ئامادەنەبوونی یەكگرتوو بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی بۆ لێدانی عەلی باپیر بوو  

 

 

سڤیل: ئەنوەر حەمە غەریب

ئوسامە جەمیل: دەبووایە مامۆستا عەلی باپیر لایەنگیر بوایە نەك میانگیر



رووداوەكانی بادینان جارێكی تر دۆخی سەقامگیری كوردستانی تێكدایەوەو گرژی و ناكۆكی خستە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، ئەوەی ویستی ئەو گرژییە خاو بكاتەوە، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بوو، كۆمەڵی ئیسلامی ئەگەرچی لایەنێكی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام لایەنێكی ركابەری بەهێزی یەكگرتووە لەنێوەندی ئیسلامیدا، هەر بۆیەش چاودێرانی سیاسی پێیانوایە یەكگرتووی ئیسلامی نەیهێشت هەوڵی ئەمیر بۆ ئاشتەوایی سەر بگرێ، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكگرتووش جەخت لەوە دەكاتەوە، كە "مامۆستا عەلی باپیر دەبوایە لایەنگیر بوایە، نەك میانگیر".
دوای رووداوەكانی بادینان كە سوتاندنی سەنتەرەكانی مەساج و باڕ و بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامی لێكەوتەوە، پەیوەندی نێوان پارتی و یەكگرتووی ئیسلامی ناكۆكی و گرژی تێكەوت، هەر بۆیە عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی هەوڵی نێوبژی لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا، وەفدی پارتی لەئاستێكی بەرزی بڕیاربەدەست ئامادەی گفتوگۆ بوون و بۆ كۆبوونەوە چوونە نوسینگەی ئەمیری كۆمەڵ، بەڵام وەفدی یەكگرتوو نەچوون بۆ كۆبوونەوەكە.
بەشدارنەبوونی یەكگرتووی ئیسلامی لەو كۆبوونەوەیەدا كۆمەڵێك پرسیار و بۆچوونی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و هەندێك لەسەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە بەشدارنەبوونی یەكگرتوو لەو كۆبوونەوەی ماڵی ئەمیری كۆمەڵ دەگەڕێتەوە بۆ فشاری قەواعیدی یەكگرتوو لەسەر سەركردایەتییەكەیان، هەر بۆیە وەك عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ (سڤیل) گوتی كە یەكگرتوو مەسەلەی ئازادكردنی گیراوەكانی وەك داواكارییەك پێشكەش كرد، بەڵام دواتر لەژێر فشاردا كردیانە مەرج، بەڵام بۆچوونی تر باس لە هۆكارێكی تر دەكەن، ئەویش ئەوەیە بەشێك لەسەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی دژی دەستپێشخەریەكەی ئەمیری كۆمەڵ بوون، پێیان وابووە گەر سەربگرێت ئەوە عەلی باپیر لەنێو خەڵكی موسڵماندا پێگەی جەماوەری زۆر دەبێت، هەر ئەمەش وایكرد ناڕەزایەتی لەنێو سەركردایەتی یەكگرتوو دروست بكات و دواجار بڕیاری بەشدارینەكردن لەكۆبوونەوەكە بەبیانوی ئازادنەكردنی دەستگیركراوەكانیان بدەن، دوابەدوای ئەمەش لەهەندێ شوێن كۆمەڵێك قسە لەدژی عەلی باپیر و هەوڵەكەی گوتران، هەرئەمەش وایكرد عەلی باپیر لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەفەیسبووك روونكردنەوەیەك بنوسێت "بەداخەوە هەندێك كەس هەمیشە لەپشت پەردەی رەشەوە تەماشا دەكەن، یان لەهەمبانەی خۆیاندا گوێز دەژمێرن، بەگومان و دوودڵیەوە سەرنجی هەوڵی بەندە دەدەن و لێكدانەوەی جۆراوجۆر و سەلبی بۆ هۆكار و هاندەرەكەی دەكەن، بۆئامانجی حزبیە! نەخێر بۆمەبەستی شەخسی و تایبەتیە! ئەوە رەنگە لایەنێك رایسپاردبێت! تۆبڵێی دابەشكردنی رۆڵەكان نەبێ؟؟!".
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەم ساڵانەی دوایی كێرڤی جەماوەریی كۆمەڵی ئیسلامی بە بەراورد لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی لە هەڵكشانەو ئەگەر ئەو دەستپێشخەرییەی ئەمیری كۆمەڵ سەری بگرتایە، ئەوا پێگەی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی دەچووە ئاستێكی باشتر، كە یەكگرتوو ئەوەی ناوێت. فازل میرانیش لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (سڤیل) كە لە ژمارەی رابردوو بڵاو كرایەوە، لەبارەی رەتكردنەوەی دانیشتنی لەگەڵ پارتی لەلایەن یەكگرتووەوە دەڵێ پارتی بەوە نەشكا، بەڵكو پێی گەورە بوو، ئەوان زەرەیان كرد، چونكە خاتری عەلی باپیریان شكاند.
هەر لەو بارەوە ئوسامە جەمیل، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلیستی یەكگرتووی ئیسلامی، كە دوای رووداوەكانی بادینان لەئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كشایەوە، پێیوایە "مامۆستا عەلی باپیر لەوكێشانەی رووبەڕووی یەكگرتوو بووەتەوە لەبادینان دەبوو لایەنگیر بوایە نەك میانگیر". ئوسامە جەمیل پەسنی سیاسەتی یەكگرتوو دەكات كە ئامادەی گفتوگۆ نەبوو لەگەڵ پارتی، گوتی "یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ یەكێك دادەنیشێت كە زەمینەسازی بكات بۆدانیشتن، پارتی بەردەوام ئەندام و دۆست و لایەنگرانی یەكگرتوو دەگرێت و دەیخاتە زیندانەوە، كەچی داوای دانوستان دەكات و كە پێشیان دەڵێن ئەوە ئێوە ئەندامی ئێمە دەگرن، دەڵێت حكومەتە من نیم و هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت حكومەت منداڵێكی ساوایە لەباوەشی حزب و لەو دەڤەرە ناوچە و لق حوكم دەكات و لەوێوە تەوجیهات بۆ دامودەزگاكانی حكومەت دەچێت، تا تۆ دۆست و ئەندام و لایەنگرانم بەرنەدەیت، چۆن بێم لەگەڵت دابنیشم تابزانم تۆنیەتت پاكەو دەتەوێت بارودۆخەكە هێور بكەیتەوە".
سەبارەت بەدەستپێشخەرییەكەی ئەمیری كۆمەڵ ئوسامە جەمیل گوتی "هەنگاوێكی باش بوو، دەستخۆشی لێدەكەین، ئێمە ئامادەین بەرەو پیری ئەو دەستێشخەریەی مامۆستا عەلی باپیر بچین، بەمەرجێك زەمینەسازی بۆبكرێت، من پێشم وایە مامۆستا عەلی باپیر دەبوو لایەنگیری بارودۆخەكە بوایە، نەك میانگیر، چونكە لایەنێكی گەورەی ئۆپۆزسیۆنە لەكوردستان".
دانەنیشتنی یەكگرتوو لەگەڵ پارتی، هیوای چارەسەری كێشەكانی دوورخستەوە، بەڵێن عەبدوڵڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان گوتی "ئێمە نیگەرانین بەئەنجامنەدانی كۆبوونەوەكە، دەبوو ئەوبرادەرانە ئامادەی كۆبوونەوەكە بوونایەو بەستنەوەی ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەكە بە گیرانی چەند ئەندامێكی یەكگرتوو لەرووداوەكانی پارێزگای دهۆك شتێكی باش نییە، پێمانوایە دانیشتنەكە چارەسەری كێشەكانی دەكرد، چونكە چارەسەری كێشەكان گەورەترە لەگیرانی چەند كەسێك و ئەو دانیشتنە گەر ئەنجام بدرایە زەمینەشی خۆش دەكرد بۆئازادكردنی گیراوەكانیش". وەك پرسیاركردنێكیش گوتی "بەدیلی دانەنیشتن و رێكنەكەوتن چیە؟؟ ئایا بەدیوەكەی تردا رێكنەكەوتن و دانەنیشتن بەدیلە بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەسەری تر؟".
كاردۆ محمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان سەبارەت بەوەی كە نەدەبوو پەرلەمانی كوردستان رۆڵی میانگیری نێوان لایەنە ناكۆكەكانی ببینیایە، رایگەیاند "هەر لایەنێك جگە لەدامەزراوە رەسمیەكان كە ئامانجی ئاشتەوایی بێت و لەسەر بنەمای گفتوگۆ چارەسەری كێشەی نێوان لایەنەكان بكات، كارێكی ئیجابیە، بەڵام پێموایە سەرەڕای ئەوەی كە ئاشتەوایی هەبێت، هەندێ ئەركی گشتی و مافی گشتی هەیە، كە پەیوەندی بەئاسایش و پاراستنی ژیان و مافی هاوڵاتیەوە هەیە لەكوردستان، كە ئەركی دەزگا بەرپرسەكانە وەكو پەرلەمان كە دەبێت بەئەركی خۆی هەڵبسێت لەبەرامبەر ئەو رووداوانەوەو چۆنیەتی چارەسەركردنی".
بەرای عەدالەت عەبدوڵڵا نوسەر و چاودێری سیاسی پێویستە بەرلەئەنجامدانی كۆبوونەوە و گفتوگۆ زەمینەسازی بۆبكرێت، گوتی "لەم بارودۆخەی كە دروست بووە ئەگەر گیراو هەیە (ئەوانە نا كە بەبڕیاری دادوەر گیراون)، بەڵام هەركەس لەبەر هۆكاری سیاسی گیرابێت، ئەوە جۆرێك لەنادڵنیایی دروست دەكات و ئەگەر لەلای برادەرانی یەكگرتوو كرابێتە مەرج بۆدانیشتن بەبڕوای من مافی خۆیانە، لەبەرامبەردا پارتیش ئەزمونی ئەوەی هەیە، كە چارەسەر بدۆزێتەوە بۆ ئەو بارودۆخانەی كە دروست دەبن، دەتوانێت ئەو مەرجەی كە ئازادكردنی ئەندامانی یەكگرتووە بۆدانیشتن گفتوگۆ و چارەسەركردنی گرژییەكان حەقە پارتی ئیش بكات لەرێگەی حكومەتەوە بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی لەدامودەزگانی حكومەت لەبادینان وەكو گیراوی سیاسی گیراون ئازادبكرێن و دواتر هەركەس تێوەگلاوە لەڕێگەی لیژنەی لێكۆڵینەوە دۆسیەی بۆدروست بكرێت و دواتر ئەگەر سەلما تێوەگلاوە دادگا بڕیاری خۆی بدات لەپێناو دروستكردنی كەش و هەوایەكی گونجاو بۆدانیشتن".
عەدالەت عەبدوڵڵا گوتیشی "بەداخەوە لەئەزموونی دانوستانی نێوان لایەنە ناكۆكەكان لەكوردستاندا كێشەیەك هەیە، ئەویش ئەوەیە هیچ لایەنێك ئامادەنیە دەستبەرداری مەرجە حزبیەكانی ببێت لەپێناو لابردنی گرژییەكاندا، تارادەیەك هەست دەكەم دانەنیشتنی یەكگرتوو و پارتیش پەیوەندی بەو دۆخەوە هەیە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com