەنووس تووشی كێشە بوونەوە، لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانەوە كۆمەڵێك رۆژنامەنووسی كەناڵەكانی راگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی روبەڕووی پێشێلكاری جۆراوجۆر دەبنەوە، لەو بارەیەوە نیاز عەبدوڵڵا رێكخەری هەولێری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەڕۆژنامەنووسان لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی "بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ئێمە كەوتوە، لەڕووداوەكانی بادیناندا شەش كەناڵی راگەیاندن سوتێندراون، 16 رۆژنامەنووس دەستدرێژیان كراوەتە سەر و لێیاندراوەو كامێرایان شكێندراوە، یان رێگرییان لێكراوە لەڕوماڵكردنی رووداوەكان، هەروەها بەپێی زانیاریەكانی ئێمە زیاتر لەپێنج رۆژنامەنوس دەستگیركراون، بەڵام ئەوانی دیكەی بەكەفالەت ئازادكراون، بەڵام تائێستا چوار رۆژنامەنووس ئازاد نەكراون".
رێكخەرەكەی سەنتەری میترۆ لەهەولێر گوتی "بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لەهاوڕێكانیان بەدەستمان گەیشتوە، هەموو ئەو كەسانە بەهۆی كاری رۆژنامەنووسیەوە دەستگیر كراون لەبەر هەمان هۆ رووبەڕووی ئازاردانیش بوونەتەوە". نیاز عەبدوڵڵا گوتیشی "كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە بەهیچ شێوەیەك یاسای كاری رۆژنامەنووسی جێبەجێ ناكرێت، بەو یاسایە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووساندا ناكرێت و زۆرترین پێشێلكارییەكانیش لەو بوارەدا، لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە ئەنجام دەدرێت".
هەر لەو بارەیەوە فەرهاد سندی پەیامنێری كەناڵی سپێدە لەزاخۆ لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی "دوای رووداوەكانی 2/12/2011 شاری زاخۆ لەشەوەكەیدا مەڵبەندی 13ی یەكگرتو، سوتا، كە سێ دەزگای راگەیاندنی یەكگرتووی تێدابوو لەوانە (نوسینگەی كەناڵی سپێدە لەزاخۆ، تەلەفزیۆنی خابیر و رادیۆی خابیر) بۆ رۆژی دواتر چەند روژنامەنووسێك چوونە جێگای دەزگا راگەیاندنە سوتاوەكەیان لەو شوێنە بەبێ بڕیاری دادوەر دەست بەسەركران، بەناوەكانی "حەسەن یاسین (بەڕێوەبەری رادیۆی خابیر) ماهر سەگڤان (نووسەر و بێژەری رادیۆ و تەلەفزیۆنی خابیر)، ئیسلام سەعدی كەشانی (بێژەر و پەیامنێری رادیۆ و تەلەفزیۆنی خابیر)، یوسف سەلیم (پێشكەشكاری بەرنامە لەتەلەفزیۆنی خابیر)، دلبرین یوسف (وێنەگری تەلەفزیۆنی خابیر)، نورسی رەمەزان (دەرهێنەر لەتەلەفزیۆنی خابیر)، دلبرین حاجی (مونتێر لەتەلەفزیۆنی خابیر)، ئوسامە نەسرەددین (وێنەگری تەلەفزیۆنی خابیر)، سامر عوبەید (دەرهێنەر لەتەلەفزیۆنی خابیر)، بیلال جەمیل (پێشكەشكاری بەرنامەی منداڵان لەتەلەفزیۆنی خابیر)"، وەك فەرهاد سندی گوتی "دوای سێ رۆژ لەدەستگیركردنیان لەڕۆژی /12/2011 هەشت لەوان بەكەفالەت هاتنە ئازادكرن، بەتەنها (ئیسلام سەعدی و نورسی رەمەزان) لەزینداندا مان، رۆژی دواتر 7/12 پولیس بانگهێشتی (حسەن یاسین و یوسف سەلیم و ئوسامە نەسرەددین)ی كردو ئاسایش لەبنكەی پۆلیس ئەو سیانەی جارێكی دیكە دەستبەسەركردو بردنی بۆ ئاسایش. بەو شێوەیە بوون بەپێنج دەستبەسەركراو لەرۆژی 11/12 (حەسەن یاسین) ئازادكرا و تا ئێستا چوار لەو رۆژنامەوانانە دەستبەسەرن، ئەوانیش (ئیسلام سەعدی كەشانی، یوسف سەلیم، نورسی رەمەزان، ئوسامە نەسرەددین)". پەیامنێرەكەی سپێدە لەزاخۆ گوتیشی "بەپێی قسەی رۆژنامەنووسە ئازادكراوەكان لەزینداندا ئەشكەنجە دراون، بەتایبەتی لەسەرەتای دەستگیركردنیاندا".
شایەنی باسە پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی فراوانی ناردە ناوچەی بادینان بۆ بەدواداچوونی ئەو رووداوانە لەراپۆرتێكی خۆیاندا ئەو لیژنەیە باسیان لەوەكرد كە هێرش كراوەتەوە سەر پەیامنێرانی كەناڵی كوردستان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە كەنالی كوردستان تی ڤیش نەیتوانیوە روماڵی روداوەكان بكات، بەڵام بەهیچ شێوەیەك راپۆرتەكەی پەرلەمان باسی لە دەستگیركردن و پێشێلكاریەكان بەرانبەر بە رۆژنامەنووسەكانی دیكە نەكرابوو.
لەلایەكی دیكەوە ڤیان سەعید بەرپرسی لقی دهۆكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) باسی لەوەكرد كە ئەوان وەك سەندیكا بەدواداچوونیان بۆ ئەو رۆژنامەنوسانە كردووە، كە دەستگیركراون و پارێزەریشیان بۆ گرتوون و بەرگریش لەهەر رۆژنامەنووسێك دەكەن، كە رووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوە، گوتیشی "كارێكی چاوەڕوانكراوە كاتێك توندوتیژیەك روودەدات رۆژنامەنووسان توشی كێشە دەبن، چونكە لەهەموو دنیادا كاری رۆژنامەنووسی بەكارێكی پڕ لەكێشە و مەشاكیل ناودەبرێت، هەمیشە یەكێك لەزیانمەندەكانی شەڕ و ململانێكان، رۆژنامەنووسانن، لەدەڤەری بادینانیش كاتێك ئەو رووداوە نەخوازراوانە روویدا، هەندێك رۆژنامەوان تووشی گرتن بوون، هەر لەسەرەتاوە سەندیكای رۆژنامەنووسان هەڵوێستی ئاشكرا كردو لەبەیاننامەیەكدا ئیدانەی گرتنی رۆژنامەنووسانمان كرد، لەبەر ئەوە ئێمە وەك سەندیكا هەموو ئەو كەسانەی كە بەهۆی كار رۆژنامەنووسی دەسگیركراون، بەدواداچونمان بۆ كردوون، ئەوانەی كە ئەندامی سەنیدیكان ئێمە پارێزەرمان بۆ گرتوون، لەهەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو كەسانە ئازاد بكرێت". بەرپرسی لقی دهۆكی سەندیكای رۆژنامەنووسان گوتیشی "هەرچەندە هەندێك لەو كەسانە لەبەر كاری رۆژنامەنووسی نەگیراون، سەرەڕای ئەوەش ئێمە بەئەركی خۆمان زانیوە كە پشتیوانیان لێ بكەین". ئاماژەی بەوەشكرد كە رۆژنامەنوسان مافی خۆیانە كە روماڵی رووداوەكان بكەن و بەپێی یاسای رۆژنامەنووسی مامەڵەیان لەگەڵدابكرێت.
لە لایەكی دیكەوە لیوا وەعدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) رەتی كردەوە هیچ كەسێك بەهۆی كاری رۆژنامەنووسیەوە دەستگیر كرابێت و گوتی "ئێمە هیچ كەسێكمان نەگرتوە، ئەگەر ساحێبی دوكان شكاتی لێكردبێت، هەندێك كەسمان گرتوە، بەڵگە هەیە كە دەستیان لەتێكدانی دوكانی مەیفرۆشی و باڕەكاندا هەبووە، ئێمە خەڵكێكی دیكەمان گرت، بەڵام زۆربەیان ئازادكران، هەندێكیان بە كەفالەت و هەندێكی دیكەشیان بەتەواوی ئازادكران". بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆك گوتی "ئەگەر رۆژنامەنووسێكیش گیرابێت لەسەر كاری رۆژنامەنووسی نەگیراوە".
لیوا وەعدوڵا سەبارەت بەو چوار رۆژنامەنووسەی كە لەزاخۆ گیراون، گوتی "ئەوانە چوار نین، دوو رۆژنامەنووسن و لەسەر كاری رۆژنامەوانیش نەگیراون، بەڵكو هەردووكیان لەسەر بڕیاری دادگا بەپێی مادەی 222 و مادەی 432ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیركراون، كە تایبەتە بە تێكدان و سوتانی ماڵی خەڵكی".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com