گرەوەكەی ئیكسۆن لە كوردستان تا چەند گەورەیە؟  

 

 

سڤیل

ئایا ئیكسۆن مۆبیل - ئەو قوتابییەی كە لەقسەی مامۆستا دەرناچێت- لەبەرامبەر وەرگرتنی پارچەیەك نەوتدا خۆی دەخاتە بەردەم مەترسی لەدەستدانی یەكێ لە پایە گرنگەكانی كاركردنی خۆی، ئەی ئەگەر وابێت، ئەم كارە دەبێتە هۆی هەژاندنی بازاڕی نەوتی جیهانی بە درێژایی فاكتەرە جیۆپۆلەتیكییەكان؟
لێرەدا مەبەستمان لەو هەواڵەیە كە بەرپرسانی كوردستان ئاشكرایان كرد، بەوەی بۆندی دەرهێنانی نەوتیان لەگەڵ ئیكسۆن مۆبیل ئیمزا كردووە. كێشەی ئەمە لەوەدایە حكومەتی هەرێم لەمشتومڕێكی درێژخایەندایە لەگەڵ بەغدا لەسەرئەوەی چۆن بەرهەمە هایدرۆكاربۆنییەكان بەش بكەن. هەتا ئەو پرسە چارەسەر دەبێت، بەغدا لەكۆمپانیا بیانییەكانی قەدەغە كردووە، بەبێ ڕەزامەندی ئەو مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن. بۆ نمونە لەمانگی سێپتەمبەردا تەنیا لەبەرئەوەی سێ مانگ لەوەوبەر لەگەڵ كوردستان بۆندی ئیمزا و دواتر جێبەجێ كردبوو، ڕێگە لەكۆمپانیای هیسی ئەمریكی گیرا چەند پرۆژەیەك وەربگرێ .
مشتومڕەكە لەكاتێكدا روودەدات، كە بۆ عێراق و ئەمەریكا و كۆمەڵی نێودەوڵەتیش گرنگە: ئەم گرژییە بازرگانییە لەكاتێكدا روودەدات كەتەحەددایەكی ئەمنیی بۆ مالیكی لەگۆڕێدایە بەوەی ئەوەندەی نەماوە ئەمریكاییەكان سەرجەمی هێزەكانیان لەعێراق بكێشنەوە. لەهەمان كاتدا بە بۆچونی شرۆڤەوانێكی رۆیتەرز، ئەگەر بەغدا سزایەكی قورسی ئیكسۆن مۆبیل بدات، لەوانەیە لەكاردانەوەدا كۆمپانیاكانی تریش باشور بەجێ بهێڵن و روو لەكوردستان بكەن و مەترسی بخەنە سەر ئاستی بەرهەمهێنان لەباشوردا. خۆ ئەگەر هەڵوێستی بەغدا لە بەرامبەر ئیكسۆن وەك پێویست توند نەبێت، ئەمە دەسەڵاتی بەغدا لەهەرێمەكانی تری عێراقدا لاواز دەكات.
بەرژەوەندی ئەمەریكاش لەوەدایە ئەوكاتەی عێراق بەجێ دەهێڵێت ئەو وڵاتە ئارام بمێنێتەوە، هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق زیاتر بكات، هەروەها زۆر پەرۆشی ئەوەیە باكور و باشوری عێراق بگەنە ڕێككەوتن و گازی سروشتیی كوردستان لەڕێگەی هێڵی نابوكۆوە بگەیەنرێتە ئەوروپا، تا بەمە زەبر لەهەژمونی روسیا بدات لە بازاڕی گازی سروشتی ئەوروپادا. كۆمپانیای گەنەل ئێستاكە پلانی هەیە لەنیوەی دووەمی 2013 رۆژانە 400،000 بەرمیل نەوت لە كوردستانەوە هەناردە بكات. لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڤیكتۆریا نولاند قسەكەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرای كرد كە ئەوان ئامۆژگاری ئیكسۆنیان كردووە كە "ئەو مامەڵەیەیە لەگەڵ كوردستان مەترسی سیاسی و یاسایی لێدەكەوێتەوە".
بەرپرسانی عێراقیش نەخشەڕێگای تر دیاری دەكەن: ئیكسۆن دوو پرۆژەی زەبەلاحی لەعێراق وەرگرتوەو عەبدولمەهدی ئەلعامیدی بەرپرسی مۆڵەتدان و بۆندە پترۆڵیەكان گوتویەتی "شێڵ یان هەر كۆمپانیایەكی دی دەتوانێت جێگەی ئیكسۆن بگرێتەوە لەبۆندەكەی قوڕنەدا".
قسەكەری ئیكسۆن مۆبیل پێی گوتم كە ئەوان كۆمێنتیان لەسەر كوردستان نییە، بەڵام دەركیشیان بەو مەترسییانە كردووە كە پێدەچی لەئەنجامی ئەم كارەدا توشی ببن. بەڵام دیارە پاڵنەر لەپشت ئەم هەنگاوەی ئیكسۆنەوە هەیە. لەبۆندەكانی كوردستاندا كۆمپانیاكان دەستكەوتی زۆریان دەبێت، لەكاتێكدا لەوانەی بەغدادا كۆمپانیا تەنیا كرێیەكی كەمی جێگیری خزمەتگوزاریی دەستدەكەوێت. كۆمپانیاكان لەم جۆرە بۆندانەی بەغدای تێربوون و چاوەڕێی بۆندی كلاسیكین بۆ داهاتوو، بۆندی لەو جۆرەی لەكوردستان هەیە.
وەك پێیان گوتوم، پسپۆڕانی بواری نەوت بە كۆمپانیاكانیان گوتوە كە دەتوانن ئەو گەمەی مەترسییە لەگەڵ بەغدا بكەن، هەروەها پێیان گوتون كە بۆند ئیمزاكردن لەگەڵ كوردستان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێككەوتنی باكور و باشور. بەپێی ڕاپۆرتی سیلڤیا فیفەر لەڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، كە هەر خۆیشی یەكەم جار بابەتەكەی ئاشكرا كرد، لە زاری شەهرستانییەوە گوتویەتی ئیكسۆن مۆبیل دوای ئیمزاكردنی بۆندەكان بەغدای ئاگادار كردۆتەوە، واتە ئیكسۆن هەوڵی نەداوە بۆندەكە بشارێتەوە.
لەگۆشەیەكی فایناشیاڵ تایمزدا، خافێر بلاس گوتی ئەوەی كە حكومەتی ئەمریكا ئاگای لەو بۆندەی ئیكسۆن نەبووبێ لەگەڵ كوردستان، ئاوەژوبوونی حوكمی لۆژیكە، بەڵام شتێكی تر كە لەم بابەتەدا لە تەحەددای لۆژیكدایە ناوبانگی ئیكسۆن مۆبیلە. ئەم ناوبانگە بنەمای هەر پەیوەندی بەستن و بۆند ئیمزاكردنی ئەم كۆمپانیایەیە.
دوو كۆڵەگە و پایەی كاركردنی ئیكسۆن بریتین لە: توانای پێشڕەوانەی پیشەسازی لەبنیاتنانی پرۆژەی ئاڵۆز و تێروپڕ بە سەلامەتی لەكاتی خۆی و بەو پارەیەی بۆی دیاری كراوە، هەروەها ڕێوشوێنەكانی كاركردنی بۆ بەجێگەیاندنی بۆندەكان. نوێنەرانی ئیكسۆن دەڵێن، ناڵێین ئیكسۆن باشترین ئەنجام بەدەستدێنێ، بەڵام تەواو پابەندە بە بەڵێنەكانیەوە. بۆیە چاوەڕێ دەكات ئەو وڵاتەش كە بۆندی لەگەڵ دەبەستێ پابەند بێت بە بەڵێنەكانیەوە.
ئەم هەڵوێستانەیە وا دەكات ئیكسۆن لەكۆمپانیاكانی تر پەسەندكراوتر بێت. هەر ئەم سیفەتانە كۆمپانیاكەیان كوتاوە لەدژی توشبوون بەو كێشانەی لەجێبەجێكردنی بۆندەكاندا توشی ڕەقیبەكانی وەك بی پی بریتانی و شێڵی ڕوسیایی دەبێت.
پێشتر من نوسیبووم ئەو بڕوایەی لەئیكسۆندا چەسپاوە وا دەكات گەلێ سەخت بچێتە عەقڵمانەوە ئەم كۆمپانیایە بێ مۆڵەت وەرگرتنی پێشوەخت لەبەغداوە بۆندی لەگەڵ كوردستان ئیمزا كردبێت، كەچی لەولاوە ئیكسۆن بەوە تاوانبار دەكرێت یاسا و سەروەری عێراقی پێشێل كردبێت. ئەوەی ڕێی تێدەچێ ئەوەیە لەم كارەدا چەند كەس و لایەك لەبەغدا مۆڵەتیان لێ وەرنەگیراوە.
من وای دەبینم ئەم كێشەیە بە جۆرێك لەجۆرەكان چارە دەكرێ. ئەگەر بانگەشەكانی كە لەدژی ئیكسۆن دەكرێن ڕاست بن، ئەوا كۆمپانیاكە سزایەكی مانادار دەدرێ، بەجۆرێك هەموو لایەك لەكاری خۆیان بەردەوام بن. بەڵام مەترسی سەر ئیكسۆن بەمە كۆتایی نایەت. ئەگەر سەرانی تری جیهانیی وەك ڤلادیمێر پۆتینی ڕوسیایی و حەمەد بن خەلیفەی قەتەری و ئەوانی دی بگەنە ئەو ئەنجامەی ئیكسۆنیش وەك رەقیبەكانی كاری ژێربەژێر دەكات، ئەوا باڵانسی متمانەی كۆمپانیاكە لاواز دەبێت و هەمانكات هی بەرامبەرەكانی زیاد دەكات.
بە نیسبەت نەوت و جیۆپۆلەتیكی جیهانیشەوە، كێشەكە رەنگە رووبەڕووبوونەوەی كوردستان و بەغدا تێبپەڕێنێ و زیان لەو ئامانجەی رۆژاوا بدات كە دەیەوێ پشتبەستنی ئەوروپا بە گازی سروشتی كوردستان كەم بكاتەوە.
***
و: سەروەر ساڵار
نوسینی Steve LeVine لە سایتی فۆرن پۆلیسی (سیاسەتی دەرەكی) ئەمریكایی
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com